"an independent online kurdish website

زۆر کەس و لایەن پێیان وایە بە هاتنە سەرکاری روحانی، کۆمەڵگای نیونەتەوەیی و خەڵکی ئێران، هومێدێکی تازەیان پیشە کردووە kave_hassan_pour

و حەسەن روحانی بە گرتنە پێشی سیاسەتێکی نەرمتر لە گەڵ دۆنیای دەرەوە هەندێک لەو قەیرانە ئابووری و سیاسییانەی کە ئێرانی تێکەوتووە کەم دەکاتەوە ، لە لایەکی دیکەوە خۆش باوەرییەک لە بواری نێودەوڵەتی دروست بووە کە ئەو دەتوانێ بۆ چارەسەری کێشەی ناوکی ئێران دەوری کارا ببینێ .

سەرەتای ئەو گەش بینییە بە دەربڕینی هێور کردنەوەی پێوەندی دەگەڵ ئامریکا لە لایان حەسەن روحانییەوە دەستی پێکرد ئەو دوای هاتنە سەر کاری نامەی دەگەڵ باراک ئۆباما گۆڕییەوە‌ و هەر دووک لا به‌ گه‌شبینییه‌وه‌، له‌ داهاتووی پێوه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا و ئێران لێدوانیان دا. دوای ئەوانە بەشداری روحانی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەک گرتووەکان و وتەبێژیی ناوبرا لە هۆڵی گشتی ئەو سازمانە دا هەروەها وت و وێژی تەلەفوونی دەگەڵ باراک ئۆباما لە کاتی گەڕانەوەی لە نیۆیۆرک بەرو تاران زیاتر هیوایان بەخشیوەتە ئەم پرۆسەیە. لە لایەکی دیکەوە ڕێبه‌ری کۆماری ئیسلامیی، باسی لە‌ پێویستیی “نرمش قهرمانانە”ی کاربه‌ده‌ستانی به‌رامبه‌ر ڕۆژاوا کردووە. هەر لەو پیوەندییە دا و لە دوای هاتنە سەر کاری روحانی په‌روه‌نده‌ی ناوکیی ئێران له‌ شووڕای به‌رزی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران ڕا، رادەستی دەوڵەتی روحانی کراوە.

لە راستیدا هاتنە سەر کاری روحانی دەگەڵ ئەوەی دا بۆ زۆر یەک لە خاوەن رایان چاوەڕوان نەکراو بوو بەڵام لە هەمان کاتیشدا زۆر دوور لە چاوەڕوانی نەبوو، کۆماری ئیسلامیی کە لە ماوەی هەشت ساڵ تەمەنی دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاد دا بە هۆی ناکارامەیی و ناشارەزایی دەوڵەتی ناوبرا، پەڕوپۆی پێوە نەمابوو و تووشی داڕمانێکی دەروونی ببوو و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی دەستێوەردان لە ئاکامی هەڵبژاردنی خولی دەیەمی سەرۆک کۆماری تا رادەیەکی زۆر متمانە و باوەڕی خەڵکی ئێرانی بە حکومەتەکەی لە دەست دابوو و لە هەموو بوارەکاندا تووشی داکشان و قەیران ببۆوە، لە خولی یازدەهەمی سەرۆک کۆماری دا پێویستی بە گوزینەیەک بوو کە هەم ماوەی دەسەڵاتدارییەکەی لانیکەم بۆ چەندین ساڵ بۆ درێژ بکاتەوە و هەم ئابڕوو و متمانەی لە دەست چووی لە نیو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دا بۆ وەدەست بێنێتەوە.

لە روانگەیەکی دیکەشەوە دەیهەوێ بە ئەو دەست ئەو دەست کردن و خافڵاندنی وڵاتانی رۆژئاویی لە ئاکام دا دەستی وە پیتاندنی ئۆرانیۆم و سازکردنی بۆمبی ئەتۆم رابگا، رەنگە سێناریۆی خوێندنەوەی دەنگی راستەقینەی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەم دواییانە دا و هاتنە سەرکاری روحانی، لە درێژەی سیاسەتی چەند ساڵ پێشووتری کۆماری ئیسلامیی دا بەڕێوەچووبێ. ئەگەر ئاوڕێک بۆ چەند ساڵ پێشووتر بدەیەنەوە دەبینین کۆماری ئیسلامیی راست لەوەها هەل و مەرجێک دا کە تووشی بۆنبەست و قەیران ببۆوە، دەنگی خەڵکی خوێندەوە و خاتەمی هاتە سەر کار.

پێش ئەوەی خاتەمی بێتە سەر کار، کۆماری ئیسلامیی بە هۆی ئاشکرا بوونی ئاکامی دادگای میکۆنۆس و لە قاو درانی بەرپرسانی پایەبەرزی ئەو سیستمە لە باری دیپلۆماسییەوە تووشی داڕمان هات، کاتێک سیستمی قەزایی ئاڵمان ئاکامی دادگاییەکەی بۆ کۆڕ و کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی خستە روو دەوڵەتی ئەوکاتی ئاڵمان ناچار بوو بالێوزخانەکەی لە ئێران دابخا و بە دوای ئەو دا ١٤ وڵاتی دیکەی ئوروپایی هەمان کردەوەیان دەگەڵ کۆماری ئیسلامیی کردە پیشە. ئەو پرۆسەیە کۆماری ئیسلامیی تووشی قەیرانی جیددی کرد، بە جۆرێک ئەگەر بیرێکی لە برینی خۆی نەکردباوە و دەرباز بوون و سەرکەوتنی چەتوون دەهاتە بەر چاو، هەر بۆیە بە خوێندنەوەی دەنگی خەڵک و هاتنە سەر کاری خاتەمی دەلاقەیەکی نوێی بۆ خۆی درووست کرد، خاتەمی کە مەلایەکی میانەڕەو بوو لەم ماوەیەکی کەم دا توانی کۆماری ئیسلامیی لەو قەیرانە دەرباز بکا و بە حازر بوونی لە پارلەمانی ئوروپا، بەڵینی دا کە لەمەوبەدوا کۆماری ئیسلامی لە نێو ئوروپا دا کاری تێرۆریستی ئەنجام نادا و هەوڵی هێورکردنەوەی وەزعەکەی دا .

خاتەمیی لە نێو خۆش دا توانی کرانەوەی فەزایەکی لەباری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بۆ خەڵک بە دیبێنێ . بۆ ماوەی چەند ساڵ دەتوانێ تەمەنی رژیمی نگریسی کۆماری ئیسلامی درێژ بکات و بەرگری بکا لە رووخانی ئەو رژیمە. نکۆڵی لەوە ناکرێ کە ئەوجارەش بە خوێندنەوەی دەنگی خەڵک و هاتنە سەرکاری روحانی خوێنێکی تازە بە دەمارەکانی کۆماری ئیسلامیدا گەڕاوە و تەمەنی دەسەلاتدارییەتی ئەو رژیمە لانیکەم بۆ چەند ساڵ درێژ کراوەتەوە چوون بە خوێندنەوەی دەنگی خەڵک، هەم بە کۆمەڵگای نیونەتەوەیی سەلماندووە کە لە کۆماری ئیسلامیی دا بە پێچەوانەی ئەو روانگە نۆرمەی ولاتانی ئۆروپایی باوەڕیان پێی هەیە، هەموو شتێک لە کۆماری ئیسلامیی دا موتڵەق نییە و ئەو رژیمە بە گۆڕینی تاکتیک دەتوانێ هەموو روانگە و بۆچوونەکان لە سەر خۆی تێک بدا و بە ساز کردنی سێناریۆی لەم دەستە ئیتمینان و ئیعتماد هەم لە نێوخۆدا و هەم لە دەروە درووست بکا.

لەوەها هەل و مەرجێک دا و هەر لەو چەند رۆژە دا پژاک، پەیامی ئاراستەی دەوڵەتی روحانی کردووە و خوازیاری دانووستان و نزیک بوونەوەیە. بەر لەوەی هێندێک پرسیاری گرینگ بێنمە گۆڕێ دەبێ بڵێم بۆ زۆر کەس دانوستان و موزاکرە دەگەڵ دەوڵەتی روحانی ئەویش لەو بارودۆخە هەستیارە دا، ئاسایی دێتە بەر چاو و لە روانگەی ئەوانەوە ئەو گڕێ کوێرە تەنیا بە دەستی روحانی دەکرێتەوە، بەڵام بابەتی دانووستان دەگەڵ کۆماری ئیسلامیی بابەتێکە کە نە روحانی سەڵاحییەتی بڕیاردانی لە سەر هەیە و نە پەژاک دەتوانێ ئەو ئیدعایە بکا. ئەوەی لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا گرینگی زۆرتری هەبووە ئەوەیە کە دوای تێپەڕ بوونی چەند رۆژ بە سەر ورووژاندنی ئەو باسە لە لایەن پژاکەوە نە بۆ کۆماری ئیسلامیی و نە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە هێزە کوردییەکانیشەوە لە دەرەوەی وڵات و نە لە نێوخۆی کوردستانیش دا دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبووە. رەنگ بوو ئەگەر هێزە جیددیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو باسەیان ورووژاندبا دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوتری هەبوایە و بۆ کۆماری ئیسلامیش گرینگی تایبەتی دەبوو، ئەوە نیشان دەدا پژاک ناتوانێ ئەو هێزە بێ بڕیار لە سەر دانووستان بدا و پێش زەمینەکە ناتوانێ بۆ پژاک لەبار و رەخساو بێ.

ئەساسەن دانووستان دەگەڵ لایەنێک دەکرێ کە تەنگی بە سیستمێک هەڵچنیبێ یا لە بواری پێگەی جەماوەرییەوە و یا هەر کام لە بوارەکانی نیزامی وسیاسیی و فیکرییەوە ئەو نفووز و پێگەیەی هەبێ کە ئیدعای لەو دەستە بکا، تەنانەت ئاساییە ئەگەر ئەو لایەنە کە ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا مەوجوود بێ ، سیستم بۆ خۆی دەعەوتی بکا بۆ سەر میزی دانووستان. بەڵام ئایا پژاک ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا مەوجودە؟ ئایا پژاک نوێنەری راستەقینە یا لانیکەم نیوە لە سەدی خەڵکی کوردستانە کە بە تەنیا ئیدعای دانووستان دەکا؟ پژاک بە پشبەستن بە چ هێزێکی فیکری و سیاسی دەیهەوێ دانووستان بکا؟ ئایا لە بواری نیزامی توانیویەتی تەنگ بە کۆماری ئیسلامی هەڵچنێ؟ وەزعییەتی پژاک ئێستا چۆنە و بنکە و بارەگا و گەریلاکانی لە کوێن؟

پەژاک لە سەرەتای درووست بوونییەوە ئیدعای ئەوەی کردووە بە پشت بەستن بە هێزی ماددی و مەعنەوەی خۆی دە گژ کۆماری ئیسلامی رۆچووە و جەبهەی شەڕێکی بەربڵاوی دژی کۆماری ئیسلامی هەیە. نامهەوێ بچمە نێو باسی سەربەخۆیی پژاک، چوون بۆ هەمووان روونە پژاک چۆن درووست بووە و لە لایان چ هێزێکەوە پشتیوانی لێ دەکرێ بەڵام چ ئێستا کە ماوەیەکە ئاگربەست دەنیوان پژاک و کۆماری ئیسلامیی داهەیە و چ ئەو کات کە بە قەولی خۆیان دە بەرەکانی شەڕ دا روو بە یەک راوەستاون، پژاک نەیتوانیوە ئەو قورساییە بێ و بتوانێ کۆماری ئیسلامیی ناچار بە دانووستان بکا، لە راستیی دا پژاک قەت نەیتوانیوە شەڕی جەبهەیی دەگەڵ کۆماری ئیسلامیی دا درووست بکا.

ئەگەر رەوانە کردنەوە چەند تیمی گەریلا لە قەندیلەوە و لە ماوەی ساڵیک دا چەند جار و ئاگرتێبەردانی چەند پاسگا و پایەگای رژیم دەکرێ نێوی شەری جەبهەیی لە سەر دابندرێ، کەوایە دەتوانین بڵێین هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵات تەنانەت ئەوانەی پژاک بە حیزبی ئوردگانشین ناوزەدیان دەکا، شەرێ جەبهەییان دەگەڵ کۆماری ئیسلامیی دا هەیە و ئەگەر لەو بوارەوە زیاتریان لە پەژاک نەکردبێ کەمتریشیان نەکردووە. ئەو هێزانە هەموویان توانیویانە لە قوڵایی خاکی باشووری کوردستان را پێشمەرگە بنێرنەوە نیو خۆ چ بۆ جەولە و چ بۆ گەڕانی سیاسیی و تەشکیلاتی ! لانیکەم هەر دوو باڵی دیمۆکرات و کۆمەڵەکان، تەنانەت چەند شەهیدیشیان داوە. بەڵام ئایا ئەو جوڵە و چالاکییانە دەکرێ نیوی شەڕێ چەکداری لە سەر دابندرێ؟ شەڕی جەبهەیی و چەکداری ئەو شەڕە بوو کە کاتی خۆی و لە دەیەکانی شێست و حەفتا دا کۆمەڵە و دیمۆکرات و لایەنەکانی دیکە کردیان، پێشمەرگەی ئەو سەردەمە شەش مانگی ساڵ بە بەردەوامی لە نیوخۆ دا بوو و بە ئاو و نانی خەڵکەوە لە دژی کۆماری ئیسلامیی دا رادەوەستا و تەنگی بە کۆماری ئیسلامیی هەڵچنیبوو.

ئێستا کە ئاگر بەست لە نێوان کۆماری ئیسلامی و پژاک داهەیە و هەر وەک دەبیندرێ و دەبیسرێ پژاک، چیاکانی جاسوسان و حاجی برایمی رادەستی کۆماری ئیسلامی کردۆتەوە ئاخۆ دەبێ ئوردوگاکانی پژاک لە کوێ بێ؟ ئایا ئەو ئەنگەی پەژاک بە بەردەوامی لە بەرۆکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی دەدا ئێستا خۆی ناگرێتەوە؟ ئایا ئیستا پژاک حیزبێکی ئوردووگا نشین نییە؟ جیاوازی ئوردگای قەندیل و ئورگای کۆیە و زەرگوێز کە هەر سێک مەودایەکی کەمیان لە نێوان دایە لە چی دایە؟ ئەگەر پژاک ئیدعا دەکا کۆمەڵە و دیمۆکرات لە ژێر هێژمۆنی هێزە دەسەلاتدارەکانی باشووری کوردستان دان، خۆ پژاکیش لە ژێر هێژمۆنی پ.ک.ک دایە و ئەو راستییە حاشای لێناکرێ.

پێگەی جەماوەری بابەتێکی دیکەیە کە پژاک بە ماوەی تەمەنی کورتی خۆی نەیتوانیوە ئەو جۆرەی کە دەبێ دەستەبەری بکا. نکۆڵی لەوە ناکرێ کە پژاک، لە قەدەر هێز و چالاکی خۆی پێگەی جەماوەری لە کوردستان داهەیە، بەڵام ئایا ئەو پێگەیە دەتوانێ کۆماری ئیسلامی ناچار بکا دەگەڵ پژاک دانیشتن و دانووستان بکا؟ ئایا پژاک بە تەنیا دەتوانێ نوێنەرایەتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران دا بکا؟ ئەوەی لەو هەلو مەرجە دا زۆر گرینگە و رێگر دەبێ لە نێوان دانووستانی کۆماری ئیسلامیی و پژاک دا ئەوەیە کە پژاک ئێستا نەیتوانیوە لە نێو حیزبەکانی رۆژهەڵات دا مەشروعییەت بدا بە خۆی و هەموو حیزبەکان وەک لقی رۆژهەڵاتی پ.ک.ک سەیری دەکەن و پێیان وایە پ.ک.ک بە درووست کردنی پژاک دەست دە کاروباری رۆژهەڵاتی کوردستان وەردەدا، ئەوەی لە ئاخاوتن و گوتاری هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات دا دەردەکەوێ ئەوەیە، ئەگەر قەرار بێ پێوەندی و رەوابیتیان هەبێ، گونجاوترە دەگەڵ پ.ک.ک هەیانبێ هەتا پژاک! پژاک لە کۆنگرەی نەتەوەییش دا نەیتوانیوە لە سەر حیسابی خۆی بەشدار بێ و بە زۆرملی پ.ک.ک بە سەر کۆنگرەکە دا سەپیوە.

ئاقار و رووداوەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست بە تایبەت شەڕی سووریا و سازمان دانی پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان بە پشتگیری پ.ک.ک، وەزعی نالەباری ناوخۆیی و نێونەتەوەیی وڵاتی ئێران و هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی هەرێمی کوردستان، پژاکی هێناوەتە سەر ئەو قەناعەتە هەرچی زووترە دەبێ مەشروعییەتی پێویست وەدەست بێنێ. رەنگە ئاراستە کردنی پەیامی دانووستان و نزیک بوونەوە لە روحانی هەر لە چوارچێوەی سیاسەتی دەستبەر کردنی مەشروعییەت دا بەڕیوەبچێ، چوون پژاک باش دەزانێ کۆماری ئیسلامیی لەو هەل و مەرجە دا هیچ پێویستی بە دانووستان دەگەڵ کورد نییە و رەنگە ئەو مەسەلەیە لە پلەکانی ئاخری گرینگیی دان بۆ کۆماری ئیسلامیش دا رانەوەستێ و ئەگەر گریمان گرینگیش بێ سەڵاحییەتەکەی بە دەست روحانییەوە نییە.

لە لایەکی دیکەوە پژاک ئەوەش باش دەزانێ کە دانووستان دەگەڵ کۆماری ئیسلامیی دە حەوزەی توانایی پژاک دانییە و بەردێکی قورسە پژاک رۆی بۆتێ، بەڵام ورووژاندنی ئەو باسە ئەگەر هیچ دەسکەوتی بۆ پژاک نەبێ لانیکەم دەبێتە مایەی قەڵسە لێگێران و توورەکردنی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وێدەچی پژاک زیاتر ئەو مەبەستەی لە بن سەر بێ و هۆشداری بداتە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێستاوە جێگە و پێگەی خۆی پێ قایم بکا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی