"an independent online kurdish website

25 ساڵ دوای دەركردنی فتوای كوشتنی سەلمان روشدی

چارەكە سەدەیەك لەدەركردنی فتوای كوشتنی سەلمان روشدی نووسەری بەریتانی بە ڕەگەز هیندی لەلایەن ئایەتوڵا خومەینییەوە تێپەڕ دەبێت.salman_rushdi

14 فێوریەی 1989 بوو كە رێبەری ئەوكاتی كۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە “موسڵمانانی غەیوری” سەرانسەری جیهان كرد، لەهەر كوێ نووسەری كتێبی “ئایاتی شەیتانی”و “بڵاوكەرەوەكانی شارەزا بەنێوەڕۆكی ئەو كتێبە”یان بینی، دەستبەجێ ئیعدامیان بكەن.

كتێبە جەنجاڵییەكەی سەلمان روشدی لەیەكەم رۆژەكانی وەرزی پایزی 1367 بڵاو كرایەوە. سەرەتا لەنێو موسڵمانانی‌ نیشتەجێی بریتانیا بەهۆی شارەزاییان بەزمانی ئینگلیزی ناڕەزایەتی نایەوە، دواتر شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان گەیشتە وڵاتانی پاكستان و هیند و بەنگلادش، ئەمە لەكاتێكدا بوو تا ئەم كاتانە لەئێراندا دژ كردەوەیەكی ئەوتۆی بەدواوە نەبوو. ئەو خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتییانە لەو وڵاتانەدا، رێبەرانی ئێرانی وە جووڵە خست.

دەوڵەتی هیندیش مانگێك دوای چاپبوونی، بڵاوكردنەوەی نوسخەی ئینگلیزی كتێبەكەو هەر جۆرە وەرگێڕانێكی “ئایاتی شەیتانی” قەدەغە كرد، ئەم قەدەغەكردنە هەندێك وڵاتی دیكەی وەك بەنگلادش، سریلانكا، سودان، ئافریقای باشوور، پاكستانیشی گرتەوە.

حوكمی رێبەری “كەمینەی شیعە” بۆ زۆرینەی موسڵمانانی جیهان

ئایەتوڵا خومەینی كە تا ئەوكات‌ چارەكە سەدەیەك دەبوو، وەك مەرجەعێكی شیعە دەهاتە ئەژمار، پێشتر دەربارەی كۆمەڵێك نووسینی هاوشێوە، كە بەفارسی و زمانەكانی دیكە بڵاو كرابوونەوە، تەنانەت بۆ یەك جاریش بەو شێوە توندە هەڵوێستێكی لە خۆ نەنواندبوو. لەلایەكی دیكەوە دەركردنی وەها حوكمێك بەڕای زۆر لەزانایانی جیهانی ئیسلام هیچ پاساوێكی شەرعی نەبوو، بۆ وێنە شێخی مزگەوتی ئەزهەر كە لەبەناوبانگترین مەراجعی فقهی جیهانی ئیسلامە، ئەم فتوایەی رێبەری ئێرانی بە “خیلافی شەرع” وەسف كرد.

هەروەها ئێستاشی لەگەڵدا بێ لەیاسای جەزایی كۆماری ئیسلامیدا دەركردنی حوكمی ئیعدام لەلایەن “ولی فقیه”ەوە، هیچ پێگەیەكی نییە، تەنانەت دواتر ئایەتوڵا خومەینی سەبارەت بەئیعدامی زیندانیانی سیاسی لەساڵی1367، پێی وا بوو كە دەبێ رێوشوێنی دادگایی لەبەرچاو بگیردرێت، ئەگەر بەڕواڵەتیش بێت.

سەلمان روشدی پێش ئایاتی شەیتانی، چوار كتێبی دیكەی چاپ و بڵاو كردبووەوە، كە دووهەمینیان واتە “منداڵانی نیوەشەو” ئەویان كردبووە یەكێك لەبەناوبانگترین رۆماننووسەكانی جیهان. ئەم كتێبە ساڵی دوای چاپكرانی لەلایەن مەهدی سەحابیەوە وەرگێڕدرایە‌ سەر زمانی فارسی و لەساڵی 1364 خەڵاتی وەرگێڕانی ساڵی پێ بەخشراو خەڵاتەكەش لەلایەن ئایەتوڵا خامەنەیی سەرۆك كۆماری ئەوكات و رێبەری ئێستای ئێران، درایە وەرگێڕەكەی. ” شەرم” رۆمانێكی دیكەی سەلمان روشدی بوو، كە وەرگێڕانە فارسیەكەی لەلایەن ئێرانییەكانەوە پێشوازییەكی گەرمی لێكرا.

پارێزی دەوڵەت و پشتگوێخستنی فەرمانەكەی ئایەتوڵا خومەینی

فتوای كوشتنی سەلمان روشدی لەپێوەندیە سیاسی و نێودەوڵەتییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بێ كاریگەر نەبوو. ئەم حوكمە جیا لەلایەنە سیاسیەكەی، ئەگەر بەهەند وەرگیرابا دەبا كردەوەی دەستبەجێی بەرپرسانی ئەمنی، سەربازی و هەواڵگری ئێرانی بەدواوە بوایە، چونكە تێكڕایان خۆیان بە “موسڵمانی غەیور”دەزانن. 10 ساڵ پاش دەركردنی فتواكە، كەماڵ خەرازی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند كە دەوڵەتی ئێران نە بەنیازی جێبەجێكردنی ئەم فتوایەیە، نە بەنیازە ژیانی سەلمان روشدی بخاتە مەترسیەوە.

ئەمە لەحاڵێكدایە كە ئایەتوڵا خومەینی رایگەیاندبوو كە: ئەگەر كەسێكیش دەستی بەنووسەری ئایاتی شەیتانی راگەیشت، بەڵام توانای ئیعدامی ئەوی نەبوو، بەخەڵكی بناسێنێت تا بەسزای كردەوەكانی بگەیێنن. تاوەكو ئێستا ژمارەیەك لەوەرگێڕ و بڵاوكەرەوەكانی “ئایاتی شەیتانی” بوونەتە قوربانی توندوتیژی و دەمارگرژی ئیسلامییە توندڕەوەكان، بەڵام كۆماری ئیسلامی بەسەرنجدان بە یاسا و رێوشوێنە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەكان تا وەكو ئێستا خۆی لەبەڕێوەبردنی ئەم حوكمە بواردووە.

مەبەستی فتوا، دژایەتی لەگەڵ رۆژئاوا

بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی بۆ پاساوی پێكناكۆكی لەنێوان زەرورەتی ئەنجامدانی تەكلیفێكی شەرعی و پێبەندبوونیان بەیاسا و عورفە دیپلۆماتیك و نێودەوڵەتییەكان، فتواكەی ئایەتوڵا خومەینی وەك رووبەڕووبوونەوەیەكی سیاسیانەی ناوبراو لەگەڵ رۆژئاوا تەعبیر دەكەن. وڵاتانی رۆژئاوایی دوای دەركردنی فتواكە، باڵوێزەكانی خۆیان لەئێران كشاندەوەو پێوەندیە ئابوورییەكانی خۆیان لەگەڵ ئێران كەم كردەوە. ئەم رەوتە دەیەیەكی خایاند تا ئەوەی كە خاتەمی سەرۆك كۆمار رایگەیاند كە لای ئەوان فتوای كوشتنی سەلمان روشدی “بایەگانی” كراوە، هەر لەم پێوەندیەدا دڵنیایی دایە رۆژئاواییەكان كە فتواكە جێبەجێ ناكرێت.

وەگەڕخستنەوەی وەرزانەی فتواكە

سەرەڕای خۆبواردنی دامەزراوە حكومییەكانی ئێران سەبارەت بەجێبەجێكردنی فتواكە بەشێوەی ئاشكرا، بنیاتی”15 خرداد” كە دامەزراوەیەكی حكومەتییە، لەپاییزی ساڵی 1391 خەڵاتێكی 3 ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری بۆ كوشتنی نووسەری ئایاتی شەیتانی تەرخان كرد. لەئێران هەر كات باسی “بێڕێزی بەپێغەمبەر” دێتە ئاراوە، دەستبەجێ باسی سەلمان روشدی دەوروژێنن و دوای ماوەیەك دۆخەكەی ئاسایی دەبێتەوە. رێبەری ئێستاكەی كۆماری ئیسلامی ئێران، چەندین جار هەڵوەشانەوەی فتواكەی ئایەتوڵا خومەینی بەكارێكی نامومكین وەسف كردووەو لەم بارەوە رایگەیاندوە كە “كوشتنی سەلمان روشدی ” وەك ئایاتی ئیلاهی لەجێی خۆیەتی و ناكرێ هەڵوەشێتەوە.

سەلمان روشدی بەشێك لەكتێبەكەی بەئیلهام وەرگرتن لەو رەوایەتانە نووسیوە، كە بەو پێیە لەو كاتەی پێغەمبەر سورەی “نجم” دەخوێنێ، بەنیسبەت تەكریمی بتە بەناوبانگەكانی مەككەوە كۆمەڵێك ئایاتی لەلایەن شەیتانەوە پێ تەڵقین دەكرێت.

ئیمام لە “ئایاتی شەیتانی”دا

یەكێ لەكاراكتێرە سەرەكییەكانی رۆمانی ئایاتی شەیتانی، ناوی ” ئیمام”ە كە رێبەرێكی دەمارگرژی مەزهەبییەو لەكۆتاییەكانی سەدەی بیستەم لەهەندەران دەژیت و خولیای گەڕانەوەیەكی سەركەوتووانەی هەیە بۆ وڵاتەكەی. ئەم بەشە لەڕۆمانەكە وێكچوونێكی زۆری هەیە لەگەڵ رابردوو و بەسەرهاتی ئیمام خومەینی، بەڵام تا وەكو ئێستا بەرپرسانی ئێرانی هیچ ئاماژەیەكیان بەم بەشە لەڕۆمانەكە نەداوە.

گونتروالرف رۆژنامەوان و نووسەری بەناوبانگی ئەڵمانی كاتی خۆی پێشنیاری كردبوو كە كتێبی ئایاتی شەیتانی لەمزگەوتێكی كوڵنی ئەلمان بخوێندرێتەوە، ئەو پێی وابوو “كەسێك، كە فتوای كوشتنی روشدی قبووڵ دەكات، دەبێ لانی كەم ئاگاداری نێوەڕۆكی كتێبەكەی روشدی بێت“.

بیرەوەرییەكانی روشدی دوای دەركردنی فتوای كوشتنی

سەلمان روشدی دە ساڵی یەكەم بەرەوڕووی ژیانێكی پر چەرمەسەری و سەخت بووەوە، دوایی بەرە بەرە هاتە نێو كۆڕ و كۆبوونەوە ئەدەبی و كولتورییەكان. روشدی بەڵێنی دابوو بیرەوەرییەكانی ئەم دەورانەی لەدوتوێی كتێبێكدا بڵاو بكاتەوە، ئەم بەڵێنیەی لەپاییزی 2012 بردە سەر و لەكتێبی “ژوزێف ئانتۆن”دا بڵاوی كردەوە. بیرەوەرییەكانی نووسەر لەسەردەمی دڵەڕاوكێ و نیگەرانی و ژیانی شاراوە، هاوكات لە 27 وڵات و بەهەموو زمانە گرنگەكانی ئەوروپی بڵاو كرایەوە.

نوسەری رۆمانی “ئایاتی شەیتانی” لەمانگی سێپتامبری 2012 لەكاتی بڵاوبوونەوەی بیرەوەرییەكانی بەگۆڤاری ئەڵمانی “ئێشپیگڵ”ی راگەیاند كە هیچ كات لەنووسینی “ئایاتی شەیتانی” پەشیمان نییەو بڕوای وایە كە تەنانەت لەبەرامبەر دەمارگرژی ئایینی و هەڕەشەشدا بێ، دەبێ داكۆكی لەئازادی رادەربڕین بكرێت.

فتوای كوشتنی روشدی، هەر چەند ژیانی نووسەری بەرەوڕووی مەترسی كردەوە، بەڵام رێگای بۆ “ئایاتی شەیتانی”خۆش كردو كاریگەرییەكی كەموێنەی هەبوو لەناوبانگ دەركردنی نووسەر و هاندانی خەڵك بۆ خوێندنەوەی هەرچی زیاتری ئەم كتێبە.

سەرچاوە: سڤیل

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی