بە هاتنی حەسەن روحانی كە بەدەوڵەتی “تەدبیر و ئومید” ناوی دەركرد و تێكەڵاوێك بوو لەرێككەوتنی نافەرمیی رێفۆرمخواز و میانەڕەوەكان، جارێكی دیكە هیوا و ئومید لەدڵی رێفۆرمخوازە كوردەكاندا چەقەرەی كردەوە و ئومێد بە رێفۆرمی لەنیزامی ویلایەتی فەقێدا، لەدڵی ئەو كوردانەدا زیندوو كردەوە.
دوو گوتاری زاڵ لەكاتی هاتنە سەركاری حەسەن روحانی لەكوردستان بیچمیان گرت.
1. كرانەوەی كەش و هەوای زاڵ بەسەر كوردستاندا
2. گۆڕانی بنەڕەتی لەو سیستەمەدا بەدی ناكرێ
گووتاری یەكەم لەلایەن رێفۆرمخوازە كوردەكانەوە و ئەو كەسانەی كە لەو نیزامە هیوابڕ نەبووبوون بە بەردەوامی دەوترێتەوە و گوتاری دووهەم لەلایەن ئەو حیزبانەی كە چەندین ساڵە خەبات دەكەن و نوێنەرایەتیی بەشێكی بەرچاو لەخەڵكی كوردستانی رۆژهەڵاتیان لەسەر شانە دەوترێتەوە.
رێفۆرمخوازەكان لەسەر بنەمای سێ تەوەری “كەش و هەوای زاڵ بەسەر بزووتنەوەی كوردیدا، ئەزموونی سەردەمی خاتمی و بزووتنەوەی مەدەنیی لەكوردستان” جارێكی دیكە پشتیان بەو نیزامە بەستەوە و هەوڵەكانیان لەسەرەتای هەڵبژاردنەكاندا بەمەبەستی هاندانی هاووڵاتیان بۆ سەر سەندووقەكانی دەنگدان چڕكردەوە. دیارە پرسی ئاشتی لەتوركیە و بزووتنەوە مەدەنییەكانی كوردەكان لەو وڵاتە بەشێوەی راستەوخۆ كاریگەری لەسەر رێفۆرمخوازە كوردەكان هەبووە و ئەوان دەڵێین دەكرێ لەو مودیلە كەڵك وەربگیردرێ و بەواتایەكی دیكە رێفۆرمخوازە كوردەكان دەڵێین نابێ بەدواداچوون بۆ پرسی كورد لەكوردستانی رۆژهەڵات تەنیا بە رێڕەوی حیزبەكاندا تێپەڕ ببێ، بەڵكوو بزووتنەوەی مەدەنیی لەناوخۆی وڵاتیش دەتوانێ رۆڵ و كاریگەری خۆی هەبێت.
پشت بەستنی رێفۆرمخوازە كوردەكان بە دەوڵەتە یەك لەدوای یەكەكان زۆر مێژوویی نیە و ئێستاكەش بە هۆی هێندێ كێشەوە(دیارە لە سەردەمی موهەندیس “ئەدەب”یشدا هەبوو) تووشی پەرتەوازەی بوون، ئەو كێشە و هۆكارانەی كە دەتوانێ نیوانی رێفۆرمخوازە كوردەكان بشێوێنێ و هەتا رادەیەكیش ناكۆكیی تێخستوون بریتین لە:
ـ توخمە ناوخۆیی و سەرەکییەكانی ناو بەرەی یەكگرتووی كورد ناڕەزایەتیی و ناكۆكییان تێ كەوتووە.
ـ ئەو بەرەیە لەلایەن خەڵكی عامە و چینی مام ناوەندی كۆمەڵگەی كوردستانەوە بە فەرمیی نەناسراوە و زەربەی وێکەوتووە.
ـ حكوومەتی ئێران و ناوەندە بان یاساییەكان ئەگەر لەلایەك دەرفەتی چالاكیان بە بەرەی یەكگرتووی كورد و رێفۆرمخوازە كوردەكان داوە، لەلایەكی دیكەوە لەهەوڵی نانەوەی دووبەرەكیی لە نێوانیان دان.
بەڵام پرسیارەكە لێرەدایە بۆ چی ئەو رێفۆرمخوازانە دڵییان بە دەوڵەتی رۆحانی خۆش كردووە، ئایا بڕاستی ئەوان بۆیان دەرنەكەوتووە كە سیستمی حكوومەتی ئێران لەچوارچێوەی ویلایەتی فەقیهدا خوڵ دەخواتەوە و وەلی فەقیهـ لەسەروی ئەحكامەكانەوەیە و بەرژوەندی نیزام لەسەرووی هەموو شتەكانەوەیە.
وادیارە ئەو رێفۆرمخوازانە لەبیریان چووە كە دوابەدوای هاتنە سەركاری روحانی و بەدەستەوە گرتنی كۆشكی دەسەڵات رەوتێكی بەربڵاو لە سێدارەی لاوان و هاووڵاتیانی كورد دەستی پێكرد، ئەگەر كوشتنی ئەو لاوانە بە بیانووی بازرگانی بەمادە سڕكەرەكان و قەتڵ و … بوو، ئەی دەبێ كوشتنی كۆڵبەرانی بێتاوان كە بەدوای بژێوی نەمر نەژی ژیانی خۆیان و بنەماڵەكانیانەوەن، چیی بێت؟ بڕاستی بیجگە لەوەی كە خەڵكتان بۆ دەنگدان هاندا، توانیتان چ كارێكی دیكە كە یارمەتیی بە گوتاری مافخوازی و ناسیۆنالیزم بکات، بکەن؟ رێفۆرمخوازەكان تەنیا بەو هیوایەوە ئەو كارەیان كرد كە تەنیا ئوستاندار یان فەرماندار و یان وەزیرێكی سوننە مەزهەب لەشوێنێكی حكوومی دابمەزرێنن و سەرەڕای ئەوەی هیچ داهێنانێكیان نیە، بەو كارەش داخوازیی كوردەكان بەلاڕێدا دەبەن و دەیخەنە چوارچێوەی مەزهەبییەوە.
ئەو هاووڵاتیانە دەبێ باش بزانن كە زۆر لەمێژە پشتێنە و رایەڵەی ئەمنیەتی بە دەوری كوردستاندا كێشراوە و ئەو رایەڵە ئەمنیەش ئەوەندە بەهێزە كە بەدڵنیاییەوە بەو ئاسانیانە بەدەستی رێفۆرمخوازە كوردەكان لەناو ناچێ و تەنانەت ئەو بوێریەشیان نیە كە باس لەو سیاسەتە بكەن و لەقاوی بدەن.
تێكشكانی پڕۆژە و گەڵاڵەی رێفۆرم لەئێران و كوردستان، سەركوتی بزووتنەوە مەدەنیەكان، تیرۆری رێبەرانی كورد لەسەرووی هەموویانەوە د. قاسملوو و شەرەفكەندی، بەردەوامی ئێعدامەكان و لەهەمووی گرینگتر چییەتی و ناوەڕۆكی سیستەم و پێكهاتەی كۆماری ئیسلامیی وای كردووە كە بە پێچەوانەی رێفۆرمخوازەكان، تۆوی بێ هیوای لەو نیزامە، لەدڵی حیزب و بەشێكی بەرچاو لە خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵاتدا بچێندرێت.
تەنیا رێگەی گەیشتن بە دێمۆكراسی، نیزامی فیدراڵی و سكۆلار ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە نیزامی حكوومەتی ئێران دایە و ئەوەش لەئەنجامدا دەسكەوتی شوناسی بۆ كورد لێدەكەوێتەوە، بەڵام لایەنگرانی ئەو بیرۆكەیە لەلایەن حكوومەتی ئێرانەوە بەرچەسبی “جیاخواز”یان لێدراوە و لەزێدی خۆیان دەركراون و بەشێکی بەرچاویش لەسێدارە دراون و یان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دان.
حەسەن روحانی لەهەڵبژاردنەكانیدا كەڵكی لە رەنگی نیلی و كلیل وەرگرت، راستە كلیلەكەی روحانیی توانی دەرگای زیندانەكانی كوردستانی رۆژهەڵات بكاتەوە، بەڵام نە بەمەبەستی ئازاد كردنی لاوەكان، بەڵكوو بۆ لەسێدارەدانیان.