شۆرباو ئەو شلەیەیە، لەناو پێشمەرگەدا ناو بانگ و تام و چێژی خۆی هەیە و زۆربەی جار لە كاتی بەجێ گەیاندنی ئەركی پێشمەرگایەتی،
پێشمەرگە شۆربا دەخوا، ئەویش بەهۆی ئەوەی دروستكردنی زۆر ئاسانە و لەرووی تەندروستیەوە زۆر سوودی هەیە بۆ مرۆڤ، ئێستا خەڵكی دەوڵەمەند و بەرپرسیش نانی خۆیان بە شۆربای پێشمەرگە دەخۆن، پێشتر تەنیا پێشمەرگە ئامادەبووە ئەو شوربایە بخوات.
ساڵی رابردوو، هێزێكی زۆری پێشمەرگە بۆ بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان، بەرەو ناوچەكانی سنوری قەزای خانەقین و دەوروبەری شاری كەركووك جۆلەیان پێكرا، لەبەر ئەوەی ژمارەیەك بەرپرسی باڵا و دەست رۆیشتوو لە گەل پێشمەرگە بوون، خەڵكێك دەیویست لەو رێگەیەوە كۆمەڵێك پارە و دەستكەوتی ماددی بەدەست بێنێت، بۆیە رۆژانە دەیان بەرپرس و دەوڵەمەند و كەسایەتی بەناو پیاو ماقۆل و بەڵێندەر سەردانی بەرەكانی پێشمەرگەیان دەكرد و بۆ ئەوەی لە تیڤیەكان پیشانی جەماوەر بدرێن و خۆیان لەلای بەرپرسەكان شیرین كەن، هەندێ كەل و پەل و خواردن و پیرە مەڕو بزنیان بۆ پێشمەرگە دەبرد.
بردنی ئەو هەموو كەل و پەل و خواردنە، بۆ هێزی پێشمەرگەی قارەمان نەبوو، بەڵكو بۆ ئەوەبوو، تا بڵێن فلانە كەس ئەوەندە شتی بۆ پێشمەرگە هێناوە، زۆرن ئەو كەسانەی بە بردنی بزنێك چەند تەندەر و ئیمتیازاتی وەرگرتووە، نانی خۆیان بە شۆربای پێشمەرگە خوارد، ئێستا دیسان خەریكە بەزمەكە دەست پێبكاتەوە، زۆر كەسی تر خۆیان ئامادەكردووە نانی خۆیان بە شوربای پێشمەرگە بخۆن، ئەگەر ئێستا بارام بەگ لە ژیاندا مابوایە، سێ بەسێ تەلاقی دەخوارد( هەر پیرە بزنێك بە یەك دەفتەر لەسەر پێشمەرگە كەوتووە) هیوادارم لە وەزارەتی پێشمەرگە مەلەفی پێشمەرگە و چەلاو نۆشەكان تێكەڵ بەیەك نەكات و ئەگەر خەڵكێك دەیەوێ بەرگری لە كوردستان بكات، ئەوە لە بەرەی پێشەوەی شەڕ چەند رەبایەكیان پێ بدرێت و وەك پێشمەرگە بژین و بەرگری بكەن، نەك بە قات و بۆینباغەوە ئۆتۆمبێلەكانیان عەرزكەن.
كێشەی موچە و میزانیەی پێشمەرگە، گەیشتووتە ئەفغانستان و پاكستان، تازە بەتازە مامۆستایەكی بەڕێزی ئاینی داوای دەرماڵەیەكی 500 هەزاری بۆ پێشمەرگە دەكات، پێشتریش مامۆستایەكی تری بەڕێز داوای پێدانی زەكاتی كردبوو بۆ پێشمەرگە، من تێناگەم لەم كوردستانە كێ هەیە خەمی پێشمەرگە بخوات، رۆژێك نەمانبینی، مامۆستایەك، دكتۆرێك، پەرلەمانتارێك، مەندیل بەسەرێك، موچەكەی رەت بكاتەوە، وەك هەڵوێستێك بۆ پێدانی موچەی پێشمەرگە، ئیتر بەس برینەكانی پێشمەرگە بكۆلێنەوە و نانی خۆتان بە شۆربای پێشمەرگە بخۆن.
سەرچاوە: خەڵک