"an independent online kurdish website

رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی کۆچی هەتاوی رێژیمی پاشایەتی پەهلەوی لە ئاکامی شۆڕشی گەلانی ئێراندا رووخا. لە کامیاران ڕۆڵەکانی گەلی کورد دەسەڵاتی هەموو دام و دەزگاکانی رێژیمیان گرتە دەست . پاسگای ژاندارمڕی کامیاران وەک دوا ئاسەواری دەسەڵاتی شا لە لایەن خەڵکەوە دەستی بەسەردا گیرا و چەکدارەکانی لە چەک داماڵدران و خەڵکی شار ئەرکەکانیان وەئەستۆ گرت .she_hid10

رێکخراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێرای هەموو شارەکانی کوردستان لە شاری کامیارانیش چالاکی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند . لە ماوەیەکی کورت بەشێکی زۆر لە کیژ و لاوەکانی شار لە دەوری رێکخراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوە . خەڵکی کامیاران بە درێژایی تەمەنیان لە ژێر دەسەڵاتی دەست و پەیوەندییەکانی پەهلەویدا هەناسەیان بە ئازادی هەڵنەکێشابوو . بە تێپەڕینی زستانی سەرکەوتن کەشێکی پڕاوپڕی سەربەستی شاری کامیارانی لە ئامێز گرتبوو .ئەوە هیوایەک بوو کە ساڵانێکی دوور و درێژ خەباتیان بۆ کردبوو ، خوێن و فرمێسکیان لە پێناودا هەڵوەراندبوو .زەبر و زەنگ و ئەشکەنجەی بەندیخانەکانی ساواک و هیتریان بۆ چێشتبوو .

چەند مانگ بەسەر ئەو ئازادی و سەربەستییەدا تێنەپەری بوو کە دەسەڵاتی تازە لە تاران بە بیانووی جۆراوجۆر و لە ژێر ناوی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەڵی کوتایە سەر هەموو ئازادییەکان لە کوردستان و لەشکرە میراتییەکەی شای لە کوردستان دەنگ دا .وێرای ئەو لەشکرە هەزارە زیلەیەکیشی لە ژێر ناوی پاسدار و موجاهیدا بۆ زەبر و زەنگ و کوشت و کوشتار رەگەڵ خستن .

بەرەبەری نیوەرۆی رۆژی نۆهەمی مانگی پووشپەری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی ڕەوەیەکی زۆر و زەوەند بە تانک و زرێپۆش و کەرەسەی شەڕ و کوشتارەوە سەریان بە دەروازەی شاری کامیارانەوە نا، ئامانجیان لە کامیارانەوە قووڵایی خاکی کوردستان بوو کە ڕۆڵەکانی گەلی کورد بریاریاندا بوو ماف و ئازادییەکانی تێدا بپارێزن و مل بۆ زەبر و زەنگ و زۆرەملی دانەنوێنن. هەر کە لەشکر لە شار نزیک بۆوە ، خەڵکی کامیاران درشت و ورد و ژن و مناڵ و پیر و لاو رژانە سەر شەقامەکانی شار و سەر و سینگیان کردە متاڵی پارێزگاری. بەدەستی بەتاڵ ، بە چەکی باوەر بە مافەکانیان چوونە بەرانبەر تانکەکانیان .she_hid14

ئەوان بریاریاندا بوو کوردستانەکەیان و ئاکامی شۆرشەکەیان بە گیانیان بپارێزن . بە فەرماندەرانی لەشکرەکەیان گوت :” ئەگەر ئێوە بۆ سەرکوتی رۆڵەکانمان هاتوون ، کەوایە هەر لێرەوە دەست پێ بکەن و بە تانکەکانتان بەسەر جەستەماندا تێ پەڕن . فەرماندەکانی ئەو لەشکرە بە ناچاری سەری قشوونیان وەرگێرا و گەرانەوە بنکەکانیان لە کرماشان ، بەڵام پاوانخوازانی تینووی دەسەڵاتی بێ هاوساری رێژیمی نوێ بە تاوانی بەرێوە نەبردنی فەرمانی قەڵاچۆ و کوشتار ، فەرماندەی بەرزی لەشکرەکەیان گولە باران کرد .

سێ رۆژ دواتر رێکخراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی حیزب لە کامیارانیان ئاگادار کرد کە هێزێکی پڕ چەک و زۆرتر لە لەشکرەکەی پێشوو بەرەو کامیاران بە بیانووی چوون بۆ مەریوان وەرێ دەکەوێ .

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە خێرایی هەموو خەڵکی شاریان لە پەلاماری نوێی رێژیم ئاگادار کردەوە ، بە پیر بانگەوازی لاوەکانەوە هەموو خەڵکی کامیاران رژانە سەر شەقامی سەرەکی شار کە ئامانجی هێزەکەی رێژیم بوو . پاش نیوەرۆی رۆژی ١٢ی پووشپەری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بوو، گەورە و بچووک پیر و لاو بە منداڵی سەر پێچکەوە ، کۆرپەڵە بە بێشکەوە رێگای سپای سەرکوتی رێژیمیان گرتەوە .فەرماندەی هیزی رێژیم بەرانبەر لێشاوی خرۆشاوی گەل لە کامیاران وەستا و واقی وڕ ما،کێوی ئیرادەی خەڵکی کامیاران کە ژیانیان کردبووە لەمپەر هەمبەر دەیان تانک و زرێپۆش و هەزاران سەرباز و پاسدار ، رەمزی قەڵای لە گیران نەهاتووی کوردستان بوو ، لە ئاکامی ئەم هەستان و وەستانەوەی خەڵکدا لەشکر مەودایەک لە شار کشایەوە ، بەڵام لە دێ سەنگەریان گرت و بۆ ترساندن و تۆقاندنی ورەی خەڵک لوولەی تۆپ و تانکەکانیان کردە شار ، بەڵام نە هەڕەشە و گوڕەشەی فەرماندەران و نە لوولەی چەکی زەبەلاح ورەی خەڵکیان نەرووخاند . دوازدە شەو و رۆژی بەردەوام گۆڕەپان و شەقام سەنگەری لانکە و مناڵ و پیر و لاو بووبوو و ئەم مەتەرێزیان نەجووڵاند .

لێرە لە سەنگەری خەبات و تێکۆشانا ، لە نێو قەڵای ورەی دەڤەری کامیارانا ، سەدان رۆڵەی بە بروشت ، گورچکی بیری رزگاری نیشتمان بوونە پێشمەرگە و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران .

لە باوەشی” سیا چیا” و چۆمەکەی” ماویاندا” گوندی “گۆمەتە” نەخشاوە بە بیری مێژوودا و گوندە خنجیلانەی بەژنی لە باوەشی دایکی نیشتمانی کێشاوە ، ئەم دایکە پیرە سەدان داستانی لەمێژینەی لەبیرە لەناخی دیرۆکەوە کەزییەکانی هۆنیوەتەوە بە چیرۆکەوە ، بە هەرمان و بەرخودانی ڕۆڵەکانیدا وبە نۆ دەروێشەکەی نەخشی سەر بەردی بێستوونی هەڵ دەڵێ ، گۆمەتە خرمژنی سوارە لەمپەی ئاڵای گۆماتای لەبیرە و کورانی شۆرشگێری وەکوو ” سالار”ی لە شیرە ، گەلێک کورە پێشمەرگەی لە جەرگەی “سالار ئیبراهیمی” لێرەوە بوو بە پێشمەرگە . she_heid12

بەرە بەیانی رۆژی ٨ی رێبەندانی ١٣٥٨ی هەتاوی کۆماری ئیسلامی لە مۆڵگەی قەڵای هێزەکانیەوە پەلاماری شاری کامیارانی دا. ژمارەیەکی کەم لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پاڵپشتی خەڵکی پێشمەرگە پەروەری شار بەرەنگاری شاڵاوی دوژمن بوونەوە . دوژمن کە زۆر لەمەو بەرەوە خۆی بۆ ئەو هێرشە بۆ سەر خەڵکی کوردستان ئامادە کردبوو ، سەدان دەزگا تانک و زرێپۆش و نەفەر هەڵگری لەسەر هەموو بەرزاییەکانی شار جێگیر کردبوو ، لە هەموو لایەکەوە شاری تۆپ و گولە باران دەکرد . ژمارەی کەمی پێشمەرگەکانی دێموکرات چاری شاڵاوی هەمە لایەنەی لەشکری زەبەڵاحی نەدەکرد ، هێزی دوژمن لە عەرز و عاسمانەوە بە هەلی کۆپتەر و تۆپخانە ژینگە و ماڵی خەڵکی کوێرانە دابووە بەر هێرش و خەڵک بۆ پاراستنی گیانیان روویان لە چۆڵەوانی کرد کە ئەوانیس کەوتنە بەر ئاگری قینی دوژمنانی گەلی کورد. شەرێکی خوێناوی و نابەرانبەر هەموو کۆڵانەکانی شاری گرتەوە ، جەندەکی دەیان پاسدار و خۆفرۆش لە شەقام و کۆڵانەکان بەسەر یەکدا کەوتبوون ، بەڵام ئەوەی نرخی نەبوو لە راست داگیرکەرانی کامیاراندا گیانی چەکدارەکانی رێژیم بوو .ئەوان بۆ دەست بەسەردا گرتنی هەر کۆڵانێک دەیان کەسیان بە کوشت و بریندار بوون دەدا ،تا ئێوارێ بەم شێوەیە دەستیان بەسەر بەشی زۆری شاردا گرت و شاریان لە ئاور و دووکەڵدا نوقم کرد .ئەوان دەستیان لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە نەدەپاراست ، گرتن و تاڵان و کوشتنیان وەرێ خست، لەم بەرەنگاربوونەوە قارەمانانەیەدا پێشمەرگەی دێموکرات هەر چەند بە ژمارە کەم بوون بەڵام قەڵای کامیارانیان کردە دۆزەخێکی راستەقینە لە داگیرکەرانی زێدەکەیان ، لە خۆڕاگیریە بێ وێنەیەدا پێشمەرگەیێک لە جەنگدا ، برای سالاری ئیبراهیمی ، ئیسماعیل ئیبراهیمی بوو کە دوا هەناسەکانی وێرای هاوسەنگەرانیتری ” مورتەزا مورادی” و” قوربانی سەفەری” پێشکەش بە دایکی نیشتمانی کرد .

نازانم لە چاوی بارانەوە بۆتان بگریم

یان لە هەنییەی هەتاوەوە هەڵپرووزێم

لە جەغزی مانگەوە هەڵ قرچێم

یان ڕاکوشینی ئەستێرەوە هەڵوەرێم

کوڵی ئەم هەمووە دڵە بە کام لافاو دامرکێنم

گری جەرگم بە کام زریان وەکووژێنم

ناگریم، ناسووتێم و ناکووژێمەوە ، دانامرکێم

دەبمە ترووسکەیەک لە ئەستێرە

تریفەیێک لە مانگ و

شەوێک لە هەتاو

لێزمەیەک لە باران و

شنەیێک لە شەماڵ

لە کوێستانان دەبمە هەوار

دەبمە مەزرا لە دەشتان و

لەدەم چۆمان دەبمە بێستان

هەموو رۆژێک دەتان بینم

لە ئاسۆتانەوە لەگەڵ خۆر هەڵدێم

لە ئاسمانتەوە لەگەڵ بەفر و باراندا دادێمە خوار

هەموو رۆژێک دەتان بینم

لە باختانا دەبم بە دارshe_hid16

“سالار” برا چکۆلەی ئیسماعیلە ،کوری خەلیفە برایمی گۆمەتەیە ، ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی بە باوشی دایکی نازی باوکیەوە کەوتە گڕ و گاڵ . بە کوڵی دایکییەوە و بە بیری باوکییەوە لە رێی مەزرا و جووت و خرمان هەڵیدا تا کاتی خوێندنی هات . لە گۆمەتە مەدرەسەکەیان تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی لێ دەخوێندرا ، وەبەر خوێندنیان نا و سالار هەموو پۆلەکانی خوێند . لە دوازدە ساڵانەوە بووە بە پاڵپشتی بنەماڵەکەی لە کاری مەزرا و پاشان رووی کردە هەندەران بۆ کار و کاسبی و دابین کردنی بژێوی ژیان . هەندەران دوور لە کوردستان بوو، گەلێک شار و شارۆچکە و شاری تاران ، سالاری لاویان لە کار وەردان .جیاوازی و هەڵاواردنە چیناییەتیەکان ، بێرێزی و سووکایەتییەکان کە ئاکامی سیاسەتی بێزراوی رێژیمی پاشایەتی حەمە رەزا شا بوو، سالاریان بێزراند . لە کۆتایی تەمەنی حکوومەتی پەهلەویدا ئەویش کەوتە خەبات و بەرخودان . بە ئاشکرا بوونەوەی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سالار وەک ئەندام و لایەنگری حیزب لە شار و ناوچەکان خۆی دەنواند ، سالار لە تاران لەکار بوو کە لە هێرشی دوژمن بۆ سەر کامیاران ئاگادار بوو ، بە بیستنی هەواڵی دڵ تەزێنی شەهید بوونی کاکە ئیسماعیلی و هاورێکانی لە پارێزگاری نیشتمانەکەیدا بریاریدا رێگاکەیان درێژە بدا و سەنگەرەکەیان ئاوەدان ڕاگرێ ، هەر بۆیە روویکردە ناوچە رزگارکراوەکانی کوردستان و لەنێو هاوسەنگەرانی شەهید ئیسماعیلدا بوو بە پێشمەرگە .she_hid18

لەمەڕ “سالار” هاورێ عەلی ئەشرف مەجیدیان بۆ بەرەو خۆر ئاوا دوا:” یەکەم جار لە باخێکدا لەنزیک قاوەخانەی سەربناو سالارم دیت ، گەرچی دەیگوت ١٩ ساڵم بەلام زۆر لەوە لاوتر دیار بوو ، هەر بۆیە تا ئەو کاتە جارێ چەکیان پێنەدابوو ، هەوڵیان دابوو بگەرێتەوە نێو بنەماڵەکەی بەلام ئەو دەیگوت بە خوێن پەیمانم لەگەڵ نیشتمان و نەوەکەم بەستووە و خۆم بۆ ئامانجی حیزبەکەم کە ئامانجی شەهیدانی وەک سماییلی برامە، تەرخان کردووە . سالار زۆر زوو لەگەڵ پێشمەرگایەتی ڕادێ و تا دێ زیاتر خۆی لە مەیدانی شەڕ و بەربەرەکانیدا ڕادێنێ و متمانەی هاوسەنگەرانی بۆ پشت بەستن بە ئیمان وەدەست دێنێ. هەر ئەو ساڵە بە هۆی ئازایەتی ، بوێری و لێزانییەوە دەبێتە فەرماندەی پەل و وەک فەرماندەیەکی لێوەشاوە دەر دەکەوێ”.

لە شەرەی ملەی بوانە کە شەهید ” حیسام ئەسعەدی” فەرماندەیی دەکرد لێهاتوویی لە جەنگاوەری و فەرماندەییدا سالاری بەوەج و کارامەی دەرخست ،لەرێکخراوی هێزی بێستوونی کەرماشان ، بریار درا یەکێک لە فەرماندەرانی ئەو هێزە بێ کە ئازاترین رۆڵەکانی کرماشان و کامیارانی تێدا بوو. ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی دەبێتە فەرماندەری لکی شەهید” حەمە شەریف” . لێرەوە پێشمەرگەی ئەو لکە لەو ناوچەیە بە فەرماندەیی سالار لە نێو کۆمەڵانی خەلکدا دەبنە نوقڵی سەر زار. لەهەر جێیەک دوژمن پەلاماری دێنا و دەچووە گوندان بۆ ئەزیەت و ئازار ، دەکەوتنە بەر هەڵمەتی گورج و بڕی فەرماندە سالار .

ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە ژێر فەرماندەیی ئەودا لە نیو شاری کرماشان هێرش دەکەنە سەر دوژمن و دەیان تەزێنن ، شەرە بە ناوبانگەکانی کەشکە میر ، سەر شێڵانە ،چیانە، خشتە ، دەرەویان و دەیان شەری گەورە و بچووکیتر لە نێو خەلکی ناوەچەدا کردییە قارەمان ، کردییە ساڵاری دڵان .

تێکۆشەر ” مام فەیزەی کاشتەری” هاورێ و هاوسەنگەری شەهید سالار لە ڕامانی یادیدا دەڵێ :” سالەکانی ١٣٦٠ و ١٣٦١ی هەتاوی هێزەکەمان زستانان لە بنکەی جێگیر لە گوندەکانی قەڵوەز و باینچۆ و کوچک چەرموو دەماینەوە ،بەڵام لکی شەهید حەمە شەریف کە سالار فەرماندەیی دەکرد لە ناوچکە دەمایەوە ، چاودێری جموجوولەکانی هێزەکانی دوژمنیان دەکرد . گوندەکانی بانسەیی ، تراسولەر ، سوور سوور و گەلێکیتر زستانان کۆشکی گەرمی پێشمەرگەکانی بوون و ئەوە هێندەیتر رێز و خۆشەویستی ئەوانی لە دڵی خەڵکدا چاندبوو. ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی کە دوژمن زۆربەی شارەکانی کوردستانی داگیرکرد ،هێزی بێستوون لە سێ کوچکەی سنە –کامیاران و مەریوان ، تیرباغ و زێویە ، دەژن و سەر رێز و تەنگیسەر ، واز ، نیەر و مێراو دەکەنە کۆمار و پیلانەکانی دوژمن بۆ داگیر کردنیان چەندین جار دەکەنە بڵقی سەر ئاو .kak_feyze20

ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی رێژیمی کورد کوژی کۆماری ئیسلامی لە شاری مهاباد بە جارێک ٥٩ لاوی ئەو شارەی گولەباران کرد ، بەدوای ئەو کردەوە نامرۆڤانەیی دوژمن هێزی بێستوون بریاریدا ٥٩ هەڵمەتی تۆڵە بەرێتە سەر هێزە سەرکوت کەرەکانی رێژیم ، زستانی ڕابردوو بە هۆی بارینی بەفری زۆرەوە و هیزی پێشمەرگە چیاکانی پشت تەنگیسەر و مێراویان بەجێ هێشت بوو بوو، دوژمن لە دەرفەتدا لە شوێنەکانیان مۆڵگەی دانابوو . هەر بۆیە بۆ خۆ پاراستن نییەر و تەنگیسەر و میراویش بەجێ دێڵن، بەڵام رۆژی ١٨ی مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە هێرشێکی تۆلە ئەستێنانەدا و لە شەرێکی دوو شەو و رۆژەدا سەنگەرەکانیان بەسەردا دەرووخێن و لە گوندەکانی تەنگی سەر و نییەر و مێراو دەیان تارێنن . سالار ، سالاری ئەو شەرانە بوو. بە فەرماندەیی سالاری ئیبراهیمی بوو کە کە گرووپی بە ناو زەربەتی جوانڕۆ تێک و پێک دەشکێ و تەفن و تونا دەکرێ . پاش سێ ساڵ فەرماندەیی لکی شەهید حەمە شەریف و سەرکەوتنەکانی لە بەرەنگار بوونەوەی دوژمندا ئاستی فەرماندەیی سالاریان گەیاندە جێگری فەرامندەری هیزی بێستوون “.

لە نێو کادر و پێشمەرگەکانی هێزی بێستووندا سالار ئیبراهیمی خۆشەویست و بەربژاری نوێنەرایەتیان بوو ، لە کۆنفرانسی کۆمیتەی شارستانی کرماشاندا پاییزی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی وەک ئەندامی کۆمیتە و نوێنەری کۆنفرانس بۆ کۆنگرەی حەوتەمی حیزب هەڵدەبژێردرێ .

ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی بە پێکهاتنی مەڵبەندی یەکی کوردستان وەک بەرپرسی نیزامی ناوچەی کرماشان دیاری دەکرێ ، هاوینی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی بە فەرماندەی چالاکی نیزامییەکانی هێزی زاگرۆس و لە ماوەیەکی کورتدا پلەی جێگری فەرماندەری هیزی زاگرۆس دەستەبەر دەکا، پێشمەرگەی فەرماندە “ساڵار ئیبراهیمی” لە هەشت ساڵ فەرماندەییدا هەشت جار بریندار دەبێ بەلام هیچ برینێک سالاری نەوەستاند، بێ وچان دەیان کەڕەت لە ناوچەکانی کامیاران ، نێو شاری کرماشان ، نێو شاری سنە، لەیلاخ، ژاوەرۆ ، دیواندەرە ، رەوانسەر ، شاری مەریوان و بێلەوار هەلی کوتایە سەر دوژمنانی گەل و نیشتمانەکەی ، ئەو پاڵەوانی شەرەکانی هەورامانیش بوو ، کەلە قەندی ، دەرە تفێ ،نەوسوو ،کۆساڵان و شەریژە شاهیدی فیداکارییەکانی سالارن. سالاری ئیبراهیمی کە لە رێبازی شەهیداندا بریاری دابوو یان سەر دەکەوێ یان سەردادەنێ ، لەبەرنگار بوونەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا قەت نەدەسرەوت ، دوا پلانی سالار سەرکوت و دەست بەسەردا گرتنی مۆڵگەی دوژمن لە ئاوایی دەژن بوو ، جاری یەکەم لە پلانەکەیاندا سەر ناکەون ، شەوی دواتر بریاری گرتنی دەدرێ کە تووشی بۆسەیەکی خۆفرۆشەکانی ناوچە دەبن و بۆ جاری نۆهەم دەپێکرێ ، ئەو شەوە لە ئامێزی هاورێکانیدا گیانی بەختی سەربەرزی نیشتمانی دەکات و تێکەڵ بە هاورێیانی هەمیشە زیندووی دەبێ .she_hid30

هاورێکانی بریار دەدەن تۆڵەی خوێنی فەرامندەی خۆشەویستی شەهیدیان لە بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی بستێنەوە، هەر بۆیە تەرمی پیرۆزی شەهید بە پۆلە دارێکی باخەکانی ئاوێسەر دەسپێرن، لە یەکەم هەڵمەتی تۆڵەدا پازدە چەکداری دوژمن دەکوژرێن، هەر بۆ بەیانی و هەر لە تۆڵەی سالاری شەهید دا لە کوچکە چەرمووی کاشتەر دادەکشێنە رەوەی دوژمن و لە تۆڵەیدا حەفتا کەس لە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە داویاندا قڕ دەبن ، دوو هەمین کوری شەهیدی خەلیفە براهیم لە زێدەکەی دەبێتە میوانی باوکی و بەخاکی نیشتمانی دەسپێرن .

فیلم

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی