"an independent online kurdish website

ئەمن پیم وانییە کورد لە ترسی مردن بمرێ. ئەگەر وا بوایە بە درێژایی مێژوو ئەوها بە سەربەرزی نەدەژیا.

hamid_rashid_zarza_2011 پیاو ئەگەر شت دەڵێ و ئەنگۆست بۆ ڕاستییەکان درێژ دەکات و یان  قیچە ئاماژەیەک بە کەم و کوڕی ئاخافتنی  برایانی پسپۆرو زانایۆخ و بریف سیاسەتمەدار دەکات، هەڵڵاو جەوغەی بۆ ساز دەکرێ، وەبەر نوقورچ و خەنجەڕی زوانی تیژی تەوس و پللار دەکەوێ و دڵ برینداردەبێ. ئەگەر هیچ ناڵێ خۆ دەخاتە خانەی قەرەقەپ، لە داخی ئەو لێکدانەوەو پێداچوونەوانەی سیاسی و ئەو پیشبینیانەی بێ ناوەرۆک، دەق دەکات، کە بە هەوێنی قسەی ئێرانییەکان مەیون‌و و کەللای مزداری ڕەنگ کراوی ئەوانیان لە ناو پیت دایە. باشە بڵێم: هێندێک کەس هەر حەز لە لاسا کردنەوەی فارس و عەجەمی ئێران دەکەن و هەتا چاوەڕوانن، چیان دەزاری بکوشن، بۆ بڵاو کردنەوەی ببنە ڕاسپاردەو بە پینەو پەڕووی بیکەنە داوەڵ و کۆنە پەڕۆک وموورووی پێ هەڵاوەسن و بۆ هینانە بازار  ڕەنگی کوردی لێبدەن و دەرخواردی کووردی بدەن.  گومانی تیدانییە هەر ئەو قسانە لە زۆر کۆڕو کۆمەڵ قۆڵی لە سەر کێشراوەو کراوەتە زاخاوەی مێشکی خۆماڵی و  دوو پات و سێ پات کراوەتەوە. مەسەلەن لە هاتنە سەرکاری حەسن روحانی بە شیوەی فارسەکان لە تاریفی بەردەوام بوون و پێشبینی گۆڕانکاری قوڵی سیاسی وچی وچیان لێدەکرد! ئاخۆ بە ڕاستی ئەو جۆرە لێکدانەوەیە زەبەر لە خەبات و تێکۆشانی میللەتی کورد نادات و ورەی جەماوەرناچڕژێنی؟؟ بەڵام وەنەبی ئەو بەرێزانە نەزانن چ دەڵێن! ئەمن گومانم لەوەدا نییە ڕۆشنبیران و زاناو بیرمەندان و بەرپرسان و کار گێڕانی سیاسی نەتەوەی کورد بە هۆی ئەو هەموو گێرەوکێشەو تێکەو لێکەی سیاسی و ئەو هەموو چەق و تەفەی کە بۆ کورد هاتۆتە پێش، زۆر ئاگادارترو خیبڕەترو لێزانو بە بڕشت ترو کار کوشتەتر لە فارسەکانن، بەڵام لە بەخت ڕەشی، خۆ بە کەم زانی وایکردوە هەرئەوان بە مەزن خاوەن ئاوەزو ئاقڵ و زانا و لێزان و مامۆستا بزانن و خۆیان بە قوتابی بناسێنن و چاویان لە زاری وان بێت. بەڵام دەبێ بزانن ئیمە لە گەڵ بیرو بۆچوونی وان تەوفیرمان زۆرە! مەسلەن: ئەوان مروڤێکی نەعاملاوی بەرهەڵڵای بی سیوادو نەزان و نەخوێندەواری وەک (رضاشاە پهلوی) لە گەل چرچیل لە تەرازووی بیرو باوەڕداهەڵدەسەنگینن،یان کەچە مەلایەکی گەلحۆی وەک (غلام رضاحسنی) ورمێ، یان خومەینی و ڕەفسنجانی و دەبەنە عەرشی عەزیم ) ئاخۆ دەبی ئیمەش ببینە قوشقەوانی ئەوان وا بکەن! دەی تەکلیف چییە؟ دەڵێن خۆ ئیمە ناتوانین سەرۆک کۆماری ئێران دانیین و لێبخەین،مانای ئەو قسە ئەوەیە خۆمان بە دەستەوە بدەێن!! بەلام ئاخۆ ئەو کەسە بەڕاستی بۆخۆی باوەڕی بە قسەکانی خۆی دەکات، کە وایە بۆ ناگەڕێتەوە کاری سیاسی بکات . ئەو برایە ئاماژە بە مادەی ١٥ و ئەسلی ١٩قانوونی ئەساسی دەکات، !!. ئاخۆ جەنابی باوەڕی بەو ئاخافتنەی خۆی هەیە؟؟ ئاخۆ ئەو بڕگانە لە ئێران کاریان پێکراوە و بەڕێوە چوونە!؟؟

مەلا ئەو مەلایە نییە کە بە پێچەوانەی مەوعیزەکانی خۆی هەڵسوو کەوت بکات بە ڕیس و گوریس هەڵپاچین و داپاچین گڵۆڵەی ورشەکان لە ناوماڵی بوڵیڵی دا تیف تیفەبدا، بەڵکوو ئەو مەلایەیە کە ئیمانی پتوونی بە ناوەرۆکیلێدوان و وتارەکانی خۆی بۆ دابەزین بە شیوەیەکی ڕوون و شەفاف هەبێت. دەجا ڕۆناکبیرو پسپۆرو چازانی سیاسیش، کاتێک ڕێزی لێدەگیرێ  و قەسەکانی بە هێند وەردەگیرێن نرخی بۆ دادەنرێ کە ئاخافتنەکانی بە دەیانکەڕەت لە گێژەوو درابێ و قونەکەو کرابێ و لە سەر بنەڕەت و سێکوچکی ڕاستی و دورستی و لە بەر چاو گرتنی بەرژەوەندی و ئانگاوتنی ئامانجەکانی گەلەکی لووزەوی بەستبێ و باوەڕو ئیمانی تەواوی بە هەڵسووبنیش و لێکدانەوەکانی خۆی هەبێت و ئەوەی بە دەمیدادێ، بە وردی لە گەرویدا مشتوو ماڵیان پێبداو ساخی کاتەوەو  هەڵسەنگێنێ و هەڵڵاجی کات، پاشان دەریان ببڕێ. دەنا پیچەوانەکەی دەبێتە مەلای بێ عەمەل.

دەجا ئەو کەسانەی کە بە بارستایی چیایەک ئەزموونی تاڵ لە درێژایی ٣٤ساڵەی کۆماری مرۆڤ کوژی ئیسلامی ئێرانیان لە لا کەڵەکەیە و ئاگادار بە هەموو فێڵ و فەندو تەڵەکە درۆو دەلەسەکانی ڕێبەران و کارگێڕانی خوێنڕێژی ئاخوندین، جارێکی تر بە پڕوپاکەندە ئیمان بە کردەوەی ئاخوند حەسەن ڕووحانی دەسماڵی شانۆگێڕی هەڵدەسووڕینن و خەریکن بە ئەسپۆنی دیموکڕاسی بیشۆنەوە مشتووماڵی بکەن و بانگەوازی دیموکراسی وەرگرتنی پشکە بەشی بۆ لە گوێچەی خەڵک دەسریوێنن، دەبێ وەڵامیان چۆن بدرێتەوە!!. هەرئەوەندە بەس! ئەگەر بۆخۆیان لە سەر ئەو ئیرادەیە کۆک و یەکدەنگن، با خۆیان بجەڕبێنن و ئەو مافانەی کە رەدیفیان کردووەو حیسابیان بۆ کردۆتەوە بچن وەرگرن. بیگومان ئەو کات جەماوەر بە دەنگیانەوە دەچن ئیدی چ حەوجێ بە پڕو پاگەندەو تەبلیغات نییە. دەنا نا جارێکی دیکە لە خۆڕا بە خۆیان ئیجازەی ئەو داخۆیانانە نەدەن، چونکە دەبی بە پێی هەلوو مەرج و قەیرانەکان ئەمە بزانین، کە ئەو شیوە پەیڤینانە لە سەر شاشەی تەلەفزیون چ بمانهەوێ و چ نەمانهەوێ زەبرێکی ناحەزو قورس و گران و قەرەبۆ نەکراو  لە هەستی نەتەوایەتی میللەتی کورد دەدات و هەتا هەستی ئەو جۆرە ڕۆشنبیرو سیاسەتڤان و دەماوەرە لە بەر چاوی خەڵک خەوشەدارو کلۆرو ناو بە تاڵ و کروزوو کرمێ دەکات.

 ٢/١٠/٢٠١٣ی زایینی.

 حامیدڕەشیدی زەرزا

 

………….

 

پەچە

 

لەتۆشیرین تری هەرگیزنەدیوە

وەتی دونیابەخۆی دیوە جوانی

هەموو بەژنت ئەکاتەباخچەیی گوڵ

ئەپشکوێ کە دەمت چاخی بەیانی

بەتایبەت تۆ لەبەرچاوی دڵی من

لەشت بۆتە بحەشتی جاویدانی

دوولیوت، ئاڵوو باڵوو،کوڵمەگێلاس

دوولاجانگی گوڵت، سەرتۆپی جوانی

لەئاسمانی دووچاوت، سێرە هەڵگر

ترێی دەستچێنە، گۆنات ئەرخەانی

لەسێوی سووڕەتت، ماچێک تەمەننا

لەگەردەن زەردی لیمۆت، چاوەڕوانی

بزەت ئەستێرەیە، دێ تا دەئەنگوێ

گەلاوێژە، لەتابڵۆی نەخشی مانی

لەبەژنی دۆخی داری بەرزی سەروت

گوڵەدەڕژێتە سەر ڕووی مێرگ وکانی

لەخزمەت مامزی دووچاوی مەستت

گڕی ڕووی ئاگری تۆم کەوتە گیانی

پەچەی ئەوبسکەلادەبێتەدەر ڕۆژ

گزنگی نەخشی جوانیم دا نیشانی

 

٢٤/٩/٢٠١٣ی زایینی

حامیدرەشیدی زەرزا.

 

……………

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی