"an independent online kurdish website

 كۆمه‌ڵگای كورده‌واری به‌هوێ نه‌خوێنده‌واری و دوور له‌ شارستانییه‌ت وه‌ك كۆمه‌ڵگایه‌كی داخراوو دوواكه‌وتوو سه‌یر ئه‌كراوه‌و

ئه‌وه‌ش به‌هوێ نه‌بوونی قوتابخانه‌و په‌یوه‌ندی به‌ كومه‌ڵگا پێشكه‌وتووه‌كان و ژیانی رۆژانه‌ی له‌ ژێر ده‌ستی نه‌ته‌وه ‌باڵاده‌سته‌كان بووه‌ كه‌ هه‌ر یه‌ك هه‌وڵیداوه‌ به‌ زمانی فه‌رمی خوێ بخوێنێت  فارسی یان توركی یان عه‌ره‌بی بێت وقه‌ت رێگا به‌ زمانی كوردی نه‌دراوه‌ به‌ره‌و پێش بروات و په‌ره‌بسێنێت.

به‌هوێ دوواكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ چینوتوێژه‌كانی كوردستان له‌ ژێر باری زوڵم و زۆرداری و پێشێل كردنی مافه‌كانیان له‌ لایه‌ن ده‌ربه‌گ وخاوه‌ن زه‌وی و خاوه‌ن كارو كۆنه‌په‌رستان ئه‌ژیان به‌تایبه‌ت جوتیاران و كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و، بۆ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ زوڵم و سته‌مه‌ جوتیاران پنایان برده‌به‌ر‌ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی جوتیاران بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی خۆیان یه‌كبخه‌ن دژ به‌ ده‌ره‌به‌ك و كۆلاك و، كرێكارانیش كه‌وتنه‌ دامه‌زراندنی سه‌ندیكا {نیقابه‌} بۆ یه‌كگرتن و جێبه‌جێ كردن وپاراستنی ده‌ستكه‌وت و مافه‌كانیان.

له‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌ربه‌ندیخان له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی 1948 و 1949 بیرۆكه‌ی یه‌كگرتنی جوتیاران كه‌مه‌ كه‌مه‌ چه‌كه‌ره‌ی كردو خاوه‌ن موڵكه‌كانیان ناچار كرد چیتر ئاوایه‌كان نه‌ده‌ن به‌ كرێ {ئیجار} و ئه‌گه‌ر ئه‌یده‌ن به‌ كرێ راسته‌وخۆ بدرێت به‌ جوتیاره‌كان و، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ش له‌ سه‌ره‌تای بوونی یه‌كه‌م رێكخراوی حزبی شیوعی له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ست پێئه‌كات و، ئه‌و كات ئه‌م به‌رێزانه‌ له‌و رێكخراوه‌یه‌ كاریان ئه‌كرد: عه‌لی ئه‌فه‌ندی برین پێچ، حسه‌ینی عه‌ول و مه‌لا ئه‌حمه‌د بانێخێڵانی و مه‌لا ئه‌سعه‌د بانیخێڵانی.

به‌ مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی لاوان و پیاوماقوڵانی گوند نشینه‌كان چه‌ند خاڵێك دانراو، بوون به‌ به‌رنامه‌ی كارو بریتی بوون: له‌ نه‌هێشتنی ناكۆكی و ناحه‌زی له‌ نێوان دانێشتوانی دییه‌كانداو، هاوكاری و یارمه‌تیدانی كه‌سانی كه‌م ده‌رامه‌ت و ده‌ست كورت و لێقه‌وماوو، جوتیاران به‌ گیانی برایه‌تی به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن به‌رامبه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی نابه‌جێی خاوه‌ن زه‌وی و موڵكه‌كان و په‌ره‌ به‌ تێكۆشان بده‌ن له‌ پێناو دروستكرنی قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه‌ بۆ دییه‌كان.

له‌ ئه‌نجامی تێكۆشانی بێوچانی جوتیاران توانرا گۆڤارێك به‌ناو {ده‌نگی داس} ده‌ر بكه‌ن و ئه‌م به‌رێزانه: هاورێ ئه‌حمه‌د مه‌حمود حه‌لاق*1 و هاورێ شیخ سه‌عید‌ یارمه‌تی مه‌لا ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی و مه‌لا ئه‌سعه‌دی بانیخێڵانی و مه‌لا حه‌سه‌نی مه‌لا كه‌ریمیان ئه‌دا له‌ ده‌ركرنی گۆڤاری ده‌نگی داس كه‌ بووه‌ هوێ بته‌وكردنی یه‌كێتی له‌ نێوان جوتیارانی ناوچه‌كه‌و، مه‌لا ئه‌حمه‌د هه‌وڵێكی زۆریداو خولێكی باشی كرده‌وه‌ بۆ فێركردنی خوێندن و نوسین بۆ جوتیاران و دانیشتوانی دێی بانیخێڵان و هه‌ندێكیان زیره‌ك بوون و خۆیان فێری خوێنده‌واری كردو له‌وانه‌: {سه‌ید عه‌بدولكه‌ریم و حمه‌ ئه‌مین محه‌مه‌د و عزیزی كوێخا} و هه‌روا به‌رده‌وام بوو له‌ ده‌رس گوتنه‌وه‌ به‌ منداڵانی دییه‌كه‌ تا قوتابخانه‌ی ره‌سمیان بۆ دامه‌زرا.

تێكۆشان له‌ په‌ره‌سه‌نددا بوو جوتیارانی ناوچه‌ی كوێره‌ك و هۆرێن و شێخان له‌ هاوینی 1951 ده‌ستیان كرد به‌ راپه‌رین سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كولاكه‌كان ساڵانێكی زۆر باج و پاره‌یان لێ وه‌رگرتوون به‌ ناوی ئه‌وه‌ی به‌شێكی ئه‌ده‌ن به‌ حكومه‌ت وله‌ كۆتاییدا زه‌وییه‌كان به‌ ناو جوتیاران ناونووس ئه‌كرێن، به‌ڵام كوله‌كه‌كان پاره‌كه‌یان داوه‌ به‌ حكومه‌ت به‌ناوی خۆیانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زه‌وییه‌كان به‌ ناوی خۆیان بنووسرێنه‌وه‌و، جوتیارانی هه‌موو دییه‌كانی هۆڕین وشیخان راپه‌رین و كاره‌كانیان په‌كخست و عه‌ریزه‌و و مه‌زبه‌ته‌یان بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ ره‌سمییه‌كان نووسی و نوێنه‌ری دییه‌كان كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداو سنووقێكی تایبه‌تییان داناو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی مه‌سره‌فی هاتووچۆ بۆ لای كاربه‌دستان و بریاردرا شه‌ر له‌ گه‌ڵ كولاك و سه‌ركاره‌كان نه‌كرێت و خه‌رمان و خه‌له‌ی یه‌كتر نه‌سووتێنرێن و ئاژاوه‌ دروست نه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌لكێش نه‌كرێن بۆ‌ لای داموده‌زگای میری و، ئه‌وانه‌ی له‌م راپه‌رینه‌ به‌شدارییان كردو رۆڵی كاریگه‌رییان هه‌بوو هه‌موو جوتیاره‌كان بوون به‌ گشتی و به‌ تایبه‌تی: حه‌سه‌ن زه‌هاوی خه‌ڵكی خانه‌قینه‌، مه‌لا ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی و مه‌ڵا ئه‌سعه‌دی برای عه‌له‌ ره‌ش – كوێره‌ك، حه‌مه‌ فه‌ره‌جی فه‌تاح – بانه‌بی،مام ئه‌ولقادری سۆفی محه‌مه‌د، حاجی ئه‌ولره‌حیم شاسوار، كاكی ئه‌حمه‌د و حه‌مه‌ ره‌قی كوری و حه‌سه‌نی مه‌لا نادر – ژاڵه‌ناو، عه‌بدوللا عه‌زیزی حه‌مه‌ صالحی ئه‌وڵا – ئاوبار، عه‌لی ئه‌ولقادر – هه‌رشه‌ل، حه‌مه‌ شه‌ریف – سه‌راو، عه‌زیز – ناودێ و مه‌لا عه‌لی – شمشێركوڵ و، پێویسته‌ بوترێت  حه‌مه‌ فه‌ره‌ج و عه‌له‌ ره‌ش داێنه‌مۆی جولانه‌یوه‌ی جوتیاری بوون و توانیان نوێنه‌ری زوربه‌ی جوتیاران له‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك رێكبخه‌ن و، ئه‌و ناوچه‌یه‌ تا كۆتایی ساڵی 1962 داخراو بوو بۆ حزبی شیوعی و له‌ پاش كۆده‌تا شوومه‌كه‌ی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ ساڵی 1963و لێدانی بنكه‌ی {به‌مۆی} حزبی شیوعی له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ شیوعییه‌كان شه‌هید كران و باری ناوچه‌كه‌ گۆراو كه‌وته‌ ده‌ست پارتی.

پاش جوتیارانی ئه‌وبه‌ری سیروان و دییه‌كانی بناری به‌مۆی سه‌ركه‌ش جوتیارانی {وارماوه‌} كه‌وتنه‌ چالاكی و جموجولێكی به‌گور وهه‌موو دییه‌كانی گرته‌وه‌: سه‌لیم پیرك، كانی سارد، فه‌قێ جنه‌، ده‌ره‌دۆین، بانیخێلان، بیركێ، سیاره‌، عازه‌بان، وازۆڵ، ئه‌حمه‌د برنه‌، باوه‌خوشێن و ، له‌و ساڵانه‌دا رێكخراوی حزبی شیوعی له‌ دێهاته‌كاندا رێنوێنی گوند نشینه‌كانی ئه‌كرد بۆ دروستكردنی ئه‌نجومه‌ن و گه‌ڵاڵه‌كردنی داخوازییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان وه‌ك كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌و خسته‌خانه‌و، شایانی باسه ئه‌م ‌رێكخراوه‌ی حزب له‌ ناوچه‌كه‌ بۆ دروستكردنی بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی جوتیاران هه‌وڵی ئه‌داو، هه‌ر له‌و دید‌و بروایه‌وه‌ جگه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناو دێهاته‌كان چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رینی تریان ساز ئه‌كردو نوێنه‌ری زوربه‌ی دێهاته‌كان ئاماده‌ ئه‌بوون و، له‌ ئه‌نجامدا كۆمه‌ڵه‌ی جوتیارانیان پێكهێناو، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ تێكۆشا‌ تا ساڵانی 1961 – 1962 وپێش ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ په‌نا بباته‌ به‌ر چه‌ك.

كرێكاران:

به‌هوێ دوواكه‌وتنی ناوچه‌كانی كوردستان به‌ گشتی و ناوچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان به‌ تایبه‌تی و نه‌بوونی رێگاوبان هیچ جۆره‌ كرێكارێك له‌ باوه‌نورو ده‌ربه‌ندیخاندا نه‌بوو له‌ ساڵی 1946 كومپانیای (كود ویلسن و یاوه‌ره‌كانی) له‌ نێوان ساڵانی 1946 – 1947 ده‌ستیان كرد به‌ لێتۆژینه‌وه‌و بشكنین‌ سه‌باره‌ت به‌ رێگاوبان و دروستكردنی به‌نداوێك و، ئه‌م هه‌وڵانه‌ بێسوود بوون تا ساڵی 1953 ودروستبوونی ئه‌نجومه‌نی ئاوادانكردنه‌وه‌ له‌ عێراقداو، هێنانی كومپانیاییه‌كی ئه‌مریكی به‌ناوی (هه‌رزه‌) و له‌ پاش خوێندنه‌وه‌یه‌كی ته‌واوی جوگرافیای ناوچه‌كه‌و ده‌ستنیشانی كردنی جێی و رێی به‌نداوه‌كه‌ ده‌ستكرا به‌ كاركردن له‌ لایه‌ن كومپانییه‌كی ئه‌مریكی به‌ناو{بڵنده‌ره‌كانی ده‌ربه‌ندیخان – DKC} و، له‌و كاته‌وه‌ كرێكار كه‌مه‌ كه‌مه ناوی ده‌ركردو رووی له‌‌ زیاد بوون بوو.

له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا چه‌ندین كۆمپانیایی گه‌وره‌و بچوك روویان كرده‌ ده‌ربه‌ندیخان و ژماره‌ی كرێكاران به‌ شێوه‌یه‌كی باوه‌رپێنه‌كراو په‌ره‌ی سه‌ندو زیادی كردو (2) جۆر سه‌ندیكا {نیقابه‌} هه‌بوو، كرێكاران ناوییان لێنابوو سه‌ندیكا بچكۆله‌كه‌ یان (زه‌رده‌كه‌) سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، نزیكه‌ی 300-350 ئه‌ندامیان هه‌بوو، شایانی باسه‌ له‌ هه‌ڵپژاردنه‌كاندا قومچییه عه‌ره‌به‌كان ‌ دژ به‌ حزبی شیوعی  هاوكارییان ئه‌كردن و، سه‌ندیكای گه‌وره‌كه‌ {سووره‌كه‌} سه‌ر به‌ حزبی شیوعی بوو زیاتر له‌ 3300 ئه‌ندامی هه‌بوو، سه‌ندیكاییه‌كی تری كرێكارانی ره‌ی هه‌بوو ئه‌ویش له‌ لایه‌ن شیوعییه‌كان به‌رێوه‌ئه‌برا.

زوربه‌ی كرێكاره‌كان بێ ئه‌زموون بوون ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی به‌رێوه‌بردنی سه‌ندیكاكان و، سه‌ندیكا گه‌وره‌كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م به‌رێزانه‌وه‌ به‌رێوه‌ئه‌چوو: حه‌مه‌ی میرزا سه‌عید، حسه‌ین ئایشه‌خان، میخاییل شه‌عیا، په‌روێز جاف و ابراهیم كه‌ریم {ئه‌بو خه‌لیل} و له‌ سه‌ره‌تایی هاتنی كۆمپانیاكه‌ هه‌ندێ كه‌سی خراپ و به‌رتیل خۆر وده‌ستپێس ده‌ستیان گرت به‌ سه‌ر ئۆفیسی دامه‌زراندنی كرێكاران و، ئه‌م كه‌سانه‌ له‌ پاش به‌رپابوونی شۆرشی 14 ی ته‌موزی 1958 زیاتر به‌ره‌و خراپه‌ ره‌فتاریان كردو، هه‌وڵه‌كانی سه‌ندیكایان پێش ئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌كار له‌ بار ئه‌بردو، هه‌ر كه‌سێك داوای دامه‌زراندنی بكرادایه‌ به‌ ئاشكه‌را داوای به‌رتیلیان لێئه‌كرد.

له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 1959 و له‌ هه‌ڵپژاردنی سه‌ندیكا گه‌وره‌كه‌ ده‌سته‌یه‌كی نوێ هاته‌ سه‌ركارو بریتی بوون له‌م به‌رێزانه‌: حه‌مه‌ی میرزا سه‌عید، ابراهیم كه‌ریم *2، عمر ره‌شید، میخاییل شه‌عیا، دنخا شه‌معون البازی {ئه‌بو یه‌عقوب – ئه‌بو باز} و سیادۆر ئه‌رمه‌نی و، هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا بریاردرا به‌رپه‌چی كومپانیاو پیاو خراپه‌كانی بدرێته‌وه‌ له‌ رێی مانگرتنێكی گه‌وره‌و، به‌رزكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی كرێكاران و به‌ نووسراو به‌ زمانی عه‌ره‌بی و كوردی وئینگلیزی بدرێت به‌ كومپانیاو سه‌ندیكای كرێكاران له‌ سلێمانی و یه‌كێتی گشتی سه‌ندیكای كرێكارانی عێراق له‌ به‌غداو وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و، داخوازییه‌كان ئه‌مانه‌ بوون: خانۆۆ به‌نگه‌ڵه‌ بۆ پشووی كرێكاران وه‌ك چۆن بۆ كارمه‌ندان كراوه‌ بكرێت و، ناساندنی سه‌ندیكا وه‌ك نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی كرێكاران و، كردنه‌وه‌ی خه‌سته‌خانه‌ بۆ كرێكاران و خێزانه‌كانیان و، بایه‌خدان به‌ چیشتخانه‌كانی كرێكاران و راگرتنی پاك و ته‌میزی و كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ بۆ منداڵانی كرێكاران و، بریاریشدرا ئه‌م داخوازییانه‌ له‌ رۆژنامه‌كانی حزبی شیوعی {اتحاد الشعب و ئازادی} بڵاو بكریته‌وه‌و، شایانی باسه‌ به‌رێز ئه‌ندازیار سالم الشیخ وه‌ك به‌رپرسی حزبی له‌و داخوازییانه‌ ئاگاركراو په‌سه‌ندی كردو پشتگیری خوێ راگه‌یاند.

له‌ كۆبوونه‌ویه‌كی تردا باسی مه‌رجه‌كانی مانگرتن و سه‌ركه‌وتنی كراو له‌ چه‌ند خاڵێكدا چربووه‌: زۆربه‌ی كرێكاران بۆ لای خۆمان رابكێشین به‌ تایبه‌ت به‌رپرسه‌كانیان واته‌ (فۆرمه‌نه‌كان)، پاراستنی شتومه‌كی كومپانیاكه‌ له‌ رۆژانی مانگرتنداو هه‌روا پاراستنی بیانییه‌كان و، پێكهێنانی لیژنه‌ی گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ كومپانیاو، لیژنه‌ی هه‌ڵسووران و ئاماده‌ كردن و نووسینه‌وه‌ی داخوازییه‌كانی كرێكاران و، كرێكاره‌كان له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌و توێژه‌كانی عێراق بوون: كورد، عه‌ره‌ب، توركمان، كلدان – ئاشوری – سریان و ئه‌رمه‌نی و، موسڵمان و كریستان و ئێزدێ و مه‌ندائی و شه‌به‌ك و، هه‌موو كرێكاران له‌ ئاماده‌ باشبوون بۆ مانگرتن و ئاهه‌نگگێران به‌بۆنه‌ی 1 ی ئایار جه‌ژنی كرێكارانی جیهان و، مه‌لا ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی رۆڵێكی باشی گێرا‌ له‌ وریاكردنه‌وه‌ی كرێكاران و رێكخستنیان و رێنه‌مایی لێژنه‌كان و له‌ولاشه‌وه‌ له‌ سه‌ندیكای ره‌ی پشتگیری كرێكاران كرا له‌لایه‌ن ئه‌م به‌رێزانه‌: نه‌جم الدین كاكه‌ سه‌عید {نه‌جمی كاكه‌ سه‌عه‌} هه‌ڵه‌بجه‌یی و جه‌لال كه‌ریم {جه‌لال ئه‌بو شوارب} و عه‌لی ئه‌حمه‌د خورشید.

مه‌لا ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی به‌وردی و وریایی رێنه‌مایی لیژنه‌ی مانگرتنه‌كه‌ی ئه‌كرد له‌ رێی دوكتور عزالدین مسته‌فاو، ئه‌میش هه‌رچی هه‌بوو ئه‌یدا به‌ عه‌بدوللا محه‌مه‌د، قادر شیخ طه {قادری شیخ ته‌ها} و حه‌مدی ئه‌حمه‌د ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌و، له‌ رۆژی 25/4/1959 مانگرتن ده‌ستیپێكردو كه‌س نه‌هات بۆ كارو سه‌ندیكا هه‌ر كرێكارێك له‌وێ بووایه‌ دانه‌یه‌ك له‌ نووسراوی داخوازییه‌كانی پێئه‌داو، مانگرتنه‌كه‌ به‌ باشی به‌رێوه‌چوو، به‌ڵام كومپانیا له‌ رۆژی یه‌كه‌م و دووه‌م و سییه‌م ئاماده‌ نه‌بوو داخوازییه‌كانی كرێكاران بدات و له‌ لایه‌ن نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ پشتگیری ئه‌كراو، له‌و بارودوخه‌دا عه‌بدولكه‌ریم قاسم بریارێكی مێژوویی ده‌ركردو داوای له‌ وه‌زیری ئاوندانكردنه‌وه‌  كرد ئه‌گه‌ر كومپانیاكه‌ داخوازی كرێكاران نه‌دات به‌ڵگه‌ نامه‌ و په‌یمانی كاری (عقد العمل) ی  لێبسێننه‌وه‌و، ئه‌و پشتگیرییه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم بووه‌  هوێ سه‌رشۆركردنی كۆمپانیاو پێدانی داخوازییه‌كانی كرێكاران.

جارێكی تر دووپاتی ئه‌كه‌مه‌وه‌و ئه‌ڵێم ئه‌مانه‌ رۆڵی سه‌ره‌كی و باشیان هه‌بوو:  مه‌لا ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی، عه‌بدوللا محه‌مه‌د، حه‌مه‌ شه‌ریف، عه‌لی حه‌مه ئه‌مین‌ وازۆڵی، حه‌مه‌ فه‌ره‌ج فه‌تاح، عه‌لی ئه‌ولقادر، سالار محه‌مه‌د نادر، مه‌لا ئه‌سعه‌د بانیخێڵانی، ئه‌ولقادری فارس و فائق ره‌شید.

له‌ رۆژی 23/12/1961  به‌ ئاماده‌ بوونی عه‌بدوالكه‌ریم قاسم سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و له‌ ئاهه‌نگێگی قه‌شه‌نگ و رازاوه‌ به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان كه‌وته‌ ئیشكردن و، ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك جێی خۆشی دانیشتوانی ده‌ربه‌ندیخان و دییه‌كانی ده‌وروپشتی بوو، ئێستا ده‌ربه‌ندیخان بووه‌ته‌ شوێنێكی گه‌شتیاری و، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ بووه‌ هوێ له‌ كارخستن و ده‌ركردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كرێكاران.

له‌ هاتنی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی بۆ سه‌ر حوكم له‌ كۆدتا شوومه‌كه‌ی 8 ی شوباتی 1963باری كرێكاران تێكچوو، ده‌ستكرا به‌ راونان و گرتنیان وه‌یه‌كێك له‌و كرێكارانه بۆ نموونه‌‌ به‌رێز غه‌فور عه‌لی ئه‌حمه‌د بارام {غه‌فوری كوێخا عه‌لی} بوو كه‌ له‌ 12/3/1963 تا 5/8/1966 گیراو تا ئێستا مافی وه‌ك زیندانییه‌كی سیاسی وه‌رنه‌گرتووه‌.

له‌ ساڵی 1963 تا ئه‌مرۆ سه‌ندیكای كرێكاران وه‌ك جاران كار ناكات و، حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و لای خۆیان رایان ئه‌كێشن و زۆر جار فریویان ئه‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانیان زه‌وت بكه‌ن و، له‌ كاتی رووداوێك له‌ گه‌ڵ خاوه‌ن كاره‌كانیان داموده‌زگاكانی حكومه‌ت پشتگیری له‌ خاوه‌ن كار ئه‌كه‌ن چونكه‌ ئه‌و پاره‌ی به‌دسته‌وه‌یه‌و ئه‌توانێت به‌ پاره‌و به‌رتیل خوێ ده‌رباز بكات.

پراویزه‌كان و ئاماژه‌ پێكراوه‌كان:

ئه‌حمه‌د مه‌حمود حه‌لاق*1: هاورییه‌كی چالاك و لێهاتوو كادرێكی پێشكه‌وتوو له‌ ساڵی 1967 یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی له‌ گه‌ڵ كه‌رتكردنی حزبی شیوعی و “جیابوونه‌وه‌كه‌ی عه‌زیز الحاج””چوو، له‌ پاشان شه‌هید كرا..

ابراهیم كه‌ریم *2 : به‌ناوی {ابراهیم باقر” ئه‌بو خه‌لیل، ئه‌بو ثه‌وره‌} بانگ ئه‌كرا، تێكۆشه‌رێكی كرێكاران بوو، جارێكیان شوفێری ئۆتۆمبێلێكی لاندروڤه‌ر له‌ به‌رزاییه‌ك ئه‌وه‌ستی و دائه‌به‌زێ و، وادیاره‌ به‌ هه‌ڵه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی راگرتووه‌ یه‌كسه‌ر ئۆتۆمبێل به‌ره‌و خوار ئه‌بێته‌وه‌و ابراهیم كه‌ریم ئه‌و كاته‌ سه‌رۆكی سه‌ندیكا بوو زوو خوێ ئه‌خاته‌ به‌رده‌م ئۆتۆمبێله‌كه‌ و پشتی ئه‌شكێت به‌ڵام ژیانی چه‌ندین كرێكاری له‌ مردن رزگار كردو نه‌یهێشت ئۆتۆمبێله‌كه‌ بكه‌وێت به‌سه‌ر كرێكاراندا.

**بۆ ئه‌م نووسینه‌ سوود له‌ كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانم – مه‌لا ئه‌حمه‌د بانێخێڵانی وه‌رگیراوه‌.

22/4/2014

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی