سمکۆ وەکو کەسێکی ناودار و بەدەسەڵاتی ناوچەکەو ورمێ وەکو ناوەندێکی گرنگی کاری دیپلۆماسی و پڕوپاگەندەی میسیونێری،لەزوەوە بوبون بەهۆی ناسیاوی
و ها تو چۆ لەنێوان ئەو وگەلێ دیپلۆمات وپیاوی دینیی دا٠ پاش شۆرشی ئۆکتۆبەرو کشانەوەی تەواوی سوپای ڕوسی ورمێ و مەڵبەندە کانی دەوروبەری بۆشایی دەسەڵاتی تێ کەوت٠ دەوڵەتانی هاوپەیمان ویستیان بە ئاسوریەکان پڕی بکەنەوە٠ سمکۆش لەو هەلەدا دەسەڵات و هێزی لەناوچەکەدا زۆرزیادی کرد٠ هەندێ چەکی بە کڕین وهەندێکی بەزەوت کردن لە سوپای کشاوەی ڕوس دەس کەوت٠ بە کوشتنی مارشیمۆن،پێشەوای دینی ئاسوری،ناوی زۆر زیاتردەکرد٠ پێ ناچێ سمکۆ پێوەندی زۆری لەگەڵ گەورە پیاوانی کوردی کرماشان وسنەو ئیلام وسەرۆکی هۆزەکانی ئەومەڵبەندانە هەبوبێ٠ ڕەنگە شوێنی جوگرافی ژیانی سمکۆو زاراوەی زمان لەوەدا دەورێکی گێڕا بێ٠
کوشتنی مارشیمۆن
لە ٩ی جمادی ئەوەلی ساڵی ١٣٣٦ دا،شەڕێکی قورس لەنێوان ئاسوریە مەسیحییەکان وعەجەمە موسڵمانەکانی ورمێ دا قەوما٠ لەوشەڕەدا چەند هەزارکەس لە هەردولا کوژرا٠ لەبەرئەوەی ئاسوریەکان هیچ جیاوازیەکیان لە نێوان کوردو عەجەم نەدەکردو وەکو یەک قەتڵوعامیان دەکردن،هێشتا شەڕتەواو نەبوسمکۆ هێزیکی کۆکردەوە بۆیارمەتی دانی کوردو عەجەمەکانی ورمێ دژی ئاسوریەکان٠ بەڵام بەرلەوەی ئەوبگاتە ورمێ ئاسوریەکان دەستیان بەسەرورمێ دا گرت و موسڵمانەکان بەکوردو عەجەمەوە لەبەرئەوەی هەمویان لەلایان ئاسوریەکانەوە نەکوژرێن خۆیان دا بەدەستەوە٠ سمکۆبێ ئەوەی بکەوێتە شەڕەوە گەڕایەوە دواوە٠ ئاسوریەکان ئەگەرچی ئەوشەڕەیان بردەوە ،بەڵام لەناوچەکەدا خۆیان لە بەرامبەر گەلی ئازەری شیعەدا بەتەنها ئەدی٠ سەرە ڕای ئەوەش بەشی زۆری ئەوانە بێگانەبون،هەموی چەند مانگێ بو لە هەکارییەوە هاتبونە ورمێ بەژمارەش لەچاو خەڵکی ورمێ و دەوروبەری دا کەمایەتی بون و،نەیان ئەتوانی بەبێ پێکهاتن وهاوپەیمانێتی لەگەڵ گەلێکی لە خۆیان زۆر تری وەکو کوردا،هاوسەنگیی هێزلەناوچەکەدا ڕابگرن٠ مارشیمۆن لەگەڵ سمکۆپێوەندی کردو ڕێکەوتن لەسەرئەوەی بۆگفتوگۆ لەکۆنەشار(سەڵماس)یەکتری ببینن٠ سمکۆئەم دیتنەی بۆئەوە بومارشیمۆنی تێدا بکوژێ٠ مارشیمۆن ڕابەری سیاسی وسوپایی و دینی ئاسوریەکان بو٠ لەناودەوڵەتە گەورەکان دا ناسراوبوهەرلەبەرئەوەی مەسیحی بو وە ڕابەری سیاسی دینی وە سەربازی ئاسوریەکان بولەلایەن هاوپەیمانەکان..بەریتانیا،فەرەنسە،ئەمریکا،ئیتالیا پشتیوانیان ئەکردوپێشتریش ڕوسیەپشتیوانی کردبو٠
سمکۆ لەو دیتنەدا مارشیمۆنی کوشت
سەبارەت بەکوشتنی مارشیمۆن لێکدانەوەی جۆراو جۆرهەیە،بەڵام سمکۆ لە گفتوگۆکەدا لەگەڵ مستەفا پاشا ڕونی کردۆتەوە ئەڵێ؟
((مستەفاپاشابەسمکۆئەڵێت هۆی تێکچون وشەڕکردنت لەگەڵ ئاسوریەکان دا چی بو وەهەروەها پێم بڵێ مارشەمعون،کەئاشتی ویست ودۆستی کوردبو لەبەرچی کوژرا؟
سمکۆوەڵام دەتاوە،بێگومان ئاگاداری ئەوەی کەتورک و ڕوس لەجەنگی جیهانی دا چییان بەکوردکرد!حەزئەکەم هۆی کوشتنی مارشەمعونت بۆ ڕون بکەمەوە..
لەوهەرایەی لەباکوری کوردستان دا لەنێوان تورک و ئەرمەنی دا روێ دا،ئاسوریەکان چونە پاڵ ئەرمەنیەکان ویارمەتیان دان٠ دوای شۆڕشی ڕوسیا،ڕوسەکان هێزەکانیان لە سابڵاخ و ورمێ کێشایەوە و ژمارەیەکی زۆرچەکوجبەخانەوتۆپوڕە شاش وتفەنگیان بەجێ هێشت وهەموی بۆئاسوریەکان مایەوە٠ چەند ئەفسەرێکی ڕوس و ئاسوریەکان و هەندێ کاربەدەستی ئەوروپایی،دایانزانی ئیران بەهۆی لاوازی و کزی دەسەڵات وکەم دەرامەتیەوە ناتوانێت داکۆکی لە خۆی بکات،بۆیە ئاسوریەچەکدارەکان ویستیان ئەم دەرفەتە لەکیس نەدەن وئازەربایجان کەناوچەیەکی گرنگی نێوان ئەرمەن وتورک وفارسەبگرن٠ دوای ئەوەی ئاسوریەکان بەسەرفارسەکان دا سەرکەوتن و بانگەوازی سەربەخۆییان دا،هاتنەلام وداوای هاوکاریان لێ کردم،بۆئەوەی پێکەوە بچینەناوئیران٠ منیش بەڵێنی یارمەتیم دانێ٠ بەڵام ئیرانیەکان بەوەیان زانی کەئاسوریەکان داوای یارمەتیان لە من کەردووە….نوێنەرێکی ئیران هات وداوای لێ کردم کەپشتی ئاسوریەکان نەگرم وبەرانبەربەمەبەڵێنیان دا کە داخوازیەنەتەوەیەکانم جێ بەجێ بکەن٠ لەبەرئەوەش دەمزانی ئاسوریەکان نیازیان وایە باکوری کوردستان بخەنەژێر ڕکێفی خۆیانەوە وداگیری بکەن٠ بۆیە مارشەمعونم کوشت٠ ئیرانیەکانیش لەبەڵێنی خۆیان پاشگەزبونەوە٠ بۆیە منیش پەلامارم دان و ورمێم گرت وکاربەدەستانی خۆمم لێ دامەزراند))