"an independent online kurdish website

ئەو بابەتەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە ،دوکتور قاسملو ٣٩ ساڵ لەوەی پێش نووسیوێتی ومن تەنیا لەبەر گرینگی بابەتەکە دەستم کرد بە نووسینەوەی و هێنامە سەر تۆری ئینترنێت ،بۆ ئەو خۆشەویستانەی پێویستیان پێیەتی و یان هەر نەیان بینیوە بیخوێننەوە و کەڵکی لێ وەربگرن .mamosta_zere

شاعیری گه‌ ل

ئه‌وڕۆ که‌ هه‌ر که‌س له‌ ئه‌ده‌بی کوردی شاره‌زا بێ ناوی هێمنی بیستووه‌ . شێعره‌کانی خوێندۆته‌وه‌ و بێ گومان ده‌ زانێ که‌ هێمن یه‌ کێک له‌ شاعیره‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌کانی کوردی سه‌ ر ده‌می ئێمه‌ یه‌. به‌ڵام شێعری هێمن هه‌ر له‌سه‌ره‌ تاوه‌ له‌ چوار چێوه‌ی ئه‌ دیب و نووسه‌ ران ده‌رچوو، له‌ ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان دابڵاو بۆته‌وه‌ و هه‌رله ‌سه‌ره‌ تاشه‌وه‌ له‌ دڵی هه‌ موو کوردێکی دڵسۆز ونیشتمانپه‌روه‌ ر کاریگه‌ر بووه‌ و ئه‌وانی به‌ره‌و خه‌بات له‌ پێناو رزگاای گه‌ لی کورددا هان داوه‌ . هێمن له‌ سه‌ره‌تاوه‌ شاعیری گه‌له‌ و هه‌ر به‌ شاعیری گه‌لیش ماوه‌ته‌وه‌ . سی ساڵ زیاتر هه‌زاران خه‌باتکه‌ری کورد پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێمنی شاعیر هاوار ده‌ که‌ن :

گه‌ رچی تووشی ره‌نجه‌ رۆیی و حه ‌سره‌ت وده ردم ئه‌ من

قه‌ ت له‌ ده‌ س ئه‌ و چه‌ ر خه‌ سپڵه‌ نابه ‌زم مه‌ ردم ئه‌ من

من له‌ زنجیر ته‌ نا ف و دار و به‌ ند باکم نیه‌

له‌ت له‌تم که‌ن ، بمکوژن ، هێشتا ده‌ڵێم کوردم ئه‌ من

هێمن عاشقی کێو و ته لان و به‌نده‌ن و به ‌ردی کــوردستانه‌، نیشتمانی، ته‌بیعه‌تی وڵاته‌که‌ی باش ده‌ناسێ و له‌ گه‌ڵی په‌روه‌رده‌ بووه‌ . له‌ ” به‌هاری لادێ” ، “به‌هاری کوردستان ”                ، “شه‌نگه‌بێری” ، ” فریشته‌ی په‌ڕیوه‌” و زۆر شێعری تریش دا نیشان ده‌دا که‌ له‌ ناسین و ناساندنی ته‌بیعه‌تی کوردستان و جوانیه‌کانی دا چه‌نده‌ شاره‌زا و مامۆستایه‌. جێگای سه‌ر سووڕمانیش نیه‌، هێمن له‌گه‌ڵ ته‌بیعه‌ت گه‌وره‌ بووه‌ و له‌ ته‌بیعه‌ت ئیلهامی وه‌رگرتووه‌. که‌سێک ته‌بیعه‌تی کوردستانی دیتبێ و نه‌ک هه‌ر دێبی به‌ڵکوو له‌گه‌ڵی تێکه‌ڵاو بوو بێ ،هێمن به‌ ناهه‌ق نازانێ که‌ ده‌ڵێ :

به‌هه‌شته‌ کورده‌واری من به‌هشته‌ .

هێمن له‌ شێعری خۆی دا زۆر جار باسی زۆر لێکراوی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌کا، له‌ مافی خوراوی گه‌ل دیفاع ده‌کا، ئاره‌زووی ئه‌وه‌یه ‌ کورد هه‌رچی زووتر له‌ سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی رزگاری ببێ، بوونی ئه‌و سته‌مه‌ به‌ سه‌ر چاوه‌ی زۆر به‌دبه‌ختی و کوێره‌وه‌ری و بێ به‌شی ده‌زانێ . له‌ “دوا رۆژی رووناک” دا ده‌ڵێ :

له‌ مێژ بوو هه‌ققی کورد ده‌خورا به‌ فیرۆ

له‌ مێژ بوو کورد بوو ده‌یکرد شین و ڕۆڕۆ

له‌ مه‌یدانی   شه‌قێنی دوژمنی دا

سه‌ری سه‌رداری کوردی بوو وه‌کوو گۆ

هێمن به‌ تایبه‌تی زۆر په‌رۆشی ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ کوردستانی ئێران زمانه‌که‌ی ئازادی په‌ره‌ئه‌ستاندنی نیه‌، ئه‌ده‌به‌که‌ی بڵاو ناکرێته‌وه‌ ، فه‌رهه‌نگه‌که‌ی پێ شێل ده‌کرێ . له‌ “رۆژگاری ره‌ش”دا ده‌ڵێ :

داخرا ده‌رکی رۆژنامه‌         شکاون نووکی خامه‌

کوردی نووسین حه‌رامه‌       دوژمن ده‌ڵێ بێ تامه‌

************************************************

دران کاغه‌ز و ده‌فته‌ر       گیران   شاعیر و نووسه‌ر

هێمن نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی خۆش ده‌وێ ، له‌وه‌ش زیاتر نه‌ته‌وه‌ی خۆی ده‌په‌رستێ . به‌ڵام رقیشی له‌ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر نیه‌ . له‌ هه‌موو دیوانی هێمن دا شێعرێک که‌ باسی نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر به‌ خراپه‌ بکا، یاکورد له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر به‌ به‌رزتر دابنێ به‌دی ناکرێ ، دیارده‌یه‌ک که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ دیوانی زۆر شاعیری کورددا به‌رچاو ده‌که‌وێ . نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ ، به‌ڵکو به‌شه‌ردۆستی یه‌کێک له‌ سروشته‌ تایبه‌تیه‌کانی شێعری هێمنه‌.

هێمن زۆر جار باسی پێشه‌وا قازی ده‌کا ، له‌ شێعره‌کانی ڕا دیاره‌ که‌ چه‌ند ئه‌و ڕۆڵه‌ به‌نرخ و هه‌ڵکه‌وتوه‌ی گه‌لی کوردی خۆش ویستووه‌. پێشه‌وای خۆش ده‌وێ چونکه‌ :

زانا بوو ، کوردپه‌روه‌ر بوو         پێشه‌وا بوو ، رابه‌ر بوو

به‌ڵام بۆیه‌ش پێشه‌وا به‌ مه‌زن ده‌زانێ چونکه‌ :

هه‌ر کورد نه‌بوو به‌شه‌ر بوو         خه‌می خه‌ڵکی له‌ به‌ر بوو

هێمن گه‌لانی تری ئێران به‌ دۆستی گه‌لی کورد ده‌زانێ و له‌ خه‌بات و تێکۆشان دا به‌ برا و هاواڵیان داده‌نێ . له‌ ” کورد و ئازه‌ربایجانی ” دا ده‌ڵێ :

کورد و ئازه‌ربایجانی هه‌ردوو داوایان ره‌وایه‌

هه‌ر بژین و پایه‌دار بێ یه‌کێتی ئه‌م دوو برایه‌

هێمن دیسان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ ناو نه‌ته‌وه‌ی خۆشی دا هه‌موو چین و توێژێکی به‌ یه‌ک چاو ته‌ماشا نه‌کردوه‌ و ناکا . له‌ شێعری به‌ ناوبانگی خۆی دا”ده‌یڵێم و بێ باکم” ده‌ڵێ :

ئه‌وه‌ی ئاغا بێ بێکاره‌       جه‌بوون و قه‌ڵس و لاساره‌

دزی و ڕێ گرتنی کاره‌     ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم

له‌ شه‌رم و شووره‌یی مردم   به‌ خۆم من چۆن بڵێم کوردم

که‌ئاغا ئابڕووی بردم       ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم

له‌ “ئاره‌ق و تین ” دا زۆر به‌جوانی و به‌زمانی ساده‌ی جوتیاران باسی نرخی کاری جووتیار بۆ کۆمه‌ڵ ده‌کا و چه‌وسانه‌وه‌ی جووتیار نیشان ده‌دا و ده‌ری ده‌بڕێ که‌ ئینسانی زه‌حمه‌تکێش له‌ لای زۆر خۆشه‌ویسته‌ :

من جووتیارم ، من جووتیارم       من له‌گه‌ڵ هه‌تاو هاو کارم

من به‌ ئاره‌ق و ئه‌و به‌ تین         دامان ڕشتوه‌ بناخه‌ی ژین

باسکی من و تیشکی ئه‌وی             بژیو ده‌ستێنن   له‌ زه‌وی

گه‌ر جووتیار ئاره‌ق نه‌ڕێژێ           گه‌ر هه‌تاو تیشک ناوێژێ

دانیشتوی ناو کۆشک و قه‌ڵا           ده‌خۆن نانی   گه‌ڵا گه‌ڵا؟

له‌ شێعره‌کانی ڕا به‌هاسانی ده‌ر ده‌که‌وێ که‌ هێمن له‌ ژیانی زۆحمه‌تکێشانی کوردستان به‌ تایبه‌تی جوتیاران له‌ نزیکه‌وه‌ شاره‌زایه‌ . له‌وه‌ش زیاتر خۆی تا راده‌یه‌ک له‌م ژیانه‌دا به‌شداره‌.

خۆی ده‌ڵێ : “چاک خه‌ریکی کاسبی بووم و زوو فێری کشت و کاڵ بووم ” . فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی هێمن ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ دانیشێ و له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشای ژیان و خه‌باتی گه‌ل بکا و بۆخۆی و یان بۆ گه‌ل شێعر بڵێ . هێمن ئه‌و ئه‌سڵه‌ی قه‌بوول کردوه‌ که‌ ئه‌رکی شێعری شاعیری گه‌لێکی زۆر لێکراو ته‌نیا لێکدانه‌وه‌ و خستنه‌ ناو هۆنراوه‌ی ته‌بیعه‌ت و جوانی نیه‌ . شاعیر له‌ پێش دا ئینسانه‌، ئینسانێکه‌ که‌ هه‌ستی ناسکه‌ و زوو ده‌جووڵێته‌وه‌. چۆن شاعیر ، به‌ مانای راستی ئه‌م وشه‌یه‌، ده‌توانێ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ژاری و کوێره‌وه‌ری و بێ به‌شی گه‌له‌که‌ی بێ لایه‌ن بێ ؟ له‌ نێوان راستی و درۆدا ، له‌ نێوان ئاهورموزدا و ئه‌هریمه‌ن دا، له‌ نێوان هه‌ق و ناهه‌ق دا راستی هه‌ڵنه‌بژێرێ ،به‌ گژ ئه‌هریمه‌ن دا نه‌چێ و دیفاع له‌ هه‌ق نه‌ کا؟ بۆیه‌ هێمن ته‌ماشاچی نیه‌ و ناتوانێ ته‌ماشاچی بمێنێته‌وه‌. به‌ هه‌موو هێزی خۆیه‌وه‌ ، به‌ شێعر و به‌ نووسین هه‌نگاوی ناوه‌ته‌ ناو مه‌یدانی خه‌بات و تا سه‌ر به‌ره‌و ئاسۆی روون ، تا ترۆپکی رزگار بوون یاریده‌ی گه‌لی خۆی ده‌دا . هێمنی شاعیر له‌ هێمنی خه‌باتکه‌ر جیا ناکرێته‌وه‌.

ڕۆڵه‌ی کوردم فێری هه‌وراز و لێژم     تا زۆر بڕۆم ، زیاتر ئاره‌ق بڕێژم

کورت تر ده‌بێ رێگای دوور و درێژم  

ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون

ده‌ڕۆم ده‌ڕۆم ، تا ترۆپکی رزگار بوون

تاقی کردنه‌وه‌ی ساڵانی درێژی خه‌بات به‌ هێمنی سه‌لماندووه‌ که‌ خه‌بات دوورو درێژه‌، هه‌وراز و نشێوی هه‌یه‌ ، سه‌ر که‌وتن و شکستی تێدایه‌. به‌ڵام هێمن کۆڵنه‌ده‌ره‌.

من په‌روه‌رده‌ی بن سێبه‌ری ئه‌شکه‌وتم      گه‌لێک جاران له‌ چاڵاوی ره‌ش که‌وتم

هاتمه‌ ده‌رێ ، هه‌دام نه‌دا ، نه‌سره‌وتم

ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ ، به‌ره‌و ئاسۆی روون

ده‌ڕۆم ده‌ڕۆم ، تا ترۆپکی رزگار بوون

هه‌وراز و نشێوی ژیان و خه‌باتی گه‌ل له‌ شێعره‌کانی هێمن دا زۆر جوان دیاره‌. له‌و کاته‌وه‌ که‌ ده‌ستی به‌ شێعر گوتن کردوه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ ، شێعری هێمن ئاوێنه‌ی قۆناخه‌کانی خه‌باتی گه‌لی کورده‌.

له‌ ساڵی ١٣٢٤ ـ ١٩٤٥ را هێمن به‌شێوازی پێک هاتنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانه‌وه‌ ده‌چێ و ده‌ڵێ :          

له‌ سایه‌ی حیزبی دێمۆکراتی خۆمان

له‌باڵدار تێ په‌ڕی ئه‌وڕۆکه‌ پێ ڕۆ

نه‌ما داخ و په‌ژاره‌ و ماته‌م و خه‌م

زه‌مانی هه‌ڵپه‌رین و به‌زمه‌ ئیمڕۆ

له‌ ڕێبه‌ندانی ساڵی ١٣٢٤دا که‌ کۆماری کوردستان دامه‌زرا هێمن گوتی ” ئه‌و ساڵ به‌هاره‌ بۆ ئێمه‌ زستان” یا له‌ ” ڕۆژی خۆشی ” دا ده‌ڵێ :

گه‌رچی زستانه‌ به‌فر دای پۆشی ئه‌وڕۆ گشت وڵات

خاکی پاکی ئێمه‌ خه‌مڵیوه‌ وه‌کوو باخی ئیره‌م

به‌ڵام کۆماری کوردستان ته‌مه‌نی که‌متر له‌ ساڵێک بوو. جووڵانه‌وه‌ی گه‌لی کورد له‌ ئێران هه‌ر وه‌ک جووڵانه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری ئێران تووشی شکست بوو. هێمن له‌ “ڕۆژگاری ره‌ش ” دا توشی نائومێدی ده‌بێ ، وه‌ک کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان که‌ تووشی نائومێدی ببوون :

به‌فیــــرۆ چــوو   خه‌باتـــــمان           داگیــــــــــر   کــــــــــراوه‌ وڵاتمان

تێ په‌ڕی رۆژی هاتــــــــــمان           رووخـــــــــــا   کۆشکـــــی ئاواتمان

     *************************************************

له‌ پیاوی ئازا و ســــه‌رکـــــه‌ش         له‌ زه‌حمه‌تکێـــــــشی   بـــێ به‌ش

ئاخنــــــــــــراوه‌ کـــــــــونه‌ره‌ش         نابینی     که‌سی       رووگه‌ش

به‌ تایبه‌تی شه‌هید بوونی پێشه‌وا قازی هێمنی داخدار کردوه‌ . هه‌م دۆست و مامۆستای له‌ ده‌ست داوه‌ و هه‌م پێشه‌وا و سه‌رکۆمار .

له‌ چوار چرای مه‌هـــــــــاباد         له‌کانـــــگای بیــــــری ئازاد

ده‌ستی ره‌شــــــی ئیستیبداد       چه‌قاندی داری بێـــــــــداد

له‌ کــــــــــاتی نیوه‌شـــــــه‌وا       له‌ جه‌نگه‌ی شـــیرن خه‌وا

کــــــرا کــــــــاری   ناره‌وا         لــــــــــه‌دار درا پێشــــــــــه‌وا

هه‌ر له‌و ساڵه‌دا هێمن له‌به‌ر خه‌باتی رابردووی خۆی تووشی ده‌ردی سه‌ری ده‌بێ و بۆ ماوه‌یه‌ک وڵات به‌ جێ ده‌یه‌ڵێ . دیاره‌ وه‌زعی سیاسی ته‌ئسیری کردۆته‌ سه‌ر شێعری هێمن . “له‌ بابرده‌ڵه‌” دا ده‌ڵێ :

بزانه‌   تـــــــــۆ ئه‌وی ئه‌هــــلی هونـــــــه‌ر بێ

ده‌بێ یاده‌س به‌ســـــــه‌ر ، یا ده‌ر به ‌ده‌ر بێ

هونه‌رمه‌ند و ژیانی خــۆش   مه‌حاڵــــــــــــــه‌

هونه‌رمه‌ند ڕه‌نجه‌ڕۆیه‌ ، ژینی تاڵــــــــــــــه‌

منیش بابرده‌ڵه‌ی بـــــــه‌ر گێژه‌ڵووکــــــــــــه‌م

ده‌مێک له‌و قوڵکه‌ تاوێک   له‌و   چڵووکه‌م

منیش زۆرداری پــــــــــرزه‌ی   لێ بــــــــــڕیوم

منیش به‌دکـــــــــاری   بــــــــــواری لێ ته‌نیوم

یا له‌ “فرمێسکی گه‌ش ” دا که‌ به‌ قسه‌ی خۆی له‌و په‌ڕی ته‌نگانه‌ و لێ قه‌ومان دا گوتوویه‌، ده‌ڵێ :

کوشتمی و شه‌ش خانی ئومێدی   له‌ من گرتن حه‌ریف

مۆره‌ هه‌ڵـــداوێم و بێهووده‌ به‌ هیوای دوو شــــه‌شم

هێندێ شێعری تریش وه‌ک “گریانی نیوه‌ شه‌و” و ” ئاره‌زووی فرین ” هه‌ر نیشانه‌ی نائومێدی شاعیر و راکردنی له‌ راست ژیانی تاڵه‌ . له‌ ساڵی ١٣٢٥ وه‌ هه‌تا ساڵی ١٣٣٠سه‌رده‌می پاشه‌ کشه‌ی جووڵانه‌وه‌ی گه‌لی کورد و هه‌موو گه‌لانی ئێرانه‌ . له‌ ساڵی ١٣٣٢ دا که‌ ئاسۆی خه‌بات روون تر بۆوه‌، هێمن له‌ ” ئاواتی به‌رز ” دا جارێکی تر دێته‌وه‌ مه‌یدانی خه‌بات . هیوای به‌ خه‌باتی گه‌ل زیاتر ده‌بێ و ده‌یه‌وێ به‌ شێعری خۆی له‌م خه‌باته‌دا به‌شذار بێ :

فێری زۆر ده‌رسی به‌که‌ڵک و باشی کردین تێ شکان

جا ببینه‌ راپه‌ڕین و شۆڕشی   ئه‌مجــــــــاری   کورد

وا گزینگی دا به‌یانی   جوانی ئازادی به‌شــــــه‌ر

ڕۆژی   رووناکه‌   نه‌ماوه‌ زوڵمه‌تی شه‌وگاری کورد

ئه‌و زمانه‌ شیرنه‌ی ئێمه‌ په‌ره‌ی ده‌گرێته‌وه‌

نادڕێ چیـــــدی کتێب و ده‌فته‌ری ئه‌شعاری کورد

قۆناخێکی نوێ له‌ ژیانی گه‌ل و شاعیردا ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه‌ . ماوه‌ی پاشه‌کشه‌ دوایی دێ و گه‌لی کورد خۆی بۆ خه‌باتی دوا رۆژ ئاماده‌ ده‌کا. نفووزی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان که‌ به‌ نهێنی تێ ده‌کۆشی ، رۆژ به‌ ڕۆژ له‌ ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان دا زیاتر ده‌بێ . به‌ره‌و هه‌وراز ڕۆیشتنی جووڵانه‌وه‌ هه‌تا ڕۆژه‌کانی گه‌لاوێژی ١٣٣٢ درێژه‌ی هه‌یه‌ . له‌ ٢٥ ی گه‌لاوێژه‌وه‌ هه‌تا ڕۆژی شوومی کودیتای ٢٨ی گه‌لاوێژ خه‌ڵک له‌ شاری مه‌هاباد حوکمدار ده‌کا . له‌ ڕۆژی ٢٥گه‌لاوێژدا خه‌ڵکی مه‌هاباد به‌ درشت و ورده‌وه‌ هه‌موو ده‌گه‌ڵ که‌ بۆ یه‌که‌م جار پاش چه‌ند ساڵ له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی چه‌ند هه‌زار که‌سی دا شێعر ده‌خوێنێته‌وه‌ ، هاوار ده‌که‌ن :

بڕۆ ئه‌ی شاهی   خایین   به‌غدا نیوه‌ی ڕێ یه‌ت بێ

ئەو سەردەمە ، سەردەمی نیودێمۆکراسیش زۆر ناخایەنێ .دەورانی رەشی پاش کودیتا دەست پێ دەکا و هێمنی شاعیر جارێکی تر تووشی نائومێدی دەبێ و لە ” توورەیی ” دا دەڵێ :

لەو وڵاتە کەسێک لەخەو رابێ           بەشی چارە رەشی و خەم و شینە

تێ گەیشتم عیـــلاجی دەردی من             مەستی و شێتی   و   نەزانینــە

یالە ” چارە نووسی شاعیر ” دا :

دەزانی بۆ چی من هێندە پەرێشــــان و خەفەتبــــارم

لە بازاڕی ژیان غەیری هونەر نیمە   چ سەرمایە

لەگەڵ چارەرەشی و دوورەبەشی و نەگبەت دەبێ هەڵ کەم

لە مێژە چارەنووســــــــــی شاعیــرانی کورد ی   هـــــــەروایە

ئەو توورەیی یە و رەشی چارەنووسی شاعیر لە شێعرەکانی تریشی دا هەر بەرچاو دەکەوێ و هەتا ساڵی ١٣٤٠ (١٩٥٩) هەر بەردەوامە . لە ” گلێنەی شاعیر” دا دەڵێ :

ئەگەر خەرمانی عومرم ئیستەکانە پاکی با بی با

بە مەرگی تــــۆ مچورکیشم بە دڵدا نایە ، با بی با

هەموو عـومری ئەبەد تێ ی دانیە خۆشی دەمێک مەستی

خـدر ئاوی حــەیاتی بۆ چبو ؟ فێری شەرابی با

لە “ناسۆری تەشەنا ” دا راکردن لە ژیانی واقیعی ، لەو حەقیقەتە تاڵەی کە شاعیر تووشی بووە و نایەوێ قبووڵی بکا ، بە تەواوی دیارە . هێزی ئەوەی نیە ژیان بگۆڕێ ، ڕێگای نیە خۆی دوور بخاتەوە ، دەیەوێ رابکا و بە یارمەتی مەی روو لە دنیایەکی خەیاڵی دەکا:

چۆن نەبەم بۆ مەی و مەی خانە پەنا ، تێ گەیوم

لەو وڵاتە هەمـــوو شت زۆرە بەنی ئادەم   کەم

شـەرەبایە   لەچیاکان و هــــــەوا تووشـــــە دەنا

وەکوو شێتان دەمەویست ڕوو لە چیای ئەستەم کەم

ساڵەکانی ١٣٤٧ ـ ١٣٤٦ کەراپەڕینی چەکـدار لە کوردستانی ئێران بەرپا دەبێ ، هێمن هەر چەند خۆی تێدا بەشدار نیە ، بەڵام لەگەڵ ئەو ڕاپەڕینە دەژی . هیوای بە خەباتی گەل زۆرە ، باوەری بە هێزترە . بۆ شەهیدانی ئەو ڕاپەڕینە دەگری ، بەڵام شێعرەکانی پڕە لە هیـــــــــــــواو ئاوات بۆ سەر کەوتن و نیشتمانپەروەران بۆ تێکۆشان هان دەدا . هێمن بیەوێ و نەیەوێ ، دیسان و ئەو جارە بۆ هەمیشە لەناو مەیدانی خەبات دایە :

بۆ شەهیدێکی کە گەوزیوە لە نێو خوێن دەگریم

بۆ هەڤاڵێکی کە چوو بێ سەر و بێ شوێن دەگریم

****************************************************

تا بەدەستـی پەری ئازادی لەسەر گۆڕی شەهید

گوڵــە شللێــرە لە گشت لایـــەکی نەڕۆێن دەگریم

شێعرەکانی هێمن ئیتر بۆنی ناهومێدی لێ نایە . چەند ساڵە قۆناخێکی تر لە خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران دەستـی پێ کردوە،قۆناخێک کە جێ ی هیوای گەلی کوردە .هێمنیش شاعیری وەفاداری گەلی کورد ، هەم لە پێک هێنانی هەم لەدەبرینی ئەو هیوایە دا بەشدارە . لە ” مەتەرێزی شەرەف ” ، “شەنگەبێری ” ، “ئامێزی ژن ” ، “ترۆپکی رزگار” ، ” شەپۆلی تۆڵە” ، ” شەو و شەیتان” ،” گاو وگەردوون” ، “کاروانی خەبات “و لە “دەستکەوتی خەبات” داشێعری کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕی چ لە باری ناوەرۆک و چ لە باری شێوەوە، گەیاندۆتە پلەیەکی بەرزی ئەوتۆ کە کەمتر شاعیری کورد گەیشتوویەتێ . هێمن ئامادەیە بۆ بەجێ گەیاندنی ئەم هیوایە خۆشی بەخت بکا :

خۆم دەســووتێنم هەتا بەزمی خەڵک رۆشن بکەم

کێ لە رێ ی خەڵکا وەکوو شاعیر دەسووتێ ، شەم نەبێ ؟

لەسەرەتادا شێعرەکانی هێمن لە ژێر تەئسیری دوو رەوتی ئەدەبی دایە. وەک هەموو شێعری شاعیرانی کوردی سەردەمی سی چل ساڵ لەمەوبەر، تەئسیری ئەدەبی فارسی لەم شێعرانەدا دیارە . زۆربەی شێعرەکانی شێعری عەرووزین ، وەزن و قافیەیان لەگەڵ دەستووری شێعری فارسی ڕێک دەکەوێ . لەلایەکی تریشەوە شێعری شاعیری کوردەکانی بەناو بانگ وەک نالی کە خۆی لە ژێر تەئسیری شێعری کلاسیکی فارسی دا بووە ، تەئسیری کردۆتە سەر شێعرەکانی هێمن . بۆیە لە سەرەتادا هێمن شێعرەکانی شێوەی غەزەل و قەسیدە و جارجاریش مەسنەوی دوو بەیتی و هی تریان هەیە . هێمن ئێستاش هەر جارجار دەگەڕێتەوە سەر ئەو شێوە کلاسیکی یە و هێندە لە شێعرە تازەکانیشی هەر بەم چەشنە گوتراون . وەک ” ئاواتی بەرز” ، ” گلێنەی شاعیر” ، ” دەسکەوتی خەبات” وهتد. لەم شێوە شێعر گوتنەدا هێمن دەستێکی باڵای هەیە . شێعرەکانی رەوانن ، بە زمان جوان و بە مانا دەوڵەمەندن .

پاش ماوەیەکی سەرەتایی شێعر گوتن هێمن بەرە بەرە دەگەڕێتەوە سەر شێوەی ئەدەبی ئەسیلی کوردی ، خۆی لە قافیە و وەزنی شێعری کلاسیکی رزگار دەکا و شێعرەکانی لە بەستەی کوردی دەچن ، لەو بەستەیەی کە شاعیر هەموو رۆژێ لە لادێ دەیبیسێ ، بەستەیەک کە چوار چێوەی بۆ داڕشتنی شێعری کوردی لەبارترە و زمانی کوردی لە تەنگ و چەڵەمە رزگار دەکا و وەک چۆمێکی خرۆشانی لێ دەکا کە بۆلای دەریای بێ سنوور دەروا .جار جار کە ئینسان شێعری هێمن دەخوێنێتەوە ،گۆرانی وەبیر دێتەوە. وادیارە کە لە هەڵبژاردنی ئەم شێوە شێعرگوتنەدا گۆران لە سەر هێمن بێ تەئسیرنەبووە. لەم شێعرانەدایە کە هێمن دەگاتە ترۆپکی ئەدەبی کوردی وبە راستی ئەدەبی کوردی پێش دەخا .

هێمن شاعیرێکی ریئالیستە ، ریئالیزمی رەخنەگرانە لە ناوەرۆکی شێعرەکانی هێمن دا بە تەواوی بەرچاو دەکەوێ . هێمن بارە هەرە گرینگ و ئەساسی یەکانی تەبیعەت و ژیان و ئادەمیزاد بە چاوێکی رەخنەگرانەی شاعیرانە باس دەکا و کۆمەڵ بۆ بەرەو پێش چوون هان دەدا. هێمن زۆر جار لە هێندێ شێعری خۆی دا لە ناتورالیزم نزیک دەبێتەوە ، ئەوەی کە دەیبینێ باسی دەکا و بەچاوی رەخنە سەیری تەبیعەت یان کۆمەڵ ناکا . هەروا بزانە دەوێ تابڵۆیەکی تەبیعەت بکێشێ و بخاتە بەر چاومان . بەڵام شێعری وای کەمە ، وادیارە خۆشی ئاگای لێ یە کە لە ریئالیزم دوور کەوتووە ، زوو ناتورالیزم بەردەدا و دەگەڕێتەوە سەر ریئالیزم کەسەبکی بنەرەتی ناوەڕۆکی شێعرەکانیەتی . ئەو ناتورالیزمە بە تایبەتی لە ” بەهاری کوردستان ” و ” لە بیرم مەکە” و چەند شێعری تردا خۆی دەنوێنێ . ژن لە شێعری هێمن دا ڕۆڵێکی زۆر گرینگی هەیە . جوانی ژن ئیلهام دەری شاعیرە . سەرانسەری دیوانی هێمن ئەو راستی یە دەر دەخا کە وێڕای تەبیعەت و ژیان و خەباتی گەل ، ژنە کە هێمن بۆ شێعر گوتن هان دەدا . شێعرەکانی هێمن لە سەر ژن نموونەی شێعری بەرزی کوردین . لە ” کیژی لادێ ” دا بە کچی کورد هەڵ دەڵێ :

لاجانگت وەکوو گزینگی تاوێ         هەر بۆخۆی جوانە تیف تیفەی ناوێ

کوڵمەکەت وەکوو گوڵاڵەی گەشە         بێ سوورمەش چاوە مەستەکەت رەشە

وەکوو فرمێسکی عاشق رووناکی         وەکوو ئاونگی   بەیـــــــانی پـــاکی

ئەو تابڵۆیەی لە “لەبیرم مەکە” دا لە ژن دەکێشێ ، بەراستی جوان و نایابە . هەروەها لە “پەری شێعر ” و لە ” شەنگەبیری ” و زۆر شێعری تردا هێمن مامۆستایی خۆی لە هۆنراوەدانان بۆ ژن دا دەسەلمێنێ . بەڵام ژن بۆ هێمن تەنیا سەرچاوەی ئیلهام نیە . هێمن بۆ رزگاری ژنی کوردی خەبات دەکا . لە ” یادگاری شیرن ” دا دەڵێ :

لادە چارشێوی ڕەشت با دەرکەوێ کوڵمەی گەشت  

چون لە قەڕنی بیستەما زۆر عەیبە ئەو رووگرتنە

هێمن دەیەوێ ژن بەر لە هەمووشتێک خاوەنی مافی ئینسانی خۆی بێ وزۆر جار دژی زۆرداری و بێ حورمەتی نیسبەت بە ژن دەنگی خۆی هەڵ دێنێ . هێمن ژنی خۆش دەوێ ، دەیپەرستێ و نرخی هەموو جوانیەکانی ئەو دەستکردە نایابەی تەبیعەت دەزانێ ، بەڵام لە لای هێمن خەبات بۆ رزگاری گەل ، بۆئازادی کۆمەڵانی خەڵک لە ژن خۆشەویست ترە. لە ” ئامێزی ژن دا دەڵێ :

بەڵێ سەختە ، یەکجار سەختە       دووری لە ژن ، نامــــــــــــــرادی

بەڵام لە ژن خۆشەویست تر         لە لای من ئەتــــــــــــۆی ئازادی

زمانی هێمن زمانی کوردی پەتی و جوانە . نە پڕە لە وشەی بێگانە و نە وشەی دەستکردی تێدایە. زمانەکەی زمانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە ، بەڵام هێمن کە خۆی خەڵکی موکریانە ، تەعەسوبی بەکار نەهێناوە ، بە زاراوەی موکریانی شێعر ناڵێ . بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دوایی دا زمانی هێمن نموونەی بەرزی زمانی ئەدەبی کوردی یە و بێ گومان لە پێک هێنانی زمانی پەسندکراو ( ستاندارد) ی کوردی دا تەئسیری هەبووە . زمانی هێمن سادە و پەتی و ڕەوانە، هەم ئەدیب و نووسەری کورد پێ ی خۆشە وهەم نەخوێندەواری کورد لێی حاڵی دەبێ .

هەزار خۆزگەم بە خۆت شوانە         کە بەو مانگە شەوە جوانە

دانیشتووی لە رژد و هەڵدێــــر          پەنجە دەبزێـــــــوی لە بلوێر

دەگەڵ تەبیعــــەت هاودەمی         شادی ، بە کــــەیفی ، بێ خەمی

“بەهاری کوردستان” فەرهەنگێکی بچووکی زمانی کوردی یە . بە تایبەتی بۆ ئەوانەی هەر لە شار ژیاون و لە زۆر باری ژیانی لادێ ئاگادار نین ، تابڵۆیەکی راستەقینە بە زمانێکی دەوڵەمەند و بێ هاوتا دەخاتە پێش چاو . ئەو شێعرە و چەند شێعری تر کە باسی تەبیعەت و ژیانی لادێ دەکەن ، بۆ شارستانی ئەوەندە وشەی نەبیستراویان تێدایە کە زۆر جار خوێنەر سەری سووڕ دەمێنێ و ناچار دەڵێ زمانی کوردی چەند دەوڵەمەندە و بەداخەوە خزمەتی نەکراوە. دیوانی هێمن شێعری وەک “بەهاری کوردستانی ” بەراستی فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی زمانی کوردی یە.

شێعری هێمن لە تەشبیهی جوان ئاخنراوە .

خۆشەویستی گۆشەکەی تەنیای هەر ئەژنۆکەمە

بۆیە ڕۆژ و شەو وەها گرتوومەتە نێو باوەشم

لە ” شەنگە بێری ” دا ئەنجامی شێعرەکەی ئەمەیە :

زۆری نەماوە بێتە بەر ، نەمامی هەوڵ و خەباتم

لە داگیرکەر پاک بێتەوە خاکی پیرۆزی وڵاتم

چەک دادەنێم ، گۆچانەکەی جارانم هەڵ دەگرمەوە

تۆ هەر بێری بە بن هەر شوان ، فریشتەی تاسە و ئاواتم

هێندێ شێعری هێمن گەیشتۆتە پلەی هەرەبەرزی ئەدەبی کوردی یەوە . یەکێک لەوانە “کاروانی خەبات “ە . بڕوانە چۆن باسی شەهید بوونی رووناکبیرێکی خەباتکەر دەکا :

هەر چوار تەنیشتی گـــــــــــیرابوو         لەسەنگەرێک دا بە تەنێ

ئەو لاوەی بــــــەڵێنی دابــــــــــوو         هەتا مردن چەک دا نەنێ

     ***************************************

qasmlu_hemn

دولتۆر قاسملوو            مامۆستا هێمن             حوسێن قاسملوو .

ڕووناکبیرێکی   تا ئەمــــــــــــڕۆ           دەچوو بەرەو ئاسۆگی روون

ئێستا هیوای بە بوولێڵ بوو           بۆ لە گەمارۆ دەرباز بوون

بەراستی ئەوەی هێمن گۆران دەیڵێ لەسەر خۆشی راستە : تاکی لە جوانی پەرستی دا کەمە و وشە لە دەستی دا وەک مێوە ، دڵتەرە و خۆش خەیاڵە و ناسک بینە ، بە هونەرە و شارەزا و وشە رەنگیە . هیوام ئەوەیە هێمن ساڵانی درێژ لە ناو گەلی کورددا ،لە ریزی خەباتکەرانی ڕێگای ئازادی گەلی کورددا، تێکۆشانی خۆی لە پێناوی رزگاری گەلەکەمان ، لە پێناوی پێش خستنی زمان و ئەدەبی کوردی ،هەر درێژە پێ بدا . دڵنیام لە دوارۆژدا هێمن زۆر جار پەری شێعر دێنێتە ژوانی خۆی و دیوانێکی ترمان پێشکەش دەکا کە شێعری کوردی جوانی تێدا بێ ب.

شێعرێک وەک خوناوەی باران           شێعرێک وەک سرتەی دڵداران

شێعرێک وەکوو دەریای بێ بن         گەرمتر   لە باوەشــــــــی ژن

شێعرێک سروودی شادی بێ           شێعرێک دەنگی ئازادی بێ

بە هیوای ئەو ڕۆژە .

دوکتور عبدالرحمن قاسملو

**********************

سەر چاوە : تاریک و روون ی هێمن چاپی ساڵی ١٣٥٣ (١٩٧٤ م)

نووسینەوەی   :     کەریم حاجی رەسووڵی ( م ـ زێڕە ) ٠٧ـ١١ـ٢٠١٣

hakimrz@hotmail.com

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی