"an independent online kurdish website

ئەوەبوو کە هەم کۆمیتەی شارستانی شنۆ و هێزی کێلەشین و هەمیش مەڵبەندی شیمال و هیزی ئاگری بەرەو لای شابتان کەوتینە ڕێ.kavos_azizi66

دوو ڕۆژ دابەش بووینە نیو چادرەکان و ڕۆژی ٤ ی پووشپەڕ لە سەری ڕەندۆڵە هەموومان لە گۆرایی یەک کۆبووینەوە. ڕۆژ لەوێ بووین و ئیدی دەمان زانی کە بەرەو عەمەلیات دەچین. بەرەبەری سەعات ٤ بوو کە بەرپرسانی نیزامی و مەڵبەندی شیمال و کۆمیتەی شنۆ ١٠٠ میتر ئەولاترمان کۆبوونەوە. نیزیک ٢ سەعاتێک کۆبوونەوەکە درێژەی کێشا.

ئەوجار هاتنەوە و هەموومانیان کۆکردەوە. هێزیکی زۆر و زەوەندی پێشمەرگە ، هەمووی بە لیباسی یەک ڕەنگی تایبەتی حیزبی ، تا ڕادەیەکی باش تەیار و تەکووز لە باری چەک و چۆڵەوە، هەمووان دانیشتن و هەردوو فەرماندەری هێزی ئاگری و کێلکەشین راوەستان و دوای تەوزیحێک، دەستیان کرد بە خوێندنەوەی تیم بەندییەکانیان.

١٢ نوقتە دیاری کرابوو بۆ عەمەلیات. کاتێک تیمەکان خوێندرانەوە، ئێمە تیمی پردی پووشاوێ و ٣ ڕێیانی سینگان- شێخان بووین. لە سەر پردەکە بازڕەسی یەک هەبوو و ماڵە جاشێک کە ئەویش خۆی چەکداری چەکداری هەبوو.

تیمەکان کە خوێندرانەوە، ٢٤١ پێشمەرگەیان بژاردە کردبوو. کە ئێمە جیابووینەوە وبەرەو دەشتی سەوزی شنۆ داگەڕاین، کە تەماشای هیزەکەی دیکەمان کرد، وەک ئەوە نەدەچوو کە ٢٤١ کەسیان لێ جیا بۆتەوە. هەستێکی زۆر خۆش بوو. لە بیرمە یەک باری ئەسپ ڕۆژنامە و گۆڤاری ٢٦ ی سەرماوەز مەڵبەندی هێنابوونی و هەرکام لە ئێمە چەند دانەیەک مان هەڵگرت بۆ بڵاو کردنەوە. لای من زۆر سنرنج ڕاکێش بوو کە کادرەکانی کۆمیتەی سەڵماس و ورمێ بەشداری عەمەڵیات بوون ، لە کاتێک دا جێی تێکۆشانی ئەوان وەک هێز نەبوو، ئەوان هەر تێمەی تەشکیلاتی ناوچەی دیاری کراوی تێکۆشانی هەبوو، بەڵام وەک لە بەشی پێشوو داگوتم، کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی ئەرکی یەکەمی خۆی بە کوردستانی بارهێنانی پێشمەرگەی دیاری کردبوو کە سەریش کەوتن لەو ئەرکە دا.

گەیشتینە دەشتاییەکە و کاتی ئەوە هاتبوو هەرکام لە تیمەکان بچنە دوای ئەرکەکەیان. هەم خۆش بوو، هەم نیگەرانی ئەوە بووین کە نەکا یەک، یان چەند هاوڕێمان بەیانی نەگەڕێنەوە، یان بۆ یەک جاری ماڵئاواییمان لێ بکەن؟ عەمەڵیاتەکە بە تۆڵەی ٣ شەهیدی هێزی ئاگری بوو.

تیمی ئێمە و پایەگای پووشاوێ پێکەو ەچووین . بەرپرسی تیمی پایەگای پووشاوێ کاک مۆراد ئەحمەدی بوو. فەرماندەرێکی گەنج و لێزان، لە هەمان کات دا ماجەراجو بە مەعنا موسبەتەکەی. تەنانەت لە هیندێک شوێن خۆی دەبوو بە نەفەری یەکەم بۆ ڕێگا بڕینەکە. گەیشتینە نیزیک پووشاوێ. ئیدی دەبوایە لەوانیش ماڵئاوایی بکەین. ئێمە دوورترین تیم بووین. دەشتی شنۆیە لەو کاتیدا ، یان بڵێم لە فەسڵی بەهار و هاوین دا هەموو شوێنێک جۆگە ئاو ، بێستان ،گەنم و جۆ و وێنجەیە. بۆ کەسی کورتە باڵای لاوازی وەک من زۆر زەحمەت بوو. ئەوان زوو گەیشتنە سەرپایەگاکە. فەرماندەری گشتیی عەمەڵیات کاک ڕەحیم ساڵح زادە فەرماندەری هیزی ئاگری بوو. ئەو دەبوایە دەستووری دەست پێکردنی هاوکاتی عەمەڵیاتی هەموو تیمەکان بە ڕەمزی” سلاو لە ٣ شەهیدی زینێ رابگەیەنێ”. کاک ڕەحیم بە حەق فەرماندەرێکی جەسوور، لێزان، بە شەخسیەت، مەتین و بە ئەزموون بوو. ڕابردووی کاک رەحیم دەرەجەداری ئەرتەش بوو . لە زۆر ناوچەی کوردستان گەڕابوو و پێشمەرگایەتی و فەرماندەریی کردبوو، بۆیە فەرماندەرێکی شیاو بوو بۆ هێزێکی وەک هیزی ئاگری و زۆریش خۆشمان دەویست.

هەموو تیمەکان دامەزران و فەرماندەری عەمەڵیات دەستووری دا کە دەستی پێ بکەن. ئایییی چەندە خۆش بوو کە دەنگی قڕمەی کەڵاشینکۆف و زرمەی ئارپیجی لە سەعات ١٢ نیوەشەو هاواری لە ئەفرادی ترسەنۆکی ڕێژیم هەستاند. لە ناو شاری شنۆ   کاک مەولود قەرە و جێگرەکەی کاک شەهاب سەییادی(ڕووحی کاک شەهاب شاد) و کۆمەڵێک پێشمەرگەی ئاگری و شنۆ گەشتی سوپاهی پاسداران و پایەگای سوپایان ئاگر باران دەکرد و زەبرێکی قورسیان لەو ناوەندە سەرکوت کەرە دابوو. بە قسەی هاوڕێیان خەڵکی شاری شنۆ لە پەنجەرەکانیان ڕا سلاو و دەست خۆشی یان لە ڕۆڵە پێشمەرگەکانیان دەکرد.

پایەگای پووشاوێ خەریک بوو سقووتی دەکرد، پایەگای ئەمیرا ئاباد دەستی بە سەرداگیرابوو و هاوڕێیان دەست خۆشییان بەو تیمە دەگوت ،کە فەرماندەری ڕۆژە سەختەکان حەسەن بازووکا بوو(ڕووحی شاد)، هێزێکی زۆری ڕێژیم کە لە بەرەی شەڕی ئێران، عێراق دەگەڕانەوە و خوار بێمزوورتێ کەوتنە نێو کەمینی دەستەیەکی دیکە و کەسیان ڕزگاری نەبوو. بە گشتی ١٢ نوقتە شەڕ بوو.

بەڵام تیمی ئێمە، کە گەیشتینە بەرانبەر ماڵی جاشەکە و تیرباری ژ_٣ لە سەربانی بوو. تەقەی دەکرد و راست پردی پووشاوێی دەکوتا کە زۆر زۆر نیزیک بوو لێی. دەبوایە ئێمە بپەڕێینەوە. بەرپرسی گشتی ئەو تیمە کاک حاجی جوندی کادری سیاسیی لکی ٣ ی هیزی ئاگری و لە فەرماندە جێ کەوتۆوەکانی ئێمە بوو. دوو سەرپەلمان لەگەل بوو فەرامەرز عوسمانی لە هیزی ئاگری و خالید سیاوانی(ڕووحی هەردووکیان شاد) لە هیزی کێلەشین.

خالید شارەزای تیمەکەی ئێمە بوو. بە حاجی و فەرامەرزی گوت، من دوو کەسم بدەنێ تا لە پردەکە بپەڕینەوە ئەو بەری و چادری بازڕەسی لێی بوو. ئەو تیربارەش کە باسم کرد، بست بە بستی پردەکەی دەکوتا. چوونکی کاتێک هێرش بۆ سەر پایەگای گوند دەستی پێکرد، ئەوان هەستیان بە بوونی ئێمە لە دەورووبەری پردەکە کردبوو. ئەوە بوو من و ئەبووبەکر ئیبراهیمی لە گەل خالید چووین. تەقەیەکی توندمان لەو تیربارە کرد تا گەیشیتینە ئەوبەری پردەکە. پردی پووشاوێ درێژە. دەرباس بووین، بێسیم مان نەبوو. نازانم خالید سیاوانی بۆ بیسیمەکەی پێ نەبوو؟ کەس بە دوامان دا نەهات. هەر سێکمان چادرەکەمان گرت و دوای کۆنتڕۆڵی چادرەکە کە تەنیا هیندێک کەل و پەلی تێدابوو، چووینە ئەو سێ ڕێیانەی کە دیاری کرابوو. خالید گوتی ئەبوو بەکر تۆ لیرە بمێنە واتە لە شوێنی کەمینەکە. منی بردە لای چادرەکە و خۆشی گەڕایەوە لای هاوڕێیانی دیکە. کە دەچێ تەماشا دەکا، تەنیا حاجی، فەرامەرز و چەند کەس ماون و ئەوانی دیکە کاتێک تەقەمان لەو جاشانە کردووە، بە قەراغ چۆمەکە دا چوونەتە خوارو شارەزاش نەبوون بگەڕێنەوە و پێیان وابووە ئێمە دە کەمین کەوتین. ئەوانیش هاتن و ئەو نوقتەیە مان گرت و چاوەڕێ بووین کە ئەگەر هیزی کۆمەکی هات بخەینە کەمین. تیمەکەمان بەشێکی وابزانم ١١ کەس بوون ون بوون بێ ئەوەی بیسیمیان هەبێ. پەڕینەوە لە چۆمی گادەر کارێکی هاسان نەبوو، ئەوان هەر بە قەراغ چۆمەکە دا چووبن تا سینگان.

لەوکاتی دا بوو کە مۆراد ئەحمەدی داوای کرد کە ئێمە بڕۆینە هاوکارییان. بە ڕەمز بە هاوڕێیانی گوت کە دوو بریندارمان هەیە. ئەوجار وەزع زۆر خەراپە، بەشێکی تیمەکە ون بووە، بێسیمیان نیە، شارەزا نین. لەو لاش خەریکە درەنگ دەکەوێ و دەبێ بەرلەوەی دونیا ڕووناکی بکاتەوە لانی کەم بگەینە بناری شاخ. تازە نائۆمێد بووین کە ئەو هاوڕێیانە بدۆزینەوە.

کەوتینە قەراغ گوندەکە تا بگەینە هاوکاریی کاک مۆرا دو ئەوان، گەیشتینە نیزیک ئەوان، مەرکەزی فەرماندەهی گوتیان بە زوورتین کات چۆڵ کەن و وەرنەوە بۆ شوێنی دیاری کراو. هەر وەک گوتم دوو بریندارمان هەبوو لە سەر پایەگای پووشاوێ. بریندارەکانیش بە خودی نارنجک اندازی پێشمەرگە بوو. کاتێک هاوڕێیان دەگەنە بن دیواری پایەگا و پاسدار لە سەر بانی پایەگا کەن، نارنجۆکی دەستی ناگاتە سەربان. محمد علیار پێشمەرگەی هیزی ئاگری نارنجۆک اندازی پێ بوو. ویستبووی نارنجۆک بخاتە سەربان، بەڵام هیندە لوولەی نارنجۆک اندزی مستەقیم گرتبوو، هاتبووە لە نیو خۆیان دا تەقی بووە. هەم محەممەد بۆ خۆی و هەم قادر میرزایی فەرماندەری لک لە هیزی کێلەشی بریندار ببوون(ڕووحی هەردووکیان شاد) .

ئێمە گەیشتینە لایان و هەرنیگەرانی هاوڕێیانین و هیچمان لە دەست نایە. شەکەت و ماندوو، برسی، خەومان دێت ، دوو بریندارمان هەیە، ١١ هاوڕێمان چارەنووسیان نادیارە، زۆر سەخت بوو.

هاتینە گوندێکی بچووک هاوڕێیان هیندێک نانیان وەرگرت، پێموایە بە چوار کەس نانێکمان وەبەر نەکەوت. دەشتاییەکەمان تەواو کرد ، تاو هەڵات. تیمی نێو شاریش گەیشتنە ئێمە، چەند کەسێک لە تیمی ئەمیر ئاباد و کەمینەکانی دیکەش ماندوو ببوون و ئێمە پێیان گەیشتین و یەکمان گرتەوە.

دەورووبەری سەعات ١٢ نیوەڕۆ سەرکەوتین و لە هەمان گۆڕاییەکەی ئێوارەی پێشوو هەموومان کۆبوونیەوە. کاک عەلی کاشف پوور و ئەوان لەوێ بوون. خواردنیان دابین کردبوو . ئەوان ئیستراحەتیان کردبوو و نیگەبان و هەموو شتێک لە ئەستۆی ئەوان بوو.

ئێمە دوای نان و چایەک خەوتین. هەر چەند لە بەر تاوی هاوین خەو زەحمەتە ، بەلام بە هەر جۆرێک بوو هیندێک حەساینەوە. من کە هەستام دیتم هاوڕێیانی دەوروو بەرم پێدەکەنن. سەرو گوێلاکم پڕ بوو لە تەپ و تۆز. نەمزانی هی چیە. کاک دێوانە بەو پێکەنینە خۆشەیەوە گوتی باشە تۆ هیچ دەنگی ئەسلەحەت گوێ لێ بوو؟ گوتم نا! دیسان هەموویان دەستیان کرد بە پێکەنین. گوتم ئەرێ چیە ؟ با منیش پێ بکەنم. دیوانە گوتی ئەو ژ_٣ یە دەبینی، لاوک دەستکاری کرد وفیشەک لە دەستی دەرچوو، یەک بست لە سەرت دوور کەوت تەماشای شوێنی گەلە بکە، چۆن ئاگات لێ نەبوو؟ لاوک حشمەت خیز سەرپەل بوو لە هێزی ئاگری. تەفەنگەکەش هی دەستکەوتی پایەگا بوو. بە هەر حاڵ گولە نەیپێکابووم ماڵی ئاوەدان بێ.

ئێوارەکەی دەبوایە بگەڕێینەوە لای بۆزی سینا ، سواری زەروێ ، گەرووی ناوڕوون و بەردەسپیان. ڕۆژی پێشوو کیسەخەومان لە لای دەستە چادرێک دانابوو کە خەڵکی مەڕگەوەڕ بوون. من و هاوڕێیەکی دیکە بە ٢ ئەسپەوە چووین بیان هێنین. کیسەخەو و پەتوویەکانمان نیزیک ٥٠٠ تا ٦٠٠ میتر لە چادرەکان دوور بوون، و تەنیا بە خەڵکی مانگوتبوو ئاگاتان لەو شتانە بێ.

کاتێک کە ویستمان بیانبەینەوە، خانمێک هات و گوتی ئەو پەتوویە هی منە. پەتوویەکە هی پێشمەرگەیەک بوو کە هەر لە مقەڕ را لەگەل خۆی هێنابوو و تەنانەت بەعەرەبی لە سەری نووسرابوو. گوتم پوورێ گیان ئێمە هاتووینەتە نیو چادرەکانی ئێوە ؟ گوتی نا! گوتم وەسائیلەکانمان لە چادری تۆ دا بوون؟ گوتی نا! گوتم ئەدی ئەو پەتوویە چۆن هی تۆیە؟ قەیرێک راوەستا و گوتی وەلا جا هەر پەتووی منە! دوو بارە پرسیم. ولامی هەمان شت بوو .

جا گوتم پوورێ بە حەزرەتی غەوس دەزانم تەماعت لەو پەتوویە کردووە ، بەڵام ئەوە بزانە کە نات دەمێ. پەتوویەکەم نەدایە و بارمان کرد و ڕۆیشتین. دواتری بەو هاوڕێ یەی من کە خەڵکی گوندی خۆیان بوو گوتبووی: ئەو پەتوویە زۆر جوان بوو، بەلام شکاکی سەگ باب نەیدامێ!

ئێمە هاتینەوە ئیدی دونیا تاریکی کردبوو. هاوڕێیان لەسەری بەردە سپیان چاوەڕێمان بوون. کیسە خەو و پەتووکانمان برد و زۆربەیان خەوتن. بەڵام ئێمە چایەکمان دروست کرد و سەعات تەقریبەن ١٢ بوو خەوتین.

عەبدوڕەحمان دەشت پەیمان جێگری پەل بوو، گوتی کاووس تۆ سەعات ٣ نیگەبانی گوتم باشە. خەوتین و سەعات ٣ بوو ئەبووبەکر ئیبراهیمی بانگی کردم و گوتی تۆ نیگەبانی. کە دیتم دەبەیەکی سپی لەوێ بوو. گوتم ئەوە چیە؟ گوتی وەڵا چوومە خوار ئاوم هێنا. جا خوارەکەش لانی کەم نیو سەعات دەگرێ. ئەو چوو بوو و کەس نیگەبان نەبوو تا گەڕابووە وە. شانسمان هێنابوو کە پاسدار نەهاتبوونە سەرمان.

مانگە شەوێکی روون وەک ڕۆژ وابوو. گوتم دا ئاوێکم بدەیە، ئەو ئاوەکەی بۆ تێدەکردم، لەولای ئێمە دەنگ دەهات. پێمانوابوو کە هاوڕێیانی ئێمە و کێلەشینن کە خوارەوەی ئێمە بوون. بەڵام نەڵێی ئەوە پاسدارن و هێرشیان کردووە و ئاگایان لە ئێمە نیە، بەڵام دەزانن هاوڕێیانمان لە کوێ خەوتوون و ئەوانیان دیوە. هەر ئەوندە بوو کە کەلیمەی الله اکبر وەبەر گوێم کەوت و گوتم ئەبۆ ئەوانە باسی الله اکبر دەکەن. قسە لە دەمم دابوو، بە ئارپی جی لە هاوڕێیانی دیکەی ئێمەیان دا و شەڕ دەست پێکرد.

وا تێکەڵ ببوون، ئێمە نەماندەزانی کامیان پاسدارن ، کامیان هاوڕێیانمان . دونیا ڕووناکی کرد و پاسدار لە خوارەوەی ئێمە بوون. محمد ئەمین کرێت فەرماندەری لکی ٢ی هێزی ئاگری بە قەنناسە تەقەی لێکردن. ئەو تەقەیە وەک ئەوەی وابوو کە پووشکە دە کونی زەرگەتە بکەی. لە پایەگای قەنتەرێ ڕا بە تفەنگی١٠٦ و خۆمپارەی ١٢٠ بەربوونە گیانی بەردەسپیان. تا ئێمەیان دەر نەکرد وازیان لێ نەهێناین.

هاوڕێیانی دیکەمان ٣ برینداریان هەبوو. یەکیان سەربازێک بوو و تازە هاتبوو بە ناوی ڕەسووڵ ئاڵیانی کە دواتر وابزان بووبە تێرۆرسیتێکی خەتەرناکیش. ڕەسوول بە جێ مابوو و گرتبوویان. سەربازێکی کورد بە ناوی”ل” گوتبووی بە پاسدارەکان ئێوە بڕۆن من ئەوە ئیعدام دەکەم و دێم. ڕەگبارێکی بە دەوروبەری ڕەسووڵ دا کردبوو و بەجێی هێشتبوو. واتە ویژدانی کوردانەی ڕێگای نەدابوو بیکوژێ و دواتریش ئەو سەربازە هات و بۆ ماوەی ٤ ساڵ پێشمەرگە بوو.

فەرامەرز گوتی کاووس ئەوە داوایان کردووە چەند کەس بڕۆن بۆ هێنانی بریندارەکان، تۆش بڕۆ. منیش لە گەل چەند پێشمەرگەیەکی هیزی ئاگری و کێلەشین چووین بریندارەکان بێنین.

nadri_hatem
شەهید حاتەم نادری

کە گەیشتینە لای بریندارەکان تۆپ باران زۆر توند بوو. بریندارەکان ڕەسووڵ و حاتەم نادری لە هیزی کێلەشین بوون و عوزێر لە هیزی ئاگری. من لە گەل حاتەم دا هاتم. گولە وەلاقی کەوتبوو و خوێنێکی زۆری لەبەر چوو بوو. ڕەفاقەتیشم لە گەلی زۆر خۆش بوو. کە دیتم لێوی ئیشک ببوون، ڕەنگی سپی سپی هەڵگەرا بوو، فیشاری هێنابوو کە ئاوی بدەنێ. هەر پێمان گوت تاقەت بێنە ، خوێن ڕێژیت کردووە، با بگەینە لای هاوڕێیان لەوێ کادری دەرمانی سڕۆمت بۆ وەسڵ دەکا و تێنوێتیت دەشکێ.

ئەو هەر ئیسراری دەکرد، منیش کە هەمیشە شۆخی مان هەبوو، گوتم ئەوە چیە هیندە ئیسرار دەکەی؟ ئاو مەخۆ خەتەرە! ئیدی ئیسرار مەکە. هاتینە سەر ئاو دەپارایەوە کە ئاوی بدەنێ، لۆکەیان دە ئاوێ کرد و لێویان پێ تەڕ دەکردەوە، دیسان هەموومان گوتمان حاتەم داوای ئاو مەکە نات دەینێ. گوتی بە خوا ئێوە پەشیمان دەبنەوە و لە دڵتان دا دەمێنێ! مەبەستی ئەوە بوو کە من دەمرم و لەدڵتان دەرناچێ کە ئاوتان نەدامێ.

منیش هەر بە شۆخی گوتم دەفەرموو، پێشەوا قازی دەڵێ هەر دڵۆپە خوێنێکی من دەبێتەوە پێشەوایەک، ئەوەتە پێشەوا چەکداری وەک حاتەمی هەیە کە کەمێک لاقی بریندارە پێیوایە دەبێ بمرێ. گوتی کاووس شۆخی مەکە ،تینووم ئاوم بدەنێ. هەر نەماندایە و ئەگەر لە بیرم بێ ئیدی ئەوە ئاخرین داوای بوو و قەتیش داوای ئاوی نەکرد و نەشی خوارد   لانی کەم لە دڵی من دا هەرمایەوە و. بە دڵنیاییەوە هەتا مردنیش هەردەمێنێ 

لەو لەحزەیەی کە گیانی بەخشی من کەمێک لەولاتر بووم و پێشمەرگەی تریش هاتنەوە لامان و ژمارەمان زۆرتر ببوو ئەوەم لە بیرە کە هاوڕێیەکی هیزی کێلەشین بەداخەوە ناویم لە بیر نەماوە ، یەک بە خۆ بانگی کرد حاتەم! حاتەم! من زانیم کە حاتەم یان تەواو بووە، یان بێ هۆش، بۆیە بە پەلە گەڕامەوە و دیتم تەواو ببوو و فریای ماڵئاواییش نەکوتم. ئەو حاتەمەی کە تا چەند دەقەیەک بەرلەوەی داوای ئاوی دەکرد، ئەوجار بە دوور ئێش و ئازار و زۆر بە ئارامی چاوی لە سەر یەک دانابوو. هاوڕێیان بۆ چەند ساتێک مات و بێ دەنگ تەماشایان دەکرد . حاتەم بە جێی هێشتین ،وابزانم لە لای ناوڕوون بە خاک سپێردرا کە من ئیدی لەو کاتی دا لەوێ نەبووم. ئەوە ڕۆژی ٦ی پووشپەڕ بوو. لەو شەڕە دا کەلاکی ٨ پاسدار کەوتە دەست پێشمەرگەکان .  

     درێژەی هەیە…….

بۆ بەشی 1 ئێرە کلیک بکەن 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی