کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ ، له رێکه‌وتی 12/9/2013 ی زایینی، له ته‌نیشت کۆبوونه‌وه‌کانی کومیسیونی مافی مرۆڤی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له ژنێڤ،
کونفرانسێکی له سه‌ر تاوان و جینایه‌ت و پێشلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له لایه‌ن کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه، بۆبه‌ڕێزان: دوکتۆر “کارن پارکر” سه‌رۆکی ڕێکخراوی گه‌شه‌پێدانی په‌روه‌رده‌یی نێونه‌ته‌وه‌یی، خانمی “شادی سه‌در” دامه‌زرێنه‌ری رێکخراوی دادپه‌روه‌ری بۆ ئێران،” ژیانفرانکۆ فاتۆرینی” له ریکخراوی بزووتنه‌وه‌ی دژی راسیزم و بۆ دۆستایه‌تی نیوان گه‌لان و، خانمی “دیان عه‌لایی” نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی به‌هایییه‌کان له رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان پێکهێنا.
کونفرانسه‌که له کاتژمێری 4ی سه‌ر له ئیواره به قسه‌ی به‌ڕیزان ته‌یموور ئه‌لیاسی و دوکتور کارن پارکر ده‌ستی پێ‌کرد. ته‌یموور ئه‌لیاسی له کردنه‌وه‌ی کونفرانسه‌که‌دا باسی فه‌توای ئیمام خۆمه‌ینی له ساڵی 1979 دژی گه‌لی کورد، کوشتاری زیندانیانی سیاسی له ساڵی 1988، تیرۆری دژبه‌رانی کۆماری ئیسلامی به تایبه‌ت ڕێبه‌رانی کورد له ڤییه‌ن و به‌رلین کرد.
کارن پارکر ئاماژه‌ی به کوشتاری زیندانییه سیاسییه‌کان و، ئێعدامی خه‌باتگێڕانی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران، کورد، عه‌ره‌ب، به‌لووچ و ئازه‌ری کرد. به‌ڕیز ژیانفرانکۆ فاتۆرینی به درێژی باسی کوشتاره‌کانی ساڵی 1988 و دواتری رێژیمی کرد. ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه کرد که حه‌سه‌ن رۆحانی که ئێستا سه‌رۆک کۆماری ئێرانە، له‌و کوشتاره دا ده‌وری هه‌بووه. تێرۆری ناڕازییان و بێده‌نگی نیونه‌ته‌وه‌یی به بێدادی دژی مرۆڤایه‌تی ناوبرد و، داوای له کومیسیونی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان کرد تا له دۆسییه‌ی ئه‌وکوشتارانه بکۆڵێته‌وه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به چه‌ندین جار په‌لاماری که‌مپی ئه‌شره‌ف و به تایبه‌تی په‌لاماره‌که‌ی سه‌ره‌تای سپتامبر کرد.
خانمی شادی سه‌در له قسه‌کانیدا ئاماژه‌ی به پێشلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ و به تایبه‌تی ژنانی زیندانی کرد و، ده‌ستدرێژی جنسی بۆ سه‌ر ژنان و به تایبه‌تی کچان به‌ر له ئێعدام له لایه‌ن کار به‌ده‌ستانی زیندانه‌کانه‌وه به فتوای شه‌رعی رێبه‌رانی کوماری ئیسلامی و چه‌کێکی سیاسی بۆ شکاندنی وره‌ی به‌رگری زیندانیانی سیاسی ژن ناوبرد و، ئاماژه‌ی به جه‌ندین به‌رپرسی پله به‌رزی رێژیمی له ده‌وره‌ی رۆحانی کرد که، له ئه‌شکه‌نجه و جینایه‌ته‌کانی زیندانه‌کان و ئێعدامی ناڕازییان به‌شدار بوونه. پاش قسه‌کانی به‌ڕێز خانمی سه‌در فیلمێکی دوکیومنتاری له سه‌رده‌ستدرێژی جینسی بۆ سه‌ر ژنان له زیندانه‌کان نیشان درا.
خانمی دیان عه‌لایی باسی بارودۆخی به‌هاییه‌کانی له ئێران کرد و وتی: کوشتار و فشاری سه‌ر به‌هاییه‌کان به‌شێک له سیاسه‌تی جیاوازیدانانی ریژیم دژی که‌مایه‌تییه ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌کان له ئێرانه. کونفرانسه‌که به بیروڕاده‌ربڕین و پرسیاری به‌شداران کۆتایی پێهات.
کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