"an independent online kurdish website

هەر لە کۆنەوە ، بە چاوێکی ئەوپەڕی رێز و شکۆدارییەوە لە مامۆستایان روانیوە .. چونکە بە درێژایی سەردەمەکانی مێژوو ، مامۆستا خاوەنی پەیامێکی پیرۆز بووە .. هەرئەم پەیامەشرێز و پیرۆزی بە مامۆستاش بەخشیوە.

reza_shuwan_0


شای شاعیرانی عەرەب ، شاعیر ئەحمەد شەوقی ـ کە بە رەچەڵەک کوردە ـ لە پایە بەرزی و ستایشی مامۆستادا دەڵێت :

هەستە بۆ مامۆستا  شکۆدارییە …. هێندە نەمابوو مامۆستا ببێت بە پێغەمبەر

مامۆستا چرایەکی هەمیشە داگیرساو و گەشە .. تیشکی گەشی زانست و زانیاری بە نەوەی ئەمڕۆمان دەبەخشێت .. مامۆستا گوڵێکی گەش و بۆنخۆشی هەمیشە بەهارە .. بە بۆن و بەرامەی خۆشی زانیاری مەستمان دەکات .. مامۆستا هەنگ ئاسایی و لە جوانترین گوڵزاری گوڵ هەمەڕەنگەدا، شیلەی زانست و زانیاری دەمژێ و هەنگوینی زانست و زانیاریی لي دروست دەکات و ، پێشکەشی رۆڵەکانی گەلەکەمانی دەکات .. مامۆستا گرنگترین کۆڵەکەیە لە کۆڵەکەکانی بنیاتنانی کەسایەتیی تاکێ خێردەرەوە و،کۆمەڵگایەکی دروست و تەبادا .. لە هێنانەنەدی ئایندەیەکی گەشتر و شایستەتردا .

ئەگەر شارستانییەتی نوێ ، بە دانا و زانا و بە کەڵەناودار و داهێنەرەکانییەوە بنازێت .. دەبێ ئەوە فەرامۆش نەکرێت کە ، ئەم ناودار و هەڵکەوتووانە ، قەرزاری مامۆستان ،  قوتابیی مامۆستا بوونە و ، ئەو فێری کردوون ، ئەو پەروەردە و رێنمایی کردوون .. ئەو بە زانستو زانیاریی هەمەشەشنە ، بیر و هۆش و گۆشی زاخاوداون .

یەکێک لە سەرۆک کۆمارە هەڵبژێراوەکانی پێشووی ئەمریکا ، کە گەورە پیاوان و کەسایەتییە ناسراوەکانیوڵاتەکەی ریزیان گرت.. بۆ ئەوەی بە بۆنەی وەرگرتنی ئەم پۆستە باڵایەیەوە ، پیرۆزبایی لێبکەن .. ئەو پێیانی گوت  : ” بەر لەوەی پیرۆزبایی لەمن بکەن ، بڕۆن پیرۆزبایی لە دایکم و لە مامۆستاکانم بکەن .. چونکە من قەرزاریئەوانم و ، ئەوان من بەم پلە و پایەیە گەیاند ..

هەندێ لە گەلان ، سەرنەکەوتن و شکستیان ، یان سەرکەوتن و پێشکەوتنیان ، بۆ رۆڵی مامۆستا و بۆ سیاسەتی پەروەردەیی و فێرکردن لە وڵاتەکانیاندا دەزانن .

دەوترێت مامۆستا ، رابەرە ، پێشەنگە ، پێشەوایە ، بەخشندەیە ، خوشکە ، برایەیە ، هاوڕێیە ، دڵۆزترین کەسە ، بڕبڕە پشتی پەروەردە و فێرکردنە ، چێنەری تۆی شادی و ێاشتی و بەختەوەری و سەرکەوتنە .. دوژمنی نەزانین و دواکەوتنە .. هەڵگری ئاڵایگەشەکردن و پێشکەوتنە .. چی بڵێین و .. چی بنووسین ..گەر بەنرخترین پاداشتێک بە مامۆستا ببەخشین .. بێگومان هاوتای رۆڵ و ئەرکی پیرۆزی مامۆستای دڵسۆز ناکەنەوە .. هەردەم قەرزاری چاکەی مامۆستاین .

لە ئەمڕۆشدا ، تێگەیشتن دەربارەی پەروەردە و فێرکردن گۆڕاوە .. بەو چاوەوە لە مامۆستا دەڕوانرێت .. کە مامۆستایە و پەروەردەکاریشە پێکەوە .. کاری پەروەردە و فێرکردن .. لفانەنن و هاوبەشی هێنانەدیی هیوا و مەبەست و ئامانجەکانن .. یا بڵێین پەروەردە و فێرکردن هەردو باڵی ، بنیاتنان و گەشەکردن و پێشکەوتن و رۆشنبیرین . مامۆستا پشەوای پەروەردەی نوێ و گۆڕان و داهێنانە .. لە سایەی کۆشس و رەنجی ئەمدا ، دەگەینە هیوا و خەون و ئامانجە ستراتیژییەکانی گەلەکەمان .. ئەمانن بە بیری کوردایەتی و بە سۆز و خۆشەویستی بۆ کوردستان ، کوردیلەکانی ئەمڕۆمان گۆش و پەروەردە و ئاراستە دەکەن .. ئەمانن کە جگەرگۆشەکانمان بنیات دەنێن .. بنیاتنانیکۆشک و تەلاری قەشەنگ و باڵابەرز ، گران نییە .. بەڵام بنیاتنی مرۆڤ بۆ ئایندەیەکی ئاسوودەتر و خۆشتر ، کارێکی ئاسان و هەڕەمەکی نییە .

جۆن دێوی دەڵێت : ” منداڵ ئەو خۆرەیە ، کە هەموو دامودەزگا پەروەردەییەکان ، بەدەوریدا دەسوڕێنەوە ..

لەم روانگەیەوە ، پێویستە رۆڵ و کاریگەری و هەستیاری مامۆستا ، لەبەرچاو بگرین و بەرز هەڵی بسەنگێنین .. ئەو خوشک و برایانەی کە ئەم پيشەیە هەڵدەبژێرن ، پێویستە لە ئاستی ئەم ئەرکە پیرۆزە و ، ئەم رۆڵە هەستیارە و ئەم کاریگەرییەدا بن .. مەرج و پێویستی و بنەماسەرەکییەکانی مامۆستاییان تێدا بێت .

بەداخەوە ، لە ئەمڕۆدا بەشێک لەوانەیکە بوونەتە مامۆستا .. بە بۆچوونێکی هەڵەوە روویان لە پیشەی مامۆستایی کردووە ، بە لای ئەمانەوە ، پیشەیەکی بێ ئەرکە و  ، سێ مانگ پشووی هەیە .. بەشێک لەم مامۆستایانە ، دەرچووی خولە خێراکانی شەش مانگین ، کە لە شارەکانی باشووری کوردستاندا کرانەوە .. بۆیە نابەڵەدیان لە بواری پەروەردە و و فێرکردن و ، دەرونناسیی منداڵان و ، رێبازەکانی وتنەوەی وانە و بەکارهێنانی هۆکانی روو کردنەوە پێوە دیارە .. کە ئەمەش هۆیەکە لە هۆکانی ئاستنزمیی قوتابییەکانی .. ئەمەو هەندێ لە مامۆستایان ، لە رێبازە کلاسیکییە سواوەکان لایان نەداوە و ، خۆشیان ماندوو ناکەن و ، دوای ئەو گۆڕانکاری نوێبوونانەوە ناکەون ، کە لەبواری پەروەردە و فێرکردندا هاتوونەتە ئاراوە .

