ساڵانێکە ئۆکرانیا لە باری سیاسی و ئابوریەوە لە ژیر هەژموونی ڕوسیا دایە. بۆ هاتنە دەر لە ژیر دەستەی ڕوسیا و بڕیاری سەر بە خۆیی وڵاتەکەیان
بە سەدان هەزار خەڵکی ئەم وڵاتە دژی حکومەتەکەی ڤیکتور جانوکوڤیج ڕاپەڕین و دەسەڵاتیان لە دەست سەند و ناوبراو هەڵات. لە ٢٧/٢/٢٠١٤ ڕووسیا گرنگترین بەشی ئۆکراینیای کە دەکاتە هەرێمی کریم داگیر کرد. بۆ ڕۆژی دوای ئەمریکا و ئۆروپا بە توندی ئیدانەی ڕووسیایان کرد. حەفتەی ڕابردوو ڕیفراندۆمێک لە لایەن خەڵکی ئەم هەرێمەوە بە پشتیوانی ڕووسیا بەڕێوە چوو کە گوایە 97,77 لە سەدی بە جودا بوونەوە دەنگیان داوە و هەر دوا بە دوای دنگدانەکە ڕووسیا وتی هەرێمی کریم بەشێکە لە ڕووسیاو بە قەوڵی هەواڵی ڕووس لە ١٠٠پارلەمانتارەکەی ئەم هەرێمە 78 کەسیان دەنگیان بە بەڵێ داوە بۆ سەر بە خۆیی کریم. ئەمریکا و ئۆروپا و زۆرینەی وڵاتانی دیکە دان بە شەرعییەتی ئەم هەرێمە دانانێن وەک وڵاتێکی سەر بە خۆ و هەروەها ئەیانەوەێ ئابڵوقەی ئابوری بخەنە سەر ڕووسیا ئەگەر لەشکرەکەی نەکشێتەوە و تا ئێستاش چەندین شێوە بازرگانی هەم هەرێمی کریم و هەم ڕووسییان ڕاگرتووە یان دەست بە سەریدا گیراوە. بەم بەمجۆرە ئۆرووپاش لە باری ئابوریەوە زەرەربار ئەبێ. هەرێمی کریم لە باری جوغرافیایەوە گرنگی ئابوری هەیە چونکە گاز و نەوتی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تورکیە و دەریای ڕەشەوە بە ناو هەرێمی کریم ڕوانەی ئۆروپا ئەکرێت. بۆیە ڕەنگ بێ ئۆروپا و ئەمریکا ناچارن بن پەنا بەرن بۆ ئاڵوگۆڕێکی دیکە لە ناوچەکە دا. ڕەنگ بێ لە بەرانبەر داگیرکردنی هەرێمی کریم یەکێک لەم ئاڵوگۆڕانە پێداچوونەوەیەکی دیکە بە دۆسیەی سوریەدا بێ و حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بکرێتە نێچیر و لە ناو بچێت و بۆ نمونەش ئەمریکا سەفارەتی سوریەی لە واشنتون داخست و داوا ئەکات نوێنەری سوریە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکرێت. بە لە ناوچوونی دەسەڵاتەکەی بەشار، پچڕانی دۆستایەتی غەرب لە گەڵ ئێران و دۆستەکانی ئێران وەک عیراق و حیزبولا لێبکەوێتەوە.
لە داگیرکردنی هەرێمی کریم دا تورکیەش لە باری ئابوریەوە زۆر زەرەربار ئەبێ و بەهای ئابوری هەرێمی کوردستانی عیراق هەم بۆ تورکیە و هەم بۆ ئۆروپا گرنگی خۆی ئەبێ. واتە هەرێمی کوردستان ئەتوانێ بەشێک لە گاز و نەوتی دابڕاوی ڕوسیا بۆ ئوروپا قەرەبوو بکاتەوە. بۆیە لێرە زەمینەی ئاسان کاری بۆ هەنگاوێکی دیکەی بەرەو پێش چوونی هەرێمی کوردستان لە باری ئابوری، سیاسی و محافلی نێودەوڵەتی بە دی ئەکرێت. زمینەی لەباری هەرێمی کوردستان ئەم چەند خاڵە لە خۆ ئەگرێت. ١ ناکۆکی وڵاتانی عەرەب بە حکومەتە شیعیەکەی عیراق وەک دوو جەمسەری شیعەو سوونە کە تورکیەش لە خۆ ئەگرێت. لیرە دا لە دژایەتی و ڕقی هەڵسووکەوتی دەوڵەتی شیعەی عیراق وڵاتانی سوونەی عەرەب نابن بە نەیاری کورد، بەڵام پێویستیشی بە سیاسەتی ژیرانەی کوردیشەوە هەیە کە چۆن بتوانێت ئەم هەلە بە ڕووی خۆی دا بقۆزنەوە. ٢ ئابوری تورکیە زەمینەی ئاسانکاریەکی دیکەیە بە هەرێمی کوردستان. کە لیراوە گاز و نەوتی کوردستان لە ڕێگای تورکێەوە ڕوانەی ئوروپا بکرێت و بەشێک لە ئیحتیاجیەکانی گازو نەوتی وڵاتانی ئوروپای دابین بکات. ٣ ئەمانە ئەبنە پشتیوانەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە ڕێگای هێزی سەربازییەوە دەست بە سەر ناوچە دابڕوەکاندا بگرن و خەتی نەوتی کەرکوک وەک کەرستەیەکی بە هێز بە کار بێنن بۆ خۆیان و بەرژەوەندی تورکیەو ئوروپا و ئەمریکاش. ٤ عیراقی ئیمڕۆ لە هەمووکات لە بارترە بۆ گەلی کورد هەم بۆ وەدەست هێنانەوەی خاکە دابڕوەکەی و هەم بۆ هەنگاو بەرە و پێشنان لە ناو محافلی نێودەوڵەتی دا.
تورکیە پێویستی بە باری ئەمنی و ئاسایشی ناوچەی هەر دوو هەرێمی کوردستان هەیە. پەکەکە و هێزەکانی دیکەی کوردستانی باکور لەم هەلە ئەتوانن فشارەکانیان توندکەنەوە چ بە هەڕەشەی شەڕی چەکداری و دیالۆگی سیاسی بۆ وەدەست هێنانی دەستکەوتەکانی کورد لەو بەشەی کوردستاندا. ئەوەیکە زۆر ڕێگرە و خاڵی لاوازی گەلی کوردە، کورد خۆیەتی. کە خەریکە بە زۆر شتی لاوەکی و بچوکەوە. بە هوی بیری بچووکی حیزبی و خۆ خۆرییەوە کەمتر بیر لە بەرژەوەندیە گشتییەکانی گەڵی کورد ئەکەنەوە. بەو هیوایە دەست لە شتە بچووکەکان هەڵگرن و هەنگاو بەرەو بەرژەوەندیە گشتیەکان بنێن.
عەلی پاڵانی 2014/3/19