"an independent online kurdish website

پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتان

٦/١ئیرانabdurehman_mirzayi

ئیران وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزمان و فرەمەزهەبە، یاسای بنەڕەتی بەرهەمی مەشروتە هیچ دەسکەوتێکی تایبەتی بۆ نەتەوەکانی ئیران بەدیاری نەهێنا هەتتا بگا بەوەی کە مافی فەرهەنگی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابورییان دابین بکا. یاسای بنەڕەتی ئەنجومەنی ئەیالەتی و ولایەتی سەلماندبو ئەوە ئیرانی دەکردە وڵاتێکی دێمۆکرات. بەڵام ئەیالەتەکان و ولایەتەکان لەسەر بنچینەیەکی نازانستی جیاکرابونەوە، لەجیاکردنەوەی سنوری ولایەتەکاندا، هێڵی ڕەگەز، زمان، عەشیرەت، نەتەوە، مەزهەب، دین، پێویستی جوگرافی، دەسکەوتی ئابوری، تەنانەت مەسەلەی سەربازی لێک نەدرا بۆوە.

ئەگەر ڕێکخستنەوەی ولایەتەکان بەو گوێرەیە بوایە ئەنجومەنی ئەیالەت و ولایەت ڕێک بخرایە، ئەوسا ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا لەوانەبو ببێتە نمونەی نیشتیمانی پێکەوە ژیانی نەتەوەو ڕەگەزو دین و مەزەبی جیاواز. لەئەنجامی شۆڕشی مەشروتەدا کورد هیچ دەسکەوتێکی پێ نەبڕاهیچ کاروباری ولایەتەکەشی نەدرایەوە دەس ڕۆڵەکانی خۆی، تەنانەت یەک ڕۆژنامەی بەزمانی خۆی پێ نەبڕا. هەروەها دەزگای فاسیدی دەوڵەت و زوڵمی ژاندارمی لەسەر هەڵ نەگیرا. مەشروتە لە کوردستان دا نەک ڕەنگی نەدایەوە بەڵکو ئەوەی لە مەشروتەخوازان دەبو بە بەڵا دەیان ناردە کوردستان.

دەزگای مەرکەزی فەسادی گەیشتبووە ڕادەیەک حوکمڕانی شارەکانی بە پارە دەفرۆشت و سەرۆک وەزیرانیش هەموو نیشتمانەکەی بەنرخێکی هەرزان دەفرۆشت. ئەو ((غەدرەی))کە مێژوونوسی ئێرانی سەعید نەفیسی باسی دەکا کە لەناو بنەماڵەی قاجار بوبووە نەریتی حوکمڕانی، دوردۆنگییەکی وەهای درووست کردبو کە سەرکردەکانی کورد، بۆ چارەسەر کردنی شەخسی خۆیان یاخود کێشەی میللەتەکەیان بڕوایان بەهیچ بەڵین و گفتێکی حکومەتی مەرکەزی نەبوو، دەرباری ئیران و دەسەڵاتدارانی حکومەت بۆچونێکی دێمۆکراتیکیان نەبو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی، ئەوان خواستی نەتەوەییان بە جیاخوازی و پارچەکردنی ئێران و خیانەت بە شا و نیشتیمان دادەنا.

بە گوێرەی تێگەیشتنی ڕەسمی ئەوان لە ئێران قەوم و قەبیلە و عەشیرەت هەبوو نەک نەتەوەی جیاواز ، ئەوان دانیان بە بونی کوردا نەدەنا وەکو نەتەوەیەکی جیاواز. لە ئێران یەک نەتەوە هەبوو ئەویش نەتەوەی ئێران بوو کوردیش قەومێکی ئێرانی بوو بەڵکو لەقەومە ڕەسەنەکانی ئیرانیش دەهاتە ئەژمار. لەم ڕوانگەیەوە حکومەتی ئێران لەبەر ئەوەی لای وابو کێشەی کورد لە ئێراندا بە باشی چارەسەرکراوە، دوای ڕاگرتنی جەنگی جیهانی لەکاتی بەستنی کۆنفەرانسی ئاشتیدا داوای دەکرد بۆ چارەسەر کردنی کێشەی نەتەوەی کورد لە تورکیا هەموو کوردستانی عوسمانی بخرێتە سەر ئێران.

ڕەزا شا بەچاولێکەری مستەفاکەمال پاشا دەیویست جیاوازی نەتەوەو ڕەگەز و زمان لە ئێران دا نەهێڵێ و نەتەوە- دەوڵەت دروست بکا. هەر بەو مەبەستە بوو  لەسییەکاندا وشەی((ئێران))ی لەباتی وشەکانی ((پارس))و((فارس))کردە ناوی ڕەسمی وڵاتەکەی. نیشتیمانپەوەرانی کورد لەوانە سمکۆ لایان وابوئێران نەتەووە نیە و وڵاتە کورد نەتەوەیەکی جیاوازە لەفارس و تورک و عەرەب. ئەویش وەکو هەمونەتەوەکانی دنیا مافی ئازادی و سەربەخویی و هەبونی دەوڵەتی تایبەتی خۆی هەیە. ئەزمونی کورد بەگشتی لەگەڵ دەوڵەتی ئێران باش نەبوو ئەزمونی سمکۆش هی خۆی و براکانی و باوکی و باپیرە گەورەی باش نەبوو، هیچ لایەکیان بڕوای بەوی تریان نەبوو. کاربەدەستانی ئیرانی  سمکۆیان بە یاخی و نافەرمان و ڕاوڕوتکەر  دادەنا، ئەویش کاربەدەستانی ئیرانی بە پەیمان شکێن و زینهارنەناس و زاڵم و بەرتیلخۆر…دادەنا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی