"an independent online kurdish website

له‌ گه‌ڵ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌نگی زۆربه‌ی كاندیده‌كان به‌رز ئه‌بێته‌وه‌و لیست لیستكارییه‌و كرین و فرۆشه‌ له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی لاپتوپ

و ده‌مانچه‌و زه‌وی دابه‌ش ئه‌كه‌ن و شه‌قشه‌قان و قه‌مچان به‌ پاره‌ی نه‌وت و سامانی گه‌ل ئه‌كه‌ن و هه‌ندێكیان تا ئێستا لێیان نه‌بیستراوه‌ ناوی سه‌ربوخۆیی كوردستان بێنن به‌ڵام ئه‌مرۆ ده‌ستیانداوه‌ته‌ سێنگ ده‌رپه‌راندن و به‌ گه‌رمی و به‌ ده‌نگێكی به‌رز باسی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش هه‌رچه‌نده‌ له‌ لای هه‌موان له‌ناخه‌وه‌یان هه‌ڵنه‌قوڵاوه‌ بووه‌ته‌ دڵخۆشكه‌ره‌ بۆ زوربه‌ی گه‌لی كوردستان و ئه‌وانه‌ی ئاواته‌خوازن ئه‌و رۆژه‌ پرشنگداره‌ بێته‌دی.

له‌ مێژه‌وه‌ كوران و كچانی نه‌ته‌وه‌ی كورد تێكۆشاون بۆ سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌یان و به‌رنگاری دوژمنانی ره‌گه‌زپه‌رست و شۆڤه‌نیست و رژێمه‌ خوێنرێژه‌كان بوونه‌ته‌وه‌و خوێنی گه‌شیان و ژیانیان له‌و رێگایه‌دا به‌خشیوه‌و، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش نیشتمانه‌كه‌یان دووچاری كیمیاباران وشه‌ری له‌ناوبردن (جینۆساید) بووه‌ته‌وه‌و، دوژمنان وكۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی غه‌درێكی مێژوویی گه‌وره‌یان له‌م نه‌ته‌وه‌ قاره‌مان و كۆڵنه‌ده‌ره‌ كردووه‌و، هه‌ر له‌ پاش مۆركردنی په‌یمانی سیڤه‌رو پاشان نشوستییه‌كه‌ی و ئیمزاكردنی په‌یمانی لۆزان و دابه‌شكردنی خاكی كوردستان به‌سه‌ر وڵاتاندا تا ئێستا كه‌س یان رێكخراوێكی نێونه‌ته‌وه‌یی پشتگیری له‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌كردووه‌.

سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئاسان نییه‌ بێته‌دی به‌ خواستی تاكه‌ كه‌سێك چونكه‌ خواست و ئاواتی هه‌ره‌به‌رزی گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا ده‌وڵه‌تی نییه‌و، ئه‌م پرسه‌ ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كه‌و، ئه‌گه‌ر باس له‌ دیموكراسیش ئه‌كه‌ین پێویسته سه‌رجه‌م‌ هاووڵاتییان له‌م جۆره‌ بریاره‌ چاره‌نووسه‌ سیاسییانه‌ به‌شدار بن و، زوربه‌ی گه‌لی كوردستان ریفراندۆمه‌كه‌ی ساڵی 2005 یان له‌ بیر نه‌چووه‌ كه‌ زیاتر له‌ 96% ی خه‌ڵك ده‌نگیان به‌ به‌ڵێدا بۆ سه‌ربه‌خۆیی.

ئه‌مرۆ عێراق  له‌لایه‌ن حكومه‌تی تایفه‌گه‌ری و گرا مه‌زهه‌بی شیعه‌وه‌ به‌رێوه‌ ئه‌برێت و، نوری المالكی سه‌رۆك وه‌زیران دیكتاتۆر ئاسا ره‌فتار ئه‌كات و له‌ گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا بار گرژی دروست كردوه‌و، هه‌ر له‌ روخاندنی رژێمی دیكتاتۆری حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی و خوێنرێژ سه‌دام حسه‌ین تا هنوكه‌ سه‌رانی كورد زۆر هه‌لی زێرینیان له‌ده‌ستداوه‌و نه‌یانتوانیوه‌ له‌به‌ر هه‌ندێ ده‌ستكه‌وتی حزبایه‌تی ته‌سك وگیرفان پركردن ئه‌و هه‌لانه‌ بقۆزنه‌وه‌و، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی كوردی دلێر بێت و، له‌ ئێستادا حكومه‌ته‌كه‌ی نوری المالكی لاوازه‌و، ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ی تێكه‌وتووه‌و‌ باشترین و نێوترین هه‌له‌و پێویسته‌ سه‌ركرده‌كانی كورد بیقۆزنه‌وه‌و بتوانن سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردستان به‌ ده‌نگێكی به‌رز جار بده‌ن.

سه‌ربه‌خۆیی مافی نه‌ته‌وه‌كانه‌ له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌ر خاكی باوپاپیران و، دوژمنانی كورد له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان توانیویانه‌ تا ئێستا خواست و ئاره‌زووی نه‌ته‌وه‌ی كورد سه‌رهه‌ڵنه‌دات و به‌و په‌ری نامرۆڤانه‌ ره‌فتاری له‌ گه‌ڵدا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئاوات و خه‌ونی‌ مێژوویی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ چه‌وساوه‌یه‌ كه‌ خاكه‌كه‌‌ی به‌سه‌ریاندا دابه‌شكراوه‌ نه‌یه‌ته‌دی و، ئه‌مرۆ له‌ باشوری كوردستان نه‌ته‌وه‌ی كورد گیرۆده‌ی ماده‌ی (140) بووه‌ته‌وه‌و، حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دووای یه‌كه‌كانی عێراق له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌یاد عه‌لاوی و ابراهیم جه‌عفه‌ری و تا ئه‌گاته‌ دوو پۆسته‌كه‌ی نوری المالكی به‌ هوێ بیری شۆڤه‌نیستی عه‌ره‌بی بۆگه‌ن و بیری تایفه‌گه‌ری چه‌په‌ڵ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌نه‌بوون و نابن ئه‌و ماده‌ خێج و خواره‌ كوشنده‌یه‌ ‌ جێبه‌جێ بكه‌ن و سه‌رانی كوردیش ئه‌ژڵه‌ژێن و هه‌ڵئه‌چن و خۆیان ئه‌خڵافێنن و به‌ گیڤه‌ گیڤ خه‌ڵك فریو ئه‌ده‌ن و، زۆر كه‌ره‌ت  نیازی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان هه‌یه‌و، له‌ پاش ماوه‌یه‌ك سارد ئه‌بنه‌وه‌و، دیسانه‌وه ‌دێنه‌ سه‌ر باسی “”ده‌ستور”” و، هیچیان پێناكرێت و، تا ئێستا به‌ هوێ سیاسه‌تی چه‌وتیانه‌وه‌  یه‌ك بست له‌ خاكی ناوچه‌ دابراوه‌كان نه‌گه‌راوه‌ته‌وه‌ سه‌ر كوردستان.

سه‌ربه‌خۆیی سه‌روه‌رییه‌و خواست و ئاواتی هه‌موو مرۆڤێكی ئازادیخوازه‌و ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ تاكه‌ كه‌س و، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌موو تاكێكی كورد كه‌ به‌ چاوێكی پر بایه‌خه‌وه‌ بروانێته‌ ئه‌م پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ گرنگه‌و، هه‌روا له‌ سه‌ر هه‌ر تاكێكی كورده‌ به‌ چاوی رێزه‌وه‌ سه‌یری هه‌ڵسوكه‌وتی رێبوارانی رێگای ئازادی و سه‌رفرازی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات و، نه‌كه‌وێته‌ ژێر باری  له‌رزو ترس وسۆزه‌وه‌و چونكه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كۆده‌نگی هه‌موو هاوڵاتیان و هه‌موو لاینه‌كانیان ئه‌وێت.‌

من وه‌ك كوردێك له‌دوو وتاردا باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و مه‌ترسییه‌كانیم كردووه‌: له‌ یه‌كه‌مدا وتوومه‌: دوژمنانی كوردو كوردستان له‌ كوردستاندا تراتێن ئه‌كه‌ن  و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ستپێدئه‌كات: ئه‌ی كوردینه‌، ئه‌ی مه‌ردینه وریا بن، وریا بن{ وریا بن} كوردستان له‌ مه‌ترسیدایه‌ (24/1/2012) ،  له‌ دووه‌مدا نووسیومه‌: کوردستان لە چنگی عروبەوە بۆ گەرووی ئەتاتورک‌ و، وتوومه‌: بەڵێ، بەڵێ، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان. نەء، نەخێر، نا بۆ کوردستانی سەر بە تورکیا (25/4/2012).

هیچ تاكێكی كورد به‌ ته‌نها ناتوانیت جاری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بدات له‌ به‌ر ئه‌وه‌ زۆر سته‌م و دژواره‌ و پرسه‌كه،‌ پرسێكی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌و، ئه‌بێ هه‌موو كوردان به‌شداری تیا بكه‌ن، به‌ڵام زۆر خاڵی رێگر هه‌یه‌ ئه‌و پرسه‌ له‌بار ئه‌بات یان دووای ئه‌خات و ئه‌و خاڵانه‌ بریتین له‌:‌ پێش هه‌موو شتێك نابێت پشت به‌ وڵاته‌ كونه‌په‌رسته‌كان ببه‌سترێت وه‌ك: توركیا (دوژمنی سه‌رسه‌ختی كوردو كوردستان)، ئه‌رده‌ن وڵاتێكی بێده‌سه‌ڵات، سعودییه‌ و قه‌ته‌ر (دوو وڵاتی ده‌وڵه‌مه‌ند ویارمه‌تیده‌ری توندو تیژی و تێرۆرو خوێنرشتن) له‌ جیهانداو، سیاسه‌تی دوو فاقه‌ی ئه‌مریكا له‌ لایه‌كه‌وه‌ داڤید پتراوس سه‌رۆكی تۆری سیخوری ئه‌مریكا داوا ئه‌كات له‌ رژێمی توركیا پشتگیری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی بكات و، توركیا ببێت به‌ برا گه‌وره‌ی كوردان و، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا جۆ بایدن ئه‌ڵێـت: ‌واشنتۆنگ نێكه‌رانه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و باشتره‌ له‌ ناو عێراقدا بمێننه‌وه‌و، تا ئێستا سوپای توركیا له‌ ناو خاكی كوردستانی باشور ماوه‌ته‌وه‌و، هاتووچۆیه‌كی گه‌رم له‌ نێوان په‌رپرسانی توركیاو هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و، توركیا به‌ هه‌رزان نه‌وتی كوردستان ئه‌كرێت و بۆی ئه‌روات و سه‌دان و سه‌دان كۆمپانیای توركی له‌ خاكی كوردستانه‌و،  به‌ناوی پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان {خه‌یرو به‌یری كوردستان} ئه‌گوێزنه‌وه‌و، حكومه‌تی كوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ی خواست و ئاره‌زووی هاوڵاتیان خه‌نده‌ق له‌ نێوان باشورو رۆژئاوای كوردستان هه‌ڵئه‌كه‌نێت و، تا ئیستا بۆ نموونه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ دادگاوه‌ داواكراون مه‌به‌ست (موسته‌شارو تاوانبارانی‌) ئه‌نفال و بكوژانی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی سڤیله‌ راده‌ستی دادگا نه‌كراون و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رێزیان لێئه‌گیرێ و مووچه‌یان هه‌یه‌و داڵده‌ ئه‌درێن و كه‌موو كوری زۆره‌و باس كردنیان ئازاری نه‌ته‌وه‌كه‌مان زیاتر ئه‌دات  هتد……

سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ قورگی دوژمنانی كوردستانه‌و پێویستی به‌ تێكۆشانی بێوچانه‌و نابێ كورد (زه‌لیل) ی ده‌ستی ئه‌م و ئه‌و بێت و، پێویسته‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ی كوردو گه‌لی كوردستان له‌ ئاستی خوێ راپه‌رێت و چیتر لافوگه‌زافی كه‌س (قه‌بول) نه‌كات و، لێره‌دا پرسیارێك بۆ “”په‌رله‌مانی كوردستان”” كه‌ پتر له‌ شه‌ش مانگه‌ نازانێت كۆبوونه‌وه‌ چییه‌و ئه‌ركی چییه و‌؟؟پرسیاره‌كه‌: ئایا كاری په‌رله‌مانتاران چییه‌؟ ئایا كاریان ئه‌وه‌یه‌ پاش 6 مانگ كۆببنه‌وه‌؟؟!! و، سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌ت گه‌لی كوردستان چاوه‌روانه‌و ئه‌ڵێت: خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت !!!!.

29/4/2014

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی