ئیران لەکاروباری ئەودەمی دنیادا
بزوتنەوەی مەشروتە١٣٢٤
لەپاش بڵاوبەنەوەی ئەوفەرمانە ئیتربو بەشایی و زەماوەند٠ بەست نشینەکان
کۆتاییان بەمانگرتن هێنا٠ دوکان و بازاڕکرایەوە، ئاخوندەکان و دەستوپێوەندەکانیان بەسەرکەوتویی لەقومەوە گەڕانەوە تاران٠ لە٢٧ ی جمادی سانی دا نزیکەی دوهەزارکەس لەئاخوند،دەرباریان،وەزیران،سەرانی بزوتنەوەکە و خەڵکی ترلە((مەدرەسەی نزام)لەتاران کۆبونەوە بۆدانانی ئەنجومەنێکی کاتی بۆئامادەکردنی (نیزامنامەی ئینتیخابات)لە١٩ ی ڕەجەب دا شا((نیزامنامەی ئینتیخابات))ی ئیمزاکرد٠ ئەم نیزامنامەیەخەڵکی دابەش کردبو بەسەر٦ چین دا،شازادەکان وقاجارییان،عالمەکان و تەلەبە،ئەعیان،بازرگانەکان،زەویداروجوتیار،میشەوەرەکان٠ لەمانگی شوالی هەمان ساڵدا لەتاران هەڵبژاردنی گشتی کرا بو((مەجلیسی شورای میللی))٠ بۆتاران ٦٠ نوێنەردیاری کرابو،٤ بۆشازادەکان،٤ بۆ عولەماوتەلەبە،١٠ بۆ بازرگان،١٠ بۆ زەویدارو جوتیارەکان،٣٢ بۆ پیشەوەرەکان٠ لە ٢٤ی زی ئەلقعدەی ١٣٢٤دا مەجلیس(قانونی ئەساسی)لە ٥٠ ماددەدا دانا٠ شاه و،وەلیعەهد محەمەدعلی میرازا ئیمزایان کرد٠ بەم جۆرە ئیران لەڕژێمی(شایەتیی ئۆتۆکراتییەوە))بو بەڕژێمێکی((شایەتیی دەستوری))پاش ئەوە بە چەند ڕۆژێ مزەفەرئەلدین شامرد٠ محەمەدعەلی لەجێگەی ببو بە شای ئیران٠ ئەوڕوداوە گرنگانە لە تاران بوبو،کەچی شارەکانی تری ئیران کشومات بون٠ بزوتنەوەی مەشروتە نە گەیشت بوە هیچ کامیان٠ دەربار نەی ئەویست بتەنێتەوە٠ ئەی ویست هەرلەتاران دا قەتیس بێ٠ بەڵام دوای هەڵبژاردنی نوێنەرانی تاران،شاری تەورێزیش ڕاپەڕی،بە سەدان کەس خزانە سەرای کونسولگەری بەریتانیەوە داوایان ئەکرد مەشروتە ئازەربایجانیش بگرێتەوە٠ شا موافەقەتی کرد لە وێش جێبەجێ بکرێ٠ ئیترشارەکانی تریش دەستیان پێ کرد٠ بزوتنەوەەی مەشروتە لەسەرەتاوە توشی چەند گیروگرفتێکی دژواربو٠ ناکۆکی نێوان مەشروتەخوازان و دەربارو کاربەدەستانی زۆردار،ناکۆکی نێوان مەشروتەخوازان و ئاخوندە مەشروعەخوازەکان،ئەگەرچی بەریتانیا لایەنگری مەشروتەبو،بگرە دیپلۆماتە بەریتانیەکان خواستەکانی گەلی ئیرانیان گەیاند بە شا و دەربار،بەڵام روسیا بە توندی دژی مەشروتەبو٠ سەرباری ئەمانە تورک بە بیانوی کێشەی سنورەوە بە هاودەستی هۆزە کوردەکان لەشکری لە لای بانەو سابڵاخ و ورمێوە ناردە کوردستانی ئیران.
لەمانگی ڕەبیع ئەل سانی ١٣٢٥ دا مەجلیس قانونی ((ئەنجومەنی ئیالەتی وولایەتی))دانا و کردی بەبەشێ لەقانونی ئەساسی٠ بەگوێرەی ئەم قانونەئیران ئەبوبە چوارئیالەت،ئازەربایجان،خۆراسان،فارس،کرمان٠ هەریەکێ لەم ئیالەتانە ((ئەنجومەن))ی هەڵبژێردراوی تایبەتی خۆی ئەبو٠ شوێنەکانی تریش بە ولایەت دانرابون٠ کێشەی نەتەوەیی لەئیران وەکوکێشەی نەتەوەیی لەتورکیا دژوارنەبویاخود هێشتاوەهانەگەێشتبو٠ لە کاتێکا دوابەدوای((ئینقلابی عوسمانی))کێشەی نەتەوەیی ودینی لەتورکیاتەقییەوە،لەئیران،ئەگەرچی ئەویش وەکوتورکیا وڵاتێکی فرەنەتەوەیی فرەمەزهەب بوکەچی کێشەی نەتەوەیی ومەزهەبی لەدوای((ئینقیلابی مەشروتە))نەتەقییەوەو،سەرکردەکانی ئینقیلاب و کاربەدەستانی دەوڵەت هیچ بەرنامەیەکیان نەبو بۆ جۆری ڕەفتارلە گەڵ کێشەی نەتەوەیی گەلەکانی ئیران و کێشەی دینی و مەزهەبییان٠