بەڵام سەرەڕای نەبوونی ، یا کەمبوونی ، پێداویستییەکانی گەشەکردنی سەردەمیانە و ،هۆیەکانی پێشکەوتنی پەروەردە ، لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی کوردستاندا .. سەرەڕای باردۆخی نالەباری ئابووری مامۆستایان .. کە وەکو پێویست بە جدی ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە .. بەڵام لەگەڵ ئەمشدا ، مامۆستای زۆر باش و وریا و سەرکەوتوو و هەستیار و هەڵکەوتووشمان زۆرن .. ئاستیان لە ئاستی مامۆستایان و پەروەردەکارانی  وڵاتە پێشکەوتووەکان کەمتر نییە .. دڵسۆزی کورد و کوردستانیشن و، بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە کایەدان و .. لە خەمی پێگەیاندنی نەوەی داهاتوومانن .

لەم سەردەمەدا ، لە بواری پەروەردە و فێرکردندا ، ناوی مامۆستای سەرکەوتوو ، زۆر دەبیستین .. لێرەدا زۆر بە کورتی و بە چڕی ، باسی بەشێک لەو تایبەتمەندی و خاڵانە دەکەین ، کە بنەما و پێوەری مامۆستای سەرکەوتوون :

(*) پێویستە مامۆستا ، پیشەکەی خۆش بوێت و ، بە جدی خزمەت بکات ، هەست بە گرنگی رۆڵ و ، بە کاریگەرییەکانی لەسەر ئەمڕۆ و داهاتووی قوتابییەکانی بکات و ، لە هە موو روویەکەوەش ، لە ئاستی گەیاندنی پەیامە پیرۆزەکەیدا بێت .

(*) پێویستە ئەوەی لەبەرچاوبێت ، کە هاوڵاتی تەندروستپێدەگەیەنێت و ، فێریان دەکات .. کە ئەرکەکانیان چین و ، مافەکانیشیان چین .

(*)ئەرکی مامۆستا تەنها ئەرکی پەروەردە و فێرکردن نییە ، بەڵکو پێویستە لە هەموو روویەکەوە (جەستەیی ، دەروونی ، ئەقڵی ، کۆمەڵایەتی ) قوتابییەکانی پێ بگەیەنێت .

(*) مامۆستا خۆی بە شاسواری گۆڕەپانی پەروەردە و فێرکردن و ئاراستەکردن بزانێت و ، قوتابیانیش بە گڕگڕەی کاری پەروەردەیی و فێربوون بزانێت .. چۆن نانەوا لە هەویر جوانترین کولێرە دروست دەکات .. ئەمیش لەم قوتابیانە باشترین و بەسوودترین هاوڵاتی و مرۆڤ دروست دەکات .. وەکو دەشڵین : ” شانازیی ، باخچەی گوڵ گەش و جوان .. بۆ باخەوانە دڵسۆزەکەی دەگەڕێتەوە ..

(*)پێویستە مامۆستا ، زۆر بە باشی و بە وردی ، پلانی ساڵانە و ، پلانی رۆژانەی ، ئەو بابەتە دابڕێژێت کە دەیڵێتەوە .. بەداخەوە ، هەندێ مامۆستا ، بایەخێکی ئەوتۆ بە پلانی ساڵانە و رۆژانە نادەن .. یان هەر بۆ رازیکردنی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی ، بە نابەدڵی ، لاپەڕەیەک شەش حەوت تەقەڵە دەکەن .. لە راستیدا کۆڵەکەیەکی مامۆستای سەرکەوتوو . داڕشتنێکی باش و هەنگاورێکی پلانی ساڵانە و رۆژانەیە .

(*) پێوستە مامۆستا ، پێش چوونە پۆلەوە ، زۆر بە باشی وانەکەی ئامادەکردووبێ و ، ئامادەی وەڵامدانەوەی خێرای هەر پرسیارێک بێت ، کە قوتابییەکانی لێی بکەن .. گەر بە باشی خۆی ئامادە نەکردووبێت ، لەوانەیە شپرزە بێت  و تێبکەویت .. دووچاری شەرمەزاری بێت لە بەردەم قوتابییەکانیدا .. ئەمەش خاڵێکی لاواز و شکستییەتی .

(*) پێویستە مامۆستا ، ئاگاداری هەموو گۆڕانێکی نوێی سەردەم  بێت ، لە بواری پەروەردە و فێرکردندا .. ئەو گۆڕانکاری و تازەگەرییانە بۆ قوتابییەکانی بگوازێتەوە .

(*) پێویستە مامۆستا ، هۆیەکانی فێرکردن لە پۆلدا بەکار بهێنێت ، چونکە هۆیەکانی فێرکردن ، هۆی ئاسانکاری فێربوون و کورترکردنەوەی کاتن .. مەرجیش نییە هۆیەکانی فێرکردن تەنها مادی بن.. دەشێ چیرۆکێک بێت .. هەندێ شتی دەرەوەی پۆل بن .. یا سەردانی کارگەیەک ، پارکێک .. هتد .مامۆستای لێهاتوو دەزانێت چ جۆرە هۆیەکی فێرکردن و روونکردنەوە ، لەگەڵ وانەکەیدا دەگونجێن .

(*)پێویستە مامۆستا ، خاوەنی کەسایەتییەکی سەرکەوتوو بێت .. ئەم کەسایەتییەش بەوە نییە ، کە قوتابییەکان لێی بترسن و ، لە ترسا رێزی بگرن .. بە پێچەوانەوە پێویستە خۆی لە دڵی قوتابیاندا شیرین بکات و بچێتە دڵیانەوە .. پردێکی رێز و خۆشەویستی لە لە نێوان خۆی قوتابییەکانیدا دروست بکات .. نەک هەر لە ناو پۆل و قوتابخانەدا ، بەڵکو لە دەروەی قوتابخانەشدا .

(*) پێویستە مامۆستا ، چ ئافرەت چ پیاو ، بە قڵافەت و جلوبەرگێکی جوانەوە .. لە بەردەم قوتابییەکانیاندا دەرکەون ، خویان جوان رێکخستووبێت و تیف تیفەی خۆیان ، دابێت .. نابێت بە جلی چڵکن و ژاکاوەوە دەرکەون ،دیمەنی جوان سەرنج رادەکێشێت.

(*)نابێت قژ و ريشی پیاوان و ، نینۆکی ژنان درێژبن .. نەباکە قوتابییەکانیان چاویان لێبکەن .. پێویستە مامۆستا ، نموونەو پێشەنگ بێت بۆ قوتابییەکانی .

(*) پێویستە زمانی دواندن و راڤەکردنی مامۆستا ، رەوان و پەتی و ئاسان و ، بێگرێ بێت ، شارەزایەکی باشی زمانی کوردی هەبێت و ، بە شیرینی و بە نەرمی بدوێت ، رەچاوی قۆناغەکانی هەراش بوون و گەشەکردنی زمانی منداڵانیش بکات .

(*) پێویست مامۆستا ، سۆز و خۆشەویستییەکی دایکانە و باوکانەی بۆ قوتابییەکانی هەبێت ، لەسەرخۆ و ئارام بێت و، دڵرەق نەبێت .. بە توندوتیژی رەفتار نەکات و ..هەرگیز لە قوتانەبێ نەدات .. ئەگەر چاری نەما ، دەتوانێت کەمێک تووڕە بێت ، یان شیوازێکی سیاسی و دیبلۆماسی ، لەگەڵ قوتابیی سەرپێچیکەر بەکار بهێنێت .

(*) پێویستە مامۆستا ، وشک نەبێت و ، رووی خۆش و گەش و لێو بە خەندە بێت ، چونکە کەس حەز لە چارەی ترش و دەموچاوی لۆچ ناکات .. بە تایبەتیش مامۆستا .

(*) نابێت بە هیچ کلۆجێک مامۆستا ، وشەی زەق و رەق و ، ناشایستە بە قوتابییەکانی بڵێت ، یا جوێنیان پێ بدات .. چونکە هەستی قوتابیەکە بریندار دەکات و ، ئازاری هەست و دەروونیدەدات .. ( ئازاری قسەی ناخۆش لە ئازاری لێدان بە ئازارترە ..)

(*)پێویستە مامۆستا،  بە دەنگێکی مامناوەندی وانەکەی بڵێتەوە ، پیت و وشەکان بە رێکی دەربڕێت .. لە کاتی راڤەکردندا ، بە زۆری رووی لە قوتابییەکان بێت و سەیری هەموو لایەکی پۆلەکەی بکات .

(*) باشتر وایە مامۆستا لە پۆلدا دانەنیشێت و ، لە شوێنێکیشدا نەوەستێت .. ناشبی جیڕەی یا تەقەی پێڵاوەکانی بێت .. بۆنێ تیژ لە خۆی نەدات ومیکیاجی زەق نەکات .

(*) پێویستە مامۆستا رەچاوی جیاوازی لە نێوان ئاست و توانای قوتابییەکانی بکات .

(*) پێویستە مامۆستا ، رەچاوی قوتابیانی خاوەن پێویستە تایبەتییەکان بکات ، بەپێی توانایان ، لە چالاکییەکانی پۆل و قوتابخانەدا ، بەشداریان بکات و پشتگوێیان نەخات.

(*) پێویستە مامۆستا ، ئەو قوتابیانەی مەودای بینینیان کزە .. بیان هێنێتە پێشەوە .

(*) پێویستە مامۆستا ، ویژدان ئاسوودە و دادپەروەربێت ، لە نێوان قوتابییەکاندا جیاوازی نەکات .. بە چاوی یەکسانییەوە لێیان بڕوانێت .. ئەگەر منداڵی خۆی یا برا و خوشکی لە هەمان پۆل وقوتابخانەکەیدابن .. نابێت تایبەتمەندیان پێ بدەن و ، لە قوتابییەکانی تر جیایان بکەنەوە .. گەلێ جار ئەم جیاوازییەم بەچاوی خۆم بینیوە .

(*) پێویستە مامۆستا ، قوتابییەکانی بە سۆز و بە خۆشەویسی بۆ کورد و کوردستان گۆش و پەروەردە بکات ، دوور لە دەمارگیری . ئەمەش ئەرکێکی پیرۆزی مامۆستایە.

(*) مامۆستا خاوەنی هەچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی بێت .. کە چووە پۆلەوە ، پێویستە ئەوە لەبیر بکات سەر بە لایەنێکی سیاسییە .. نابێت رەنگدانەوەی لە کارەکەیدا هەبێت.

(*) پێویست هیمنی و ئارامی پۆلەکەی بپارێزێت و .. بواری گەرەلاوژێ نەدات .

(*)  پێویستە مامۆستا ، خوێنەرێکی باش و رۆشنبیرێکی باشیش  بێت ، بابەتی هەمەجۆرە بخوێنێتە .. زیاتریش لە بارەی پسپۆری خۆیەوە بخوێنێتەوە .

(*) پێویستە وشەی هاندان زۆر بەکار بهێنێت ، وەکو : ئافەرین ، باشە ، زۆر باشە ، نایابە ، بژی ، دەستخۆش ، هیوای داهاتووەیەکی باشت بۆ دەخوازم ، … هتد .

(*) نابێت مامۆستا ، لە پۆلدا ، لەبەرچاوی قوتابییەکانی جگەرە بکێشێت .

(*) پێویستە مامۆستا ، بە فیز و لووت بەرز نەبێت و ، خۆی بە گەورە نەزانێت .

(*) پێویستە کردارەکانی مامۆستا .. بە پێچەوانەی قسەکانییەوە نەبن .

(*) پێویستە مامۆستا ، زۆر دڵنیابێت ، لەو زانست و زانیارییانەی بە قوتابییەکانی دەگەیەنێت .. چونکە هەر هەڵەیەک بکات ، راستکردنەوە ئاسان نابێت .

(*) پێویستە مامۆستا ، بڕوای بە خۆێ هەبێت و ، بڕواش بە کەسانی تر بکات .

(*)پێویستە گوێ لەو رەخنانە بگرێت لێی دەگرن و ، هەڵەکانی راست بکاتەوە .

(*) پێویست لە قوتابخانە دوانەکەویت و ، کاتی بەلاوە گرنگ و بەنرخ بێت .

(*) پێویستە تایبەتمەندی و نهێنییەکانی قوتابییەکانی بپارێزێت و ، نەیان درکێنێت .

(*) پێویستە لە گەڵ خێزانی قوتابییەکانیدا ، پەیوەندیی هەبێت و هاوکاری یەکتربن .

(*) پێویستە بەشداریی ، خۆشی و ناخۆشییەکانی قوتابییەکانی بکات .

(*) پێویستە بەشداریی ، بۆنە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانی گەلەکەمان بکات .

(*) پێویستە مامۆستا ، بەشدارییگەشتەکان و، هەموو چالاکییەکۆمەڵایەتییەکان و ، وەرزشییەکان و ، هونەرییەکانی قوتابخانەکەی بکات و ، رۆڵی هەبێت .

(*) پێویست پەیوەندیی لەگەڵ هاوڕێ مامۆستاکانی قوتابخانەکەیدا باش بێت و ، رێز و  خۆشەویستی  لە نێوانیاندا هەبێت و ، هاوکاری و یارمەتیی یەکتری بکەن .

(*) پێویست لەگەڵ بەڕێوبەر و جێگرەکانی بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی پەیوەندیی باش بێت و .. هەر کارێکی گۆنجاوی پێ بسپێرن ، جێبەجێی بکات .

(*) پێویستە پەیوەندی و ، هاوکاریی لەگەڵ تۆژەری پەروەردەیی و دەروونناسی و ، سەرپەرشتیاری قوتابخانەکەیدا هەبێت .. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی قوتابییەکانی .

(*) پێویستە زیاد لە پێویست درێژە بە بابەتی وانەکەی نەدات .. ئەو پرسیارانەش کە دەیپرسێت .. لە هەموو قوتابییەکانی بکات و ، کەسیان پەراوێز نەکات .

(*) لە نومرەداناندا ، بە ویژدان و بە بزەیی بێت و .. ستەم لە هیچ قوتابییەک نەکات .

(*) پەیوەندیی هاوڕێتی لەگەڵ قوتابییەکانیدا و ، گوێگرتن لە راز و نیازیان ، بە شەرم وشوورەیی و نەفس نزمی نەزانێت .. هەوڵبدات کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بکات .

(*) پیۆیستە مامۆستا ، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی بێت و ، لەگەڵ هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی گەلەکەماندا ، پەیوەندییەکی باش هەبێت .

(*) پیویستە لەو خول و کۆرسانەدا بەشداری بکات .. کە بە مەبەستی شارەزایی و زانیاری نوێی پەروەردەیی و فێرکردن دەکرێنەوە .. شتی تازەیان لێوە فێردەبێت .

(*) پێویستە مامۆستا ، لە نەریت و کولتوور و بەها جوانەکانی نەتەوەکەمان لانەدات .. قوتابییەکانی بەو نەریت و بەها جوانانەمان ئاشنا بکات .

(*) پێویستە مامۆستا ، رێز لە یاساکانی کورستان بگرێت .

(*) پێویستە ئازایەتی ئەدەبیی هەبێت و .. بتوانێت لە کۆر و سیمینار و کۆنفرانس و لە بەردەم خەڵکیدا ، بەبێ ترس و خۆپەشۆکان قسە بکات و وتە پێشکەش بکات .

(*) لە کۆنفرانسەکانی باوکان ـ دایکان و مامۆستاکاندا ـ  بەشداری بکات و ، را و سەرنج و پێشنیارەکانی بە راشکاوی دەربڕێت .

(*) کە قوتابییەکی نەهاتووە بۆ قوتابخانە ، پێویستە مامۆستا ، بپرسێت و هۆی نەهاتنی قوتابییەکەی بزانێت .. ئەگەر نەخۆش بوو یا شتێکی تری بێت .. هەواڵی بپرسێت .

(*) پێویستە مامۆستا ، ئاگاداری داهێنانەکان و تەکنۆلۆژیای تازە و پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکان بێت .. بە تایبەتیش لە بوارەکانی پەروەردە وفێرکردندا .

(*) پێویستە مامۆستا سەردەمییانە بێت و ، ئەوە بزانێت کە منداڵانی ئەمڕۆمان .. زیرەکتر و زۆرزانتر و چاوکراوەتر و بەختەوەرترن ، لە نەوەکانی پێشووترمان .. منداڵانی ئەمڕۆمان ، نەوەی ئینتەرنێت و جورەها بابەتی سەیر و سەمەەی تەکنۆلۆژیای تازەن .. پێویستە ما ۆستاش لە ئاستی زۆرزانی و بلیمەتیی قوتابییەکانیدا بێت .. ئەگینا رووبەرووی شەرمەزاری دەبێتەوە .

(*)نابێت مامۆستا ئەرکێکی زۆری ماڵەوە بە قوتابییەکانی بدات و . بێزاریان بکات .

(*)پێویستە مامۆستا ، ببێت بە ئەندام لە سەندیکای مامۆستایانی کوردستاندا و ، رۆڵی لە چالاکییەکانیدا هەبێت .. لە ڕێی سەندیکاکەیەوە ، مافەکانی بەدەست بهێنیت .

(*) پێویستە مامۆستا ، خاوەن باوەڕ و بڕوا بێت .. راستگۆ و نەگۆڕ بێت و .. ماستاو بۆ کەس سارد نەکات .. بەرژەوەندی گشتیی لە بەرژەوەندی تایبەتی لا لەپێشتر بێت . 

ئەم هۆنراوەیەی دانانی خۆم .. پێشکەش بە مامۆستایانی دڵسۆز و سەرکەوتوودەکەم

 مامۆسـتا

 

مامۆســـــــــتا گیـــــان تا مـــــــــــاوم

چـــــــــاکەت وا لەبــــەر چـــــــــــاوم

 

تـۆی رابــــــــــــەری دڵســــــــۆزمان

بـەرەو هيـــــــــیوای پیــــــــــرۆزمان

 

هـــانتدایـــــــن کوردپــــــەروەر بین

دلێـــــــــــر و کۆڵنـــــــــــــــنەدەر بین

 

بۆ رزگـــــــــــاری کوردســـــــــــــتان

تێ بکۆشـــــــــین بێ وچــــــــــــــــان

 

بە زانــــــــــست و زانیــــــــــــــــاری

بە یەکبــــــــوون و هاوکــــــــــــــاری

 

لە پـاڵ هێـــــــــــزی مەچەکمـــــــــان

پێنــــــووس بکەین بە چەکمــــــــــان

 

مامۆســــــــــــتا تـۆ شــــــــــــــــایانی

پاداشـــــــــــت و گوڵبــــــــــــــــارانی

 

بـــــــــــــــزانیت یا نــــــــــــــــەزانیت

مامۆســــــــــــــــــتا لە دڵمـــــــــــانیت

 

کەرکوک : ١٩٨٥

 

رەزا شوان / نەرویج :  ٢٢/  ١١/  ٢٠١٣

 

 

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی