دەستگیركردنی 8 چالاكی سیاسی و مەدەنیی رۆژهەڵاتی كوردستان لە پێوەندی لەگەڵ خۆپێشاندان و هێرشكردنە سەر كۆنسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی لە هەولێر، بۆچوونی جیاواز و دژبەری لێكەوتووەتەوە،
بەڵام هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی ئەگەر گرتنی چالاكانی كوردی رۆژهەڵات لەسەر “خواست و بۆ رازیكردنی بەرپرسانی ئێرانی لەلایەن وەزارەتی ناوەخۆی هەرێم بێ”، لەڕووی نەتەوەیییەوە پەیامێكی مەترسیدار دەبێ. هەروەها ئاوێكی ساردە بۆ هەموو ئەوانەی بەهیوای خەباتی مەدەنی ساڵانێكە پشتیان لە خەباتی چەكداری كردووە.
بەكورتی، سەرەتای رووداوەكە بۆ هەینیی رابردوو (2013.11.8) دەگەڕێتەوە كە پاش خۆپێشاندانێكی چالاكانی رۆژهەڵات لە هەولێر دژی لەسێدارەدانی لاوانی كورد لە ئێران، دواتر ئاراستەی چالاكییەكە بەرەو بارەگای كۆنسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی لەو شارە گۆڕا. لە ئەنجامدا بەردبارانكردنی كۆنسوڵخانەكەی لێكەوتەوە كە لە جۆری خۆیدا بە رووداوێكی دەگمەن لە هێرشكردنە سەر شوێنی رەسمیی كۆماری ئیسلامی لە باشووری كوردستان دادەنرێ.
ئەو رووداوە لە بواری یاسایییەوە هەر دەستبەجێ حكوومەتی هەرێمی خستە بەردەم دوو بەرپرسیارێتیی سەرەكی. یەكەم، كەموكوڕیی هێزە ئەمنییەكانی حكوومەت لە ئەركی پاراستنی سەرجەم بنكە و بارەگا بیانییەكان بەتایبەت ئەوانەی بەڕەسمی وەك “دیپلۆماتكار” لە هەرێمن. هەروەها ئەركی بەرگریكردن لە هەیمەنەی پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێم كە لەسەر بناخەی ئەمنیەتی و ئابووری وەستاوە.
پەیوەست بە گەورەییی رووداوەكە بوو كە رۆژی دواتر وەزیری ناوەخۆی هەرێم (كەریم سنجاری) و شاندێكی باڵای ئیداری و ئەمنیی هەرێم لە سەردانێكدا بۆ كۆنسوڵخانە ئەو كارەی بە “ئاژاوەگێڕی” ناو برد و سەركونسوڵی ئێرانی دڵنیا كردەوە لەوەی “ئەم كارە لەگەڵ سیاسەتی ئێمە ناگونجێ و ئەنجامدەران تووشی سزای یاسایی دەبنەوە“.
ئەو رووداوانە كە تا ئێستە دەستگیركردنی 8 چالاكی رۆژهەڵاتی لێكەوتووەتەوە (سەرەتا 7 كەس بوون، دواتر راگەیەنرا كەسێكی تریش لەو پێوەندییەدا گیراوە) كە “ژمارەیەكیان سەر بە هێزەكانی نەیاری كۆماری ئیسلامین”، نیگەرانی و ناڕەزایەتییەكی بەرچاوی هێز و لایەنەكانی رۆژهەڵاتی لێكەوتووەتەوە و لەژێر كەمپین و چالاكیی جۆراوجۆردا هەوڵی مەحكوومكردنی هەڵوێستی حكوومەت و ئازادكردنی ئەو چەند كەسە دەدەن، بەڵام ئەو دۆخە كەشێكی بەسەر رۆژهەڵاتییەكاندا سەپاندووە كە نامۆ و ترسناكە و لە 5 خاڵدا بەكورتی باسیان دەكرێ:
1. لەگەڵ درێژەكێشانی ماوەی گرتنی ئەو 8 كەسە و دادگایی نەكردنیان، گومانی ئەوە دەكرێ كۆماری ئیسلامی بەسەر دۆخەكەدا زاڵ بووبێ و هەموو شتێك بە خواست و ویستی ئەو بچێتە پێشەوە. بەپێی هەڵسوكەوتی بەرپرسان و لایەنە رەسمییەكانی هەرێم شیمانەی ئەوە دەكرێ بەرپرسان لە هەوڵی قەرەبووكردنەوەی زیانی مەعنەویی ئەو رووداوە بۆ كۆماری ئیسلامیدا بن، ئەویش لەسەر حسێبی چالاكانی رۆژهەڵاتی لە باشوور. هاوكات باس لەوە دەكرێ حكوومەتی هەرێم پاكانەیەكی تەواو بۆ لایەنی ئێرانی بكات و خۆی بە قەرزداری كۆنسوڵخانە دەزانێ لەوەی توانای كۆنترۆڵكردنی رووداوەكەی نەبووە. جگە لەوەی زۆربەی چالاكانی تری رۆژهەڵاتی لە باشوور هەست بە “نائەمنی” دەكەن و نیگەرانن لەوەی ئەوانیش دەستبەسەر بكرێن، بەتایبەت كە بەشێك لەو 8 كەسەی دەستگیر كراون رۆژی چالاكییەكە هەر لە شوێنی رووداوەكەش نەبوونە!
2. لەلایەكی ترەوە هەندێك لە كوردانی رۆژهەڵات كە ژمارەیان كەم نییە، توندڕەوی دەكەن و خەریكن پاساو بۆ ئەو بۆچوونە دێننەوە كە حكوومەتی هەرێم و دەسەڵاتی ئێستەی كوردی “لە ریزی دۆستانی خۆیان بسڕنەوە”. ئەو دۆخە هەرچەندە لە بەرژەوەندیی هیچ كوردێكدا نییە، بەڵام پێویستە وەك راستییەك باس و شرۆڤەی بۆ بكرێ و دووریش نییە ئەگەر گرتنەكە بەردەوام بێ یان سزای قورس بۆ ئەو 8 كەسە ببڕێتەوە، هەندێك كاردانەوەی نەخوازراو لەلایەن كوردانی رۆژهەڵات ببینرێ كە بەهیچ شێوەك لەگەڵ بەرژەوەندیی كورددا ناگونجێ و پێویستە مەحكووم بكرێ.
3. روانینی حكوومەتی هەرێم بۆ ئەو رووداوە تەواو یاسایی و سیاسی بوو و لەو روانگەوە تەواو مافی پێدەدرێ، بەڵام پێویست بوو رەچاوی باری دەروونی كوردانی رۆهەڵاتیش بكرێ كە بەرامبەر ئەو هەمووە زوڵم و سێدارەی رۆژانەی رۆڵەكانیان بە دەستی كۆماری ئیسلامی، رەنگە سەیر نەبێ كە دەست بۆ هێرشێكی لەوشێوەیە ببەن. كوردی رۆژهەڵات و پرسەكەی بەرگەی روانینی سیاسی و یاساییی كوردانی باشوور ناگرێ كە دەسەڵاتیان هەیە و وەك دەوڵەت مامەڵە دەكەن. لێكترازانی بەرژەوەندییەكانی كورد لەو دوو پارچەیە (هەروەها پارچەكانی تریش) لە زیانی كوردی رۆژهەڵات دەبێ كە لەڕووی دەستكەوتەوە هێشتا داری لەسەر بەردی دانەناوە.
4. بێدەنگبوونی رێكخراو، رۆژنامەكان و كۆمەڵی مەدەنی لە باشووری كوردستان بەرامبەر ئەو پرسە، نیگەرانییەكی ئاشكرای لای رۆژهەڵاتییەكان درووست كردووە. ئەنجامی ئەو دۆخە وایكردووە جۆرێك بێ هیوایی دروست بێ و بەداخەوە ئەو گومانە بەهێزتر بكات كە چەند ساڵێكە پێیوایە یەكبوونی واقعی و كردەیی لە نێوان كوردی هەردوو پارچە “بەرەو لاوازبوون و لێكترازانی تەواو دەچێ”. سەرگرتنی ئەم ئەگەرە بە پڕ مەترسی دەزانم.
5. نەبوونی هەڵوێستی رەسمیی حزب و هێزەكان بەتایبەت رۆژهەڵاتییەكان ئەو كێشەیەی قورستر كردووە. ئەگەر هۆی ئەو بێدەنگییە بۆ تووڕە نەكردنی زیاتری كۆماری ئیسلامی و هەروەها قورس نەكردنی ئەركی حكوومەتی هەرێم لە رووی یاسایییەوە بێ، قبووڵە، بەڵام هاوكات نیشانەیەكە بۆ هەڵوەشانی یەكبوونی كوردانی رۆژهەڵات لە هەندێك پرسی هاوبەشدا. چاوەڕوان دەكرا لانیكەم ئەو هێزانەی رۆژهەڵات كە پاڵپشتی ئەو چالاكییەی هەولێر بوون لە بەیاننامەیەكی رەسمیدا هەڵوێستی خۆیان بەهەر جۆرێكە دەربخەن.
ئەنجام
بەهەموو لێكدانەوەیەك، بەرپرسی یەكەمی ئەو رووداوە و هەر پێشهاتێك حكوومەتی هەرێم و دواتر هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵات خۆیان دەبن. حكوومەت دەیتوانی رێگە لەوكارە بگرێ و هێزەكانی رۆژهەڵاتیش پێویستە بەرپرسیارێتی كارێك هەڵبگرن كە پشتیوانی لێدەكەن و هەموو شتێك هەر بەبێدەنگی تێپەڕ نابێ. بەردەوامبوونی گیرانی ئەو چەند كەسە و هەروەها سووربوونی حكوومەتی هەرێم لەسەر سزادانی قورسی ئەو چالاكانە، رەنگە سارێژێكی سیاسی بۆ كۆماری ئیسلامی بێ، بەڵام بێگومان برینێكی قووڵ لە بیرەوەیی سیاسیی كوردانی رۆژهەڵات درووست دەكا كە دواجار لە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەییدا نابێ.
سەرچاوەكان/
http://rudaw.net/sorani/kurdistan/081120135
http://rudaw.net/sorani/kurdistan/0911201318
http://rudaw.net/sorani/kurdistan/081120138
http://rojhelattimes.net/index.php/hewal/333-2013-11-12-16-35-25
http://rojhelattimes.net/index.php/hewal/340-2013-11-14-10-27-33