"an independent online kurdish website

نیشانه‌یه‌کی به‌رچاوی دێموکڕات بوون ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا تۆ ئاماده‌ییت هه‌یه‌ قسه‌ و دیالۆگ له‌ گه‌ڵ ئه‌وکه‌س ولایه‌نانه‌ بکه‌ی که‌ ناکۆکیت له‌ گه‌ڵیاندا هه‌یه‌؟braym_lajani

ئایا ئاماده‌ی له‌ گه‌ڵ ئه‌وکه‌س ولایه‌نانه‌ دیالۆگ بکه‌ی که ده‌گه‌ڵت هاوده‌‌نگ نین؟ ئایا ئاماده‌ی ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ زۆر ئاڵۆز و پڕ گرێ و گۆڵه‌کانیش قسه‌وباس له‌ گه‌ڵ موخالیفه‌کانت بکه‌ی؟

که‌واته‌ گرینگترین ئامڕاز و چه‌ک و وه‌سیله‌ی بردنه‌ پێشی دێموکڕاسی، دیالۆگ و باس و وتووێژه‌.

بۆ ئه‌وه‌ی دیالۆگ درووست و سه‌رکه‌وتووبێت پێویسته‌ لایه‌نه‌کانی دیالۆگ له‌ دڵه‌وه‌ بیانه‌ێ و کاربکه‌ن بۆ تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش. گرینترین مه‌سه‌له‌ له‌ دیالۆگدا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌تۆ لایه‌نی به‌رامبه‌رت به‌ هاوبایه‌خ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ی. ئه‌گه‌ر ئاماده‌بووی وه‌ک لایه‌نی هاوبایه‌خ حیسابت بۆ کرد، ئه‌وده‌م رێزیشی لێده‌گری.

له‌ دیالۆگدا هه‌وڵدان بۆ تێگه‌یشتن له‌ پارتنه‌ره‌که‌ت به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ گرینگه‌ که‌ هه‌وڵده‌ی پارتنه‌ره‌که‌ت له‌ تۆ حاڵی بێت. چه‌نده‌ گرینگه‌ قسه‌کانت بکه‌ی ، ئه‌وه‌نده‌ش گرینگه‌ گوێ له‌ قسه‌کانی پارتنه‌ره‌که‌ت بگری. له‌ ڕێگای گوێگرتن له‌ ته‌ڕه‌فه‌وه‌ زۆرلایه‌نی دیکه‌ی مه‌سه‌له‌که‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ و ئه‌وه‌ش هانمان ده‌دا جۆرێکی دی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌که‌ بیر بکه‌ینه‌وه‌. ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ بمان گه‌یه‌نێته‌ جێگایه‌ک که‌ بۆمان ده‌رکه‌وێ هه‌ڵه‌مان هه‌بووه‌ و ئازایه‌تی ئه‌وه‌ش په‌یداکه‌ین دان به‌ هه‌ڵه‌که‌ماندا بێنین.

ئه‌وه‌ که‌ پارتنه‌ره‌که‌ت چی له‌ دڵدایه‌ هیچ بایه‌خێکی نیه‌ ئه‌گه‌ر گوێی لێ نه‌گرین. له‌ دیالۆگدا قسه‌ده‌که‌ین، به‌ڵگه‌ی مه‌حکه‌م دێنینه‌وه‌ ، گوێده‌گرین و ڕه‌ه‌خنه‌ له‌خۆمان ده‌گرین و ته‌ڕه‌ف ڕوون ده‌که‌ینه‌وه‌.

له‌دیالۆگی جیدیدا مه‌به‌ست و بیر و ڕوانگه‌و بۆچوون و نه‌زه‌ره‌کانمان ناشارینه‌وه‌. ڕوون و ئاشکراو بێ پێچ وپه‌نا مه‌به‌سته‌کانمان بۆ پارتنه‌ره‌که‌مان ده‌رده بڕین. هه‌ربه‌وجۆره‌ش ئه‌و نه‌زه‌ر و بۆ چوونانه‌ی پارتنه‌ره‌که‌مان ره‌د ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ قبووڵمان نین. به‌ڵام ئه‌وکاره‌ به‌شێوه‌یه‌ک ده‌که‌ین که زیان به‌ بایه‌خی ئینسانی و که‌سایه‌تی ئینسانی پارتنه‌ره‌که‌مان نه‌گه‌یه‌نین. ئێمه‌ نه‌زه‌ر و بۆچوونه‌کانی ته‌ڕه‌ف ده‌ده‌ینه‌ به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه‌و ڕوونکردنه‌وه‌و وئیستیدلال به‌ڵام ئینسانیه‌تی لێوه‌رناگرینه‌وه‌. نۆروێژی وتەنی لە فوتباڵدا یاریزانی پرۆفیشناڵ تێدەکۆشێ شەپ لە تۆپەکە بداو تۆپەکە کۆنتڕۆڵکا نەک  شەق باوێتە یاریزانە رەقیبەکەی.

کێشه‌ و هه‌بوونی کێشه‌ به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی ژیانی ئینسان و کۆمه‌ڵگای ئینسانیه‌.

 له‌ کۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخی ئێستادا که‌ هۆیه‌کانی پێوه‌ندی گرتن وکۆمیونیکاسیۆن زۆرن و خه‌ڵک زۆر وێک ده‌که‌ون، ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین که‌ کێشه‌ش زۆربن. کێشه‌کان بیر و بۆچوون و خه‌یاڵمان وه‌کارده‌خه‌ن. هیزی خه‌للاقیه‌تمان تێدا درووست ده‌که‌ن. توانامان بۆ هاوکاری و هاوپێوه‌ندی نیشاندان وه‌گه‌رده‌خه‌ن.

له‌ یه‌ک قسه‌دا کێشه‌کان له‌زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کان دا ژیانێکی پڕمانامان ده‌دنێ و مانا به‌ ژیان وکار وخه‌بات و تێکۆشانمان ده‌ده‌ن. هه‌موومان دیتوومانه‌ له‌ کات و حاڵه‌تی هه‌بوونی کێشه‌کاندا هه‌ست به‌ زیندووبوونی زیاتر ده‌که‌ین. بۆیه‌ هێنانه‌ به‌رباسی کێشه‌ بچکۆله‌کان ، پێش به‌ سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی گه‌وره‌ ده‌گرێت. که‌واته‌ ژیان به‌بێ کێشه‌ نیه‌ و ناتوانین خۆمانیان لێ لاده‌ین. بۆیه‌ ده‌بێت فێربین به‌شێوه‌یه‌کی درووست و ئوسووڵی و خه‌للاق کێشه‌کان ئیداره و چاره‌سه‌ربکه‌ین.

له‌وباره‌وه‌ ئیدی ئه‌مڕۆ خاوه‌نی ئه‌ده‌بیاتێکی زۆرین که‌ یارمه‌تیمان ده‌دات چۆن له‌ کێشه‌کان حاڵی بین و چۆن بۆ چاره‌سه‌رکردنیان هه‌نگاو هه‌ڵگرین. کێشه‌کان دابه‌شده‌کرێن به‌سه‌ر ده‌سته‌ی جۆراوجۆردا. بۆنموونه‌ کێشه‌ له‌سه‌ر قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی، کێشه‌ له‌سه‌ر بایه‌خه‌ ئاینی و سیاسی و ئیده‌ئۆلۆژیه‌کان، کێشه‌ له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات و نفووز و پرستیژ و پۆست ومه‌قام و  ڕٶڵ لە تەشکیلاتدا  هتد….

 

ئه‌وه‌ش ده‌زانین که‌ چۆن کێشه‌کان گه‌وره‌ده‌بن و داگیرمان ده‌که‌ن. له‌سه‌ره‌تادا به‌شێوه‌یه‌کی ناخۆش له‌ گه‌ڵ ته‌ڕه‌ف قسه‌ ده‌که‌ین. دواتر هه‌ستی مه‌نفی جۆراوجۆرمان سه‌باره‌ت به‌ ته‌ڕه‌ف تێدا درووست ده‌بێت. به‌ره‌به‌ره‌ ته‌ڕه‌ف هه‌رقسه‌یه‌ک بکا به‌ خراپ لێی حاڵی ده‌بین یا خراپی ته‌رجومه‌ده‌که‌ین. ئیتر ئه‌سڵی کێشه‌که‌مان له‌ بیر ده‌چێ، واته‌ ئه‌و شته‌ که‌ ناکۆکیمان له‌سه‌ری هه‌یه‌ و خودی ته‌ڕه‌ف ده‌بێته‌ مه‌سه‌له‌ وگیرووگرفت.

به‌ره‌به‌ره‌ شته‌ ورده‌کانی ڕابردووش وه‌بیر دێنینه‌وه‌و و به‌مجۆره‌ وێنه‌یه‌ک له‌ دوژمن له‌ ته‌ڕه‌ف بۆ خۆمان درووست ده‌که‌ین. ئیدی ڕووڵێک وه‌رده‌گێڕین، لێک لاده‌ده‌ین ، له‌ نزیک یه‌ک دانانیشین، هاتووچۆی یه‌کتر ناکه‌ین. به‌ره‌به‌ره‌ نه‌ک قسه‌ ده‌گه‌ڵ یه‌ک ناکه‌ین، به‌ڵکو قسان له‌سه‌ر یه‌ک یان به‌دژی یه‌کتر ده‌که‌ین. به‌مجۆره فرشته‌و شه‌یتان ده‌که‌ونه‌ به‌رامبه‌ر یه‌ک. ته‌ڕه‌ف ده‌بێته‌ شه‌یتان و خۆشمان ده‌بینه‌ فرشته‌. جا له‌وه‌ش تێده‌په‌ڕێ و ده‌که‌وینه‌ یارگیری و ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڵمان نیه‌ و پشتیوانیمان لێناکا ئه‌وه‌ دژمانه‌. به‌ره‌به‌ره‌ کێشه‌که‌ قوڵده‌بێته‌وه‌ و له‌ هه‌ردوولا تووندڕه‌وه‌کان جڵه‌وی کار به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرن و مۆدێڕاته‌کان له‌ هه‌ردوولا ده‌خرێنه‌ په‌ڕاوێزه‌وه‌. به‌مجۆره‌ کار ده‌كێشێته‌ تووندوتیژیی.

به‌ڵام ڕێگای ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی درووست کێشه‌کان چاره‌سه‌رکه‌ین. بۆ نموونه‌ ده‌بێت سرنج بده‌ینه‌ ئه‌سڵی کێشه‌که‌ نه‌ک خودی ته‌ڕه‌فی کێشه‌که‌. پێویسته‌ توانا و زیره‌کی ئه‌وه‌مان هه‌بێت قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ته‌ڕه‌ف له‌ پشتی ئه‌و قسه‌ و نه‌زه‌رانه‌وه‌ ده‌ستنیشان که‌ین که‌ ده‌ریان ده‌بڕێت. پێویسته‌ به‌ دیقه‌ته‌وه‌ گوێی لێ بگرین. ده‌بێ رێگا بده‌ین ته‌ڕه‌ف هه‌سته‌کانی خۆی ده‌ربڕێ. ده‌بێ جار جار له‌ ڕوانگه‌ی ته‌ڕه‌فه‌وه‌ سه‌یری کێشه‌که‌ بکه‌ین. پێویسته‌ سه‌یری پێشه‌وه‌ بکه‌ین و بۆ پێشه‌وه‌ بڕوانین نه‌ک بۆ دواوه‌.

باش ئه‌وه‌یه‌ که‌ چاره‌سه‌رێک بدۆزینه‌وه‌ که‌ هه‌ردوولامان ڕازیبکات. به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هه‌ردوولا له‌ نه‌زه‌رگیرابن. نابێ هه‌ڕه‌شه‌و ومه‌ترسی بۆ ته‌ڕه‌ف درووست که‌ین، ده‌بێت فه‌زایه‌ک بخوڵقێنین که‌ ته‌ڕه‌ف هاندا دان به‌ هه‌ڵه‌ و زیاده‌ڕه‌وی و کارشکێنی و بێ ئوسوڵیه‌کانی خۆیدا بێنێ.

ئه‌گه‌ر توانای سازان وئاشتبوونه‌وه‌مان نه‌بوایه‌، له‌ مێژبوو مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وه‌ی بڕابۆوه‌. به‌بێ هه‌بوونی ئه‌وتوانایه‌، هه‌ستی تۆڵه‌کردنه‌وه‌ به‌ته‌نیا ده‌یتوانی نه‌سلی ئینسان له‌ شه‌ڕ و ڕق وتۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا له‌ نێوببا. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ توانای سازان وئاشتبوونه‌وه‌ له‌ مرۆڤه‌کان دا زۆر به‌هێزتره‌ له‌ هه‌ستی تۆڵه‌ و شه‌ڕخوازی. لە نێو حیزبی ئێمەشدا هەروایە. خۆ حیزبی ئێمە جەزیرەیەک نیە لە دونیایە دابڕابێت.

ئاشتبوونه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ پێکه‌وه‌ سازانه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ گه‌ڵ یه‌ک ناکۆکی  وکێشه‌یان هه‌بووه‌. بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌ بڕواته‌پێش ده‌بێت هه‌ردوولا ئاشتبوونه‌وه‌یان بوێت. لایه‌نێک که‌ به‌ سیاسه‌ت وهه‌نگاو و کار و کرده‌وه‌کانی فاسیله‌کان زۆرتر ده‌کا، برینه‌کان قووڵتر ده‌کا، دیواره‌کان بڵندتر ده‌کا، خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کان تێکده‌دا، پرده‌کان ده‌ڕوخێنێ لایه‌نگری چاره‌سه‌ری کێشه‌کان نیه‌.

 

مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌ له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ئاشتبوونه‌وه‌دا بریتیه‌ له‌وه‌ که‌ لایه‌نه‌کان ده‌رد و ئازار و خه‌م و ژان فرمێسک وناسۆر و برینه‌کانی یه‌کتر ده‌رک بکه‌ن. ئه‌و خه‌م و ژان و ئازارانه‌ به‌ یه‌کتر ده‌رک کردن که‌م ده‌بنه‌وه‌، ئه‌گینا ده‌بنه‌ ڕق و تووڕه‌یی.

 

ئاشتبوونه‌وه‌ وه‌ختی ده‌وێ و پێویستی به‌ وه‌خت هه‌یه‌. ئاشتبوونه‌وه‌ به‌ زۆری و زۆره‌ملی نابێ و ناڕواته‌ پێش. ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ ئاشتبینه‌وه‌، ده‌بێ بمانه‌وێ و مایه‌ش له‌خۆمان دانێین.

که‌ بمانه‌وێت ئاشتبینه‌وه‌ ده‌بێت بڕۆینه‌وه‌ بۆ مێژوو و بۆ ڕابردوو. ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ فێربین و له‌ لایه‌کی دیکه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕووداوه‌کان قبووڵ که‌ین و بزانین بۆ وه‌زعه‌که‌ گه‌یوه‌ته‌ ئێره‌. بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سئولیه‌ته‌کان قبووڵ بکه‌ین.

من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ ببینه‌ ئه‌سیری ڕابردوو، ببینه‌ کۆیله‌ی ڕووداوه‌کانی پێشتر، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌ که‌ ده‌رسیان لێوه‌رگرین. به‌ هه‌ر حاڵ زۆر گرینگه‌ که‌ ڕوو له‌ داهاتوو بین و له‌ داهاتوو دا بۆ خه‌باتی هاوبه‌ش و ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌کان بگه‌ڕێین. بۆ ئه‌و شتانه‌ بگه‌ڕێین که‌ ده‌توانن وه‌سه‌ریه‌کمان خه‌نه‌وه‌ ئەو حیزبە ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  گەورەترین کۆڵکەی هاوبەش و مەخرەجی موشتەرەکی  نێوان هەموومانە،

(the greatest common denominator )

 با تەشکیلاتەکەشی ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو ڕاستیە بێ

 

برایم لاجانی

2014-04-20

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی