"an independent online kurdish website

رۆژ لە دوای رۆژ دەنگ و خواستی دواخستنی كۆنگرە لە نێو سەركردایەتی و دامەزراوە حیزبییەكانی یەكێتیدا زیاتر دەبێ و هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی وای دەبینن،puk-sekrdayeti-0

ئەگەر بەو حاڵەوە بچنە كۆنگرە لە كاتێكدا ئامادەكاریی لیژنەكان تەواو نەبووە و دیاریكردنی یەكێك بۆ سەرپەرشتیی یەكێتی لە نێوان (هێرۆ ئیبراهیم و كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح) یەكلایی نەبووەتەوە، ئەوا ئەو گرفتانە گەورەتر و ئاڵۆزتر دەبن كە كۆنگرە دەبێ چارەسەریان بكات.

 ئەو خواستە لە كاتێكدا بەرفراوانتر دەبێ، كە چەند رۆژێكە شاندێكی یەكێتی لە تاران گەڕاونەتەوە، دوای ئەوەی چەند دیدارێكیان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەبارەی كۆنگرە و كێشەكانی یەكێتی و پێكهێنانی حكومەتی نوێ كرد.

 puk-sekrdayeti

سەرکردایەتی یەکیەتی

بەستنی كۆنگرە یەكلایی نەبووەتەوە

لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی 2013ەوە ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستیپێكردووە. سەرەتا كۆمیسیۆنێكی باڵا بۆ سەرپەرشتیی كارەكان پێكهات و دواتر 12 لیژنە دروستكران كە لیژنەكان لەگەڵ تەواوی ئۆرگان و رێكخستن و مەكتەب و كۆمیتەو مەڵبەندەكان كۆبوونەوە بكەن و راپۆرتی خۆیان ئامادە بكەن. پاشان 2 لیژنەی دیكە زیادكران بەناوەكانی لیژنەی پەرلەمان و حكومەت و لیژنەی گوتاری سیاسی یەكێتی.

 نەرمین عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت بۆچوونی جیاواز لەناو یەكێتی هەیە سەبارەت بەوەی “ئایا كۆنگرە دوابخەن یان لە 31/1 بیبەستن، تەنانەت بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەش كە ئاخۆ لەناو كۆنگرەدا هەڵبژاردن بكرێ یان دوابخرێ بۆ مانگی ئەیلولی داهاتوو“.

نەرمین عوسمان كە بۆخۆی سەرۆكی لیژنەی رێكخراوە دیموكراتییەكانە، هۆكاری دواخستنی كۆنگرە دەگێڕێتەوە بۆ تەواونەبوونی ئەو راپۆرتانەی بڕیارە لیژنەكان ئامادەی بكەن و دەڵێ “لیژنەكەی ئێمەش هێشتا كارەكانی تەواو نەبووە، دوایین دەرفەتیش بۆ تەواوبوونی كاری لیژنەكان 25ی مانگە“.

 زۆربەی سەركردەكانی یەكێتی بە دوودڵییەوە دەڕواننە وادەی ئەو كۆنگرەیەی كە ناویان لێناوە كۆنگرەی هەستانەوە و هیواكانیان لەسەر هەڵچنیوە.

 ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ “ئەو ئامادەكارییە لەبەردەستی یەكێتیدا نابێ كە كۆنگرەی پێ ببەستێ، ئەگەر كۆنگرەش دوابخات، جگە لەوەی سەركردایەتی شەرعیەت لەدەستدەدات، هاوكات گرفتێكی گەورەی دیكە ئەوەیە كە جۆرێك لە بێ متمانەیی لای ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی دروست دەبێت و پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی عێراق، میدیاكانی گۆڕان و ئیسلامییەكان سواری شەپۆلەكە دەبن و دەبێتە رەخنەیەكی دیكە لەسەر یەكێتی“.

 ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، پێیوایە ئەگەر كۆنگرەش ببەسترێ لەكاتی خۆیدا “مەسەلەی هەڵبژاردنی سەركردایەتی نوێ و سەرپەرشتیاری یەكێتی كێشەیەكی دیكەیە، بەڵام دەبێ ئیرادەی زاڵبوون بەسەر كێشەكانیشدا هەبێ“.

 

سەری هەڵبژاردن دەخوات

 بۆ دواخستنی كۆنگرەكە، بەشێك لە بەرپرسی مەڵبەندەكانی یەكێتی هاتوونەتە سەرهێڵ و نامەیەكیان ئاراستەی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرە كردووە كە بەبێ پێچ و پەنا داوا دەكەن: “تكایە با كۆنگرە دوابخرێ بۆ دوای هەڵبژاردنەكان“.

 بەرپرسی یەكێك لەو مەڵبەندانەی واژووی لەسەر نامەكە كردووە، دەڵێت ئەوان دوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و پەرلەمانی عێراقیان لەپێشە و كاتی كۆنگرەكەیان زۆر خراپە “بۆیە داوامانكردووە دوابخرێ بۆ دوای هەڵبژاردنەكان و نامانەوێ بەهۆی كۆنگرەوە ئامادەكارییەكی خراپمان هەبێ بۆ هەڵبژاردنەكان كە بۆ یەكێتی چارەنووسسازن“.

 عارف روشدی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، دەڵێت راستە بۆچوونی جیاجیا هەیە لەبارەی كۆنگرەوە و هەندێك داوای دواخستنی دەكەن “ئێمەش هەموو ئەو بۆچوونە جیاوازانە وەردەگرین، بەڵام دواتر ئەنجوومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی تاوتوێی ئەو داواكاری و بۆچوونە جیاوازانە دەكەن و بڕیاری پێویست دەدەن“.

 ئەو قسانە لەكاتێكدایە كە ئەگەرێكی بەهێز هەیە كۆنگرەكە بۆ 1ی حوزەیرانی داهاتوو، واتە ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتی دوابخرێ.

 

پێشنیازەكانی تاران

 هەفتەی پێشوو شاندێكی یەكێتی چوونە تاران بۆ چەند دیدارێك و باسكردنی هەندێك تەوەری جیاواز كە بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، بەستنی كۆنگرە و شێوازی بەڕێوەبردنی یەكێتی و پێكهێنانی حكومەتی لەخۆگرتووە و نێچیرڤان بارزانیش لایەنێكی كۆبوونەوەكان بووە.

 بەپێی زانیارییەكان، شاندەكەی پارتی و یەكێتی بە تەنیا كۆبوونەوەیان هەبووە. دواتر هەریەكەیان بە تەنیا لەگەڵ ئێران كۆبوونەتەوەو پاشان هەردوولا پێكەوە لەگەڵ لایەنی ئێرانی كۆبوونەتەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا و دواتر نێچیرڤان بارزانی و هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پێكەوە كۆبوونەتەوە، ئینجا جارێكی دیكە هەردوولا پێكەوە لەگەڵ ئێران كۆبوونەتەوە.

 ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (رووداو) كەوتوون، وا دەردەخەن رێككەوتنەكە بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی بەو شێوەیە بووە كە: مام جەلال وەك سكرتێری گشتی دەمێنێتەوە و سەرپەرشتیارێك بۆ مەكتەبی سیاسی دەستنیشان دەكرێ، ئەویش د.بەرهەم ساڵحە. مەكتەبی سیاسی لە 9 ئەندام پێكدێ كە هەریەكە لەوان سەرپەرشتی فایلێك دەكات و دوو لەو نۆ كەسەش شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ و قوباد تاڵەبانین.

 هەندێ سەرچاوەی دیكە دەڵێن هەرسێ سەركردە دیارەكە: هێرۆ ئیبراهیم، كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح پێكەوە ئیدارەی یەكێتی دەكەن، بەڵام بەرهەم ساڵح سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكات.

 نازم عومەر، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، لەوبارەوە دەڵێ “كۆبوونەوەكان لەگەڵ ئێرانییەكان زۆر ئیجابی بوون و هەرسێ لایەن، واتە یەكێتی و پارتی و بەرپرسانی ئێران لە كۆبوونەوە و دانوستاندنەكە رازی بوون”. نازم عومەر رەتیدەكاتەوە كە ئێرانییەكان پێشنیازی شێوازی هاوسەرۆكییان كردبێ بۆ یەكێتی و دەڵێت “خۆ ئێستاش هەر بە سیستمی هاوسەرۆكی بەڕێوە دەبرێ، ئێرانییەكان تەنیا داوایان كرد سەركردەكان لەنێوان خۆیان پێكبێن و بێ كێشە بچنە ناو كۆنگرە و لەوێ ئەو بابەتە یەكلایی بكەنەوە“.

 ناوبراو پێیوایە كە پێویستە یەكێتی ئەو بابەتە یەكلایی بكاتەوە و بیسەلمێنێ بەبێ ئامادەبوونی مام جەلالیش كاری خۆی دەكات و كارەكانی رادەپەڕێنێ “ئێران گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی دەدات و ئەو پەیوەندییە چەند ساڵێكە دروست نەبووە تاوەكو ئەوان دەستبەرداری بن“.

 

پاساو نەماوە بۆ دواخستن

 یەكێكی دیكە لەو بابەتانەی مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە بۆ كۆنگرە، مەسەلەی هەڵبژاردنی سەركردایەتییە، ئایا یەكێتی مۆدێلی بزووتنەوەی گۆڕان دووبارە بكاتەوە و مانگی 9 هەڵبژاردنی سەركردایەتی ئەنجام بدات یان لەناو كۆنگرە یەكلایی بكاتەوە. عارف روشدی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ “لەناو كۆنگرە هەڵبژاردن دەكرێ”، بەڵام رەفعەت عەبدوڵڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندامی لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنگرە گوتی “هێشتا ئەو بابەتە هیچ قسەیەكی لەبارەوە نەكراوە“.

 رەفعەت عەبدوڵڵا لەبارەی سەرپەرشتیكردنی یەكێتی، پێیوایە كە دەبێ “لەناو كۆنگرە كەسێك دیاری بكرێ سەرپەرشتی یەكێتی بكات، بەڵام مام جەلال وەك سكرتێر بمێنێتەوە، ئەو كەسە بتوانێ بەتەواوی سەرپەرشتی یەكێتی بكات ، ئەوە لە بەرژەوەندی یەكێتییە“.

 كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی هیچ پاساوێك لەبەردەم دواخستنی نەماوە. چونكە بەپێی مادەی 18 لەپەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، پلینیۆم تاكە دەسەڵاتە بتوانێ بڕیاری دواخستنی كۆنگرە بدات بۆ 3 تاكو 6 مانگ، ئەویش بۆیەك جار دوابخرێ . پلینیۆمی قەڵاچوالان ئەوەشی كردووە و ئێستا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەگەر لە 31/1/2014 كۆنگرە نەبەسترێ، سەركردایەتی یەكێتی شەرعیەت لەدەستدەدەن.

 د.فوئاد مەعسوم، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی دەڵێ “هیچ پاساوێك نەماوە بۆ دواخستنی كۆنگرە و دەبێ كۆنگرە لەكاتی خۆی ببەسترێ”. گوتیشی “پلینیۆم بڕیاری خۆی داوە و هیچ رێگایەكی دیكە نییە جگە لەبەستنی كۆنگرەی چوارەم.

 

رووداو – سلێمانی

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی