"an independent online kurdish website

زۆر بەڕێز کاک نەوشیروان مستەفا ئەمین!

سڵاو.kerim_ferxepurnwe13

بەڕیزتان یەکێک لە سەرکردە دیار و ناودارەکانی ناو بزتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کوردن. لە پیناو ئازادی و رزگاری نیشتماندا بەشی زۆری تەمەنی خۆتان بەخت کرد. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەنگاوی گەورەتان ناوە بەرەو چاکسازی و رزگار کردنی خەڵکی باشووری کوردستان لە گەندەڵی و ناعەداڵەتی. لە گەڵ ئەوەی کە لە هەڵوێست و کردەوەکانتاندا کۆمەڵێک کەم و کوڕی بەرچاو دەکەوێ بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەوڵەکانتان بۆ وەدیهینانی چاکسازی دیار و بەرچاون.

ئەوەی لێرەدا من دەمهەوێ ئیشارەی پێبکەم ئەو مەترسییە گەورەیەیە کە لە لایەن ئیسلامی سیاسی یەوە لە دنیا و رۆژهەڵاتی ناوەراست بە تایبەتی لە برەو و پەرەسەندندایە.ڕێزم هەیە بۆ هەر ئایین و بیر و باوەڕێک بەڵام کوردستان یەکێک لەو هەرێمانەیە کە لە لایەن ئیسلامی سیاسییەوە هەڕەشەی جیددی لێدەکرێ،مینبەر و مزگەوت بوونە مەکۆی هاندان و هەڕەشە بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو چین و توێژە نوێخواز و ئازادیخواخواز و یەکسانخوازەکان، رۆڵەکانی نیشتیمان بە بیانووی جیهاد بەرەو جەهەننەمی شەڕ دەنێردرێنە چیچان و ئەفغانستان و سوریە و… تەلەڤزیۆنی رێکخراوە ئیسلامیەکان بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی دەور و بەر، لە هەوڵی پیشگرتن بە پێشکەوتن و دیموکراسین لەو هەرێمەدا.

هاوکاری و بوونی گۆڕان لە یەک بەرەدا لە گەڵ دوو رێکخراوی ئیسلامی بە بیانووی ئۆپۆزیسیۆن و چاکسازی، ناڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی ئیسلامی رادیکاڵ دایە لە کوردستان . ئەو رێکخراوە توندرەوانەی کە رۆژ بەرۆژ بەرەو کزی و لاوازی دەچوون، لە ژێر سێبەری دروشمەکانی ئێوەوە هاتنەوە ناو گۆرەپانی سیاسی کوردستان و خەریکە دەبنە لەمپەرێکی گەورە لە بەرەوپێش چوونی کوردستاندا . ئەگەر ئێوە ئەوە بە سیاسەت بزانن بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ پارتی و یەکێتی و پیتان وابێ دوای لاواز کردنی ئەو دوو لایەنە و بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن بەڕیزتانەوە، دواتر دەتوانن پێش بە ئەوان بگرن، بێگومان ئێوە تووشی هەڵەیەکی گەورەی سیاسی بوون. هەر ئەوانەی ئەمڕۆ لە ژێر سێبەری دروشمەکانی ئێوەدا خۆیان گرتۆتەوە و خەریکی خۆ پۆشتە و پەرداخ کردنن، لە دوارۆژدا پێش هەموو کەس لە پێی خۆتان دەهاڵێن و دەبنە گەورەترین کێشە لە بەردەم ئێوە و ئازادی و چاکسازیدا.

لەم دواییانەدا گوێ بیسی هێندێک ئاخاوتنی ئێوەی گۆرانخوازم بووم، وەک ئەوەی کە دەڵێن “هەر شتێک لە گەڵ یاسای ئیسلام ناتەبا بێ ئەوا ئێمە رەتی دەکەینەوە “. پێش هەموو شتێک گۆڕان و ئیسلام دوو شتی دژ بە یەکن، قورئان گۆڕانی بە سەردا نایە و تۆش ناوی خۆت ناوە گۆڕان. بەڕیز کەوایە دەبێ لە ئێستاوە شمشێرێک بە دەستەوە بگری و بڵێی منی شیوعی دوێنێ و ئیسلامی ئەمڕۆ، گۆڕان گۆڕانی تێدا پێک هێناوم، ژنە پارلەمانتارەکانی گۆڕان لە پارلەمان بکشێنەوە یا دەبێ باڵاپۆش بن. بەرابەری ژن و پیاو قەدەغەیە، هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەک حەرامە، شێعر و گۆرانی قەدەغەیە، شێرکۆ بێکەس کافرە و دەبێ لەعنەت بکرێ، گۆڕی دڵدار هەڵتەکێنی، نەورۆزی کوردان جێژن نییە ، کلیسا و پەیکەر بشکێنی، ئامادەی جیهاد بی، مەی حەرام و مەیخانەکان برووخێنی، تەوقە لە گەڵ ژن نەکەی، چوار ژن و چەند ژن بۆ پیاوان حەڵاڵە و ئەگەر ژنێک سەری رووت کرد دەبێ بەردە بارانی بکەی، دەستی دز بقرتێنی نابێ سڵاو لە نوێژ نەکەر بکەی، بەرماڵێ بکڕی و خەریکی نوێژ کردن بی و یەکیک لەو کەسانە بی کە دەبێ ببیە خەتیبی مزگەوتێک و ………..

لە یەکەم دانیشتنی پارلەماندا هاوپەیمانەکانت لە بەر سروودی نیشتیمانی ئەی ڕەقیب هەڵنەستان، هەر چەند ئەوە یەکەمجار نییە بەڵام لە بەرزترین بینای وڵاتدا گەورەترین بێڕیزیان بە گەلی کوردستان کرد. تورکمان و مەسیحیەکان ڕێزی سروودەکەیان گرت بەڵام هاوپەیمانەکانت پشت ئەستوور بە خەباتی ڕابردووی بەڕێزتان، پیرۆزیەکانی نیشتمانیان خستە ژێر پێ . پێم ناڵیی ئەو کات کە بەڕێزتان لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان بڕیاری هێرش و هەڵمەتت دەدا بە چ ئاواز و سروودێک دەستتان پێدەکرد و بە کام مارش کۆتاییتان پێ دێنا، ئەو هەموو رۆڵە گیانفیدایەی کوردت بە کوشت دا لە پیناو ئەو سروودە و پیرۆزیەکانی، چەندە دایک جەرگ سووتاو بوون لە پیناو ئەم سروودەدا؟ وڵامت چیە بۆ ئەو باوکانەی کە دلنەواییت دەدانەوە و موژدەی وەدیهێنانی ئاواتی کوڕ و کچە شەهیدەکانت پێدەدان؟ ئەو هەموو گوند و شارەی کوردستان وێران بوون بۆ ئەوەی کۆلکە مەلایەکی دواکەوتووی دژە ئازادی بێتە سەر کورسی پاڕلەمان و بێڕیژی بە کورد و پیرۆزیەکانی بکات؟

ئەو کاتانەی لە سەر بڕیاری بەڕێزتان کۆمەڵ کۆمەڵ کور و کچی ئەم نیشتمانە وەک خەزان لاشەی پیرۆززیان دەکەوتە سەر زەوی بۆ ئەوە بوو کە بە هاوکاری بەڕێزتان ئەمڕۆ ئەندام پارلەمانێکی دواکەوتوو و ئاڵقە لە گوێی دژمنانی کورد بێت و بێڕیزیمان پێبکات؟ مناڵی هاوڕێ شەهیدەکەت بۆ بژیوی ژیان لە سەر جادە پێڵاو بۆیاخ دەکات بەڵام ئەو مەلایەی کە تا دوێنێ لە ئێران و عەربستان نۆکەری بێگانە بوو ئەوا ئەمڕۆ بە مووچەی ئەندام پارلەمانیی مناڵەکانی بە پارەی خوینی ئەو مناڵە باوک شەهیدە بە ئاسوودەیی و ئارامی لە لێفە و دۆشەکی نەرم دا دەخەون. ئەو ژنە شەهیدەەی کە دوای مەرگی هاوسەرەکەی شاخە و شاخ لە ژێر ئەشکەوت مناڵ لە کۆڵ هەر بە هیوای رزگاری وڵات و ژیانێکی ئاسوودە بوو، ئەوا ئەمڕۆ لە سایەی هاوپەیمانەکانی جەنابتەوە و بە پێی شەرع بە نیو ئینسان حیساب دەکرێ و سبەی لە ژێر سیبەری ئەو خەلافەتەدا هەقی بڕیار و دەنگدانیشی نامێنێ و هەموو ژیانی هەر بە هەناسە ساردی تێپەڕ دەکات. چ وڵامێکت هەیە بۆئەو هاوسەنگەرانەت کە لە ژیر ئەشکەنجە لە بەندیخانە ترسناکەکانی دژمنانی کورددا بە خوێندنەوەی سروودی ئەی رەقیب بەرەو پەتی سێدارە دەچوون؟

گومانم لە زاناییت نییە بەڵام نیوەی سیاسەتی ئەمڕۆت هەڵەیە و سبەی لە حاست ئەو بەڵاو نەهامەتیانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی دا بە سەر ئەو بەشەی نیشتیمان دێن، بەرپرسیاری و دەبێ وڵام بدەیەوە.

                                     کەریم فەرخەپوور_ فینلەند

                                             7.11.2013

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی