"an independent online kurdish website

وترا کۆمه‌ڵێک له‌ چالاکانی کوردی رۆژهه‌ڵات داوايان له‌ نێچرڤان بارزانی کرده‌ووه‌ داوای لێبوردن بکا، دوای وه‌ی که‌ ناوبراو چالاکانی سياسیnaser_iranpoor1

به‌ندکراوی کوردی رۆژهه‌ڵات که‌ تاوانبار ده‌کرێن، له‌ ئاست به‌رده‌بارانکردنی شووشه‌کانی بينای کۆنسولگه‌ری ئێران له‌ هه‌ولێر به‌رپرسن، وه‌ک “ئاژاوه‌گێڕ” ناوزه‌د کرد‌. من وه‌ک ڕۆژنامه‌نووس و چالاکی سياسی کوردی رۆژهه‌ڵات ـ و خه‌مخۆری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ باشوور ـ پشتگيری له‌م داوايه‌ ده‌که‌م.

پرسيار ئه‌وه‌يه‌: ئه‌گه‌ر شوشه‌شکاندن نوێنه‌رايه‌تی حکومه‌تێکی فاشيستی و دژی‌کوردی وه‌ک کۆماری ئيسلامی ئێران له‌به‌رامبه‌ر له‌سێداره‌دانی ڕۆڵه‌کانی کورد “ئاژاوه‌گێڕی” بێ، ئاخوا تاوانی له‌سێداره‌‌دانه‌که‌ ده‌بێ ناوی چ بێ؟

 با به‌ڕوونی بوترێ؛ کوردی رۆژهه‌ڵات خوانه‌خواسته‌ چاوه‌ڕوانی وه‌ی‌ نييه‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ری وه‌جواب بێ. قسه‌ی چالاکانی کوردی رۆژهه‌ڵات ته‌نيا ئه‌وه‌يه‌ که‌: مادام له‌به‌رامبه‌ر کوردکوشتن‌دا بێده‌نگن، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م کرده‌وه‌ چکۆڵه‌يه‌ ـ تازه‌ دايبنێين رووشی دابێ‌‌ ـ زمانتان گرێ بده‌ن! بۆ هه‌ر بۆ کورده‌که‌ شێرن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر دوژمنانی کورددا داماو؟!

هه‌ڵبه‌ت: ئه‌مه‌ هه‌وه‌ڵ جار نييه‌ که‌ لێدوانی به‌رپرسانی هێزه‌ سياسييه‌کانی کوردی باشوور (وه‌ک جه‌لال تاڵه‌بانی، نه‌شيروان مسته‌فا، …) کوردی رۆژهه‌ڵات بريندار ده‌کا، به‌داخه‌وه‌ پێم وانييه‌ دوايين جاريش بێ. ئيتر ئه‌وه‌ بۆته‌ فه‌رهه‌نگێک له‌ناو وان‌دا.

 هه‌روه‌تر: تووره‌يی خۆم له‌ ئاست بێده‌نگی هێزه‌ سياسييه‌کانی کوردی رۆژهه‌ڵات به‌نيسبه‌ت ئه‌م کرده‌وه‌ی ئاسايشی هه‌ولێر و حکومه‌تی هه‌رێم ڕاده‌گه‌يه‌نم. پێم وانه‌بوو که‌ ئه‌م ڕێکخراوانه‌ ئه‌وه‌نده‌ بێده‌سه‌ڵات بن که‌ نه‌وێرن ته‌نانه‌ت به‌ياننامه‌يه‌کی سياسيش بده‌نه‌ ده‌رێ و داوای ئازادکردنی ئه‌م چالاکانه‌ بکه‌ن و بۆ ڕای گشتی باشووری کوردستان قامک بۆ تاوانه‌ گه‌وره‌کانی حکومه‌تی ئێران به‌نيسبه‌ت ڕۆڵه‌کانی کورد ڕابکێشن! کوردی رۆژهه‌ڵات نوێنه‌رايه‌تی سياسی وای هه‌بێ، خه‌می چييه‌؟!!

به‌ڕاستی شووره‌ييه‌؛ هه‌م بۆ حکومه‌تی هه‌رێم و هه‌م بۆ حيزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات.

شايانی وه‌بيرهێنانه‌وه‌يه‌ که‌ تا ئێستا ده‌يان و سه‌دان خۆپێشاندانی کوردان له‌ وڵاتانی غه‌يری کوردی ئه‌وروپايی دژی تاوانه‌کانی رژيمه‌کانی سه‌رکوتکه‌ری کورد به‌ڕێوه‌ چووه‌. که‌م نه‌بووه‌ که‌ شووشه‌ی نوێنه‌رايه‌تييه‌کانی ئه‌م وڵاتانه‌ (عێراق، ئێران، …) شکا بێ. تا ئێستا يه‌ک جاريش نه‌ديتراوه‌ که‌ کۆمه‌ڵێکی ئه‌وه‌نده‌ زۆر (حه‌وت که‌س) به‌م تاوانه‌ ته‌نانه‌ت به‌ۆ چه‌ند رۆژ له‌ زيندان کرابێن. ته‌نا‌نه‌ت جارێک که‌ سه‌فاره‌تی کوبا ته‌قه‌ی له‌ خۆپێشانده‌رانی کورد کرد، بۆ وه‌ی که‌ ئه‌وانه‌ هێرشيان بردبووه‌ ناوه‌وه‌ی سه‌فاره‌ته‌که‌‌، ديتريش گێنشێر، وه‌زيری ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان، ده‌ست به‌جێ داوای وه‌ده‌رنانی ته‌قه‌که‌رانی کوبايی له‌ ئاڵمان کرد. که‌واته‌ نه‌ته‌نيا که‌سێکی کورد نه‌گيرا، به‌ڵکو ئه‌م پۆليسانه‌ی که‌ به‌رگريان له‌ سه‌فاره‌ت و ته‌قه‌يان کردبووش، له‌ ئاڵمان وه‌ده‌ر ناندران.

 باسی ته‌قه‌ی سه‌فاره‌تی کوبا و وه‌ده‌رنانی ته‌قه‌کارانمان له‌ ئاڵمان کرد. بريا زانی بامان ئايا که‌س له‌ تيرۆريسته‌کانی کۆماری ئيسلامی ئێرانيش که‌ ده‌وترێ ده‌وری حه‌وسه‌د خه‌باتکاری کوردی رۆژهه‌ڵاتيان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم تێرۆر کرد، گيران و محاکمه‌ کران و لانی که‌م ناوی “ئاژاوه‌گێر”يان ليندرا؟!!

 له‌ کۆتايی‌دا دووباره‌ لايه‌نگری له‌ داوای چالاکانی سياسی کورد ده‌که‌م که‌ داوايان له‌ نه‌شيروان بارزانی کردووه‌ داوای لێبوردن له‌ کوردی ڕۆژهه‌لات بکا. هه‌روه‌تر داوا ده‌که‌م که‌ ئه‌م چالاکانه‌ هه‌ر چی زووتر ئازاد بکردرێن. به‌ حيزبه‌ کوردييه‌کانی رۆژهه‌ڵاتيش ده‌ڵێم‌: “بێ‌ده‌نگی ئێوه‌ش هه‌م شه‌رمه‌و هه‌م تاوان‌!”

هه‌روه‌تر: مادام که‌ حکومه‌تی هه‌رێـم وه‌ک دوژمن چاو له‌ چالاکانی سياسی کوردی رۆژهه‌ڵات ده‌کا، جێی خۆيه‌تی که‌ ڕێکخراوه‌ ناونه‌ته‌وه‌ييه‌کانی وه‌ک Amnesty international ئاگادار بکرێن و له‌م بواره‌شه‌وه‌ تێبکۆشرێ، ئه‌م چالاکانه‌ ئازاد بکردرێن و سڕووشتی نادێمۆکراتيک و ناياسايی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ جيهان بناسێندرێ.

 

ئاڵمان، 9ی دێسامبرری 2013

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی