"an independent online kurdish website

خوشکە مریەم رەحمانی یەکێک لەو کچە شۆڕشگێرانەی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە شان بە شانی برا پێشمەرگەکانی بەشداری قۆناغی خەباتی چەکداری کردووە . هاوڕێی نزیکی شەهیدان خوشکە فاتمە دڵاوەری و خوشکە عەزیمە عوسمانی بوو.mriem_rehmani5

مریەم لە شەڕێکی قارەمانانەدا و بە هۆی پرینچکی تۆپەوە بریندار دەبێ . لەو شەڕەدا سێ لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی شەهید و حەوتیش بریندار دەبن ، یەکێک لەو شەهیدە نەمرانەی گەل و نیشتمان ، دەستە خوشکەکەی مریەم ،” شەهید  فاتمە دڵاوەری ” دەبێ .

 خوشکە مریەم  بۆ ساتێکیش یاد و ڕیبازی پیرۆزی فاتمەی قارەمان  و هاوڕێ شەهیدەکانی  لە بیر نەکردووە و هەروا درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەدات .

بە بۆنەی رۆژی ١٠ی خاکەلیوە ” رۆژی شەهیدانی کوردستان ” ماڵپەری پیشمەرگەکان دیمانەیەکی لەگەڵ خوشکە مریەم ساز داوە .

 

دەقی دیمانەی ماڵپەری پێشمەرگەکان

پرسیار: خوشکە مریەم !  زۆر سپاستان دەکەین بۆ قبوول کردنی ئەو دیمانەیە ، ئەگەر بکرێ خۆتان بە خوێنەرانی بەڕێزی ماڵپەری پێشمەرگەکان بناسێنن ؟

وڵام: پێشەکی دەست خۆشی لە ئێوە بەرێز دەکەم . من ناوم ” مریەم رەحمانی”یە  و خەڵکی گوندی قەرەقەساب سەر بە شاری نەغەدەم .

پ: ئێوە چ ساڵێک بوون بە پێشمەرگە و چی وایکرد تا ببەن بە پێشمەرگە ؟

و: ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بوومە پێشمەرگە . دیارە پێشتریش بۆ ماوەی ٢ ساڵان لە شانە نەهێنییە تەشکیلاتییەکاندا کارم دەکرد . ئێمە هەستمان کرد کە ئاشکرا بووین و هەربۆیە لەسەر داوای کومیتە شارستانی نەغەدە ، وێرای چەند ئەندامێکیتری شانەکان ، نێوخۆمان بەجێ هێشت و پەیوەست بە ریزەکانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بووین .

ئەوە کە چۆن بوو رێبازی پێشمەرگایەتیم هەڵبژارد ؟ لە راستیدا پێشمەرگە لە نێو دڵی خەڵکدا خۆشەویست بوو ، پێگەیەکی تایبەتی هەبوو ، هەربۆیە بۆ زۆر کەس ئەو ڕێبازە ، ببوو بە ئاوات و شانازی . من هێشتا منداڵ بووم کە حەزم دەکرد زوو گەورە بم و ببمە پێشمەرگە ، کاتێکیش بوومە پێشمەرگە و ناوی پیرۆزی پێشمەرگەم لێ نرا ، زۆر خوشحال و شادومان بووم کاتێک بینیم وا ئەو شانازییە بە منیش بڕا .

پ: ئێوە لەو قۆناغە دژوارەدا کە شەڕێکی قورس و خوێناوی لە ئارادا بوو ، وەک کچێک چۆن دەتان توانی بەرەورووی سەختییەکان ببنەوە ؟

و: لە شەڕی چەکداری دا و کاتێک تووشی شەڕ دەبی ، ئیتر جیاوازی نێوان پیاو و ژن نییە . کچەکانیش وەک پیاوەکان شەڕیان دەکرد ، قارەمانەتییان دەخۆڵقاند و جاری واش بوو لە شەڕەکاندا بریندار دەبوون و یان بە فیداکارییەوە گیانیان بەختی ئامانج و ڕێبازەکەیان دەکردmriem_rehmani1

. با ئەوەش بڵێم کە ئەوە بە مانای شەڕخوازی پیشمەرگە نییە ، بەڵکوو ئەو شەڕە ، دوژمن بەسەریدا سپاندبووین ، بەو حاڵەش دوژمن بەو هەموو هێز و کەرەسەی شەڕەوە کە لە بەر دەستی دا بوو ، هەرگیز نەیتوانی بەسەر ورەی بەرزی پێشمەرگەدا زاڵ بێ ، هەموو کاتێک دوژمن بوو کە لە گۆڕەپانی شەڕدا بە بەزیوی و تێکشکانەوە گۆڕەپانی شەڕی جێ دەهێشت .

 پ: خوشکە مریەم ، باسی ئەو سەردەمانەمان بۆ بکە کە دەچوونەوە نێو خەڵک ، هەست و سۆزی خەڵک بەرانبەر بە پێشمەرگە چۆن بوو، بە تایبەت بەرانبەر بە ژنانی پێشمەرگە . کاتێک دەچوونە ماڵەکان ، ژنانی شار و گوندەکان چۆن لە ئێوەیان دەڕوانی و ئیوە چیتان بۆ باس دەکردن ؟

و : راستییەکەی ئەوەیە کە خەڵک و پێشمەرگە ، وەک ئاو و ماسی وایە .

mriem_rehmani

پێم وایە کە ئەگەر خەڵکی کوردستان بەو شێوەیە پشت و پەنای هێزی پێشمەرگە نەبوایە، بە دڵنیاییەوە پێشمەرگە نەیدەتوانی ئەو هەموو فیداکارییە بە سەرکەوتوویی تۆمار بکات. بەراستی خەڵکی کوردستان پێشمەرگەیان خۆش دەویست . لە سەر پێشمەرگەی ژنیش لە ناو خەڵکدا هەر بەو شێوەیە بوو ، تا ڕادەیەکی باش باسی ژنی خەباتکار ئاسایی بوو و پیشتریش لە هێزەکانیتر، پێشمەرگەی ژن هەبوون و بە تایبەت لە هێزی قەندیل . زۆر جار کە دەچووینە گوندەکان ، ژنان لێمان کۆ دەبوونەوە ، بە بینینمان زۆر خوشحاڵ دەبوون ، پرسیاریان دەکرد .  پرسیاریان لەسەر دژوار بوونی پێشمەرگایەتی دەکرد و ئێمەش بۆمان شی دەکردنەوە، پێشمان دەگوتن کە بەڵێ و بەراستی پیشمەرگایەتی ئەرکێکی قورسە. بەڵام بیر و باوەر بۆ ئامانجێکی رووناک و پیرۆز وەک دەرباز بوون لە کویلەتی و گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی ، ڕێگا دژوار و سەختەکان ئاسانتر دەکاتەوە .

بەداخەوە  دواتر بە هۆی ئەوەی کە بە توندی بریندار بووم ، ئیتر نەم توانی بچمەوە ناوچە ، هەر بۆیە لە بنکەکانی حیزب دا وەک ئەندامی ئەو حیزبە و ئەندامی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران درێژەم بە خەبات و تێکۆشانی خۆم دا و تا ئێستاش هەروا وەفادار بە خوێنی شەهیدان ماومەوە و ئەندامی حیزبم .


پ: هەڵس و کەوتی برا پێشمەرگەکان لە گەڵ ئێوەی ژنان چۆن بوو . ئایا روویداوە رۆژێک لە رۆژان هاوسەنگەرە پیاوەکان  دڵی ئێوەیان رەنجاندبێ ؟

و: لە راستی دا رەفتار و هەڵسوکەوتی برایانی پێشمەرگە زۆر ئاسایی بوو .من وەک خۆم هیچ کات لە لایەن برا پێشمەرگەکانەوە گرفتم بۆ پێش نەهاتووە. دەتوانم بڵێم کە کەسانێک  هەبوون کە بۆ ئێمە وەک باب و برا  وا بوون . ئێستاش کەسانێک هەن کە لە کەسە نزیکەکانم خۆشتر دەون ، ئەوان لە رۆژە سەخت و دژوارەکاندا پشت و پەنامان بوون ، بەرپرسانی حیزبیش زۆر باش بوون ، دیارە من وەک خۆم قسە دەکەم ، لەوانەیە بۆ هەموان وانەبووبێ .

mriem_rehmani6

بەڵام من لە سەردەمی خەباتی چەکداری و پیشمەرگایەتی دا کەم گیر و گرفتم بۆ هاتۆتە پێش و لەگەڵ ئەوەش دا بیر و باوەڕێکی زۆرم بە رێبازەکەم هەبووە ، لەوانەشە هەر ئەو بیر و باوەرە وای کردبێ کە هەست بە دژواری و گیر و گرفتەکانی ئەو سەردەمە نەکەم .

پ: دادە مریەم ، پێشتر باستان کرد کە بە توندی بریندار بوون ، تکایە بۆمان باسی چۆنیەتی بریندار بوونەکەتان بکەن و لە کوێ بریندار بوون؟

و: ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی بریندار بووم . ئێمە چەند رۆژێک بوو کە لە ناوچەی مەنگوڕانی پیرانشار بووین . دوژمن هەستی بە بوونمان کردبوو ، بۆیە شوێن پێیان هەڵگرتین و هێڕشێکی بەربڵاویان کردە سەرمان . شەڕێکی توند لە نێوانماندا دەستی پێکرد و پاش تێکشکانی دوژمن ، درێژەمان بە ڕێگا دا و ویستمان بۆ شوێنی دیاری کراو بڕۆین . بەڵام دوژمن لەو شەڕەدا کە زەبری لێ کوەتبوو و بە تەواوی شکابوو ، دەستی کرد بە تۆپ بارانی سەختی چیا و رەوەز و ڕێگا و بانەکان.

mriem_rehmani4

 بەداخەوە بە هۆی ئەو تۆپ بارانەوە ، سێ(٣ ) پیشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و ٧ پێشمەرگەش بریندار بوون . یەکێک  لە شەهیدەکان خوشکە فاتمە دڵاوەری بوو . لە پشت منەوە شەهید بوو . منیش یەکێک لەو حەوت بریندارە بووم.

 پێم خۆشە ئەوە بڵێم کە هەر لەو ساڵەدا ، دوو شێرە ژنی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی شەهیدان ” عەزیمە عوسمانی” و ” فاتمە دلاوەری” شەهید بوون . دیارە شەهید بوونی فاتمە دڵاوەری هاوکات بوو لەگەڵ بریندار بوونی من .

پ: باستان لە شەهید بوونی خوشکە فاتمە و خوشکە عەزیمە کرد . پێوەندی ئیوە لەگەڵ یەکتری دا چۆن بوو ؟ تا چەند ئەو دوو شەهیدە سەربەرزەتان دەناسی ؟

و: کچە پێشمەرگەکان بە یەکەوە پیوەندییەکی باشیان هەبوو ، لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا بەشدار بوون ، خەمخۆری یەکتری بوون و بە تایبەت ئەو کچانەی کە پیشتر چووبوونە نێو ریزی شۆڕشەوە ، لە ڕابردوو و ئەزموونەکانی ئەوان کەڵکمان وەر دەگرت . دڵسۆزمان بوون ،ڕێنوێنیان دەکردین  .

شەهید” عەزیمە عوسمانی”م لە نیوخۆیی وڵات ناسی ، هەردووکمان ئەندامی نهێنی حیزب بووین . شەهید عەزیمە کچێکی زۆر رۆح سووک بوو ، زۆر ژیر و زانا بوو ، ئەو توانی بە زووی لە نیو کۆڕی هاوڕێیانی و حیزب دا جێگای خۆی  بکاتەوە ، بەڵام بەداخەوە زوو شەهید بوو . ” شەهید فاتمە دلاوەری”شم لە کاتی هاتنم بۆ پێشمەرگایەتی ناسی ، کچێکی لەسەرخۆ و ئارام و بێ دەنگ ، هەرچەندەی بڵێی رۆح سووک بوو ، هەردووکمان لە لکێک دا بووین.

 mriem_rehmani3

بەداخەوە و هەروەک پێشتر باسم کرد ، لە شەڕێکدا  کە هەردووکمان پێکەوە بووین و ئەو شەهید بوو و منیش بریندار بووم  .

پ: دادە مریەم ، پێمخۆشە باس لە سەر هەڵویستی کەس و کاری ژنانی پێشمەرگە بکەن ، ئەوان چۆن دەیانروانییە کچەکانیان ؟

و: راستییەکەی ئەوەیە کە بە هۆی گیر و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان ، ژنانی پێشمەرگە بێ کێشە نابن . بەدەر لەوەش ، لە لایەن حکوومەتیشەوە زۆر جار دەخرێنە ژێر گوشارەوە، کەس و کاریان ئازار و ئەزیەت ئەدڕێن، زیندانی دەکرێن و ئەشکەنجەیان ئەدەن . بۆ نموونە : لەسەر من زۆریان ئازاری بنەماڵەکەم دا، چەند جاران بابم گیرا . جارێک ناردبوویان بە شوێنمدا ، بابم هات و گوتی من ناتبەمەوە بەر دەستی ئەوانە ،نات بەمەوە بە دەستی خۆم لە زیندانت کەم .  بەڵام حەز دەکەم  ژیانی هاوبەش پێک بێنی ، ئەوە بۆ ئێمە باشترە . داوایی لێ کردم کە ئەگەر رۆژێک هاتیشمەوە ، هەر کورد بم  . 

پ: لە کۆتایی دا ئەگەر بیرەوەرییەکی ئەو سەردەمەتان هەیە ، پێمان خۆش بوو کە باسی لێوە بکەن .

و: بە گشتی پێشمەرگایەتی و رووکردنە شاخ و شۆڕش و ژیانێکیتر ، پڕە لە بیرەوەری خۆش و ناخۆش . بە تایبەت ئەو بیرەوەریانەی کە لە سەرەتای پەیوەست بوون بە پێشمەرگایەتییەوە تۆمار دەکرێن کە لەو کاتەدا بە هۆیی ناشارەزایی لەوانەیە مرۆڤ تووشی هێندێک رووداو و قسەی نەبیسراو ببێ . هەر بۆیە من لێرەدا پێم خۆشە بیرەوەرییەک بگێرمەوە کە پێوەندی هەیە بە ڕۆژەکانی سەرەتایی بوونم بە پێشمەرگە . ئەو قسەیەی خۆم دەگێڕمەوە ، لەوانەیە ئێستاش زۆر لە هاوڕێیان لە بیریان مابێ  . تازە هاتبووم بۆ پێشمەرگایەتی . پێشتر وڵاخی ئێسترم نەدیتبوو . هەر چاوم لە ئێسترەکان دەکرد . منیش پرسیم : ئەرێ بۆ ئەو کەرانە هێندە گەوڕەن ؟ هەموو هاوڕێیان پێکەنین و گوتیان ئەوە کەرنییە و ئێسترە . دیارە هێندێک شتیتریشم گوت کە بۆ ئێرە نابێ.

ماڵپەری پێشمەرگەکان بە بۆنەی ئەو وتووێژەوە ، پڕ بە دڵ سپاسی ئێوەی بەرێز دەکات و هیوای بەختەوەری و ساغ و سڵامەتیتان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.

مریەم رەحمانی : سپاس بۆ ئێوەش و هەر بژین.

 

 ئامادەکردنی دیمانە : رەشید زەرواوی

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی