"an independent online kurdish website

وتووێژێک لەگەڵ زیندانی سیاسی کورد “محەممەد نەزەری” خەڵکی بۆکان کە ٢٠ ساڵە لە بەندیخانەدایە و تا ئێستاش مەرەخەسی پێ نەدراوە .muhammed_nezeri10

محەممەد نەزەری تەمەن ٤٢ ساڵ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حەپسی هەتا هەتایی بۆ براوەتەوە و لە ئێستادا لە بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ی بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەجە. ناوبراو لەسەرەتادا حوکمی لە سێدارەدانی بۆ برایەوە و پاش ٥ ساڵ و بە دوایی ئەوەی پێداچوونەوە بە دۆسیەکەی کرا ، حوکمەکەی لە ئێعدامەوە بۆ هەتا هەتایی گۆڕدرا .

ئەوەی خوارەوە دەقی وتووێژەکە کە رۆژنامەوان ” مەسیح عەلی نژاد” پێکی هێناوە .

ئێوە لە چ ساڵێک و لە سەردەمی کام یەک لە سەڕۆکەکانی دەزگای دادوەری دا دەستبەسەر کراون ؟

لە ماڵی خوشکم و لە شاری بۆکان بە تۆمەتی هاوکاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  دەستگیر کرام . دادوەرەکەم ئاغای ” جلیلی زادە” بوو کە لە شانۆیەکی دادوەری دا و بە بێ ئەوەی مافی ئەوەم پێبات تا پارێزەرم هەبێ ، حوکمی ئێعدامی بۆ بریمەوە .

لە ماوەی ئەم ١٩ ساڵ و هەشت مانگەدا لە کام بەندیخانانە بووی؟

لەسەرەتادا بۆ ماوی ٩ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعات بووم و دواتر بۆ بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج گوازرامەوە .

لەو ماوەیەدا کەس و کارت دەهاتنە سەردانت ؟

دایکم دەهاتە سەردانم ، بەڵام ساڵی ١٣٩٠ کۆچی دوایی کرد کە بەداخەوە پاش سالێک پێم زانی . دوایی جار کە دایکم بینی ، بەدەست بەرزی پەستانی خوێنەوە ئازاری هەبوو و بەسەرنجدان بەوەی کە باری تەندروستی باش نەبوو و تەمەنیش لەسەرێ بوو ، من زۆر نیگەرانی دایکم بووم و هەر بەو هۆیەش کۆچی دوایی کرد . خوشک و براکەشم دەهاتنە سەردانم بەڵام لە ماوەی چەند مانگی پێشوودا کە رەفتاری هێندێک لە بەرپرسانی سەردانی بەندیخانە کە بە هۆی مانگرتنی منەوە لەگەڵیان خراب ببوو، ئیتر ئیزنیان پێ نەدانەوە بێنە سەردانم .

بیستوومە بۆ ئەوەی بەرپرسان گوێت لێ بگرن ، مانتان گرتووە و لێوەکانی خۆتان درووەتەوە ، دەکرێ بڵێن هۆکارەکەی چی بوو و بە شوێن چ خواستێکەوە بوون ؟

لەو ماوەیەدا تەنیا کەسێک کە بە شوێن پەروەندەکەمەوە بوو، دایکم و خوشکم بوون . ئەوان هەرکات دەچوونە ناوەندەکانی دادوەری، پێیان دەگوتن کە داوای بەخشینمان بۆ کورەکەتان کردووە و  چاورێ بن ، بەڵام  دواجار بە بنەماڵەکەمیان گوتبوو کە کورەکەتان لە سێدارە  ئەدرێ و ئێوەش چیتر بە شوێن بەخشین و ئازادی ئەوەوە  مەبن.  بۆ مرۆڤێک هیچ شتێک ناخۆشتر لە بێ هیوایی نییە و بەرپرسانیش بەو قسەیە هەموو هیوا و ئاواتەکانی دایکمیان بە با دا و بوونە هۆی مەرگی دایکم کە من هەرگیز لێیان خۆش نابنم .

دووەمین بابەت کە بووە هۆی مانگرتنی من ، گیان لەدەستدانی دوو کەس لە هاوبەندییەکانم دوای ٢٠ و ٢٢ ساڵ حەبس لە زیندان بوو و ئەوەش بۆ من روون بووەوە کە بەرپرسان هیچ جورە بەرنامەیەکیان بۆ ئازادی من نییە ،کەواتە من لە ڕێکەوتی حەوتی خرمانانی ٩١ دەستم بە یەکەم مانگرتنی خۆم کرد و لە ڕێکەوتی ٢٥ی رەزبەری ئەو ساڵە کۆتاییم پێ هێنا . جاری دووهەم بۆ پشتیوانی لە بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدام هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێکیتر لە هاوبەندییەکانم دەستمان دایە مانگرتن .

ئێمە بیستوومانە کە ئێوە بە مەبەستی دەربرینی نارزایەتی دژ بە ناروونی چارەنووستان لە بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج ، لێوەکانی خۆتان دوریوەتەوە. دەکرێ خۆتان لەو بارەوە روونکردنەوە بدەن؟

بەڵێ ، پاش ئەوەی لەو بارەوە بریاری کۆتایی خۆم دا، لەسەر پێشنیاری هاورێکانم  بۆ ئەوەی لە کاتی دروونەوەی لێوەکانم هەست بە ئازار نەکەم ، بە حەبی سڕکەر دەوروبەری لێوەکانم سڕ کرد و دواتر ئەوانم بەیەکەوە دروویەوە . لەبەر ئەوەی پەتەکە لە نایڵۆن بوو  و نەدەپچڕا ، هێندێک جار لەگەڵ باوێشک دان و کۆکە دا ، سووچی لێوەکانم ئەدڕا و و ئەوەش ناچاری دەکردم سەرلەنوێ بیاندروومەوە .

ماوەی چەند رۆژ لێوەکانت بە درواوی هێشتەوە ؟

٤٩ رۆژ .

هەڵوێستی بەرپرسان لەگەڵ ئەو کارەی تۆدا چی بوو؟

بەرپرسانی دادوەری بە نوێنەرایەتی ئاغای ” خدابخش” تەنیا قەولی سەر خرمانیان ئەدا .

هەڵوێستی هاوبەندییەکانت چۆن بوو؟ کاتێک تۆیان ئەدی ، چییان دەگوت؟

هاوبەندییەکانم لە دەورانی مانگرتنی من لە خواردن و دوورینەوەی لیوەکانم ، بە هەموو توانایانەوە پشتیوانیان لێ دەکردم و من داییم خۆم بە قەرزداریان دەزانم ، پشتیوانی ئەوان هێز و دڵ گەرمییان پێ ئەبەخشیم .

ماوەی ٢٠ ساڵ لە بەندیخانە ، رۆژەکانت بە چ شێوەیەک تێ پەڕاند ؟

رۆژەکانی بەندیخانە بە زۆری وەک یەک وابوون و زۆر بە کەمی وابوو کە لە لەگەڵ یەکتریدا جیاوازیان هەبێ . لە بەندیخانە زۆرجار خەریکی خوێندنەوەین و یان سەیری تەلەفزیۆن دکەین .

لە بەندیخانە شتێک بوونی هەیە کە شادتان بکات ؟

بۆ کەسێک کە ساڵانێکی زۆری تەمەنی لە نێو بەندیخانە بەسەر بردبێ ، هیچ شتێک باشتر لەوە نییە کە ئازادی بەندکراوانی تر ببینێ . منیش بەدەر لەو نەریتە نیم و بە ئازاد بوونی هاوبەندییەکانم خۆشحاڵ دەبم . لە گرتووخانەدا هەواڵی مردنی  “محممەد مینایی” واتە ئەو کەسەی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکردم ، شادمانی کردم .

.

تاڵترین رۆژەکانت لە بەندیخانە کامانە بوون؟

تاڵترین رۆژەکانم لە بەندیخانە بیستنی لەسێ دارەدانی دەیان کەس لە هاوبەندییەکانم و هەروەها هەواڵی کۆچی دوایی دایکم بوو .

لەو ماوەیەدا لەگەڵ چەند کەس لە بەندیخانە ئاشنایەتیت پەیا کردووە کە دواتر لە سێ دارە دراون ؟

 لەو ماوە درێژەی بەندیخانەدا  لەوانەیە زیاتر لە ٥٠ کەسم ناسیبێ کە سەرجەمیان لە سێدارە دراون . لێرەدا تەنیا ئاماژە بە ناوی چەند هاورێیەکم دەکەم .” خالید شەوقی” ،” حەمزە قادری”،” ئەنوەر جەوانمەردی” ،” سەلیم سابیرنیا” ،” جەلیل زیویەی” و هاورێکانیترم کە یاد و بیرەوەریان بۆ هەتا هەتایە لە نێو دڵم دا  بە زیندوویی دەمێنێتەوە .  

زیندانی مەحکووم  بە ئێعدام چ دۆخێکی لە نێو زیندان هەیە ؟

لە سێدارەدان لە پێناو  بیرو باوەردا گەورەترین شانازی بۆ بەندکراوێکی سیاسییە ، لەهەمان کاتیشدا هەرگیز مرۆڤێک ناتوانێ بانگەشەی ئەوە بکات کە لە مردن ناترسێ .

بۆ خۆتان چ هەستێکتان بۆ ئێعدام هەیە ؟

من بۆ خۆم نزیک بە ٥ ساڵ حوکمی ئێعدامم بووە و تا ساڵی ٧٦ی هەتاویش هەر حەوتوویەک شاهیدی ئێعدامی هاوڕێکانم بووم .هەر بەو هۆیەش هەموو جارێک وامدەزانی کە ئەم حەوتووە نۆبەی منە و ئەوەش ئازاری ئەدام .

چ هەستێکت بۆ بڵیندگۆکانی بەندیخانە هەیە ؟ هەرگیز چاوەڕێی ئەوە دەکەی کە ناوی ئێوە بۆ ئازاد کردن بخوێننەوە؟

لەبەر ئەوەی کە لە ماوەی ئەو ساڵەنەدا بەڵێنی زۆرم بە دڕۆ لە بەرپرسان لە پەیوەندی بە لێبوردن و ئازادیم  بیستووە ، لەوانەیە پاش گوێبیستی ناوی خۆم لە بڵیندگۆکانیشەوە بۆ ئازاد بوونم، دیسانەوە بڕوا نەکەم کە دەیان هەوێ ئازادم بکەن . بەو هۆکارەش و هەروەک بەندکراوان دەڵێن ، حەپسی بڵیندگۆکان ناکێشم .

لە دەرەوەی زیندان پتر بیری چ شتێک و یان چ کەسانێکتان  زیاتر لە هەموان کردووە ؟

کاتێک لە دەرەوەی بەندیخانە بووم، چ شتێکم بۆ لە دەستدان نەبوو تا ئێستا دڵتەنگی ئەو بم . لەپەیوەندی بە دڵ تەنگی کەسێکەوە پیویستە بڵێم کە سەردەمانێک دڵ خۆشی من دایکم بوو کە دوای کۆچی ئەویش بۆ هیچ کەسێکیتر هەست بە دڵتەنگی ناکەم  ، چونکی لەو ماوەیەدا هەموو کەس و کارم بە هۆی ئەو تۆمەتانەی لێم دراون ، پەراوێزیان خستم .

ئێوە چەند بەهارە لە بەندیخانەدان ، دەتوانم بپەرسم خرابترین وەرز لە بەندیخانەدا ، چ وەرزێکە ؟

بە بەهاری ١٣٩٣ەوە  ، من ٢٠ بەهارە لە بەندیخانەدام . بەڵام بۆ بەندکراوێک کە حەپسی درێژخایەنی هەیە ، هیچ وەرزێک باش نییە ، چونکی کاتێک من لە هیچ بەهارێکدا ئازاد نیم و نواتنم رووانی گیاکان و گەڵاکان و درکردنی چڕۆی درختەکان ببینم ، کاتێک لە هاوین و پاییزدا ناتوانم جوانی سروشت ببینم ، بۆ من هەموو وەرزەکان خرابن .

لە بەندیخانەدا چڵۆن هیواکانتان زیندوو ڕادەگرن؟  ئایا لەو بڕوایەدان کە لە دەرەوەی بەندیخانە شتێک لە دەستی خەڵک بێت ؟

ئەوەی کە بەسەر هەستی ترسی من لە دۆخی مەترسیداری بەندیخانە دا زاڵە و هیوام پێ دەبەخشێ ، هەستی رق و بێزاریم لە سەرانی حکوومەتە . من هەرگیز بیری ئەوەم نەدەکرد کە ئازاد ناکرێم و لەگەڵ ئەوەی کە حەپسی هەتاهەتاییشم هەبوو ، لە پشت تەلبەندەکانی بەندیخانەوە گیان لەدەست ئەدەم بەڵام تەنانەت بیر لێکردنەوەشی ئازارم ئەدات  . من داییم قەردزاری مێهرەبانییەکانی دایکم بووم و دەشبم . کاتێک ملاقاتم هەبوو، لە دایکمم دەبیست کە هێندێک لە هاوسێکان هەرچەند منیان نەدیتبوو،  بەو حاڵەش هیوای سەرکەوتن و ئازاد بوونیان بۆ دەخواستم ، بە بیستنی ئەو وشانە هەستم بە سەربەرزی و خۆشحاڵی دەکرد .

گەورەترین هیوای ئێوە چییە ؟

هەردەم هیوام ئەوە بوو کە ژیان دەرفەتێکی زیاتری پێدابام تا پتر خزمەتی گەلەکەم بکەم و ئەوەش تەنیا ئامانجی من بۆ هەڵبژاردنی ریزکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو. ئێستاش تەنیا هیوایەک کە هەمە ، بوونی حکوومەتێکە لە ئێران کە بۆ خەڵکی ئێران وەک مەسیحی ، یەهوودی ، زەردەشتی ، سوننی و بەهایی رێز قاییل بێ ، مافی ئەوان بە فەرمی بناسێ و ناوی ئێران و ئێرانی لە جیهاندا بەرز ڕابگرێ .

 

ئایا لە ماوەی ساڵانی حەبس دا بەشداری هەڵبژاردنەکانتان کردووە؟

لەگەڵ ئەوەشدا کە من لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر گەورە بووم و ئەندامی بنەماڵە شەهیدم ، لە ساڵەکانی پێش بەندیخانەدا وەک ئەرکی شەرعی خۆم هەموو جارێک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداریم دەکرد ، دوای ساڵی ٧٣ کە کەوتمە بەندیخانەوە و لەگەڵ ئەوەی کە لێرەش هەلبژاردن دەکرێ و کارتی پێناسەشم پێ بوو ، لە هیچ هەڵبژاردنێکدا بەشداریم نەکردووە .

هیچ کاتێک ئاواتی ئەوەت بووە کە لە نزیکەوە چاوت بە ئەندام پەرلەمانێک یان سەرۆک کۆمار بکەوێ ؟

بەسەرنجدان بەو شتانەی کە بەر لە بەندیخانە بیستبوومن ، ئاواتی بینینی تاڵەقانی و رەجاییم  دەکرد .

ئێوە کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە بەندیخانە دان ، چ لە ئیترنێت و فەیسبۆک دەزانن؟ کاتێک کەوتییە بەندیخانەوە ، ئەم تۆرە کۆمەڵایەتیانە لە ئێراندا بوونیان نەبوو و ئێستا ئێوە لەم بارەوە چ زانیارییەکتان هەیە؟

وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە گەڵێک قورسە. وەک ئەوە وایە لە کەسێکی ئەسحابی کەهف کە تازە لە ئەشکەوت هاتۆتەدەر  ناوی ماشینی لێ پرسی  ، لە کاتێک دا تەنانەت تەلەفوون دەستیشم  نەبینیەوە و هەموو زانیارییەکانی من لە ئینترنێت تەنیا ئەو شتانەن کە لە خەڵکەوە بیستوومن .

 یەکەم جار لە بارەی ئینترنێتەوە لە کێت بیست؟

یەکەم جار ناوی ئیترنێتم لە کەسێکی موهەندیس لە بەندیخانە دا بیست .

چ پەیامێک و قسەیەکتان بۆ ئەو کەسانەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی ئینترنێتی کە لەوانەیە گوێبیسی قسەکانی ئێوە بن، هەیە ؟

بەداخەوە لەگەڵ ئەوەش کە سایت و ڕاگەیاندنەکان و هەواڵدەری بەر بڵاو لە جیهان دا هەیە ، هێندێک لە رۆژنامەوانان و سایتەکان لە راستایەک و بازنەیەکدا دەخولێنەوە و بانگەشە بۆ حیزبێک و تاقمێکی دیار دەکەن . من تکا لە هەموو ئەوانە دەکەم کە گۆڕەپانی هەواڵدەری خۆیان بەربڵاوتر کەن  و دەنگی کەسانێکی وەک من ببیستن کە نزیک بە ٢٠ ساڵە لە بەندیخانە دا ڕاگیراوم و دەنگم بە گوێی کەس ناگات .

      iranwire  سەرچاوە  : 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی