"an independent online kurdish website

 بە مەبەستی تێگەیشتن لە ئەرک و مافە ئایینیەکان، بۆ خۆ پاراستن لە فری و خواردن و لە فریودان. ئەو مافە بە خۆم نادەم ڕێی و شوێنیان بۆ بکێشم، بەڵام هەم داوایان لێ دەکەم و هەم چاوەڕوانیم لێیانە.mela_biraym1

ڕەنگە نەوەی نوێی زۆر کەم لەوە ئاگادار بن کە لە سەر دەمی کۆندا حوجرەی فەقێیان مەکۆی چالاکانی کوردایەتی و سیاسی بووە، لە کوردستاندا جوڵانەوەیەکی نەتەوایەتی بەدی ناکرێ کە فەقێی و مەلا تێیدا بەشدار نەبوبن و دەوریان نەبوو بێ. لە ناو چینی مام ناوەندی و خوارەوەی کۆمەڵدا لە گوندەکان هەر ئەوان بوون خوێندەواریان هەبوو بە تایبەت لە گوندەکان بە خێر و شەڕی خەڵک ڕادەگەیشتن. فەقێ بوون بۆ فێر بوونی عیلم و زانست شارە و شار و گونداو گوند دەگەڕان و بە ساڵ و مانگ لە بنەماڵەیان دوور دەکەوتنەوە، هەر ئەوان بوون لە ڕێگای زانست دا ماڵە و ماڵیان دەکرد و نان و پێخۆریان کۆ دەکردەوە بۆ ژیان و درێژە دان بە خوێندنەکەیان.

ئەگەر بێ دەمار گرژیش ئاوڕ لە مێژوو بدەینەوە دەبینین زۆربەی نوسەران و شاعیرانی کورد هەر لە و چینە بوون و لەو کاتەوە تا ئێستاش لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلدا بەشدار بوون و دەوریان هەبووە و هەیە ، بۆیە نابێ ئەو ڕابردوە بە کەم بگرن یان لە بیری بکەن یان لەکە داری بکەن. مەلا لە بەر ئەوەی کەم بوون و ناسراو، بە پێی ئەرکەکەیان دەبوو و دەبێ زۆر پاک و پیرۆز بن خراپەیان زۆر زوو پێوە دیارە و لێیان دەردەکەوێ. بە پێی ئەرکە ئایینیەکەیان دەبێ هەمیشە ڕێنوێن و پێشەنگی کاری چاکە بن. چونکە خەڵکیش بە ڕێبەریان دەزانن و چاوەڕوانی سەداقەت و فیداکاریان لێ دەکرێێ.

دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بەردەوام هەوڵیان داوە هەتڵەیان بکەن و بە لاڕێیان دا بەرن، ئەو ڕەوتە ئێستاش بەردەوامە، تا لە هەستی ئایینی خەڵک بە قازانجی خۆیان کەڵک وەرگرن. بەداخەوە کەسانی واش هەبوون و هەن چوونە ژێر کار تێکەریانەوە و بە پێچەوانەی ئوسوڵەکانی ئیسلام فەرمانەکانی خوایان لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداراندا تەعبیرو تەفسیر کردۆتەوە. دەسەڵاتدارانی حاکم لە ٣ شتی گرینگ بۆ ئەو کارە کەڵکیان وەرگرتوە کە بریتین لە:

(١) نەزانی یان کەم زانی ئەوانە فەتایەکن لە دیندا بە هەر کەسەوە بنوسێن یان لە ناوی دەبەن یان ڕیسوای دەکەن، چونکە هەر کردەوەیەکی لە رووی نەزانیەوە ئەنجام بدرێ بە دڵنیایەوە یان غەڵەتە یان سەقەتە، مرۆڤی نەزان زۆر زوو فریو دەدرێ. دیارە هێندێک کەس هەن نەزان نین بەڵام زانستەکەیان بە خراپی دەکار دێنن کە ئەوەش جۆرێکە لە نەزانی.!

لە سەردەمی کۆندا ئامرازی فێربوون و وەدەست هێنانی زانیاری زۆر کەم و حاستەم بوو، گوندێک نەیدەزانی یان زۆر درەنگ دەیزانی لە گوندی جیرانی چی ڕووی داوە، بەڵام بە خۆشیەوە ئێستا لە چرکە ساتێکدا لە وەزعی دنیا ئاگادار دەبین، ئیدی نازانم و نەم دیتوە و نەم بیستوە باوی نەماوە. زۆر بەداخم ئەوەی دەڵێم : بەڕاستی وەدەست هێنان و پاراستنی بە ناڕەوای پلە و پایەو کۆ کردنەوەی ماڵ و دارایی چاوچنۆکانە ئەرکی نەزانیان گرتۆتە ئەستۆو بە هێندێک کەس ئەوە دەکەن کە نەزانیش نەیکردوە.

2) پلە و پایە : لە کۆن و لە ئێستاشدا وەدەست هێنانی مرۆڤی توشی هەڵە کردوە و لە ڕاستە ڕیگە لای داوە. برای لە برا کردوون و هاوبیرو هاوسەنگەری بە یەکتری بە کوشت داوە، ئەو کۆمەڵ کوژیانەی لە دنیا دا ڕوو دەدەن هەمویان لە مەقام پەرستی بو خۆ ویستیەوە سەریان هەڵداوە. زۆر جار بە ناڕەوا پلە بە کەسی نەشیاو دراوە، بێگومان کە شیاو نیە ، خراپی بە کار هێناوە.

3) تەماع و چاو چنۆکی: ویستی بێجێی و حەزی بێبنەما و بێسنور بۆ کۆکردنەوەی پارەو وەدەسەت هێنانی پلە زۆر کەسی هەڵداشتوە و جگە لە لە دەست دانی ماڵ و پلەکەی کەسایەتیشی لە گرەو ناوە.

بەڵێی: فەقێ دەبنە مەلا، مەڵاش دەبنە ڕێبەری ئایینی ، بەڵام هەر مرۆڤن وەک ئەوانیتر، حەز و ئارەزویان هەیە، هەڵەش دەکەن و جاری واش هەیە خەڵکیش بە هەڵە دەبەن ! بەڵام فەرقێکی دەبێ هەیان بێ ئەوەیە: لەو ڕۆژەوە بوونە فەقێ دەبێ وازیان لە زۆر شت هێنا بێ کە بۆ خەڵکیتر ئاساییە! بە باوەڕی من یەکێک لە موشکیلە گەورەکانی مەلا، کە خۆشم مەلا بووم ئەوەیە کە خەڵک بە پیرۆزیان دەزانی و پێیان وایە نابێ گوناح و هەڵەی هەبێ، بەداخەوە ماموستای واش هەیە پێی وایە لە هەڵە بیبەریە! بەڵام مرۆڤ بە گشتی فرشتە نیە و لە تاوان و هەڵەش بێبەری نیە و نابێ. مامۆستایانی ئایینی لە من باشتر دەزانن ئەرکەکەیان گەلێک گرینگ و پیرۆزە کە لەقەبی ڕێبەری ئایینیان پێدراوە و ئەرکی ڕێنوێنیان پێ ئەسپێردراوە، چوکترین هەڵە یان کەترەخەمی گەورەترین گوناح و خەتای لێدەکەوێتەوە، هەر خۆی نیە، لە بەرانبەر خەڵک و خواشدا بەرپرسیارە. دەگەڵ زانایانی غەیرە ئایینی جیاوازیان هەیە ، فتوایەکی ناڕەوای ئەوان دەبێتە هۆی ئەنجامدانی زۆر کردوەی نا ڕەوا، جاری وایە گیانی سەدان و بگرە هەزاران کەسانی بێخەبەر و بێتاوان لە بەین دەبا. فتوای مەلا لە بواری ئایینیدا سەزا و باداشیشی بۆ دیاری دەکا.

هەموومان دەبێ بزانین لە مێژوی دەسەڵاتدارانی حاکم بە سەر ئێراندا هەموو پلەو پایە یەک چ ئایینی و چ غەیرە ئایینی هەر ئەوان دیاریان کردوە، لەو دیاری کردنەش دا هەرگیز زانست و لێهاتویی و شارەزایی لە بەرچاو نەگیراوە، تەنیا بەڵگە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە خۆش خزمەتی و گوێ لە مستی بووەو بەس! دیارە مەبەستی من گشتی نیە، هەبون و هەن و دەشبن مامۆستایانی فیداکار و لەخۆ بردوو. لەو حکومەتانەی کە من تێیاندا ژیاوم وەک باسم کرد بۆ دیاری کردنی ئیمام جومعە پێوەری زانست و لێوەشاوەیی لە بواری ئایینیدا ڕەچاو نەکراوە بەڵکو هەوڵ دراوە کەم زان و گوێ لە مست بن بۆ ئەوەی باشتر و هاسانتر بیانخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. ئوسولەن ئیمام جومعەی هەر شارێک دەبێ لە لایەن سەرجەم مەلاکانی شارو گوندەکانی سەر بەو شارە بە هۆی زانایی و تەقوای زیاتری دیاری کرابێ ، ئیمامی مزگەوتانیش بێجگە لە زانستەکەیان دەبێ ئەوانەی نوێژیان لەدوا دەکەن قبوڵیان بێ. بەکورتی ٢ مەرجی سەرەکی بۆ هەر ئیمامێک پێویستە. (١) زانست و شارەزایی و تەقواو پارێزگاری. (٢) متمانەی خەڵک و ڕێزدانان بۆ ڕای ئەوان. بەو مانایە ئەوەی دەبێتە ئیمام جومعە، یان ئیمامی مزگەوت دەبێ زاناترین و باوەڕ پێکراوترینی مەڵبەند و شارەکە بن، ئەگینا ئەگەر ئاوا نە بوون دەبێ لە سەر پۆستەکەیان وەلا ببردرێن. بەڵام لە سەردەمی پێش ئیمام دا بە فەرمانی ملاکانە و ئێستاش بە حوکمێکی ڕێبە ر و وەلی دیاری دەکرێن و هەر لە بەرانبەر فەرماندەرەکانیان بەرپرسیارن، کەس مافی ئەوەی نیە بڵێ لە پشتی چاویان برۆیە!! ئەگەر لە زەمانی شادا بڵیندگۆی ڕێژیم و دوعا خوانی شا بوون، ئێستا هەم بڵیند گۆو هەم نوێنەر و هەم بڕیاردەر و هەم چاوەدێری دیاری کراوی ئیمامن.

بە کورتی ئیمام جومعەکان بە فەرمان دیاری کراون و دەکرێن، بێگومان لە فەرمان لادانیان لە دەسەڵات دا نیە و دەبێ لە قازانج و بەرژەوەندی فەرماندەر بەو لاوەتر کارێک نەکەن و قسەیەک نەڵێن. ئیمامی بە فەرمان دیاریکراو لە ڕاستیدا زمان و ئیرادەی بە کرێداوە. دیارە مەبەستی من کەسی تایبەتی نیە ، بەڵام بە دڵنیایی و بێ تێبینی دەڵێم: دیاری کردنی ئیمام جومعەکان لە وڵاتی ئێران بە پێی ئوسولی شەرعی ئیسلام نین و لە پێشەوە چۆنیەتی دیاری کردنیانم باسکرد، هیچکام لەوان ئەرکی گرینگ و شەرعی خۆیان بە تایبەتی لە پێوەندی دەگەڵ گەل و مافەکانیدا ناتوانن ئەنجام بەدەن و نەیانداوە. کە لە ئایەتی { یا ایها الناس انا خلقناکم ……} بە سەڕاحەت باسکراوەو دەڵێ ئەی مرۆڤە کان ئێوەمان لە یەک دایک و باوک وەدیهێناوە، کردومانن بەگەل و هۆزی جیاواز . .. لە ڕێبەرانی خۆیان نەپرسیوە داخوا ماناو ناوەرۆکی ئەو ئایەتەیان قبوڵە؟ دان بەوە دادێنن کە کوردیش نەتەوەیەکی جیاوازو سەر بەخۆیە و وەک هەموو نەتەوە کانیتر مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان هەیە و خوا پێی داون؟! ئەو ئیمام جومعانە دەبێ هەم بۆ خۆیان سرنج بدەن و هەم لە ڕێبەرەکەیان پرسیار بکەن لە کام ئایەتی قورعانیدا بڕیاری جیهاد بە دژی گەلی کورد دەرکراوەو ئیمامەکەیان لە سەر چ بنەمایەیەکی ئایینی ئەو فتوا ناڕەوایەی داوە؟! مامۆستایانی ئایینی دەبێ باش تێ بگەن، ئەمڕۆ شەڕی ئەقڵ، زانست و مەتیقە دەگەڵ نەزانی، زۆرداری، ملهوڕی و سەرەڕۆیی نەک شەڕی شیر و تیر، بۆمب، خۆسوتاندن و خۆ تەقاندنەوە. سەردەمی قەڵەم و زمانە، سەردەمی نوسین و باس و لێدوان و بەڵگە نیشاندانە. ئەگەر ڕوونتریش بڵێـم: بۆ مامۆستایان سەردەمی دەرخستنی ڕاستیە نەکوتراو یان نەزاندراوەکانی قورعانە. بەڕێزان من باش دەزانم: خوا کەس ئەرکدار ناکا بە کارێک کە لە توانای دانەبێ، بەڵام ئەوەش دەزانم: ناساندنی زوڵم و زاڵم ئەرکی گرینگ و سەرەکی مامۆستایانی ئایینیە. جێگای پرسیار و سەرسوڕمانە لە وڵاتێكی کە ناوی کۆماری ئیسلامیە، بەڵام باسکردنی زوڵم و زاڵم مەترسیدار بێ! ڕێبەری ئایینی نەوێرێ لێی بدوێ! ئێمە داوامان ئەوە نیە ناوی کەس بکوترێ بەڵام نەناساندنی ناڕەوایی و ناڕەوا کار خۆی تاوانە. مامۆستایانی کورد ئەرکی ئایینی و مرۆڤانە و ویژدانیان ئەوەیە بە ڕاشکاوی بە دنیای ڕابگەیەنن کە داخوا گەلی کورد کافرە یان موسوڵمانە؟! ئەو کاتەیە ڕاستیەکان دەردەکەون و بێگومان خواش دەگەڵ ڕاستانە. ئەگەر بڕوایان بەوە هێناوە کە کورد موسوڵمان نیە و بڕیاری جیهاد بە دژی دروستە و ڕەوایە، ئەدی پێم ناڵێن ئەوان بۆچی قورعانیان لە سەر ڕانیان داناوە و میحڕابی مزگەوتیان بۆ خۆیان قورغ کردوە و ناوی ڕێبەری ئایینی ئیسلامیان لەخۆ ناوە؟؟ داخوا ئەوان کورد نین؟ نازانن ئەگەر بڕوایان وابێ کە خۆیان کوردن و کوردیش کافرە، درۆیان دە گەڵ خۆیان و خەڵک و خواش کردوە و درۆش تاوانێکی گەلێک قیزەون و دور لە ویژدانە؟! مامۆستایانی ئایینی دەبێ سرنجی ئەوە بدەن وەک چۆن پلە و پایە و جل و بەرگیشیان لە هی خەڵک جیاوازە، تەنانەت لە دانیشتنیشدا لە سەرەوەی هەموانن و لە ڕۆیشتندا وەپێش هەموان دەکەون بێگومان ئەرکی شەرعیانە لە دەربڕینی ڕاستیەکان و بەرەنگار بونەوەی زوڵم و زاڵمانیشدا دەبێ پێشەنگ بن، تەنانەت بۆ مەرگ لە ڕێی هەق و دادپەروەریدا هەر دەبێ لە پێشەوە بن.

مامۆستایان لە من باشتر دەزانن وشەی جیهاد لە جوهدە و بە مانای هەوڵ و تێکۆشانە، پێم ناڵێن لە کام ئایەتی قورعانیدا بە مانای کوشتنی ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوانی کورد و وێرانکردنی کوردستانە؟؟ یان باشتر بڵێـم: کەی مەبەست لە جیهاد بە مانای کورد قڕانە؟! ئیسلام تایبەتمەندیە کە ی ئەوەیە خیتابەکانی ڕویان لە سەرجەم مرڤەکانە، دینی ئە قڵ و مە نتیق و باس و لێدوان دەگەڵ نەیارو دژبەرانە، ئەوە قسەی من نیە فەرمانی قورئانە (وجادلهم بالتی هی احسن) واتە باس و جەدەل و پێکەوە دوان هەر دەگەڵ موسوڵمانان نیە بەڵکو زۆرتر دەگەڵ ئەوانەیە کە بڕوایان پێی نیە یان پرسیاریان لە سەری هەیە. ئەوانەی لە جیاتی باسکردن و بەڵگە نواندن پەنا بۆ توندو تیژی و فڕو لاتاوو جنێوو بێحورمەتی دەبەن لە ڕاستیدا نەزانن، چونکە جنێو و بێڕێزی بە خەڵک تەنیا مەنتیقی بێمەنتیقانە. ڕەنگە هێندێک ئەو قسانەی من بە خراپ تەعبیر و تەفسیر و حیساب بکەن، بەڵام مەبەستی ئەسڵی من ڕەخنەیە، هیوادارم هەرواش وەریگرن، خۆ ئەگەر ڕاستیش بن پیاو بەڕاستی کوتن ماڵی خرا نابێ! دەرگاکەم لە سەر گازەرەی پشت کراوەیە بۆ هەر کەسێک سادقانە ڕەخنەم لێبگرێ، ڕێنوێنیم بکا، پرسیارم لێ بکا، هەڵەم بۆ ڕاست کاتەوە، دەستخۆشی پێدەڵێـم و سوپاسیشی دەکەم. ئەگەر کەسێک بە خەیاڵی بەتاڵ بیهەوێ هێرشم بۆ بێنێ، ئەودەم بەرگری لە خۆم مافێکی ڕەوایە.

مامۆستایانی ئایینی کورد دەبێ لە ڕێبەرانی ئێران پرسیار بکەن داخوا گەلی کوردیان وەک گەلێکی جیاواز لە فارس قبوڵە، یان نیە ؟ داخوا زمان و کلتوری کورد بەڕەسمی دەناسن و جیا لە زمانی خۆیانی دەزانن، یان شتی لەو بابەتە نیە؟ زۆر جێگای داخە مامۆستایانی کورد لە بەرانبەر مافی ئازادی و نەتەوایەتی کە مافی بنەڕەتی هەر گەل و هۆزێکە، یان قڕو قەپ دانیشتون یان زۆر کەم باسی لێوە دەکەن. وابیر دەکەنەوە کە لە و بوارەدا بەرپرس نین، کە ئەوە بە تەواوی هەڵەیە. هەر چەندی لە ئاییندا زانا بی و پلەت بەرزتر بێ ئەوەندە زیاتریش لە حاندی مافە ڕەواکانی گەلەکەشتدا بەرپرسایەتیت هەیە. مەگەر نازانین پێغەمبەری ئێمە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی لە پێشدا ڕزگاری زێدەکەی و بە جێ گەیاندنی مەعموریەتەکەی هەموو ئە شکەنجە ئازار و بێحورمەتی و ئاوارەیی و دەربەدەری و برسیایەتی و ناڕەحەتی و کوێرەوەری چێژتوە، شاخە و شاخ و دۆڵاو دۆڵ ڕای کردوەو ڕاونراوە، لە زۆر ئەشکەوت و ڕەندۆڵاندا خۆی حەشار داوە، بەڵام هەرگیز تەسلیم نەبووەو خۆی بە دەستەوە نەداوە، بەر دەستی زاڵمان و زۆرداران نە بوە و ملی بۆ داوا ناڕەواکانی ئەوان ڕانەکێشاوە. بڕوانن دوای ڕزگاری مەککەیە کە خوا دەفەرموێ:{ الیوم اکملت لکم دینکم} واتە ئەوڕۆیە دینەکەتانم بۆ تەواو کردن. ئەوەش مانای ئەوەیە کە تەواو بوونی دینەکەی لە دوای ڕزگاربوونی زێدە کە هێناوە، یان ڕوونتر بڵێم: بێ زێدێکی ئازاد و سەربەخۆ دینەکە ناتەواوە. شایەدی مێژوشمان لە لایە کە هەر هەموو پێغەمبەران لە بەرەنگاری زاڵماندا گەورەترین قوربانیان داوە و بۆ بە جێ گەیاندنی فەرمانەکانی خوایی کە باوەڕیان بووە لە بەخت کردنی گیانیش درێغیان نەکردوە. بڕوانن چۆن ئیبڕاهیمیان خستە ناو مەنجەنیق و عیسایان چۆن لە دار داوە. ئەو ئەرکەی مامۆستایانی ئایینی وەئەستۆ یان گرتووە هەمان ئەرکە کە بە پێغەمبەران ئەسپێردراوە ، ئەوە نیە پێغەمبەر فەرمویە : عالمان میراتگرانی پێغەمبەرانن. لە ئاکامدا جیاوازی مامۆستای ئایینی دەگەڵ خەڵكیتر ئەوەیە کە دەبێ ئیمانیان لەوان پتەوتر و غیرەتی ئەوەیان هەبێ ئەگەر بۆ دینەکەیان پێویست بێ دەبێ بە دژی زاڵمان ڕابوەستن و لەو ڕێیەدا گیانیشیان بکەنە قوربانی، لە دەربڕینی ڕاستی سڵ نەکەن و دەسەڵاتی حاکمانی زاڵم لە دەسەڵاتی خوا بە بەرزتر نەزانن. مەگەر لە بیریان نیە کە چۆن ئیبڕاهیم ئامادە بوو بەدەستی خۆی سەری جگەرگۆشەکەی ببڕێ بۆ ئەوەی فەرمانی خواکەی بە جێی هێنابێ. نابێ نە پلەو پایەو نە ماڵ و دارایی، نە هەواو هەوەسی نەفسی ئەو بەر پرسایەتیەتان لە بیر بەرێتەوە ، نابێ مل بۆ هیچ هێزێک ڕابکێشن کە بیهەوێ بە دژی فەرمانەکان و ڕاسپاردەکانی خوایی کاریان پێبکا، نابێ لە حاند زاڵمان سەر دانەوێنن و بڕیارەکانیان بەڕێوە بەرن و چاو لە ڕاستیەکان بقوچێنن . داوای مافی گەلی کوردیش بە هیچ پێوەرێک و لێکدانەوەیەک نەک دژی ئیسلام نیە، بەڵکو بە دڵنیایی و هەست کردن بە بەر پرسایەتیەکی ویژدانی و ئەخلاقی و ئایینیەوە، دەڵێم: ئەرکێکە خوا لە سەری فەڕز کردوین و بەڕێوە نەبردنی گوناح و تاوانە، سەر پێچیە لە فەرمانی ئەو خوایەی کە ئاگاداری ئاشکراو نەهێنیە کانمانە.

مامۆستایانی ئایینی لە من باشتر دەزانن فتوای جیهاد بە دژی گەلی کورد لە ڕاستی دوورەو فڕی بەسەر ئیسلامەوە نیە، بڕیارێکی ناڕەوای سیاسی دژە کوردە و چێتر نیە، بێدەنگی لە حاند ئەو تاوانە مەزنە بە ناوی ئیسلام خۆی مەزنتر لە تاوانە و دەبنە شەریک دەگەڵ فتوادەرەکە. ئیمام جومعەکان ئەرک و بەرپرسایەتیان زۆر لەوە گەورە ترە کە وا ئێستا ئەنجامی دەدەن. دەبێ بزانن بەشی زۆری وتارەکانیان پێویستە باس لە سەر مەسایل و ڕووداوی ڕۆژو بەرگری لە ماف و ڕێنوێنی کردنی خەڵک بێ. مخابن مامۆستای وامان هەیە یەکێک لە باسەکانی ئەوەیە کە ناوی محەممەد لە ڕێبوارو سەردارو و… پیرۆزترە ! لە حاڵێکدا ناو نە جزوی ئەرکانی ئیسلامە ونە بەشێک لە عیبادەتە! بۆ نمونەش هەموو دەزانن شای گۆڕکراو خراپترین و زاڵمترین دەسەڵاتدار بوو، ناویشی محەممەد بوو، خومەینیش دەبینین کە فتوای جیهاد بە دژی موسوڵمانان دەر دەکرد و ناویشی ڕووحوڵا بوو!! کە وابوو بە ناو نیە و بە کردار و هەستی پاکی دەرونی و ئیمانە .

دوایین پرسیارم ئەوەیە داخوا کورد بوون کوفرە کە فتوای جیهادی دەرهەق ڕەوایە؟ داخوا داوای مافی نەتەوایەتی و دیاریکردنی چارەی خۆنوسین سزاکەی کۆمەڵ کوژی کورد و وێرانکردنی کوردستانە؟؟ ئەرکی ڕێبەرانی ئایینی گەلێک قورس و گرانە ، بەرپەرچدانەوەی ئەو فتوا نارەوایانە بە ناوی دین ئەرکی بنەڕەتی و نێشانەی بە هێزی ئیمانیانە. دروست ڕێبەری نەکردن و بەلاڕێدا بردنی موسوڵمانان تاوانێکی گەلێک مەزن و خەتەرناک و هۆی زایە بوونی ویژدان و ئیمانە.

سەداقەت، سەڕاحەت، فیداکاری، نەترسی، نەبەزی و زانایی ئەرکی سەرەکی ڕێبەرانە. کێ دەتوانێ نکۆڵی لەوە بکا کە دامەزرێنەری یەکەمین کۆماری کوردی، پێشەوای نەمر مەزنە زانایەکی ئایینی کورد بوو، ئەو کۆماری دا مەزراندوە و لە ڕێووڕەسمی دامەزرانیدا سوێندی بە کەلامی خواو ئاڵای کوردستان و پاراستنی شەڕافەتی ئاو و خاک و نیشتمان، خواردوە و هەر لە پێناو ئەوانیشدا لە دار دراوە و شەڕەفی شەهید بوونی وەدەست هێناوە، ڕێبازەکەی هەروا پڕ ڕێبوارە و ئامانجەکەی لە مێژوی هەمیشەیی کوردستاندا وەک مەشخەڵی ئازادی کوردستان و کورد ناو نراوە و سەبت کراوە. هیوادارم مامۆستایان، قسەکانم بە خراپ وەرنەگرن، چونکە ئەرکەکەیان زۆر لەوە قورسترە کە لە بەرانبەر ئەرکی ئاساییدا ڕای بگرین. ڕوو دەکەمە مامۆستایانی کورد و چاوەڕوانی هەوڵ و هیمەتی گەلەکەمانم نەک وڵاتانی داگیرکەری کوردستان کە بە فارس و عەڕب و تورکەوە دوژمنی سوێند خۆری کوردن و موسوڵمانن!!

 کاتی ئەوە هاتووە با لە شاری کوێرانیش بین، دەبێ ورد بڕوانین و چاومان بکەینەوە.

بۆیە دەڵێـم: شاری کوێران بۆچی وایە پیاو ئەگەر ڕێی کەوتە وێ

 هەر دەبێ چاوانی بگرێ و هیچ نە بینێ وەک ئەوان!

 شاری کوێران وانیە گشت کەس لە چاوان کۆرە بێ

 ئەقـڵە کوێرە نابینێ ڕاســتــی ژیـــــــان.

 براتان مەلا برایمی مە جیدپور 

 ٢٢ / ٩ /٢٠١٣ هولەند.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی