پێشمەرگە ئەو کەسەیە کە دەست لە هەموو خۆشییەکانی ژیان هەلدەگرێ و سەخت ترین و زەحمەت ترین رێگا هەلدەبژێرێ بۆ خزمەت کردن بە نەتەوەکەی. پێشمەرگە ئەو کەسەیە کە هەموو قازانج و بەرژەوەندیی شەخسی ، بنەمالەیی و گروهی دەکات بە فیدای قازانج و بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی.
پێشمەرگە ئەو کەسەیە کە قەت ناتوانێ ژیانی ژێر دەستی و کۆلەداری لە سەر ئاخ و وڵاتەکەی لە هەمبەر داگیرکەران دا بێ دەنگ بێ. پێشمەرگە ئەو کەسە نەترس و خۆراگرەیە کە بە کەمترین ئیمکانات و چەکی سووک لە هەمبەر دوژمنێکی بە هێز و پر چەک دا شەر دەکا و هێز و بیروباوەری خۆیان بە دوژمن و داگیرکەران دەسەلمێنێ.
پێشمەرگەی مەیدانی خەبات و بەرخۆدان جاری وابووە کە بە رۆژان نەیتوانیوە بە گوێرەی پێویست نانی ویشک بەدەست بێنێ و زکی برسیی خۆیی تێر بکا، بەلام هەمێشە بەو نانە ویشکە ڕازی بووە وبە شانازیی زانیوە کە پێشمەرگەی وڵااتی خۆیەتی.
خۆشترین و بەرزترین ماڵ و کۆشک و تەلاری پێشمەرگەکانی مەیدانی خەبات و بەرخودان بن بەرد و دار و دەوەن و شاخ و ئەشکەوتەکانی کوردستان بوون. دۆشەکی خەوتنی پێشمەرگە عەرزی رەق و ویشک و لێفەکەشی ئاسمانی شین ،و سەرینی ژێر سەریشی رەخت تەفەنگەکەی شانی بووە. هەموو سەرمایەی پێشمەرگەی مەیدانی بەرخودان و خەبات چەک دەستی و رەختی بەرقەدی و هەروەها خواردن و فیشەکی زیادی ودەرمانەکانیشی لە کولاپشتییەک دا بووە.
هەموو بیرو هزری پێشمەرگە خەبات کردن و بەرەو پێش بردنی ئامانجەکانی و رزگاریی نەتەوەکەی بوو. هەر ئەو بیروباوەرە شۆرشگێرانە و بەرخودان و ژیانە سەخت و زەحمەتە بوو کە پێشمەرگە کردبووەخۆشەویستی کۆمەلانی خەلکی کوردستان. هەر ئەوەش بوو کە پێشمەرگە ببووە بە نموونە و سومبولی بەرخودان وخەباتی شۆرشگێرانە.
ئەگەر ژیانی پێشمەرگایەتی ئاوا زەحمەت و سەخت نەبوایا بێشێک بەشێکی زۆرییان پێیان خۆش بوو کە شانازی ناویی پێشمەرگەیان پێ ببرێ. ئەگەر رۆژێک بێ و ژیانی پێشمەرگە ببێتە ژیانێکی ئاسایی ، یان لە ژیانی خەلکی ئاسایی باشتر بوو، دەبێ ئەو کات گۆرانێک لە سەر ناوی پێشمەرگەش دا بێت. چوونکی هەر کات و هەلومەرجێک پێشمەرگەی خۆیی دەوێ . ئەگەر لە یەک ڕستە دا باس لە پێشمەرگە بکەین دەبێ بڵێین: پێشمەرگە تەنیا ناو نیە ، بەڵکوو ناوەڕۆکە. ئەرکی پێشمەرگایەتییە کە پێشمەرگە دروست دەکا و دێنێتەوە مەیدان. هەموو خەباتکارێک و هەمووخەباتێک لە چوارچێوەی تاریفی پێشمەرگە و ئەرکی پێشمەرگایەتی داجێی نابێتەوە ،و تەنانەت خەبات لە هەموو سەردەمێکیش دا پێشمەرگایەتی نیە.
لە دیواری کاک سولەیمان کەلەشی ڕا نەقڵ کراوە.