مستەفا قەرەسوو ئەندامێكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان KCK دەڵێ “پێشتر رووانەگەیەكمان بۆ دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوە هەبووە،
بەڵام وازمان لێهێنا”. هاوكات چوونی پەرلەمانتارانی BDP بۆ نێو HDP بە ئەرێنی ناودەبات و دەڵێ: “لەدوای كۆنگرەوە BDP دەبێتە پارتی دیموكراتی ناوچەكان“.
مستەفا قەرەسوو لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: “دوای چوونی پەرلەمانتارانی پارتی ئاشتی BDP بۆ نێو پارتی دیموكراتی گەلان HDP وادەكات HDP ببێتە پارتی دیموكراتی رادیكاڵ“.
قەرەسوو هۆكاری وازهێنان لە بیری دەوڵەتی نەتەوە ئاشكرادەكات و دەڵێ: “بیری چەپیش تێڕوانینێكی وای هەبوو كە دەوڵەتی نەتەوە دابمەزرێ، بەڵام دواجار تێگەیشتین كە ئەمە هەڵەیە، ئێستا لەنێو هەوڵدانێكین بۆ ژیانێكی دیموكراسی و دەستنیشانكردنی چارەنووسێكی ئازاد و دیموكراتیك بەبێ ئەوەی دەوڵەتی نەتەوە دابمەزرێنین، وێرای ئەوەی توێژ و رووانگەی جیاواز لەنێو HDPدا دەبن، بەڵام پێویستە ئەو پارتە بۆ ئێستای توركیا پارتێكی دیموكراتی رادیكاڵ بێت“.
ئەوەش دەخاتەڕوو كە لە رێگەی بەدیموكراتیزەكردنی توركیاوە دەمانەوێت كێشەی كورد چارەسەر بكەین، ئەم پڕۆژەیە، پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و پێویستە ستراتیژی پێشوومان بگۆڕین، ئەگەر لەرێگەی شەڕەوە نەتوانین دەوڵەت- نەتەوە دابمەزرێنین، ئەوا خەباتێكی سیاسی چارەسەرە، پێویستە بەو شێوەیە لە HDP تێبگەین“.
هەروەها دەڵێ: “حیزبە چەپە بۆرجوازییەكانی پێشوو بەهۆی ئەوەی ئامانجیان دەستگرتن بووە بەسەر تەواوی كۆمەڵگا، ویستوویانە هەموو كۆمەڵگا بە نفوز و رێكخراو بكەن، بەڵام لە HDP كۆنگرەی دیموكراتی گەلان دەبێتە ئەنجوومەنێكی 100 كەسی و ئەنجوومەنێكی 500 كەسیش كاروباری سیاسی هەرێمەكان بەڕێوەدەبات. بۆ ئەوەی ئەو ئەنجوومەنە بەپێی خۆڕێكخستنی خۆڕسكی خەڵك سیاسەت ئاڕاستە بكەن“.
فەرهاد چۆمانی
رووداوDHA-
2014-05-06