"an independent online kurdish website

ئەمڕۆ ” ٢٧ی جۆزەردان ” رۆژی دامەزرانی دەنگێکی دلێر و راست بێژە، دەنگێک کە لەسەر دەستی مەزنترین رێبەری کورد و بە هاوکاری کۆمەڵێک مرۆڤی ئازدیخواز و دێموکرات و مرۆڤ دۆستی وەک شادرەوان “کاک موهەندیس رەزا خەیاتی” دامەزرا .

ئەو دەنگەی ناوی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانی پێبەخشڕا و بووە سەکۆی دەنگی ئازدیخوازانی کوردستان . دەنگێک کە لە نێو ئەشکەوت و شیو و دۆڵ و چیاکانی کوردستانەوە بانگی ئازادی سەردا و لێرەوار و پێدەشتەکانی بڕی و بووە میوانی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی بەر دەرکی مزگەوتەکان، چایخانەکان ، دووکان و بازار ، مووچە و مەزراکان ، دیوەخانی خانەدان و سەر هەیوانی ماڵان و ورد و دریشتی کردە گوێگرانی ئەوینداری خۆی .

لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانەوە ، نەعرەتەی شێرانەی پێشمەرگەکانی شەهید پێشەوا ، داڵاهۆ ، شاهۆ ، بێستوون ، زرێبار ، سامڕەند، ئاربابا ، دووی رێبەندان ، بەیان، زمزیران، گیارەنگ، سپی سەنگ،ئاگری و قەندیل خەوی لە داگیرکەران تاراند و زەندەقی بەکرێگیراوانی برد . قرمژنی گوللەی چەکی دەستیان بێدەنگی شەوەزەنگی شکاند و دڵی ئەویندارانی ئازادی کوردستانی فێنک کردەوە .
راست بێژی ، پاراستنی ئەخلاق و ڕەچاو کردنی پرنسیپ لە ڕاگەیاندن و ئاخاوتنی دروست و بە پێی بنەماکانی زمانەوانی لە تایبەت مەندییە دیارەکانی دەنگی کوردستانی ئێرانن . بە درێژایی ساڵانی کاری رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران ، بە پێی توانا و دەرفەت کار کردن لەسەر بوارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی ، ئەدەب و ریزمانی کوردی ، لەش ساغی ، لاوان ،ژنان ،هونەری کوردی و وەرزش  لە بەرنامە دیار و غافڵ نەکراوەکانی ئەو ڕادیۆیە بوون .

لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێراندا کەم نین ئەو مرۆڤە شۆرشگێر و لێهاتووانەی کە هەموو تەمەنی خۆیان بۆ خزمەت بە گەلەکەیان لەو ناوەندە بردە سەر و هەر لەو پێناوەشدا گیانی خۆیان بەختی ئازادی و بەختیاری گەلی کورد کرد و یان بە زۆر هۆکاریتر چوونەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان و بەڵام جێ پەنجەیان لە نێوە ڕاگەیاندنی کوردی و بەتایبەت رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێراندا بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە و بوونەتە جێگەی شانازی بۆ نەتەوەکەیان .
رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بێجگە لەو تایبەتمەندییانەی باسی لێوە کرا، بۆ زۆر کەسیش بوو بە قوتابخانە. بە دەیان و سەدان کادری دڵسۆز و لێوەشاوەی بواری راگەیاندنی پێ گەیاند و ئێستاش هیچ رادیۆ و تەلەفزیۆنێکی هەر چوار پارچەی کوردستان نابینێ کە جێ پەنجەی چەند رۆژنامەوان و ڕاگەیندکاری قوتابخانەی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانی پێوە دیار نەبێ و کاری تێدا نەکەن و ئەوەش یەکێکە لە مەزنترین شانازییەکانی ئەو رادیۆیە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران .

لە خۆشەویسترین عاشقان و ئەویندارانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران ، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانن ، ئەو شەهیدانەی کە بەنرخترین سەرمایەی ژیانیان واتە گیانی پیرۆزیان بەختی ئازادی کرد و بوونە پردەبازی گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد ، لە دەنگی کوردستانی ئێران دا یاد و رێبازیان ڕێز دەگیرێ و کەس و کاری ئەو شەهیدانەش بە شانازییەوە گوێ لە چۆنیەتی قارەمانی نواندن و فیداکاری کردن و سەرئەنجام چۆنیەتی بەخشینی گیانی رۆڵە نەبەز و ئەویندارەکەیان بە دایکی نیشتمان ڕادەدێڕن و شانازی دەکەن کە رۆڵەیەکی وا لەو بنەماڵەڕا چاوی بە ژیان هەڵهێناوە و بۆ نەتەوەکەشی گیانی بەخشیوە تا ئازادی و ژیانێکی بەختەوەرانە بۆ گەلەکەی دابین بکات .

لە رۆژی ٢٧ی جۆزەردان، رۆژی دامەزرانی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران هیوا دەخوازم کە ئەو رادیۆیە باشتر لە جاران و بە خۆ نوێکردنەوەی سەردەمیانە و بە پێی واقعی ئەمرۆی کوردستان و لە هەموو بوارەکاندا گڕ و تینی زیاتری کار کردن بە خۆیەوە بگرێ و لەهەر دەرفەتێک بۆی پێک بێ ، کەڵکی پێویست وەرگرێ .
بە بۆنەی رۆژی ٢٧ی جۆزەردان ، رۆژی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کورد بە گشتی ، حیزبی دێموکرات بەتایبەتی و هەموو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان ، تاک بە تاکی کادر و پیشمەرگەکان، زیندانیانی سیاسی و هەموو هاورێیان دەکەم .

هەر بەو بۆنەوە دەستی ماندوویەتی هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەگوشم کە بۆ تاقە رۆژێک لە رادیۆ دەنگی کوردستانی ئیراندا خزمەتیان کردووە و سەری کڕنۆش بۆ هەموو ئەو شەهیدە سەربەرزانەی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران و دامەزرێنەرانی و یادیان بەرز و بەریز بێ.

٢٧ی جۆزەردان لەسەر جەم کارمەندانی دڵسۆز و بە ئەمەگی ئەو رادیۆ ئازیزە پیرۆز بێ .

________________

ناوی ئەو بەرێز و خۆشەویستانەی کە لە ئێستادا لە رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران کار دەکەن بریتین لە بەرێزان :” کاک شاهۆ فەرازمەند ، کاک نورەدین سۆفی زادە،کاک سماییل تەرغیبی ،خوشکە رۆژان سۆفی زادە، خوشکە فەریدە زارعی ،کاک سابیر فەتاحی،کاک رەسوول قۆرغی، خوشکە زوبەیدە عەلی پوور ،کاک سماییل مەعرووفی، خوشکە سەفییە مەحموودی ،کاک سیامەند تەربی و کاک شوانە رەشیدی “.

رەشید زەرواوی

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی