"an independent online kurdish website

کۆنگرەی ٧ ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ٢٦ ی سەرماوەزی ١٣٦٤ لە کانی مێوی دۆلی جافەتی بەڕێوە چوو ، وابزانم ١٥٢ کەس بەشدار بوون؟.kavos_azizi_pm

یەکێک لە بڕیاراتی کۆنگرە سەرلەنوێ سازماندەهیی هیزی پێشمەرگە و تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب بووتا لە گەل خەباتی پارتیزانی بگونجێ.

تا ئەوکات کۆمیسیۆنی تەشکیلات و کۆمیسیۆنی پێشمەرگە جیاواز بوون. بەرپرسی تەشکیلات هەمیشە ئەندامێکی دەفتەری سیاسی بوو، بەڵام بەرپرسی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی بوو. ئەوە بوو هەردوو کۆمیسیۆنی تەشکیلات و پێشمەرگە یەک خران و کرانە کۆمیسیۆنی سیاسی-نیزامی و بەڕیز کاک مستەفا هیجری وەک ئەندامی دەفتەری سیاسی بووبە بەرپرسی ئەو کۆمیسیۆنە.

یەکەم هەنگاوی ئەو کۆمیسۆنە کە تا ڕادەیەکی زۆریش تییدا سەرکەوت، کوردستانی بار هێنانی پێشمەرگە بوو. تێکۆشەر وەک نامیلکەی تەشکیلاتی و نێو خۆیی حیزب ، فەسڵی بوو، بەڵام هەموومان چاوەروان بووین تا تێکۆشەر دەربچێ وکۆمەڵێک بابەتی گرینگی تەشکیلاتی و نیزامی وڕێنوێنی بکەونە بەردەستمان.

یەکەم جار هەر لکێکی پێشمەرگە کادری سیاسیی هەبوو. کلاسی ئامووزیشی دانران و ئامووزیشی حیزبی بە شێوەیەکی بەرین دەستی پێکرد. سازماندەهییەکی ڕێک و پێک، پەیوەندیی ڕێک وپێک هاتە نێو هیزی پێشمەرگە. هەموو پەلێک بێسیمی خۆی هەبوو. چەکوو چۆڵی پێویست دابین کرابوو. هەموو پەلێک بیسیم، بی کەیسی ، قەنناسە و ئارپیجی خۆی هەبوو. بەکار هێنەرانی ئەو چەکە نیوە قورسانە دەورەیان پێ بینرابوو.  لە هەمووی گرینگتر پەیوەندیی پتەو و ڕێک و پێکی کۆمیسیۆن بوو لە گەل هێز و مەڵبەند و کۆمیتەکان بە بەردەوامی.

بە گشتی سیستەمی کار و شێوەی سازماندەهی ڕووحێکی تازەی بە هیزی پێشمەرگە و حیزب بەگشتی بەخشی.

سازماندەهی نوێ موخالیفیشی زۆر بوو ،بەتایبەتی لە نیو بەرپرسانی نیزامی دا. چوونکی لە زۆر مەڵبەند دا فەرماندەری هیزی پێشوو دەبوو بە فەرماندەری لک. یان سەرلک دەبوو بە سەردەستە و سەردەستەش دەبوو بە سەرپەل. ئەوە بە نەوعێک هاتنە خواری پلەی نیزامیی ئەو فەرماندەرانە بوو، بۆیەشە بۆ هیندێک لەو کەسانە سازماندەهیی نوێ هەزم نەدەکرا. بۆ وێنە لە مەڵبەندی تازە پێک هاتووی شیمالی کوردستان چەند کەسێک لە فەرماندەرانی نیزامی وەک هەڵوێستی موخالیفەت وازیان لە پێشمەرگایەتیش هێنا. لە مەڵبەندەکانی تریش هەمان حەساسیەت هەبوو .

ئەوەش زیاد بکەم کە بەشێکی بڕیاری کۆنگرە ئەوەبوو کە ناوی شەهیدان لە سەر هیز ،لک ، دەستە وپەلی پێشمەرگە هەڵبگیرێ و تەنیا هێزی ناوی شەهید پێشەوا وەک کاروانسالاری شەهیدان ناوی لە سەر هیزی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد مایەوە.

مەڵبەندی شیمال: کۆمیتە شارستانەکانی ئاڕاڕات و ورمێ . هیزی شەهید نەحۆ، شەهید سەرگورد عەبباسی و شەهید سەروان حاتەم دوعاخوان. هێزی پێشمەرگەی ئەو مەڵبەندە ، هیزی ئاگری بوو و لە ماوەیەکی کورت دا سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و ناوبانگی هێزی ئاگری یان بیست و زەبرە گورچک بڕەکانی لە هیزی داگیرکەر هەتا ئێستاش لە بیر و زەینی ڕۆڵەکانی کورد دا ماوە. وابزانم بەژمارە زۆرترین کادر وپێشمەرگەی هەبوو.

مە ڵبەندی سپی سەنگ: ئە ومەڵبەندەش پێک هاتبوو لە کۆمیتەی شارستانی پیرانشار کە هیزی نیزامیی پێشووی هێزی شەهید ئاوارە بوو. دوای ماوەیەک کۆمیتەی شارستانی نەغەدە و هیزەکەی( هیزی دمدم واتە هەمان هێزی شەهید سەروان عەبدولا ئەفشین) تێکەڵ بە مەڵبەندی سپی سەنگ بوون و هیزی قەندیل یان پێکهێنا.

مەڵبەندی ١ ی جنووبی کوردستان: ئەو مەڵبەندەش پێک هاتبوو لە کۆمیتە شارستانەکانی: سنە و هێزی شەهید سمایل شەریفزادە، مەریوان و هێزی زرێبار، کرماشان و هیزی بێستوون. هێزی پێشمەرگەی ئەو مەڵبەندەش هیزی زاگڕۆس بوو.

مەڵبەندی ٢ ی جنووبی کوردستان: ئەو مەڵبەندە پێک هاتبوو لە کۆمیتەی شارستانەکانی ، سەقز و هیزی شەهید عەزیز یووسفی، کۆمیتەی دیواندەرە و هێزی شەهیدانی دیواندەرە، هەوشار و هیزی شەهیدانی هەوشار. ناوی هیزی پێشمەرگەی ئەو مەڵبەندەش هیزی ٢ ی ڕێبەندان بوو.

ئەو کۆمیتە و هێزانەی دیکەش بە هۆی مەوقعیەتی جۆگرافیاییان هەر وەک خۆیان مانەوە ، بەلام ناوی هیزەکان گۆڕان بە شێوە خوارەوە.

هێزی٢١ ی شەهید پێشەوای مەهاباد، هەر وەک خۆی مایەوە.

هێزی شەهید سمکۆی شنۆ(کێلەشین)

هێزی ١١٠ ی بەیانی بۆکان(هێزی بەیان)

هیزی شەهید مینە شەمی ڕەبەت ( زمزیران)

هیزی ١١ ی شەهید موعینی سەردەشت ( گیارەنگ)

هیزی ٨١ی شەهیدانی وێردی بانە( هێزی ئاربەبا)

هیزی شاهۆی هەورامان هەر وەک خۆی مایەوە

هیزی داڵەهۆ هەر وەک خۆی مایەوە

هیزی شەهید کاک هەژار کە پارێزگاریی لە بنکەی دەفتەری سیاسی دەکرد، گۆڕا بە هیزی سامڕەند

…………….

زستانی ساڵی ١٣٦٤ کە هیزی شەهید حاتەم و شەهید سەرگورد عەبباسی لە بنکەی دەفتەری سیاسی بوون وهێزی شەهید نەحۆ لە مامەخەتیبی دۆڵی گرک و ڕۆستێ بوون. دەبوایە ئەو ٣ هیزە و کۆمیتەی ئارارات و ورمێ ل ەیەک شوێن کۆببنەوە بۆ سازماندەهیی نوێ و پێک هێنانی مەڵبەندی شیمال . پێشتر واتە لە کۆنگرەی ٦ ڕا وەک ناوەندی ئاگری هەبوو، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەو ئیختیاراتەی نەبوو کە دواتر مەڵبەند هەیبوو. تەنانەت کاراییشی ئەوە نەبوو.

مانگی ڕەشەمە ئێمە چەند کەسێک بۆ دەورەی مین چووینە فێرگەی حیزب کە تازە ناوی لە زانکۆ ڕا کرابووە فێرگەی سیاسی- نیزامیی حیزب و کاک مستەفا هیجری تەحویلی کاک حوسێن مەدەنیی دابووە . کاتێک هەموو هاوڕێیانی شیمال لە مامە خەتیب کۆببوونەوە بۆ سازماندەهی، ئێمە لە فێرگە تەواو نەببووین. ئەوەش بڵێم کاتێک ئێمە لە فێرگە بووین مەڵبەندی ٢ هاتبوونە فێرگە بۆ سازماندەهیی خۆیان و لە ڕۆژی نەورۆز دا کاک حەکیم ڕەزایی وەک بەرپرسی مەڵبەندی ٢ی جنووب وتارێکی پێشکەش کرد.

کە ئێمە هاتین وابزانم ڕۆژی ٩ ی خاکەلیوەبوو. ڕۆژی دوایی مەراسیمی ١٠ ی خاکەلێوە بوو کە مەڵبەندی شیمال و کۆمیتەی شارستانی شنۆ بەڕێوەیان برد. سازماندەهی تەواو ببوو. من لە لکی ٣ وەک بەشی مین دیاری کرابووم. بەرپرسی مەڵبەند کاک عەلی کاشف پوور، کاک ڕەحیم ساڵحزادە فەرماندەری هێز و جێگرەکەی بەهادر ئازەری ، کاک مەحموود دەشتی بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی ورمێ، کاک عیسمەت عەبدی بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس، کاک حەمزە ڕەشیدیان بەرپرسی ماڵیی مەڵبەند، کاک شاپوور شوجاعی فەرد بەرپرسی ئامووزیشی مەڵبەند و کاک مەلا خالید باقی بەرپرسی بەشی قەزایی.

 

هێزی ئاگری ٣ لکی هەبوو کە هەرکام لەو لکانە ٣ پەلی ٢٥ تا ٣٠ کەسیی هەبوو. پەلی فەرماندەهی ، پەلی مەڵبەند و هەردوو کۆمیتە شارستانی ورمێ و سەڵماس.

فەرماندەری لکی ١ کاک سەعید یووسفی(سەعید گوڵێ) لکی ٢ کاک محەممەد ئەمین کرێت، لکی ٣ کاک حەسەن ئیبراهیمی( حەسەن بازووکا) .

دتوانم بڵێم نیزیک بە پەنجا کادری زۆر باشمان لە هەردوو کۆمیتەی شارستان دا هەبوو. کۆمەڵێک فەرماندەری بە ئەزموون و قاڵبووی خەباتی پارتیزانی مان هەبوو. هەر وەک لە سەرەوە ئیسارەم پێکرد، جەند کەس لە فەرماندەرانی نیزامی موخالیفی پێک هاتنی مەڵبەند بوون و بەداخەوە وازیان هێنا لە پێشمەرگایەتی.

سەرەتای مانگی ٣ بوو کە یەکەم تیمی هیزی ئاگری و کێلەشین بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتن. ئەوکات تەنیا دەمان توانی لە ڕێگای دەشتە هێرت و گەلی خواکورک دا بڕۆینەوە. چوونکی هەڵگورد و کێەشین و خنێرە لۆلان مەیدانی شەڕی ئێران و عێراق بوون.

تیمی هێزی ئاگری لکی١ بوو کە کاک سەعید گوڵێ خۆی بەرپرسایەتیی دەکردن. هەر لە واریدی ناوچە ببوون و دوای چەند ڕۆژێک ئەو لکە لە زینێ دەرگیر نبوون و ٣ هاوڕێی قارەمان گیانیان بەخشیبوو(١٨/٣/١٣٦٥). ئەو هەواڵە زۆر ناخۆش بوو. چوونکی یەکەم دەرگیریی هێزی تازەی ئاگری بوو لە گەل ڕێژیم و بێ ئەوەی زەبرێکی ئەوتۆ لە ئەفرادی ڕێژیم بوەشێندرێ، ٣ پێشمەرگە شەهید ببوون. شەهیدان ئەحمەد قاسمی جێگری پەل، سەڵاح مەجیدیفەر و ماهیر عەبدی.

mahir_ahmed

شەهیدان: سەلاح مەجیدیفەر.                    ماهیر عەبدی .              ئەحمەد قاسمی

ڕۆژی ١٩ی مانگی ٣ واتە جۆزەردان بوو کە لکی ئێمەش لە گەل مەڵبەند حەرەکەتی کرد بەرەو ناوچە . دوای ٣ ڕۆژ گەیشتینە گەلی گادەران و لکی ١ لەوێ چاوەروانی ئێمە بوون. چەند ڕۆژێک لەوێ ماینەوە . نیزیک دوو هەفتە لەوێ بووین، پێموایە هەرچی ڕۆژ بوو باران دەباری. منیش ددانم دێشا، .ئەو دوو هەفتەیە ژیانم لێ تاڵ ببوو. دوکتۆرێکمان هەبوو کە ئێستا ئەویش لە دانمارک دەژی ، دەرمانێکی زۆری پێ بوو. دەچوومە لای دەیگوت نیە. سەر و بناگوێم هەڵمسا بوو. کاک عەلی کاشفپوور چاوی پێم کەوت گوتی : کاووس ئەوە چیتە؟ گوتم وەڵا ددانم دێشێ. پرسی ئەدی بە دوکتۆرت نەگوتووە؟ گوتم وەلا چەند جار پێم گوتووە بەلام دەڵێ نیمانە. کاک عەلی زۆر توورە بوو ، بانگی دوکتۆری کرد و گوتی دەرمانێک نیە بدەی بە کاووس؟ گوتی نا! کاک عەلی گوتی چۆن نا؟ من خۆم یەک کارتۆن پنیسیلین و زدی چلکم لە نەخۆشخانە را بۆی هێناوی! دوکتۆر ئەوجار کە دیتی کاک عەلی توورەیە، گوتی : وەلا ڕاستە هەمانە، بەڵام هەموویانم بەستە بەندی کردووە ، ناتوانم بیان کەمەوە تا دەگەینە تەڕگەوەر( جا وەرە ئەم مەنتیقە!).(( تەڕگەوەر دەبوو بە ناوەندی ناوچەی تێکۆشانی مەڵبەند و هەمیشە بنکەمان لەوێ هەبوو، دوکتۆریش لەوێ دەبوو، بۆیە نەیدەویست بەستەبەندییەکەی تێک بدا تا تەڕگەوەڕ)) کاک عەلی هەر زۆر تووڕە بوو و گوتی تۆ ناتوانی بیانکەیەوە بۆ دەڵیی نیە؟ ئەدی ئەگەر بریندارێکیش بوو هەر نایکەوەیە؟ گوتی کاووس لەگەلی بڕۆ با دەرمانت بداتێ. هەزار سلاو لە کاک عەلی ، من لە گەل دوکتۆر ڕۆیشتم و بەستەیەک زدی چلکی دامێ و لە دەست ژانە ددان ڕزگارم بوو.

ئەوجار لکی ٢ ش کەوتبوونە ڕێگا بۆ لای ئێمە. بەرلەوەی ئەوان بگەنە لای ئێمە ، وادیار بوو کاک ڕەحیم و کاک مۆراد ئەحمەدی کە فەرماندەری هیزی کێلەشین بوون، شناسایی هیندێک نوقتەیان کردبوو بۆ عەمەڵیاتێک بە تۆڵەی ئەو ٣ شەهیدەی گەرووی زینێ ی مەڕگەوەر. بۆیە ئێمە چووینە بناری داڵانپەڕ و دۆلەترشین و بۆزی سینا تا ئەوان هاتنەوە لامان و یەک مان گرتەوە. دیارە هیزی کێلەشینیش هەر وەک ئێمە بە ٣ سەفەر هاتنەوە بۆ ناوچە و هەموومان لە بناری دالانپەڕ کۆبووینەوە و چاوەڕوانی عەمەڵیاتی هاوبەش بووین….

.. بۆ بەشی 2 ئێرە کلیک بکەن 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی