"an independent online kurdish website

موخبیرولسەڵتەنە هێزێکی قازاخی بەفەرماندەیی سەرتیپ زەفەرولدەوڵە ناردە تەسوج و هێزێکی ژاندارمی بە فەرماندەیی مەلەک زادە ناردە سابڵاغ، هێزەکانی کورد ئەم دوو هێزەیان تەفرو تونا کرد.abdurehman_mirzayi

زەفەرولدەوڵە بۆ ئەوەی خۆی لە دیلی دەرباز بکا بە بەلەم لە گۆمی ورمێوە دەرباز بوو و مەلەک زادەش بە دیل گیرا. سمکۆ ئەفسەرەکانی پاش ماوەیەک ئازاد کرد و بە مەلەک زادەی گووت:((ئاغا بڕۆ بەم والیە بێ لیاقەتە دڵڕەقە بڵێ، شەرم بیگرێ، لەم چەند ماوەی دوایی تەمەنی دا لاوانی بڕۆمەند و تازە پێگەیشتوو نەکاتە خۆراکی لولەی تۆپ)).

لەسەر داوای هەمان والی ١٥٠٠ ژاندارم بە سەرکردایەتی لیندبیرگ گەیشتە تەورێز پاش حەسانەوە، ڕەوانەی شەرەفخانە کران. هێزێکی ٣ هەزار کەسی چریکی ئازەریش بەسەر کردایەتی ئەمیر ئەرشەد کۆ کرا بۆوە. ئەمیرئەرشەد سام خانی حاجی عەلیلو برای محەمەد حوسێن خانی زەرغام، بکوژی جەعفەرئاغای شکاک بوو.

ئیقباڵولسەلتەنەش بە سوارەکانی ماکۆوە دەبو بەشداری ئەم هێرشە بێ. لە ڕۆژی ٢١ ی کانونی دووەمی ١٩١٩ (٢٨ ئازەرمانگ ١٣٠٠ ش ٢٧ ی ڕەبیع ئەل ئەوەل ١٣٣٨) قەمەری دا لە داوێنی کێوی شکریازی لە بەینی خوی و سەلماس دا لە شوێنێکدا بە ناوی قانی دەرە (واتە دۆڵی خوێناوی) هێزەکانی ئێران و لەشکری کورد لێکیان دا. ئەم هێزە لەسەرەتا دا هەواڵی سەرکەوتنی خۆی و شکانی کوردی بڵاو کردەوە. بەڵام ئەمیر ئەرشەد کە لە بەرزاییەکانی شکریازیەوە سەرکردایەتی شەڕەکەی دەکرد کوژرا. هێزەکەی پەرەوازە بوو و لاشەی خۆشی لە مەیدانی شەڕدا بە جێ ما.

ئەم هێرشە لە بەر خراپی پلانەکەی و ناڕێکوپێکی هێزەکەو لێ نەهاتویی سەرکردەکانی تێک شکا. بەڵام ئەمە سەرەتای دەست پێ کردنی لەشکرکێشییە گەورەکانی حکومەتی ئیران بوو، لەسەرەتادا بۆ ڕێگری لە تەنینەوەی شۆڕشی کورد و ئینجا تەسک کردنەوەی ناوچەکانی و سەرەنجام لە ناوبردنی یەکجاری.

دوژمن و ناحەزەکانی سمکۆ و بزوتنەوەی کورد پڕوپاگەندەی زۆریان دەکرد دژ بە سمکۆ و بزوتنەوەکەی، بگرە بۆ زڕاندنی ناوی کورد و شکاندنی ناوبانگی بزوتنەوەکەی و بەدناو کردنی سمکۆ زۆریان ناو و ناتۆرە وەدوادا تاڕادەیەک کە ئێرانییەکان ئێستاش سمکۆ و بزوتنەوەکەی بە تاڵانچی دەزانن.

بەداخەوە هێندێک کوردی ساویلکەش باوەڕیان بە پڕوپاگەندەی ئێرانیەکان کردووە و ئێستاش لێرەولەوێ بەر گوێمان دەکەوێت.

لەوگفتوگۆیەدا کە مستەفا پاشا لەگەڵ سمکۆیی کردووە، سمکۆ زۆربەی تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە. دەربارەی کوشتنی مارشیمۆن، را و ڕوتی هێزەکانی، ڕەفتاری ڕەق بەرامبەر دوژمن دواوە. هێندێک نموونە لێرەدا دێنینەوە:

((پرسیار: هۆی کوشتنی ئەو٨٠٠ دیلە فارسەی کە لە سێپتەمبەری ساڵی ڕابردودا گیرابون چی بو؟

وڵام: ئەوانە وەختی خۆی لە شەڕی ورمێ دا گیرا بون، جگە لەوەی کوردێکی زۆریان چ لە هێزەکەی ئێمە و چ کوردی بێ دیفاع شەهید کرد زۆر ماڵی کوردیشیان تاڵان کرد. هیچ خراپەیەکمان لەگەڵ نەکردن، بەڵکو جل و پارەمان دانێ بەو مەرجەی ئیترشەڕی کورد نەکەن و نەچنەوە پاڵ ئیران، بەرەڵامان کردن. ئەوانە بۆ جاری دووهەم بوو زۆربەیان لە شەڕ گیرابون، بەڵام ئێمە هەردوجارەکە ئازادمان کردن. هەربۆیە دیسان سێهەم جارهاتنەوە لەگەڵ سوپای ئێران بۆ کوشتن و تاڵان کردنی کورد، بۆیە ئەم جارە لێیان خۆش نەبوین و تۆڵەمان لێ کردنەوە.))

((پرسیار: کەواتە ئێوە دەڵێن، بەتەواوی بۆ نیشتیمان هەوڵ دەدەن، وانییە؟ بەڵام ئەی بۆچی کە سابڵاغتان گرت، دوکانەکانیان تاڵان کران و هێندێکیشیان کوژران، لە ناو ئەوانەدا قازی لەتیف کە پیاوێکی ناسراوو ڕێز لێگیراو بو؟ ئایا ئەوجۆرە ڕوداوانە ئێرانییەکان دڵ خۆش ناکا و بە سودی ئەوان نابێ؟ وەکو بیستم ماڵی حاجی ئیلخانی سەرۆکی ناسراوی دیبۆکری تاڵان کراوە، لەبەر ئەوە هیچ دورنییە کە بەشێک لە مەنگوڕو بەگزادەی گەورک و ناوچەی سەقز دژی تۆ یەک بگرن

وڵام: پێش ئەوەی وڵامت بدەمەوە من داوا لە جەنابت و هەموو کەس دەکەم ناوی یەک کەس چ فەرماندە چ چەکداری ئاسایی کە لە هێزی ئێمە دا بووبێ و تاڵانی کردبێ، بمان دەنێ، تاوەکو بیکەین بە عیبرەت بۆ هەمو ئەو کەسانەی کە بە ناوی شۆڕشگێربوون مالی خەڵک تاڵان دەکەن یان خەڵکی بێ تاوان دەکوژن.

وەختێک ڕومان کردە سابڵاغ، ناردمان بەشوێن هەموو سەرکردەکان دا، بەڵام نەهاتن. هیچ نوێنەرێکی سەقز یا نێردراوێکی نەهات، ئێرانییەکانیش لە ناو شاردا شەڕیان دەکرد، شەڕەکە دوو ڕۆژ درێژەی کێشا، ئەوەبوە لە ئەنجام دا ناوشارگیراو هەندێک کەس کوژران شکاکیشی تێدا بووە، لەوشەڕە دا دانیشتوانی شارو عەشایەر تێکەڵ بون و تێکڕژان و ڕەشاش و تۆپیشی تێدا بەکارهات. لە حاڵەتێکی وادا، ناتوانی ڕێگا لە ڕوداوی نەخوازراو بگری. ئەگەرچی تاڵانچییەکانی هێزی ئێرانی تاڵانێکی زۆریان کرد، بەڵام بەداخەوە ڕاگەیاندنی ئێرانی و هەندێک کوردی چڵکاوخۆرێش بەسەر ئێمەیان دا شکاندەوە)).

ئەم پرسیار و وڵامە لە بابەتی داهاتوودا بەردەوامە.

 

سەرچاوەکان:

میستەرپاکارد سەرۆکی میسیۆنی ئامریکا لە ورمێ

بەڵگە نامەکانی بەریتانیا

کتێبی کوردو عەجەم لە نوسینی بەرێز نەوشیروان مستەفا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی