"an independent online kurdish website

لەم ماوەیەدا کە عوسمانیان لە ئیران ئەڕۆیشتن دەستەیەک لە سوپاییان و تۆپچیەکانی ئەوان کە چەند سەد کەس بوون نەگەڕانەوە وڵاتی خۆیانabdurehman_mirzayi

بەو تفەنگ و تۆپانەوە کە پێیان بوو چوون بۆ جەهریق و چونە ژێردەستی سمکۆوە٠

ئەم ڕوداوە دلێری ئەوی چەند جار زیاتر کردو بەم جۆرە خۆی ئامادە بینی ئاڵای نافەرمانی هەڵ بکا، یەکێ لە هاودەستەکانی لەم کارەدا سەید تەها نەوەی شێخ عوبەیدوڵڵا بوو کە بنەماڵەکەیان لە کوردستان دا بە ناوبانگ و سەید تەها خۆیشی پیاوێکی کۆشاو کاری بوو (نوسەرانی ئیرانی ئاوەها ئامانجی نەتەوەیی کورد هەڵ ئەسەنگێنن٠

هەر کسروی خۆی، باسی مەلا و بازرگان و پیشەوەرەکانی تاران ئەگێرێتەوە کە چوونە ناو سەفارەتی بەریتانی و ئەوانی تەورێز چوونە ناو کونسولگەری بەریتانیەوە لەوێ بەست نشین بوون٠

پێشتر بەست هەر لە بارەگای پیاوە دینیە پیرۆزەکان دائەکرا٠

ئەوسەردەمە بەریتانیا گەورەترین ئیستیعماری دنیا بوو،کەچی ئەلقاب گەلی شیرین بە سەر (ئازادیخواز) و (موجاهید) نەدا کە ڕابەری ئینقلابی مەشروتە بوون دابەش ئەکا٠

هەر وەها هندێ لەو مەشروتە خوازانەی وەکو ستارخان و باقرخان کە پەنایان بردبووە بەر شابەندەرخانەی عوسمانی و ئەوانەی پەنایان بردبووە بەرخاکی عوسمانی و داوای پشتیوانی و یارمەتییان لێکردن و لە گەڵ ئۆردوی تورک دا گەڕانەوە بە موجاهید و ئازادیخواز،کەچی کوردەکان بە جەر دەدائەنێ٠

ئیرانیەکان پێوەندی و پەنابردن بۆ تورک و ئینگلیز و ڕوس و هێزەکانی بێگانە بۆ خۆیان بەڕەوا دەزانی بەڵام بۆ کورد بەکاری خراپیان لە قەڵەم ئەدا٠ سمکۆ لای وا بوو ئیران لەو کاتەدا لاوازە٠ ئەبێ کورد ئەو هەلە بقۆزێتەوە بۆ ئازادکردنی خۆی٠ کوردی جێگاکانی تریش ئەبێ یارمەتی ئەوان بدەن٠ لەو گفتوگۆیەدا کە یاملکی لە گەڵی کردوە سەبارەت بە کوردستانی تورکیاش هەر بیروڕایەکی لەو بابەتەی هەبووە. (جەنابی ئیسماعیل ئاغا! ئەمڕۆ وەکو ڕۆژگاری شێخ عوبەیدوڵڵا نیە، ئەمڕۆ ڕوداوەکانی ناو کوردستان جێی سەرنجی هەمو دەوڵەتە ئەوروپاییەکانە، لێیان ئاگادارن، تەنانەت ئەمریکای یەکگرتوش ئاگادارە، حکومەتێکی گەورەی وەکو بەریتانیا حوکمی سلێمانی و ناوچەکە دەکات و ئاگای لەهەمو بزوتنەوەیەکی کوردە٠

ئەگەر هەرشتێک ئەو لێی ڕازی نەبێت و لەگەڵ سیاسەتی دا نەگونجێت، ئەوا لە ڕوی سیاسی و سەربازی وە لە دژی دەوەستێ٠ سمکۆ لە وەڵام دا ئەڵێ. من چەندجارێک نامەم بۆ ئینگلیزەکان ناردوە و ئاگادارم کردون کە من نامەوێ دژی سیاسەتی ئەوان بم و ئیمە هەمیشە پێویستمان بە یارمەتی بەریتانیا هەیە٠ با ئەوان لایەنگری کورد بکەن، منیش ئامادەم بە پێی ئارەزۆی وان بجوڵێمەوە٠ ئیمە پێویستمان بە یارمەتی چەک و فیشەک هەیە و ئەگەر لەم  ڕوەوە فریامان نەکەون توشی کێشە و سەریەشە دەبم٠

سەید تەهام نارد بۆ بەغدا، بەڵام هیچ سود و ئەنجامێکی نەبوو٠ ئەوا من و سەیدتەها ئێوە دەکەین بە وەکیل ئەگەر حکومەتی بەریتانیا خۆێ، یاخود بە هۆی دۆستە دڵسۆزەکانی پشدەریەوە، بتوانن یارمەتی چەک و جبەخانەمان بدات، بەبێ ئەوەی بمانخاتە ژێر ڕەحمی ئەفسەرەکانیەوە، ئەوا دەتوانین وان و ئەرزڕوم سیواس و هەکاری لە تورک پاک بکەینەوە و ئەوسا دەتوانین دەرسێکی گەورە و چاکیش بەو هێزەی تورک لە ڕەواندوز و شوێنەکانی تریش بدەین٠

ئەمە پێشنیاری ئیمەیە و دەتوانین دڵنیات بکەین، کە ئیمە لەم گفتوگۆیەمان دا ڕاستین٠

ئیمە دەتوانین ئەنگۆرەش(؟) بگرین و ئەنگۆرە وا بزانم ئەنکارایە ئەگەر ئینگلیزەکان بێ دەنگ بن، لە ماوەیەکی کەم دا شاری سنەش ئازاد دەکەین٠ بۆچونی شەهید سمکۆ دەربارەی لاوازی ئیران لە جێی خۆیا بوو٠

لە لایەک ناکۆکی لە نێوان ئازادیخوازانی ئیران بەگشتی و چینی کۆنەپەرست و شا لەو پەڕی توندی دابوو، بە تایبەتی دوای بەستنی پەیمانی ئیرانی/ئینگلیزی ١٩١٩ کە لە ئەنجامی بەرتیل  وەرگرتنی وسوق ئەلدەولەی سەروەزیرو  وەزیرەکانی دەرەوە و دارایی دا، ئیرانی ئەکردە  ژێردەستەی بەریتانی٠

لە لایەکی تر ئیران، دەوڵەتی مەرکەزی ئەرتەشی بە هێزی تێدا نەمابوو، لە جەنگەڵ، خوراسان، خوزستان خەڵک هەڵگەڕابونەوە لە دەوڵەت٠

بەڵام ڕوداوێ هات بووە پێشەوە کە بوو بوو بە پشتیوانی ئێران ئەویش شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو لە ڕوسیە٠

چونکە ئەم ڕوداوە گەورەیە، سەر لە نوێ ئەهمیەتی ئێرانی لە ستراتیجی هەموو دەوڵەتە گەورەکانی دنیادا زیاد کردەوە٠

 

2013-12-19

 

 

 

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی