"an independent online kurdish website

ئاواتی هەمـو کوردان   لە هـەر  سەر  ساڵـێکـدا  ئەوەیە  : نەورۆزی   ساڵی  داهاتو  لە کوردستانی  ئازاد دا جێژن بگرین . ئاواتەکە  گەلێک  بەڕێزو  پیرۆزە ، بەڵام  ڕزگاری گەلێکی  ژێر دەستەو  نیشتمانێکی  داگیر  کراو تەنیا  بە هەناسە هەڵکێشانو خۆزگەو بریا وەدینایەmela_biraym1

. دەبێی ئەو گرێی  کوێرە  بدۆزینەوە کە بۆچی  دوای  ئەو هەمو خەباتو تێکۆشانە ئەو هەمو فیداکاریو  قوربانیدانە  ئەو خۆزیاو  ئاواتانەمان  وەدینەهاتون؟دەبێی  ئاوڕێك لە ڕابردو  بدەینەوەو  بەوردی  لە ئێستا  بڕوانینو  پڕۆسەیەک  بۆداهاتو  دابڕێژینو  ئەوجار مزگێنی  ڕزگاری گەلو  زێدەکەمان  لە  نەورۆزی  ساڵی داهاتو بەکردەوە  ئامادە بکەین. ئازیزان  ئەگەر  خەباتی  کاوە  دەژی زوحاک  بە ئەفسانە  دەقەبڵێنن ، ئەدی  چیدەڵێن بەو زوحاکانەی  ڕۆژانە  رۆڵەکانی   گەلەکەمان  دەکوژن  ، لەدار دەدەن ، لە چاڵە ڕەشەکاندا  ئەشکەنجەو  ئازار دەدەن ؟ داخوا  ئەوانە  خوێن  ڕێژو  خوێنخۆر نین ؟ ئەدی ئەو رۆڵە گیان  لەسەر دەستانە و بوێرانەی  گەلەکەمان  کە قارەمانانە  لە  بەرانبەر  داگیر  کەراندا ڕاوەستاون  قوربانی دەدەن  کاوەی ئاسنگەر نین ؟

پیرۆزبایی  ئەوساڵم  هەم تایبەتی و هەم  گشتیە . بەبۆنەی  هاتنی  ساڵی تازە و نەورۆزی کوردەواری   پێشەکی   پیرۆزبایی   گەرمی  خۆم  پێش  کێش   بەهەمو  هاواڵو  هاوڕێو هاو سەنگەرانی   ڕۆژانی  خەباتو  پشتیوانانی  دڵسۆزو  بەئەمەگی  کاتە  سەختەکان ،کە لە هەستیارترین   قۆناغدا  هاوکارو  یارو  یاریدەدەری  دڵـسـۆزم   بون  دەکەم . هـیوای سڵامەتیو  تەمەن   درێژیو   گەیشتن   بەئامانجیان   دەخوازم .  پیرۆز  باییەکی  گەرمتر لەدایکو بابو ، خوشکو برایانی  سەرجەم  گەلەکەمان  دەکەم کە شەوو نیوە  شەو  بەپیری پێشمەرگەوە   دەهاتـنـو  بـەسۆزێکی   دایکـو  خوشکانەو  باوکو  برایانە   ئامێزی  ڕێزو خۆشەویستیان  بۆ دەکردنەوە ، یارو یاریدەدەرو  دڵسۆزیان بون. لەکاتی  شەڕو دەرگیریدا ئۆقرەیان لێهەڵدەگیرا  بۆئەوەی  بزانن  ئاکامەکە  چۆنەو  کوڕو کچو براو مێردەکانیان  چ سەر کەوتێکیان  بەدەست  هێناوەو  چ خەسارێکیان   لێدراوە. بەقەولی  کوردی  خواشیان  هەراسان  دەکرد و بۆ سەرکەوتنیان  لێی دەپاڕانەوە . ئەگەر  لەکوردستان  سەربازی ون هەبێ ئەوە  ئەو دایکو  خوشکانەن   کە لە  فیداکاری  درێغیان  نەکردوە. ئەگەر  میدالیای  شانازی  دابەش  بکرێی  دەبێ بدرێی  بەو دایکانە  کە جیا لە خزمەتو ماندو بون  جگەر گۆشەشیان   پێش  کێش  بە بارەگای  گەلەکەیان   کردوە. دەبێی بدرێی  بەو  خوشکانە کە شینیان  بۆ براشەهیدەکانیان  گێڕاوە.  دەبێی  بدرێی بەو  شێرە کچانە  کە سنوری  ژنانەی قالب کراوی  ئاسەواری  کۆنیان  بەزاندوە و تەلەسمی  جیاوازی  ژنو پیاویان  شکاندوەو هاتونە ڕێزی شوڕشگێڕان  بۆ ڕزگاری  گەلو  نیشتمان. بەکورتی  ساڵی تازە لە سەرچەم گەلەکەمان   پیرۆز دەکەم  کەپشتیوانی  ڕاستە قینەی  خەباتنو هەرچی قوربانی بۆ ئازادی گەلو  نیشتمان  دراوە  هەموی  ئەوان  کردویانە .  هیوادارم  ڕزگاری  گەلو  نیشتمان  لە داوا دەرچێو  بێتە  قۆناغی  کردەوە.  هەر  لەو پیرۆزباییە  گشتیەوە دا ڕێگەم  بدەن  با لە خزمو  قەومو   کەسو  کارەکانم  بکەم   کە  زۆر  بەیان  نەیان دیتومو  ڕەنگە   بشم بینن  نەمناسن  کە برێتین  لە بنە  ماڵەکانی  (١) مەجید  وەسمان کە خۆم  لەو  بەرەبابەم .(٢) خەلیل  وەسمان. (٣) جەلیل   وەسمان. (٤) کەریم   وەسمان. (٥) ڕەشید   وەسمان.  (٦) ڕۆستەم   وەسمان .  (٧)  فەتحەبەگ .  کە ئەوانە   هەمویان    برابون.   لە   خوارەوەی   ئەوان   (شێرخانەکانو  جەلیل  بەگەکان)  بنە ماڵەی  دایکم  (مەلا کەریم)   لە بنەماڵەی  خێزانم   ( نەسوریە کان) .

ئازیزانم : راستی  ئەوەیە ئەو کەسانەی  دەچنە ڕیزی  خەبات  بۆڕزگاری  هەستیان  بەو بەر پرسایەتیە  کردوە ، کە ئەوان  لە  بنە  ماڵەیەکی   گەورەتردا  دەژین  کە  نیشتمانە . نیشتمان  دایکە و خزمەتکردنو  پاراستنو  ڕێز لێگرتنی  ئەرکی  سەر شانی هەموانە. ئەو دایکە  دوژمن   دەستی   بەسەر  داگرتوە ،  کەسایەتیو  کەڕامەتی   پێشێل  کردوە .  ئەو دایکەیە هەمومان  لەودا  هاتوینە  دنیایە. بەشیری  ئەو  فرچک دراوین . دایکێکە  ئەگەر  ئەومان  نەبێی  هەمو مان  هەتیوی  بێدایکو  بابینو ،لەکۆڵانانو  لە قون دەرکانین. ئەگەر ئەومان  نەبێی  ژێر چەپۆکەی  دوژمنانین. ئەرکی پاراستنی نێشتمانی دایک  دەمان هێنێتە سەر  ئەو  باوەڕە  کە  ماڵە  چکۆڵەکەت   بەجێی  بێلی ، خۆت تەرخان بکەی  بۆ ئازادیو  ڕزگاری .  ئەو  بەرپرسایەتیە   حوکمت   پێدەکا   ئازیزانو  ماڵو  منداڵ  بە جێ  بێڵی و ڕوبکەیە  گۆرەپانی  خۆ بەختکردنو گیان بازی. هەستی نەتەوایەتیو ئازاری  داگیر کرانی زێدەکەت  وات  لێدەکا  هەمو ناڕەحەتیو  بەشمەینەتیەک  بچێژی . ئاکامی ئەو هەمو  تاڵیو سوێریە  زێدەبەشیەکی  بێوێنەیە  پێت دەبڕێی کە هەمو نیانە. شانازیەکی زێدە گەورەیە بۆ خۆتو  بنەماڵە کەتان  کە لە ڕێگای  ڕزگاری  گەلو نیشتماندا  تێکۆشاون قوربانیتان  داوە. سەر بڵیندن   کە سەرتان  بۆ  دوژمن  نەوی  نەکردوە ، ملتان  بۆ  زاڵمان   ڕانەکێشاوە ، بەختەوەرین  کە میدالیای خزمەتکاری  گەلو  نیشتمانمان  بە بەرۆکەوە  هەڵواسراوە. دەبا هەمو  بزانین دایکی  نیشتمان  لێمان خۆش نابێ  ئەگەر لە هەمو کەسو شتێکمان  خۆشتر نەوێی . نەفرینمان  لێدەکا ئەگەر لە بیری بکەین  یان  بە قوربانی   قازانجو  بەرژەوەندی تاکو  گروهی  بکەین . نیشتما ن  ئایینێکە  ڕزگار  کردنو  خزمەتکردنو ، ئاوەدان کردنو  پاراستنی  لە  پێشەوەی  هەمو  ئیدەو  ئایینەکانە.  نابێ  لە بیرمان   بچێی  کە  ئەرکمان  گەلێک هەستیارو قورسو  گرانە.  ڕوحی شۆڕشگێڕی ئەوەندە  بەهێزە  کە دەتوانێ  ئەو ئەرکە  قورسو گرینگە  بگرێتە ئەستۆ . شۆڕشگێڕان  نابێی  سەروەریو ، سەر بەرزیو ، شآنازیەکانیان   فیدای  هیچ  حەزو  ویستێک  بکەن. دەبا  ئەو نەورۆزە  بکەینە   نمونەی ژیانەوەو   نوێکردنەوەی   هەمو   لکو  پۆپو  گەڵاو  گوڵەکانی   خەباتە کەمانو  مزگێنی  هەستانەوەو   نوێبونەوە   بەگەلو  دوستان   بدەین. دەبا   نەورۆزانەمان   بۆ گەلەکەمان  یەکگرتویو   یەکڕیزی   بێی   بۆ گەیشتن  بەئامانجەکەمان.  دەبا  ئەزمونی   ئەو  هەمو سەرکەوتنو ،  شکانو ، کەوتنو  هەستانەوەکان   بکەینە   پڕۆسەو  بەرنامەی   تێکۆشانی داهاتومان . دەبا  هاوڕێێانی   دێمۆکڕات  بە  هەڵوێستێکی   بوێرانە   خۆیان   بەقوربانی  پێداویستیە  حەیاتیەکانی  گەلو نیشتمان بکەن . نابێی لەبیرمان بچێی نەورۆز  بۆ کوردان هەر شاییو  هەڵپەرکێێ   نیە ، بەڵکو  نوێبونەوەو  خۆ ساز دانە بۆ وەدیهێنانی  ئامانجێکی  بەرز  کە  رزگاری  گەلو نیشتمانە.  ژیانەوەو  خۆ  سازدانە  بۆ سەر  هەڵدانێکی  نوێی. لە  دواییدا  دوبارە  پێرۆز  بایی  لە هەموان   دەکەمو  ئاواتم  وەدیهاتنی   ئامانجی   گەلە کەمانە. 

 دیسان نەورۆزتان پیرۆز

براتان        مەلا برایم    مەجید پور    ٢٠/٣ / ٢٠١٤

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی