وەک برووسکە و باپووزی سەر…
لووتکەی هەتا نێوقەد نێشتوو لە نێو بەفری
بەفرانبارا…
بە نێو باخچەی لە خم هەڵکێشراوی بیرم
یاخی دێیت و سرک ئاسا… تێدەپەڕی
خۆ تۆ دەڵێی یاڵی بژ…بژ… هەڵپڕژاوی
ئەسپێکی کەحیلی … سەرکێش،
بە نێو سینگی بارانێکی خەست و بە خوڕڕ…
مەغریو دێیت و … بەو دووچاوە خومارانەت
وێنەی بزیسکەی دەم شریخەی هەوری ئاوسی زستان،
شەوی مەیوو لە تەنیایی ئەشلەقێنی و
لە باوەشی جۆلانەیەک … پڕ لە گوڵە هەناری پاییزی و
لێواولێو لە … سۆزی گزنگ و پڕاوپڕ لە دەنگدانەوەی تریقەی ماچ و
تارمایی خەونێکی دەم بە خەندەی لای بەیانان
ئارام دەگری
کاتێک کە دێم
دەستەمۆت کەم
وەک یادگار
لە نێو دوودێڕی شیعرێکی پاییزی ڕاتمووس و بتنەخشێنم
بەڵام چبکەم…. تۆ وەک خۆتی… ئێستاکەش هەر نەگۆڕاوی
تۆ هەر هەمان خەیاڵیت و هەتا دوایی
نە تاسەیەک ئەشکێنی و نەنیگایەک … وەک ملوانکە بۆ یادگار
لە مل شیعرم دەهاڵێنی
تۆ هەر هەمان نیازیت و وەکوو قەرەج
ون دەبیت و دەچیتەوە
نێوگلێنەی چاوەڕوانی!