"an independent online kurdish website

هیوا ، وشەیەکی کورت و بچووکە ، بەڵام مانەیەکی گەورەی هەیە.. هیوا ، ترپەیەکی نەرم و ناسکی لە گوێماندا هەیە.. هیوا ، بۆتە وێردی سەر زمانمان .. هەردەم چێژ و خۆشییەکی زۆرمان پێ دەبەخشێت.. هیوا ،reza_shuwan

بووە بە هێز و بە گوڕ و تینی گیان و هەناومان ..بووە بە هاندەرمان بۆ هەوڵدان و کۆڵنەدانمانە و سەرکەوتن .

دەشێ مرۆڤ بەبێ چاو بژێت .. بەڵام ناتوانێت بەبێ هیوا بژێت .. ژیانی مرۆڤ بەبێ هیوا ، وەکۆ دارێکی ئاو لێبڕاووایە ، ئەگەر ئاو نەدرێت ، وشک دەکات و دەمرێت.

کەواتە هەرگیز نابێت بێ هیوا و رەشبین بین .. نابێت یەخسیری خەم و پەژارە و بێ ئومێدی بین .. پێویستە هەردەم هیوادار و گەشبین بین .. بڕوامان بە ئیرادە و توانای خۆمان هەبێت .. دەشێ مرۆڤ جارێک یا زیاتر لە هەوڵەکانیدا بۆ هێنانەدیی خەون و ئامانجەکانی شکست بهێنێت .. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت مرۆڤ دەستی لە خۆی بەردا و کۆڵ بدات و بێ هیوا ببێت .. جارێک و دووجار شکستی ئەوە ناگەیەنێت کە کۆتایی ژیان و جیهانە ..دەبێ ئەوە بزانێت کە گەردوون هەر ئەوە نییە لە بەرچاوی ئێمەدایە .. بەڵکو زۆریش لەوە فراوانترە .. پێویستە پەند و وانە لە هەڵە و شکستییەکانمان وەربگرین و ، بیان کەین بە دەستپێکی هیوایەکی تازە و ، بڕوایەکی بەهێزتر و ، بە گوڕتر هەنگا و بۆ سەرکەوتنمان بنێین .. چەندەها کەس لەوانەی کە ئەمڕۆ هەڵگری بڕوانامەی دکتۆران ، یان چەندین کەسایەتیی ناودار و ، پاڵەوان و ، سەرکردەکانی جیهان .. جارێک یا چەند جارێک دووچاری شکستی بوون .. بەڵام کۆڵیان نەدا و دووبارە هەڵسانەوە و درێژەیان بە تێکۆشان دا .. تا بە هیوا ئامانجەکانیان گەیشتن.

( شەکسپیر ) دەڵێ : ” تا لاپەڕەیەکم نووسی .. هەزار پەڕەم دڕی

( کورد ) یش دەڵێ : ” کەس لە پڕێ .. نەبووە بە کوڕێ

( کۆنفۆشیوس ) دەڵێ: ” شانازی لەوەدا نییە هەرگیز نەکەویت .. بەڵکو لەوەدایە کەکەوتی سەرلەنوێ هەڵبسیتەوە

 ( شاعیر ) ێکیش دەڵێ : “ئەوەی ویستی بۆلای خۆر بچێت .. خۆر تیشکەکانی بۆ شۆڕکرد.. تا خۆی پێیاندا هەڵواسێ و سەربکەوێت و.. بە هیواکانی بگات

ئەگەر دەرگایەکمان لەسەر داخرا .. دەیان دەرگای تر هەن کە دەتوانین بیان کەینەوە .. ئەگەر زستانی سەخت ، هەموو دەرگا و پەنجەرەکانی پێ داخستین و .. بە بەفرێکی زۆر گەمارووی داین .. پێویستە چاوەڕێی هاتنی بەهار بکەین ، دەرگا و پەنجەرەکانمان بخەینە سەرپشت بۆ ئەوەی شنەبای فێنک و خۆش بێنە ژووری ماڵەکانمانەوە .. ئەگەر خەزان گەڵای دار و گوڵەکانی وەراند .. بەهاری چاوەڕوانکراو دێت و گەڵاکان سەوزتر دەڕوێن و گوڵەکانیش جوانتر دەپشکووتن و، بۆن و زەردەخەنەمان پێشکەش دەکەن .

ئەگەر خۆشەویستەکەت ، پشتی لێکردی و لەیادی کردی .. چاوەڕوانی ئەوەبە کە تیشکێکی تازە دڵی خەمناکت رووناک بکاتەوە و ، هیوایەکی تازەش لە ناخدا بڕوێت .

بڕواننە باڵندە کۆچ کردووەکان ، کە چۆن لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا دەگەڕێنەوە و .. سەرلەنوێ هێلانەیەکی تازە دروست دەکەن و .. دەژین و سەختی زستان لەیادەکەن .

هەناسە بۆ دوێنێتان هەڵمەکێشن .. چونکە گەڵا هەڵوەریوەکانی تەمەنتان ناگەڕێنەوە .. بەڵام لەگەڵ هاتنی هەموو بەهارێکی تازەدا .. گەڵای تازە دەکەن .

خەم بۆ دوێنێی رابردووتان مەخۆن .. ئەمڕۆتان لەبەر دەستدایە .. ئەمڕۆش خۆی دەپێچێتەوە و ، دەڕوات و ئاوادەبێت .. بەیانیتان لە بەردەمدایە ، کە بە تیشکی رۆژێکی تازە رووناک دەبێتەوە .. خەون و خۆزگە و هیواکانی ئەمڕۆتانی تێدا بهێننەدی .

پێویست ناکات لەسەر ئەو کەلاوانەدا بوەستن ، کە شەمشەمەکوێرە هێلانەی لێکردوون .. بەڵکو گوێ لە جریوەی خۆشی ئەو چۆلەکەجوانانە ، لە قاسپە قاسپی ئەو کەوە دەنگخۆشانە بگرن .. کە مژدەی گزنگدانی خۆر و رۆژێکی تازتان دەدەنێ .

هەميشە گەشبین و هیواداربن .. ئەوانەی بە هیواوە بژین .. نازانن مەحاڵ چییە ..

مەشخەڵانی هیواکانتان داگیرسێنن و .. دڕ بە تاریکی بدەن و ، بەرەو سەکەوتن و هێنانەدیی ئاواتەکانتان بەبێ ترس و دوودڵی و کۆڵدان هەنگاوبنێن .. دەگەن پێیان .

هیوادارانی دڵسۆز ، هیوادارم لە وتەی ئەم ناودار و گەلانە ، سوود وەربگرن .. هیوای ئەوەشتان بۆ دەخوازم ، کە هەموو هیوا و ئاوتەکانی هەمووتان بێنە .. بەر لە هەموو هیوایەکیش ، هیوای بە دەوڵەت بوونی کوردستان کە هیواترین هیوای هەموومانە:

( هەمەرشۆڵد )

هیوا نانی روژانەی هەژارانە .

( تۆماس ئەدیسۆن )

هیوا گەورەکان ، پیاوانی مەزن دروست دەکەن .

( ڤیکتۆر هۆگۆ )

هیوا بۆ ژیان ، ئەوەندەی باڵ بۆ باڵندەکان گرنگی هەیە .

( لاڤۆنتین )

بە خۆڕاگری ، دەتوانیت هیواکانت بهێنیتە دی .

( برنادشۆ )

حەز و هیوا بۆ مرۆڤ ، وەک ئاوە بۆ ماسی .

( لیۆناردۆ داڤینشی )

هیوا وەکو ئەستێرەکانی ئاسمان وایە ، تا ژیان تاریکتر بێت ، ئەو جوانتر دەدرەوشێتەوە .

( نۆرمان ڤینست بێل )

بێ هیوا مەبە ، دەشێ دوا کلیلی کۆمەڵە کلیلەکە ، خۆی بێت و دەرگاکە بکاتەوە .

( ناپلیۆن پۆناپارت )

وشەی مەحاڵە ، لە فەرهەنگی مندا بوونی نییە .

( پیرەمێردی نەمر )

پێم مەڵێن ریست وەک خوری خاوە

کوێـر هەتا دەمرێ بە هیـوای چـاوە

( جاکسۆن براون )

لە هیچ شتێکدا بێ هیوا مەبە ، چونکە لە سەرانسەری جیهاندا ، رۆژی بە ملیۆنەها موعجیزە روودەدەن .

( هێلین کیلەر )

کە دەرگایەک بە رووتدا دابخرێت ، پێویستە دەرگایەکی تر بکەیتەوە .

( پەندێکی ئەمریکی )

تا ژیان هەبێت ، هیواش دەبێت.

( کریستۆڤەر رییڤ )

ئەگەر گەشبین بیت ، هەموو شتێ دەشێت .

( پەندێکی کوردی )

ئەوەی خەریکە بخنکێت ، دەست بە پووشێکەوە دەگرێت .

(ئۆڤنید )

هیواکانم هەموو کاتێک نایەنە دی ، بەڵام من هەموو کاتێک هیوادارم .

( پەندێکی روسی )

لە وڵاتی هیوادا ، زستان نایەت .

( ئاگاتا کریستی )

گرەوی بەختەوەری لەم سێ شتەدایە : کارکردن ، خۆشەویستی ، هیوا .

( پەندێکی ڤنلەندی )

لە کۆتایی تونێلدا ، دەبێ رووناکی دەرکەوێت .

( شەکسپیر)

جوانترین و رازاوەترین چرای ژیان هیوایە ، هەر بۆیە مرۆڤی بێ هیوا بەشی نەمانە.

( ئەبراهام لینکۆڵن )

گەر شکستت هێنا خەمبار مەبە .. مادام هەوڵی ئەوە دەدەیت ، کە سەرلەنوێ لەسەر پێیەکانت بوەستیت.

( پەندێکی هیندی )

دواترین شت کە مرۆڤ ونی بکات هیوایە .

( هاردی)

هیوا باخەوانێکە کە دڵ دەکێڵێت .

( میخائیل نەعیمە )

لەم دۆژمنانە وریابە کە دۆژمنترین دوژمنتن : دۆژدابردن ، توڕەیی ، بێ هیوایی.

( بۆرسین )

هەزاران رێگا هەن کە دەتگەیەننە خۆشبەختی ، ئەگەر یەکێک لەوانە بەسترا ، رێگایەکی تر هەڵبژێرە .

( جین هاوارد )

گەشبین گوڵ دەبینێت ، بەڵام رەشبین دڕک دەبینێت .

( برتنار راسل )

مرۆڤ هەمیشە هەوڵی شادی دەدات ، بە رێگای سێ شتەوە دێتە دی : هیوا ، سەرکێشی ، گۆڕان .

( پەندێکی ئەڵمانی )

هەژارترین کەس ، ئەو کەسەیە کە بێ هیوا بێت .

( بۆدلێر )

ئەوەی هیواکانی بە خەیاڵپووچی بنیات بنێت ، لە خەوندا بۆی دێنە دی .

( پەندێکی ئینگليزی )

کانیاوی هیوا ، وشک ناکات .

( پەندێکی کوردی )

لە پاش تەنگانە ، شێنەییە .

( ئەرستۆ )

هیوا خەونی رابوونە .

( فەرجیل )

تەمەن هیوا و خۆزگەیە ، دوایان دەکەوین .. هەر وەکو چۆن راوکەر دوای نێچیرەکەی دەکەوێت .

( شیلەر ئیبتۆن لوتۆن )

شتێک نییە کە ناوی شکست بێت ، بەڵکو لە راستیدا ” شکست ” ، لە کارێکدایە کە تەوا نەکرابێت .

( برنادشۆ )

لەوانەیە پیاو چەند جارێک لە کارەکەیدا شکست بهێنێت .. بەڵام بەبێ هیوا دانانرێت ، ئەو کاتە نەبێت کە لۆمەی خەڵکی بکات .

( ڤۆڵتێر )

سبەینێ هەموو شتێک باش دەبێت ، ئەمە هیوایە .. ئەمڕۆ هەموو شتێک باشە ئەمەیان هەڵەیە .

( جوبران خەلیل جوبران )

هەندێ کەس لەوە بێزارن کە گوڵ دڕکی هەیە .. هەندێکی کەش گەشبینن ، چونکە لە سەرەوەی ئەو دڕکانەدا گۆڵ هەیە .

( بۆرمان )

گەشبینی لە سەخترین کاتدا .. ئارامیت پێ دەبخشێت .

( پەندێکی ئێنگلیزی )

هیوا نەبوایە ، دڵ دەپووکایەوە .

( ئەردەشێر )

رۆژگار لاپەڕەکانی هیواکانتانن ، باشترینی کارەکانتانی تیاندا تۆمار بکەن .

( پەندێکی ئێنگلیزی )

رێ بە هیوا مەدە ، راستیت لە بیر بباتەوە .

( تاگوور )

” دەکـرێ ” لە ” ناکـرێ ” ی پرسی : لە کوێ دەژیت ؟ وەڵامی دایەوە و گوتی :

لە خەونەکانی ” بێ دەسەڵات ” دا .

( ئەسکەندەر دۆماس )

پشوو درێژی و هیوا ، دوو هۆکاری سەرکەوتنن .

( كاکەی فەلاح )

بێ هیـــوا ، ژیــان زینـــدانی تەنگە

تاریک و نوتەک وەک شەوەزەنگە

بێ هیــوا ، ژیـان وشک و بێ تـامە

بێ پاشــەرۆژە ، بێ سەرەنجـــــامە

بێ هیــوا ، ژیـــــــــان نائومێــــــدیە

رەنجـــــــــەڕۆييە ، نامــــــــــرادییە

( کامەران موکری )

هەرچی درەختــە گــڕی تێ بــــەردەن

پەپـــوولەی هیـــــوای من ناسووتێنێ

بای پایز هەمووی بە جارێ هەڵ کەن

ئەم خونچـــــە وردەی من نـــاوەرێنێ

چۆن ئـەو رۆژە ئەبیــــنم هــــــــەڵات

ئاواش دڵنـــیام ئەگەین بە ئــــــــاوات

نەرویج  :  ٢٨/ ٩ / ٢٠١٣

 

 

 

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی