"an independent online kurdish website

ڕۆژی ٨ ی مانگ پێشمەرگەکانی ئاگری و کێلەشین دابەش بوون بە سەر ئەم بەر وئەوبەری بۆزی سینا و بەرپرسانی نیزامیی هیزی ئاگری زۆربەیان چوون بۆ لای سەرووی گادەر کە بنکەی مەڵبەند لەوێ بوو ،kavos_azizi66

وابزانم کۆبوونەوەیان بوو لە سەر ئەوەی کە بەشێکی هێز لە مەڕگەوەڕ بمێنێ و بەشەکەی تریش بەرەو تەڕگەوەڕ و پاشان ناوچەکانی سەڵماس بڕوات.

ئەو ڕۆژە من و خوداداد ڕەشیدی( خوداداد سەرباز بوو هاتبوو ببووە پێشمەرگە وخەڵکی کوڕانەی برادۆست بوو کە دواتریش بوو بە جاش و تێرۆریستێکی سوپای پاسداران و ٢ ساڵ لەمەو بەر بۆ هیندێک پارە کەسێکی کوشت، ڕێژیم ئیعدامی کرد) چووبووینە لای بەردەسپیان کە قەرار بوو هیندێک کەوش بۆ پێشمەرگەکان بێن کە هاتبوون و ئێمە هێنامانەوە. ئێوارەیەکی درەنگ گەیشتینە بۆزی سینا و لکی ١ و ٣ لەوێ بوون لە گەل چەند کەس لە کادرەکانی سەڵماس. هێزی کێلەشین و لکی ٢ ی هیزی ئاگریش لە گەرووی ناوروون و سواری زەرێ بوون.

پێشمەرگەکان مەڕیان کڕیبوو و خەریکی برژاندنی گۆشت بوون. خەریکی نان خواردن بووین کچێکی ١٠ بۆ ١٢ ساڵ دەبوو، سواری ئەسپێک هات و گوتی سەعید گوڵێ لێرەیە؟ سەعید هات و ئەو کچە نامەیەکی دایە دەستی و دەست بە جێ گەڕایەوە بێ ئەوەی هیچ بڵێ ، یان کەس هیچی لێ بپرسێ. تا ئێمە نانەکەمان خوارد، سەعید گولێ کە فەرماندەری لکی ١ بوو لە گەل سەعید مەحموودنەژاد کە جێگری لکی ٣ بوو و تاهیر حەتۆ(ڕووحی شاد ) کە جێگری لکی ١ بوو ، سرتەیەکیان کرد.

ئەوە بوو هەردوو سەعید سەرپەلەکانیان بانگ کرد و کۆبوونەوەیەکی چەند دەقیقەیی یان کرد. دیاربوو کە جم و جۆڵەکە ئاکامی ئەو نامەیە بوو کە مناڵەکە هێنابووی.

من هەتا ئەو کاتی ڕەختەکەم نەکردبووە وە، سەعید مەحموود نەژاد کە دیتی ئامادەم ، گوتی کاووس لەگەلم وەرە دەچینە لای هێزی کێلەشین. ئێمە ڕۆیشتین و نە من هیچم پرسی و نە سەعید باسی هیچی بۆ کردم، تا گەیشتینەوە لای هیزی کێلەشێن و لکی ٢ی خۆمان. ئەوەی لە بیرمە مەولوود قەرە کە فەرماندەری لک لە هیزی کێلەشین و فەرماندەری لکی ٢ی خۆمان محەممەد ئەمین کریت لەوێ بوون و لە سەرمان کیسەخەویان لە خۆ هاڵاندبوو. شوێنەکەیان پاسگا ، یان سەنگەری هێزەکانی سۆڤیەت(ئەرتەشی سوور) ی کۆن بوو لە زەمانی شەڕی دووهەمی جیهانی دا دروستیان کردبوو. سەعید باسی بەرنامەی هێرشی دوژمنی بۆ کردن و بەرنامەی خۆیان دانا بۆ بەیانی کە چاوەروان دەکرا هێرشی دوژمن بێت.

تا ئێمە گەڕاینەوە دونیا تاریکی کردبوو. دەستەیەکی ١٥ کەسی دیاری کرابوو بۆ لووتکەی بۆزی سینا کە بەرپرسی ئەو دەستەیە سەید محەممەد تاهیری و تاهیر حەتۆ بوون.

بەیانی زوو(ڕۆژی ٩ی پووشپەڕ) کە منیش لەگەل لاوک ، دێوانە و چەند کەسی تر لە گردێکی نیزیک مانەوەی خۆمان دامەزرابووین، تەماشامان کرد ئەو شوێنانەی کە بەرپرسان پێیان گوتبووین کە قەرارە هێرشی دوژمن بۆ ئەو نوقتانە بێ، هەموویان هێزی ڕێژیمی تیدا بوو. ئەوان نیزیک ٣٠٠ میترێک لە دەستەی سەری بۆزی سیناوە دوور بوون . هاوڕێیانمان لە خەو هەستاند و سازماندەهی یان کردین. بەڵام نەدەبوو هیچ کەس تەقە بکا تا دەستەی سەری بۆزی سینا دەست پێ دەکاتەوە.

ئەو جاش و پاسدارانە کە لەوێ بوون، سەنگەریان گرتبوو بێ ئەوەی بزانن پێشمەرگە لە چەند سەد میتریان دایە.

( لە بیرمە سەربازێک لە سەر بەردێک هەڵترووشکابوو و خەریکی شتێک بوو کە دواتر هاوڕێیان لێیان دا و کوژرا، زانیمان کە ئەوە خەریکی نووسینی ئەو شیعرە لە سەر بەندی چەکەکەی بوو، بەڵام فریای ئاخرین مصراع نەکەوتبوو :

عاشقم دیوانەام از خود ندارم خانەای…… شب بە کوی عشقم و هر رووزەام بە میخانەای

دل گوید بیاتاکە بسازیم خانەای   …….. عاشقان کی خانە دارند، دل مگر دیوانەای؟)

ئەوەبوو هاوڕییان لە سەرەوە دەستیان پێکرد و لە ماوەیەکی کورت دا گورووپەکە هیچیان ڕزگاریان نەبوو، ئەوەی کوژرا ، کوژرا، ئەوانی دیکەش ٧ کەس بوون کە دەستگیر کران و یەکێکی یان ناوی محمد محمدی ناسراو بە محمد سمایل خەڵکی دیلماندەکی سەڵماس و جێگری گورووهی زەربەت جاش بوو.

ئێمەش کە ژمارەمان ١٠٠ کەس دەبوو ، دەستمان پێکرد و لە ماوەیەکی کورت دا هەتا نیزیک گوندەکانی سوولە دووکەڵ، کۆلەبی و پایەگای قەنتەرێ چووینە خوار. سەرجەم ٣٥ جەنازەی ئەفرادی ڕێژیم کەوتنە دەست پێشمەرگەکان و هیچ زیانێکیش بە پێشمەرگە نەگەیشت.

لە مەسیری لکی ٢ و هێزی کێلەشین پاسدار هاتبوون و دابەشی نێو چادرەکانی خەڵک ببوون تا نانی بەیانی بخۆن، بەڵام لەوێش بەرلەوەی جاش و پاسدار نان بخۆن ، پێشمەرگە گەیشتنە سەریان و بە شەق تا گوندی چری ئاوا ڕاوی نان و ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژرا کە چەند کەسیان جاش بوون و لەوێش پێشمەرگەکان هەموویان سڵامەت بوون.

لە هەمووی خۆشتر ئەوەبوو کە ڕاست لە گەرمەی شەڕ دا فەرەیدوون میرزایی(ڕووحی شاد) بە بێسیم گوتی فەرامەرز ئەو تیمەی کە لە ناوچەی شنۆ بە جێ مابوون بە سلامەتی هاتن و ئەوە لای ئێمەن. ئەوە خەبەرێکی زۆر خۆش بوو. هەر چەند لەو ١١ کەسە ٢ کەسی هێزی کێلەشین خۆیان تەحویل دابوو . ئەوە ڕۆژی ٩ ی پووشپەڕ بوو.

ئەو شەوە کە لە حاڵی ئامادە باشی دابووین، خەڵک هاتن جەنازەکانیان بردەوە، ئەسیرەکان نیردران بۆ لای مەڵبەند و لەوێش ڕا بوو زیندانی ناوەندیی حیزب کە ئەوکات لە لای قەڵادزێ بوو .   هەتا بڵێێ شەوەکە سارد بوو. تەم و مژێکی تاریک، جار و بارەش باران دەباری. سەعات دەورووبەری ٢ ، ٣ شەو بوو هەر لە پەنا سەنگەری ئێمە کە ئەویش هەمان کۆنە سەنگەری ڕووسەکان بوو، ئارپی جی یەک تەقییەوە!

هاوڕێیان بە بیسیم پرسیان ئەوە چیە؟ گوتیان لە سەنگەری پێشەوەی ئێوە دا کەسێک سیگاری هەڵکردووە و ئێمەش ئارپی جی یەکمان پیوە ناوە و هیچ دەنگێک نیە. ئێمە چەند کەسێک کە چووینە شوێنەکە ، دیتمان ڕاستە، هاوڕێ یەکمان بە ناوی شەرافەددین کە پێشمەرگەیەکی بە تەمەن بوو لە هاوڕێیانی دابڕاوە و لە بەر تەم و مژ نازانێ بۆ کوێ بچێ. لەوێ دانیشتبوو و سیگاری هەڵکردبوو کە پێشمەرگەکان ئارپی جی یان پێوە نابوو، بە خۆشییەوە سلامەت بوو.

وابزانم ٢ ڕۆژ لەو مەسیرەی داڵانپەڕ ماینەوە و مەڵبەند و کۆمیتەی شنۆ هاتن و کۆبوونەوەیان کرد. وادیار بوو بەرنامەیان دانابوو کە لکی١ ی هێزی ئاگری لە مەڕگەوەڕ بمێنێ و ئەگەر بکرێ لەگەل هێزی کێلەشین عەمەڵیاتی هاوبەش بکەن.

هەمومان دیسان کۆبوونەوەی گەرووی بن لیسان. ئێوارەیەکی سارد و بارانیبوو. کاتی ماڵئاوایی هاتبوو. لەوێ لکی ١ مایەوە لە گەل هیزی کێلەشین و ئێمەش داگەڕانیەوە گەلی ببێنار و شەو لەوێ ماینەوو ڕۆژی دوایی چەند کەسیش لە وگومرگی بازاری زێنێ مانەوە و باقی هیزەکەش بە شاخی هەڵدێر و سەختی قولۆزەن دا هەڵگەڕاینەوە . شەو بوو، ١٥، ٢٠ ئەسپ و هیستر ی موهیماتمان لەگەل دابوو. لە نیوەشەو دا کە هەموویانماندوو ببوون ، لە هەڵدێر ترین شوێن دا ئەو هێسترەی کە بارەکەی مینی دژی تانک بوون لە ئیختیار پەلی ٣١ دابوو کە سەید محەممەد تاهیری سەرپەلی بوو، هەڵدێرا بۆ خوار و ئەوە دەزانم کە ئەو مینیانە هیچیان نەدۆزرانەوە ، بەڵام جاشنی یان لە گەل نەبوو.

سەید محەممەد دەیەویست بە بێسیم هاوڕێیانی پێشەوە ئاگادار بکاتەو ەکە ئەو هێسترەی کە مینی پێبوو هەلدێرا! شەوبوو نەیتەوانی لە کۆد کەلک وەرگرێ بۆ عاڵی کردنی هاوڕێیان، ناچار بە ئیبتیکاری خۆی رەمزێکی بەکار هێنا و گوتی: ماشێنی ئێمە مرد و بارەکەشی هەموویان چوون بۆ دەشت( مەبەستی دەشتی مەڕگەوەڕ بوو) .

کاک عەلی کاشفپوور لەگەل سەید محەممەد قسەی کرد کەمێک بە توورەێی یەوە گوتی سەید ئەوە رەمزی تازەیە؟ سەید بە کەسێکی دیکە حاڵی بوو و دەنگی کاک عەلیی نەناسیەوە. قسەیەکی بە کاک عەلی گوت. بۆ بەیانی گەیشتینە بەرەگەوران و هەموومان کۆبووینەوە لای یەک. حەسەن بازووکا گوتی سەید محەممەد دا وەرە ،کە هات حەسەن گوتی سەید دەزانی ئەوشۆ تۆ لە کاک عەلی تووڕە بووی؟ گوتی بۆ مەگەر ئەو کاک عەلی بوو؟

حەسەن گوتی بڕۆ داوای لێبۆردن لە کاک عەلی بکە و سەید چوو بەلام کەمێک بە دوو دڵی یەوە. پێیوابوو کاک عەلی زۆر توورەیە و بەرخورد دەکا. بەڵام کاک عەلی هەر کە چاوی بە سەید کەوت و بە پێکەنینەوەگوتی: وەرە کاک سەید بزانم ماشێن چۆن مرد؟

سەید ویستی داوای لێبۆردن بکا، کاک عەلی خۆی داوای لێبۆردنی کرد و گوتی من نەدەبا لەو حالەتە دا بە پێکەنینەوە ولامت بدەمەوە.

بە هەر حاڵ ئێمە گەیشتینەوە تەڕگەوەڕ و ماوەیەک لەوێ حەساینەوە و مەڵبەند دوو چادری لە کیوارستان هەلدابوە وەک بنکە و لە هەمان کات دا شوێنی پێشمەرگەی تازە هاتوو، ئەنباری موهیمان و تەنانەت شوێنی بریندارەکان و چەند کەس لەوێ بوون. بەتایبەتیش بەرزترین نوقتەی ناوچە بوو ، بەڕاحەتی و بە بێ ئەوەی بێسیمی راکاڵ کە ئەوکات ٢ دەزگامان هەبوو ، بە بێسیمی ئیکۆم لە گەل سەڵماس و شپیران، سۆماو برادۆست، ئەنزەل و کەناربەڕۆژ تا مەرگەوەرو بەراندیز و قاسملوو ڕۆژانە تەماس بگرێ کە فەتتاح سەعیدی ئەو کارەی دەکرد.

ماوەیەک لە ناوچەی تەڕگەوەڕ ماینەوە وبەرنامەیەکی عەمەڵیاتی دانرابوو بۆ سەر پایەگای گوندی میرداوود لە گەلی بەردەڕەش. ڕۆژی ٢٠ی پووشپەڕ لکی ٢ و ٣ لە گەل پەلی فەرماندەهی و مەڵبەند و بەشێک کادرەکانی کۆمیتەی سەڵماس و ورمێ کە ککا عەلی کاشف پووریش هاتبوو ، بەرەو قووڵایی ناوچە چووین. ڕۆژی ٢١ وابزانم ئێمە لە چادرەکانی زەنگلان و دۆلە هیرچین بووین و ئێوارەکەی کەوتینە ڕێگا و و خەریک بوو دونیا ڕووناکی بکاتەوە، گەیشتینە شاخێکی نیزیک میرداوود و ڕاسەری گردەبلێژ. کانی یەکی بچووکی لێبوو و ڕۆژی ٢٢ هەتا ئێوارەکەی لەوێ بووین. دوا نیوەڕۆ بەرپرسانی نیزامی و کاک عەلی و کاک عیسمەت عەبدی کە بەرپرسی کۆمیتەی سەڵماس بوو و کادرەکان کۆبوونەوەیان کرد.

دوای کۆبوونەوەکە ئیدی سێبەری میربهال دادەگەڕایەوە خوار ، هاتن وهەموومان کۆبوینەوە تا شێوەی سازماندەهی و تیمبەندیی بۆمان باس بکەن. هەتا ئەوکاتیش ئێمە وەک پێشمەرگەکان، دەقیق نەماندەزانی مەبەستی عەمەلیات کوێ یە؟ وەک گومان ڕەنگ بێ کەسانێک شکیان بۆ ئەوە چووبێ، بەڵام نەدەگوترا کە مەبەستمان کوێ یە بۆ عەمەڵیات.

کاک عەلی لە پێشدا باسێکی کورتی لە سەر گرینگیی عەمەڵیات لە قووڵای ناوجە د اکرد و هیندێک ڕێنوێنیی دایە ئێمە سەبارەت بە ڕەفتار لە گەل دیلەکانی ئیحتیماڵیی عەمەڵیاتەکە و ئەوجار فەرماندەری هێز کاک ڕەحیم شاڵح زادە دوای تەوزیحێکی دەقیق لە سەر پایەگای گوندی میرداوود هاتە سەر سازماندەهیی تیمەکان.ن هەرتیمەی لەگەل بەرپرسەکەیان کورتە کۆبوونەوەیەکیان گرت و گولە ئارپی جی ، نارنجۆک و فیشەکی زیادی درانەوە تیمەکان و کەوتینە ڕێ.

چوونە خوار بۆ گەڵیی میرداوود زۆر سەختە، هەڵدێرێکی توند و هەموو دار و بەردە. نیزیک سەعات و نیوێکی گرت دا گەیشتینەوە سەر چۆم. لە پێشدا چەند کەس پانتۆڵیان دەر هێنا بوو و پەڕێنەوە کە فەقی محەممەد زادەم (ڕووحی شاد)لە بیرە کە لە گەل ئەو چەند کەسە بوو. ئەوان چوونە ئەو لاتر و نیگەبان بوون تا باقی هیزەکە لە چۆم پەڕینەوە.

کە ئێمە خەریک بووین لە چۆم دەپەڕینەوە، دیتمان ٣ کەس هەڵاتن بۆ ناو میرداوود. هەموومان نیگەرنا بووین ئەوانە کێ بوون و نەکا خەبەر بە پایەگا بدەن کە پێشمەرگە ئەوە بەرەو گوند دێن؟ هەر بەو نیگەرانی و ئامادەگی یەوە چووین کە ئیمکانی هەیە کەمین هەبێ وپایەگا ئامادەباش بێ.

میرداوود لە ناوەڕاستی دەڕە دایە و تەنیا ئاسمان دیارە. ئەو شوێنەی کە دەبوایە هەموو تیمەکان پێیدا بچنە نێو گوند، هەمووی ٢٠٠ میتر لە پایەگا دوورە. ڕێگاکەی لە سینگی شاخە بەردێک دایە و کە واردیدی بووی ناتوانی ئەملاو ئەولا بڕۆی، ناچاری هەربەو باریکە ڕێگایە دا واریدی ناو گوند بی.

کە چوونەوە خەبەرێک لە کەمین نەبوو. ئێمە تیمی سەرجاددە بووین کە ئەگەر هیزی دوژمن لە لای گۆران ئاوا دا هاتباوە ئێمە کەمینی تەنیا جاددە بووین بۆ نێو ئاوایی. لەو کاتی د ابەرپرسی تیمی ئێمە “لاوک” سیگاری هەڵکرد. کاک سولەیمان کەڵەشی کە بەرپرسی تیمی تەشکیلاتیی ئەنزەرل، کەناربەڕۆژ لەگەل مان بوو، هەتا بڵێی توورە بوو. حەقیشی بوو. گوتی لاوۆ! مەگەر لە بیرت چووە کە کەرەم کەلەشی و باپیر و تاجەددین بە هۆی شتێکی ئاوا ئارپی جی یان لیدرا وشەهید بوون؟

دەنگی گولەیەک لە ناو گوند هات. بە بێسیم پرسیمان چی بوو؟ گوتیان ئەوە جێگری فەرماندەری پایەگا وسەربازێک هاتبوونە ناو گوند، ئەسیرمان کردن و گولە لە دەستی پێشمەرگەیەک کە وابزانم ناوی ئەلیاس بوو دەرچوو بوو.

بەڵام با بزانین ئەو سێ کەسە کێ بوون و جێگری فەرماندەری پایەگا بۆ بەو شەوە هاتبووە نێو ئاوایی تا بەدیل بگیرێ؟

ئەو ٣ کەسەی کە ئێوارێ ئێمەیان بینی و هەڵاتن بۆ نێو ئاوای، ٣ کەسی تورک بوون کە حوکمی ئیعدامیان هەبوو و لە زیندان هەڵاتبوون . بەڵام لە بەر ئێمە هەڵاتبوون و پایەگا گرتبوونی، یەکێکیان نەخۆش بوو، جێگری پایەگا هاتبوو لە نێو گوند هیندێک” شیر” ی بۆ بەرێ. کاتێک گیرابوون بە پایەگایان گوتبوو ئەوە لەو خوارە پڕە لە ڕەزمەندە(مەبەست جاش و پاسدار بوو) بەڵام عەقڵی ئەوان پێ نەشکابوو کە هەوڵ بدەن تا بزانن ئەو ڕەزمەندانە کێن؟

miradwud_miradwud

گرتنی پایەگا کە بەم شێوەیە بوو:

دوای دامەزرانی هەموو تیمەکان و گرتنی جێگری فەرماندەری پایەگا کە ئەو شەوە فەرماندەری پایەگا جاشێکی ناوچە بوو ، لە مرەخەستی بوو. فەرماندەری عەمەڵیات کە خودی کاک ڕەحیم  ساڵح زادە فەرماندەری هێز بوو، دەستووری هێرشی دا و ئەوەی من لە بیرمە و هەر واش بوو، ئار پی جی یەک کە محەممەد ساڵح شاهینی”دربۆ” (ڕووحی شاد) لە نیو پایەگاکەی دا و یەک ڕەگباری بی کەیسی. سەربازەکان بێ تەقە   تەسلیم بوون و هاتنە دەر .

ئەوجار ٣ ئەسیرەکە ئازاد کران و ٢٣ سەرباز و بەسیج بوون بە ئەسیر. ئەو ٣ ئەسیرەی لە پایەگا بوون، باوەشیان بە پێشمەرگەکان دا دەکرد و شاد بوون. تەنیا سەربازێک گڕی ئارپی جی لاقێکی کەمێک سووتاندبوو، دەنا هیچ کەس نەکوژرا و نە بریندار بوو.

درێژەی هەیە………..

بەشەکانی تر

1

2

3

4

وێنەی قەڵای میراوود

qelai_mirdawd

miradwud_miradwud_2

….

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی