"an independent online kurdish website

kavos_azizi_pm
ئەوەبوو لە ٢ دەستەی گەورە دا بەرەو ناوچەکانی سەربە کۆمیتەی سەڵماس وەڕکەوتین.

ئێمە چەند ڕۆژێک زووتر چووین. تیمی ئێمە پێک هاتبوو لە ، ٢ پەلی لکی ٣، پەلێکی لکی ١ و پەلی فەرماندەهی و چەند کەس لە هاوڕێیانی مەڵبەند و ٢ کەس لە بێسیم چیەکانی مەڵبەند. بەرپرسانی ئەو تیمە(ئەندامانی مەڵبەند)، کاک ڕەحیم ساڵح زادە فەرماندەر هێز، کاک عیسمەت عەبدی بەرپرسی کۆمیتەی سەڵماس ، شاپوور شوجاعی فەرد بەرپرسی ئامووزیش و پەیوەندییەکانی مەڵبەند.

هەر کە واریدی ئەو ناوچەیە بووین وابزانم ڕۆژی دووهەم ، یان سێهەم بوو، لە ٢ی خەرمانان و لە چیای دوو گوه دەرگیر بووین. دەرگیری یەکە تا من بزانم پاسدارەکانیش هیچ زیانێکیان نەبوو.

چەند ڕۆژێک لەوێ بووین و بەرەو شپیران کەوتینە ڕێگا. ڕۆژی یەکەم لە نێوان گوندی سوڵتانی و قەسریک بووین و وا‌ەڵکەوتبوو کە ئەو ڕۆژە خەڵکی گوندە سوڵتانی(گوندەکەی خۆم) هاتبوون بۆ مەڕ دۆشین و من لەوێ دایک و چەند خوشکی خۆمم بینی، یادی ئەو ڕۆژە بە خێر.

ئێوارەکەی حەرەکەتمان کرد و چووینەوە لای کەلەڕەش و ٣ رۆژ لەو دەورووبەرە بووین. ناوچەی شپیران ئەوکاتی زۆر سەخت بوو، خەڵکەکەی بەشی زۆری چەکدار کرابوون. چوونە نێو قووڵایی ناوچەکە دەکرا زیانبار بێ. ئەو خەڵکە هەموو چەکدار کرابوو، لە کاتێک د ائێمەش بەو هیزە زۆرەوە واریدی ناوچە بوونایە، ڕێژیم فیشاری بۆ ئەوان دەهێنا تا بکەونە شەڕ لە گەل ئێمە دا. بۆیە هاوڕییانی مەڵبەند وایان بە باش زانی کە بگەڕێینەوە و واز بێنین لەو مەئمووریەتە.

دووبارە گەڕاینەوە ناوچەی سۆما و کە بەیانی گەیشتینەوە قیفارۆکی ئەوبەری چیای دوو گوه، هەوا تەم ومژ بوو. دونیا تازە ڕووناکی دەکرد، لەنەکاو کۆمەڵێک چەکدار دەرکەوتنەوە پێش ئێمە، بەڵام زوو یەکترمان ناسی یەوە و هاوڕێیانی دەستەی دووهەم بوون کە بەهادر ئازەری بەرپرسی گشتی یان بوو و پەلێکی لکی ٣ و ٢ پەلی لکی ١، و هەر٣ پەلی لکی ٢ بوون. ئەوان وەک ئێمە بە ناوچەی برادۆستا د اهاتبوون و ویستبوویان بچنە ئەنزەل، کەنار بەڕۆژ و نازانم چ کێشەیەکیان بۆ هاتبووە پێش، هاتبوونەوە لای ئێمە.

ئەگەر لە بیرم بێ ٣ ڕۆژ پێکەوە بووین   وئەوان هیندێک موهیماتی زیادیشیان بۆ هێنابووین. بەرپرسان کۆبوونەوەیان کرد و دووبارە لە سە رهەمان سازماندەهیی پێشوو لێک جیا بووینەوە. ئەوان بە مەبەستی کەنار بەڕۆژ چوون، و تەنیا کاک سەعید گوڵێ فەرماندەری لکی ١ لەگەل تیمی ئێمە مایەوە . دیار بوو بەرنامەیان دانابوو کە عەمەڵیاتی هاوکات بکەن و دوو شوێنیان دیاری کردبوو.

چەند کەس لە هاوڕێیان لە پێشدا چوون و دیاربوو کە بە مەبەستی شناسایی شوێنی عەمەڵیات چووبوون و حەسەن بازووکا بەرپرسیان بوو. ئێمە ڕۆژی ١٦ ی خەرمانان کەوتینە ڕێ بۆ لای بەرێدی و سەرکەش. چوونکی ڕێگاکە نیزیک بوو، وابزانم سەعا، ١٢، یان ١ی شەوبوو گەیشتینەوە بن شاخە بەردی “بەرێدی” کە هەوا هەتا بڵێی ساردبوو. هیچ شتێکیشمان پێ نەبوو وەک لیباسی گەرم ، یان کیسەخەو و پەتوو. بەس خۆمان و کۆمەلەپشتی و چەکەکەمان بووین.

ئەو شەوە هەر چۆنێک بوو کردمانە بەیانی. جا سەیر ئەوەیە کە تاو هەڵات هیندەگەرم بوو ، دەسووتاین. ئێوارەی ١٧ ی خەرمانان هات و تیم بەندییەکان کران و سازماندەهیی بە ئێمە ڕاگەیاندرا. ڕاست لەو کاتی دا رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانمان گرت کە ڕاگەیاندراوی دەفتەری سیاسی بەبۆنەی ئیعدامی فەرماندەری قارەمان خەلیل زەر( خەلیل خەلەبان) ی بڵاو دەکردەوە. بۆیە هەر لەوێ بریار درا کە ئەو عەمەڵیاتە بە تۆڵەی ئەو فەرماندە شەهیدە بێ.

بەشێک لە هاوڕێیان دەبوایە بچنە سەر پایەگای گوندی سپی دەرە کە ئەو پایەگایە لە دوو شوێن بوو. پایەگا لە ناو گوند بوو و فەرماندەهی و بەشێک لە هێزەکەشی کە هەموویان بەسیج و جاش بوون، لە سەرەوەی گوند کە فاسیلەیان نیزیک ٤٠٠ تا ٥٠٠ میتر دەبوو . گوندەکەش چەکدار بوون.

بەرلەوەی دابمەزڕێین نیگەبان کە لە دەرگای دۆڵەکە خەریکی نیگەبانی بوو، لە لایەن پێشمەرگەکانەوە بە جۆرێکی زۆر لیزانانە و بە بی تەقە ئەسیر کرد ( ئەو کابرایە بەهۆی ترسان نیزیک بە ٣ مانگ شەو و ڕۆژ هەر لە خۆوە دەیگوت: ایست، واتە راوەستە. دوای ٣ مانگ لە تەمەنی جەوانی دا مرد کە دیار بوو بە قەوڵی کوردی دڵی تۆقی بوو) .

بەرلەوەی ئێمە دامەزرێین، لە نێو گوند تووشی چەکدارێک هاتین و ەقەی کرد لە ئاکام دا بەرپرسی تەشکیلاتی ئەو ناوچەیە کاک عەسکەر عەلیزادە بە توندی بریندار بوو و هەر زوو ناردرا بۆ لای مەرکەزی فەرماندەهی. تازە ئاشکراببووین و دەبوایە بە سەریعی بڕۆینەوە سەر پایگاکان و هەر واشمان کرد. دەتوانم بڵێم زۆر بە سورعەت کار کرا ولە ماوەیەکی کورت دا هەردوو پایەگا ئەوەی کوژرا ، کوژرا، ئەوانی دیکەش لە تاریکایی شەو دا هەڵاتن. لە نێو کوژراوان دا فەرماندەری پایەگا بەسیجێکی پیر بە ناوی سەییاد بوو کە تورکی سەڵماس بوو. هەر وەها جێگری فەرماندەی پایەگا جاشێک بوو بە ناوی مەولوود کە قاتڵی ٦ پێشمەرگەی حیزب بوو(ئەو خائینە لە گەل کەسێکی دیکە کە هەردووکیان ئەوکات لە ڕێزی پێشمەرگەدا بوون، لە بەهاری ساڵی ١٣٦١ و لە مقەری حیزب جێگیر لە گوندی حەسەن ئاوای سەڵماس، لە خەو دا ٦ پێشمەرگەیان تێرۆر کرد و چوونەوە ڕیزی خیانەتەوە. مەولوود ئەوشەوە بە سزایی خیانەتەکانی گەیشت و خەڵکی ناوچە و بنەمالەی شەهیدان شاد بوون) .

کاتێک داوای تەسلیم بوون لە پایەگای فەرماندەهی دەکرا و هاوکات بە ئارپیجی لێیان دەدرا، فەرماندەی پایەگا بە تورکی دەیگوت: حەسەن ئاغا ! گەلێن شێی مێی ئاپارن، مەن چیخمەم ئێشی یە! واتە دەیگوت حەسەن ئاغا(مەبەست کاک حەسەن بازووکا فەرماندەری ناسراو لە ناوچەد دا بوو) وەرن شتی و مەکەکان بەرنەوە ، من نایەمە دەر!

کاک حەسەن بە تورکی گوتی وەرە دەر، نات کوژین، لەوکاتی دا بوو زۆر بە توندی دەست درێژیان لەوچێگایە کرد کە دەنگی کاک حەسەنی لێدەهات. ئەوەبوو ئیدی پێشمەرگە هێرشیان کرد و کۆتاییان بە موقاومەتیان هات. دیاربوو فەرماندەکە ناوی کاک حەسەنی بیستبوو وەک فەرماندەرێکی ناسراو لە ناوچەدا.

هاوکات تیمەکانی تریش کە ئەرکیان چەک کردنی بە زۆر چەکدار کراوانی ئاوایی بوو، کارەکەیان تەواو کرد و دەستکەوتەکانمان هێنایەوە و بەرەو چیای بەڕێدی کەوتینە ڕێگا. بۆ بەیانی چووینەوە ڕیحانی و لەوێ ئیستراحەتمان کرد.

ئەو ڕۆژە ١٨ ی خەرمانان بوو. ئێوارەکەشی هاوڕێیانی تیمی دیکە کە بەرەو کەناربەڕۆژ چووبوونەوە ، عەمەڵیاتێکی سەرکەوتووانەیان لە سەر پایەگای گوندی زەنگەکان بەڕیوە بەردبوو و دەستیان بە سەر پایەگا دا گرتبوو وابزان ٢١ دیل و چەند کوژراوێک هەبوون. لەوێش ٢ بریندار هەبوون. یەکیان ناسر فەرنیا(ڕووحی شاد) و ئەوی تریان جەعفەر مەحموود پوور سەرپەلی یەکێک لە پەلەکانی لکی ٢ کە لە ئاستێکی ترسناک دا بە هۆی ئاگری ماتۆڕ بەرقی پایەگا سووتابوو.

بەڵام بەداخەوە لە کاتیک دا کە شەوی ١٩ لە سەر ٢٠ ی خەرمانان هاوڕێیان دەیانەوێ لە ناوجەی برادۆست ڕا دەرباس بن بۆ لای چیای بابۆس، هەر کە دەگەنە قەراغ گوندی گۆلەگەنی، دەکەونە نیو کەمینێکی بەرینی هیزەکانی ڕێژیمەوە وبە توندی دەدرێنەو ەبە دەسترێژ. پێشمەرگەکان دەست دەکەنەوە و جەند کەس لە ئەفرادی کەمین دەکوژن وبریندار دەکەن. بەڵام بەداخەوە پێشمەرگەی فیداکار و لێهاتووی حیزب، حەیدەر ئاغازادە شەهید دەبێ و سراجەددین جاجۆیی بریندار دەبێ.

heyder_axazade
شەهید حەیدەر ئاغازادە

ئەوە بوو کە ئەوان نەیانتوانیبوو بەو ڕێگایە دا بڕۆن و روویان کردبووە لای چیاوی کۆتۆل و ڕۆژی دوایی بریندارەکانیان ناردبووە بۆ لای مەڵبەند و تا بزانم کاک عەلی کاشفپوور و چەند کەسێک لە هاوڕێیان هاتبوونە شوێنێک و چاوەروانیان بوون تا گەیشتبوونەوە.

هاوڕێیانی دیکەش لە گەل ئێمە یەکمان گرتەوە کە ئەوکات لە چیای دوو گوه بووین.

دوای چەند ڕۆژێک مانەوە ، دیسان کاتی ئەوە هاتبوو کە ماڵئاوایی لە یەکتری بکەین. لکی ١ ، و ٢ ڕۆیشتن و ئەوەی بەرپرس لای ئێمە مانەوە ،کاک ڕەحیم ساڵح زادە، کاک عیسمەت عەبدی ، کاک شاپوور شوجاعی فەرد، و کاک حەسەن بازووکا وەک فەرمانەری لک و جێگر و سەرپەلەکان بوون. بێسیم چیی لکی ٣ وازی هێنا لە پێشمەرگایەتی و من وەک بێسیم چیی لک دیاری کرام و بێسیمی ڕاکاڵیشمان هەبوون ، بەڵام زۆربەی کاری پەیوەندی لەگەل مەڵبەند بە ئەستۆی من بوو کە ڕۆژانە دەبوایە بچوومایە سەر بەرزترین نوقتەی ئەو ناوچەیە و پەیوەندیم گرتباوە، یان وەک ڕابیتی بەینی کاک عەلی لە تەڕگەوەر و کاک عیسمەت لە لای خۆمان بوومایە.

درێژەی هەیە……….

 بەشی ٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی