"an independent online kurdish website

كێشه‌ی چه‌سپاندنی مافه‌ سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له یاسای بنچینه‌یی وڵاتی عیڕاق دا، كارێكی هه‌روا ساكار و بێ كێشه و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه نییه و نابێت.1620048_609958779057140_680336237_n

 به باوه‌ڕی من سه‌ر‌چاوه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م گرفته له‌‌وه‌ڕا سه‌ڕچاوه ناگرێت كه داخواز و داواكارییه‌كانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی كورد داخواز گه‌لێكی ناڕوون و ئاڵوز بێت به‌ڵكو لایه‌نی سه‌ره‌كی كێشه‌‌كه له لاواز بوونی بنه‌ما دێمۆكراتیك و جیهان په‌سه‌نده‌كان دایه، به چه‌شنێك كه سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌كا‌‌نی گۆڕه‌پانی عێڕاق، به درێژایی مێژووی ده‌سه‌ڵات داریه‌تیان، شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی خۆیان، له ئیراده‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی نێو ئه‌و جوغرافیا سیاسییه وه‌رنه‌گرتووه كه به عێڕاق ناسراوه. ده‌م هه‌وێت بێژم كه مێژووی ده‌سه‌لاته‌كه به بیر هێنه‌ره‌وه‌ی داپلۆسین، كوشتار، پێشێل كردنی ئازادی، پشت گوێ خستنی مافه‌كانی مرۆڤ و سه‌ركوتی خوێناوی هه‌رچه‌شنه بژاڤێكی دێمۆكراتیك، دادپه‌روه‌رو دادخواز بووه .

 به‌ داخه‌وه پێكهاته‌ی ئێستای ئه‌و لایه‌نه‌‌، یان لایه‌نانه‌ی كه شاندی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی كورد له گه‌لیان دا له دیالۆگ و باس و خواست و بیروڕا گۆڕینه‌وه دایه، ژێربه‌نای بیرۆكه‌ و تێڕوانیین و جیهان بینی و ئه‌و میكانیزمانه كه خوازیاره ژیانی سیاسیی، ئابوری، كۆمه‌لایه‌تی كۆمه‌لگای عێراقی پێ رێك بخات، به‌رهه‌می ئه‌م مێژووه‌یه كه به كورتی باسم لێوه‌ كرد و ئه‌وه‌وانه‌ش كه وا بیر ناكه‌نه‌وه و له ئێمه نزیكن به داخه‌وه ده‌ورێكی ئه‌وتۆیان له گه‌مه‌كه‌دا نییه و هه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌رك و به‌رپرسیاری كوردانی چه‌ند قات كردوه.

 

 به له به‌رچاو گرتنی ئه‌و ڕاستیی‌یانه و دژوار بوونی دۆخه‌كه و پێكهاته‌ی هێزه سیاسییه‌كان، كه ته‌نانه‌ت، “لایه‌نی وایه دژایه‌تی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حیزبی به‌عس ده‌كات،”هه‌ر چه‌ند هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه…” وا بیر ده‌كه‌مه‌وه كه وه‌ڤدی كوردی له به‌غدا باش چۆته پێش و له چه‌سپانی داخوازه سیاسییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان دا له یاسای بنه‌ڕه‌تی وڵاتی عێراق دا سه‌ركه‌وتوو بووه و بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌م ئه‌ركه رێگاێكی سه‌خت و دژواری پێواوه‌ و ده‌پێوێت.

له ڕوانگه‌ی منه‌وه، یه‌كێك له گه‌وره‌تریین سه‌ركه‌وتنه‌كان بۆ لایه‌نی كوردی له به‌غداد هێشتنه‌وه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به پێناسه‌‌ی مێژوویی خۆیه‌‌تی. ئه‌وه كه ئێستا لایه‌نی كوردی‌ له هاوكێشه‌ جۆراوجۆره‌كانی عێراق دا خاوه‌نی قورسایی و جێگه و پێگه‌ی خۆیه‌تی، به‌‌ر له هه‌ر شت به‌رهه‌می خه‌باتی رۆژه سه‌خته‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌یه، مل نه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م هێزه ببێته به‌شێك له سوپای عێڕاق سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه.

 چونكا ئه‌م هێزه نابێته هێزێكی موچه خۆری ده‌‌وڵه‌ت كه له ئاست روداوو گۆرانكارییه‌كان دا بێ ده‌روه‌ست بێت، به‌ڵكو وه‌كوو پێشوو هه‌سته نه‌ته‌وه‌یی و كوردانه‌كه‌ی تێدا ده‌پارێزرێت و ئه‌م بابه‌ته‌ش بۆ ئێمه‌ی كورد له ئێستا و داهاتوو دا، له گرێچنی دانیشتن و بیروڕاگۆرینه‌وه‌كان دا بایه‌خی تایبه‌تی خۆی هه‌یه.

 فیدڕالیزه كردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی لانی كه‌م له یه‌ك ده‌ییه‌ی داهاتووی عێڕاق دا پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به بوونی هێز و چونیه‌تی به‌هێز بوون و ئاستی لێهاتوویی و توانای رووبه‌رووبونه‌وه‌ی هێزه‌وه هه‌یه.

. ئه‌م هێزه له ڕوانگه‌ی منه‌وه هێزی هزر و دیالۆگ نیه، به‌لكو ئاستی توانایی هێزه‌كانه كه جێگه و پێگه‌ی ئێمه به روونی دیاری ده‌كات. ئه‌م راستییه كاتێك به باشی خۆی ده‌رده‌خات كه ئێمه له و ڕاستییه بگه‌ین كه لایه‌نی زاڵ له عێراقی ئێستا دا، به‌ره‌ی دێمۆكراتیك و هێزی عه‌قلگه‌را نیه. به‌ره‌ێك كه له ژێر ناوی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق و كۆمه‌ڵه چه‌مكێكی له‌م با‌‌به‌ته‌، به‌رده‌وام سه‌رقالی به‌هێز كردنی خۆیه‌تی و لەسەر ئەم رەوتەش بەردەوام دەبێ.ناخوازم كه به چاویلكه‌ی ڕه‌شه‌وه بۆ هه‌موو دیارده‌كان بڕوانم

 ئه‌وه‌ی تاكوو ئێستا به‌دی هاتووه ئه‌گه‌ر له لاێك به‌رهه‌می یه‌كگرتوویی و هاو هه‌لوێستی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی گه‌لی كورد بووه، ئه‌وا لایه‌نێكی دیكه‌ی ئه‌م بابه‌ته ژیری و ئه‌زمونی سیاسی رێبه‌رایه‌تی كورد له باشوری كوردستانه

 ئاشكرایه كه گه‌لی كورد و رێبه‌رییه وشیاره‌‌كه‌ی ده‌بێت له‌مه‌و لا به پێ داگرتنی پتر له سه‌ر جیاوازییه‌كانی ئێمه وه‌كوو نه‌ته‌وه‌ێك كه له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆی دابه‌ش و پارچه پارچه كراوه، له بردنه سه‌ری ئاستی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی ڕۆلێكی چڕتر و فره ڕه‌هه‌ندتر بله‌‌یزێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته نابێت ته‌نها پشت به پشتیوانی لایه‌نێك ببه‌ستین، ئه‌زمونی پێك هاتن و شكڵگیری ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ك له‌ دوایه‌كه‌كانی عێراق و پشتیوانی هێزه ده‌ره‌كییه‌كان له دامه‌زراندن و سه‌قامگیر كردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نادێمۆكراتیكانه پێمان ده‌ڵێت كه ده‌بێت ئاشكراتر داخوازیه‌كانمان بێنینه گۆڕێ و هه‌موو نیگاكان بۆ یه‌ك په‌نجه‌ره چڕ نه‌كه‌ینه‌وه

 نووسینی داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد له ده‌ستوور دا شتێكی باشه، به‌ڵام گرینگه كه ئه‌و ڕاستییه بزانیین كاتێك ئه‌م گرینگیه به ته‌واوه‌تی خێر ده‌داته‌وه كه ئه‌م داخوازیانه ببێته داخوازی زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی عێراق، به چه‌شنێك كه وه‌رچه‌رخانه سیاسیه‌كان وه‌رچه‌رخانی دێمۆكراتیك بن، نه‌ك له دایك بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته ترسناكه‌‌كان .

 بۆ نزیك بوونه‌وه له‌م حاڵه‌تانه كار كردنی پتر بۆ جێخستنی عه‌قلی دیالۆگ ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئێمه‌یه، چوونكا له‌م به‌ستێنه‌دا ئێمه ده‌توانیین رێگای هه‌نگاوه سه‌ره‌كی‌یه‌كان له بارتر بكه‌یین به چه‌شنێك كه دونیا ئاستی هه‌ڵسورانی ئێمه باشتر ببینێت، بۆ به‌دی هێنانی ئه‌م مه‌به‌سته یه‌ك خستنی زۆربه‌‌ی تواناكان و رۆڵ به‌خشینی پتر به به‌رێوه‌به‌رانی رفراندۆم به‌گشتی و جه‌ماوه‌ری كورد به تایبه‌تی سه‌ره‌كی‌تریین لایه‌نی پێویسته كه نابێت پشت گوێ بخرێت

تێبینی:

 ئه‌م بابه‌ته له ژوماره‌ ٥٥٢ی گۆڤاری گولان دا له شاری هه‌ولێر له رێكه‌وتی ١ی مانگی ٩ی ٢٠٠٥ی زایینی دا بڵاو كراوه‌ته‌وه. پێشتر داوا له من كرابوو بیروڕای خۆم سه‌باره‌ت به یاسای بنچینه‌‌ی وڵاتی عێراقی فیدرال، دەرببرم.

 ئه‌م وتاره‌ پوخته‌ی تێروانیین و لێكدانه‌وه‌ی ئەو کاتی منە لە بارەی دەستوور...

 ره‌حیم ره‌شیدی ـ سوئێد

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی