Hoppa till innehåll
Hem » بە 15 ساڵی بێریڤان ئەلیف کلچ یان بە شوو دا و لە 30 ساڵیدا بووە سەرۆک شارەوانی

بە 15 ساڵی بێریڤان ئەلیف کلچ یان بە شوو دا و لە 30 ساڵیدا بووە سەرۆک شارەوانی

بێریڤان ئەلیف کلچ، کچێکی شارۆچکەی کاڕازە لە ئامەد، لەلایەن باوانیەوە لە تەمەنی 15 ساڵی بەشوو دەدرێت،berivan-alf-kelich-0

لەگەڵ بەشوودانیدا لێدان و سووکایەتی دەبێتە چارەنووسی رەشی ئەو ژنە.

بێریڤان ئەو چارەنووسە رەتدەکاتەوەو کۆڵنەدان هەڵدەبژێرێت، لە شەوی 30 ئاداری ئەمساڵ بەرهەمی کۆڵنەدانی كۆكردەوە، كاتێك بووە سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی کاڕاز لە باکوری کوردستان.

بۆ ژنێک بوونە سەرۆک شارەوانی لە شارۆچکەی کازاڕ کە یەکێکە لە شوێنە هەرە داخراوەکانی ناوچەی ئامەد، شتێکی ئاسان نییە، بەتایبەتی بێریڤان کە لە خانەوادەیەکی دەوڵەمەند نییە، لە قۆناغی ناوەندیی خوێندنی بەجێ هێشتووە.

ئەو ژنە لە  لەوبارەیەوە دەڵێت: دەوروبەرم هیچ هاوکارییان نەکردم، وتیان چۆن دەبێ ببیتە سەرۆک شارەوانی و تەوقە لەگەڵ پیاوان بکەی؟، بەڵام من دەرگا بەدەرگا گەڕام، داوای دەنگم لێکردن.

چیرۆکی ژیانی بێریڤان، لە چیرۆکی ئەو ژنانەی رووبەڕوی لێدان و ئەشکەنجە دەبنەوە جیاوازتر نییە، تەنیا لەوەدا نەبێ کە بێریڤان کۆڵ نادات.

ئەو لە قسەکانیدا دەڵێ: هێشتا 15 ساڵیم پڕ نەکردبوو، لەسەر داوای باوکم شووم بە کوڕی پوورم کرد، بەڵام ئەو بڕیارە ژیانی کردمە کابووس.

بێریڤان باسی ئەو زوڵمە دەکات کە لەسەر دەستی مێردەکەی بینیویەتی: ’لە کاتی قسەکردن لێی دەدام، لە بێدەنگیدا لێی دەدام، لە دانیشتن و هەڵسانە سەر پێ بە هەمان شێوە، کاتێک سەیری تەلەفزیۆنم دەکرد لێی دەدام، هەندێک جار لە کاتی نووستنیش لێی دەدام، سووکایەتیی پێدەکردم و دەیگوت تۆ جاهیلی.

بێریڤان زیاتر دەڵێت،” لەبەر ئەوەی ساڵی 1990  بەدواوە گوندەکانمان چۆڵ دەکران و خاپوور دەکران، باوکم لەبەر خوێندن کە لە قۆناغی ناوەندی دابووم دەریهێنام. کاتێک ئەو وتی جاهیلی من دەستم بە خوێندنەوە کردەوە، رۆژنامە وەکو پاروی نان لە دەستمدا بوو، هەر پەرتووکێک کەوتبایە بەردەستم بێ خوێندنەوەی وازم لێ نەدەهێنا”.

بێریڤان کلچ چەندین جار ویستویەتی لە مێردەکەی کە بە 10 ساڵ لەو گەورەترە جیا ببێتەوە، بەڵام هەر جارێک باوک و دەوروبەری دژی ئەو هەڵوێستەی ئەو وەستاونەتەوە و پەشیمانیان کردووەتەوە: ’14 ساڵ لەگەڵی مامەوە، هەموو ساڵێک و هەموو رۆژێک لێی دەدام، هانام بۆ باوکم برد منی گەڕاندەوە وتی (کچم ماڵی خۆت وێران مەکە)، ماڵ لەگەڵ دوو منداڵەکەم، ئەو شتەی باوکم پێی دەوت ماڵ، بۆ من وەکو ئازاری دۆزەخ بوو’.

بێریڤان هیچی تر ناتوانێ بەرگەی ئازار و لێدانی باوکی دوو منداڵەکەی بگرێ، بۆ ئەمەش بڕیاری کۆتایی دەدات، دەگەڕێتەوە ماڵی باوکی، لە دادگا داوای جیابوونەوە دەکات، لە پڕۆسەی هاتن و چوونی بۆ دادگا زۆر شەکەت دەبێ: ’بە پاسی گوند دەچوومە ئامەد، لە دوا وێستگە دەبوایە لیرەیەکی تر بدەمە پاسێکی تر تا بگەمە دادگا، بەڵام دوو منداڵم لە ماڵەوە بەجێهێشتبوو، بۆیە ئەو لیرەیەم نەدەدا، ئەو رێگایەم بەپێ دەبڕی’.

دادگا بڕیار دەدات هەردوو کوڕەکەی لەلای بێریڤان بمێننەوە، لەوبارەیەوە دەڵێت: رۆژێکیان مامۆستای ئەمرە بانگی کردم وتی: کە بانگی ئەمرە دەکەم چاوەکانی دەنووقێنێ و دەگریی، منیش بە مۆمستاکەم وت: (ئێمە خێزانێکین کە توندوتیژیمان لەبەرامبەر کراوە) کوڕەکەم کە بانگی دەکەن پێی وایە لێی دەدەن، چونکە ئەوە لە باوکیان فێر بوون.

بێریڤان بۆ ئەوەی بژێویی دوو کوڕەکەی دابین بکات، کاری پاککردنەوەی قوتابخانە و بەردەستی کوافێرەکانی کردووە، دوای جیابوونەوەی زۆر ترساوە لەوەی مێردەکەی هێرشی بکاتە سەر، بەڵام لەئێستادا ئەو ترسەی تێپەڕاندووە، متمانەی بە خۆی پەیدا کردووە، بۆ ئەمەش دەکەوێتە ناو جیهانی سیاسەت: ’ئەوەی لەدەستم هات بۆ کوڕەکانم کرد، بەڵام نەمتوانی هەموو شتێکیان بۆ بکەم، بۆ ئەمە کەوتمە ناو سیاسەت’.

بێریڤان، هەرچەندە سیستمی هاوسەرۆکی بۆ شارەوانیەکان کە بەدەپە پەیڕەوی کرد لە هەڵبژاردنی 30 ئاداری رابردوو، زۆر بە شتێکی بەجێ دەزانێ، بەڵام هیچ کاتێک ئەوەی بە خەیاڵدا نەهاتووە کە بەدەپە داوای لێدەکات خۆی کاندید بکات، چونکە بۆ ئەو گەڕان بەدوای دەنگدەران و قسەکردن بۆ جەماوەر، کارێکی زۆر زەحمەتە: شەرم دەکەم بێمە پێش جەماوەر، دوای خۆکاندیدکردنم لە یەکەم کۆبوونەوەی جەماوەریی وەک گەڵای دار دەلەرزیم، نەمدەزانی چۆن سەیری ناو چاوی خەڵک بکەم و چی بڵێم، لەگەڵ ئەوان جەماوەر لێم تێگەیشت و منیش لەوان تێگەیشتم، ئێستا ئاسوودەم و دەخوازم زۆر شت بکەم.

ئەوەی من لە ئۆتۆنۆمیی دیموکراتی تێگەیشتووم ئەوەیە، دیوارەکان دەڕووخێنێ و لەگەڵ کەسانی تر بەیەکەوە دەژی”.

 

باوکی بێریڤان پەشیمانە

حوسێن کلچ باوکی بێریڤان زۆر پەشیمانە کچەکەی لە تەمەنی 15 ساڵیدا بە شوو داوە، لەگەڵ ئەوەش دەڵێت: کچم تەمەنی 15 ساڵان بوو، چەند خێزانێک هاتنە خوازبێنیی، بەڵام ئەوانم رەتکردەوە و کچەکەم دایە کوڕی پوورەکەی، زۆر پەشیمانم، لە زوو بەشوودانی کچانم.

لای خانەوادەکەی، ئازارەکانی بێریڤان بووە شتێک لە رابردوو، باوکی بێریڤان لەوبارەیەوە دەڵێ: من سەربەرزم بە کچەکەم، ئەگەرچی چەندین خزم و کەسم پشتگیریی بێریڤانیان نەکرد وەک کاندید، وتیان چۆن دەبێت تەوقە لەگەڵ پیاوان بکات؟’.

بێریڤان کە لە 15 ساڵیدا بە شوو دەدرێت، ، رووبەڕوی توندوتیژی پیاو دەبێتەوە و بەدەستی نەداری و هەژاری دەناڵێنێ، ئەمڕۆ هاوسەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی کاڕازە لە ئامەد، دەڵێت: من نەهاتوومەتە ئێرە ژیانی خۆم بگۆڕم، بەڵکوو بۆ ژیانی ئەوانەی تر شەڕ دەکەم.

بێریڤان جیاواز لە زۆربەی ئەو ژنانەی لەناو بەدەپە سیاسەت دەکەن و سەرۆک  ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیەکانن لەچک بەسەرە، ئەو لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەمە شتێکی تایبەتە و ئارەزووی خۆمە.

 

هێمن خۆشناو( باس)

وەرگیراو لە خەندان