مورتەزەوی دەڵێت مەرجەكەت چییە؟ كاك مەنسور دەڵێت : هەر پرسیارێك لێم دەكەیت بە زمانی كوردی لێم بكە!!!
كاك مەنسوور لە شەقامی جامی جەمی شاری مەهاباد باشگای بەدەنسازی هەبوو، مەسئوولی دۆسیەی حیزبی دێموكرات لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد(حامیدی) خۆی هاتووچووی ئەو باشگایە دەكرد. رۆژێك كاك مەنسوور لە زیندانی مەهاباد بۆمی دەگێڕایەوە و دەیگوت: “حامیدی لە كاتی لێپچینەوەدا دوای ئەوەیكە گیرام لێی پرسیم باشە مەنسوور ئەتۆ ئەمنت دەناسی و دەتتزانی بۆچی دێم بۆ ئەوێ، بۆچی هیچ كردەوەیەكت بە نیسبەت من نیشان نەدا، منیش لە وەڵامدا پێم گوت: ئاقای حامیدی ئێمە مرۆڤ كوژ نین، ئەگەر مەبەستت ئەوەیە بۆچی ئەتۆم نەكوشتووە و دواتر ئەگەریش قەرار بێت كەسێك بكوژم و یان كوشتبام دڵنیابە ئەو كەسە تۆ نەدەبووی، دەزانی بۆ؟ چونكوو ئەوەندە بایەخت نیە كە بە دەستی من بكوژریت و ناوبانگ دەربكەیت و ئەو شانازییەت پێ نابەخشم كە ئەندامێكی حیزبی دێموكرات تەمای كوشتنی تۆی هەبووبێت و دواتریش ئەگەر قەرار بێت كەسێك یان شتێك بكوژم ئەوە ئەو فیكرەم دەكوشت كە تۆی وەها پەروەردە كردووە.
دوای ئەوەیكە لە گرتووخانەی ئیتلاعات ناتوانن ئیعترافی پێ بكەن، بەڕێی دەكەن بۆ ئیتلاعاتی تاران و لەوێشدا كە بازپرسان ناتوانن ئیعترافی لێ وەرگرن، پێیان دەڵێت ئێوە لەو رادەیەدا نین كە ئەمن وە قسە بێنن و پێیان دەڵێت گەورەكەتان بانگ بكەن. دۆزگەر سەعید مورتەزەویی دەچێتە ژوورەكەی و لێپێچینەوەی لێ دەكات و چەند پرسیارێكی لێ دەكات، بەڵام كاك مەنسوور وڵامی ناداتەوە و مورتەزەویش گوشاری بۆ دێت و دەڵێت باشە حیزبی دێموكرات چی لە گیانی ئێمە دەوێت؟ كاتێك كە ئەو قسە دەكات كاك مەنسوور دەڵێت جا لەمەوە بە دوا هەر پرسیارێك بكەی وەڵامت دەدەمەوە و بەڵام بە مەرجێك؟
مورتەزەوی دەڵێت مەرجەكەت چییە؟
كاك مەنسور دەڵێت : هەر پرسیارێك لێم دەكەیت بە زمانی كوردی لێم بكە!!!
دیارە مەبەستەكەم ڕوونە…..
كاتێك دوای ئەویكە منیان لە گرتووخانەی ئیتلاعاتەوە دا بە زیندانی ناوەندی مەهاباد و دوایە ماوەیەك بنەماڵەكەم هاتن بۆ دیتنم و بنەماڵەی كاك مەنسووریش هاتبوون و دەگەڵ كاك مەنسوور وێكدا چووین بۆ ژووری مولاقات و بنەماڵەكەی من گریان و هاوار و ڕۆ ڕۆیان نابووەوە.
كاك مەنسوور كە ئەو دیمەنەی بینی هاتە پێشێ و بە پێكەنینەوەو بە بابمی وت، كاكە گیان مەگری، چاو لێ بكە، ئێرە دووربینی مەدار بەستە(كامێرای خولگە بەستراو)ی لێیە، گریانی ئێوە راستەوخۆ لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە دەبینرێت، مەگری و پێ بكەنە و با ئەوان بگرین و دەبێت سەری نەتەوەكەمان بڵێند بكەین و ئەوەش بزانە كونجی ئەم زیندانە بۆ ئێمە قوتابخانەیە.
بەیانی ئەو رۆژەی هاتن و بردیان بۆ زیندانی ورمێ، تەنیا من و ئەو بە خەبەر بووین و قسەمان دەكرد.
لە كاتی رۆیشتندا وتی، خۆراگر بن، باوڕتان بە یەكتر هەبێت و دوژمن دەیهەوێت ئێمە بە نیسبەت یەكتر بێ متمانە بین و مەهێڵن لێك بڵاو بین و ئەو پرش و بڵاو بوونەوە نەیهێشتووە ئێمە بە ئاواتی خۆمان بگەین.
كاك مەنسوور نەزمێكی تایبەتی بە خشی بوو بە زیندانی مەهاباد و لە زیندان هەر كێشەیەك بهاتبایە پێش ئەو چارەسەری دەركردن. خۆشەویستی نێو زیندانیەكان بوو و زۆریان خۆش دەویست و خەڵكی بەردەوام بۆ موتالە و وەرزش هان دەدا و دەیگوت نەهێڵن زیندان و ئەوانەی زیندان دروست دەكەن بۆ رۆڵەی كورد بە چۆكتان دابهێنێت.
هەر بۆیە قازی جەواد لە دادگایی كردنی دووهەمیدا بە كاك مەنسوور دەڵێت ” دم و دستگاهی واسە خودت درست كردی؟ دستگاهی واست درست كنم كە خانوادە ت را بە عذاب بنشونم”.
*شەمزین مەهابادی ـ هاوبەندی كاك مەنسوور لە زیندانەكانی مەهاباد ، ئەندامی رێكخستنی نەهێنی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە نێو خۆی وڵات بوو
سەر چاوە : سایتی یەکیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران