خەسووی بێویژدان، دانووی لەگەڵ یاسەمین (یاسێ)ی بووکیدا نەدەکوڵا، بۆیە هەرچی تەعامی خۆشی لە بابەت: گوێز، هەنگوین، مێوژ، باسووق..هتد هەبوو،
لە بان فەردە زەخیرەکان، کە تا بنمیچ هەڵچنرابوون، شاردبوویەوە، تا دەستی بووکێی نەگاتێ، بەڵام بووک لەو تەڵەکبازتر بوو، هەموو جارێ بە دزیەوە دەچووە سەر پشتی کەرەکە و چنگی بە هەنگوینەکەدا دەکرد، خەسوو لەمە واقی وڕمابوو، تەماشای زەویی دەکرد جێ سمی کەر و لە تەشتە هەنگوین ورد دەبووەوە، جێ چنگی یاسێی بووکی بوو، بۆیە لەبەرخۆیەوە دەیگوت: “ سم سمی کەرێ و چنگ چنگی یاسێ.. لەم کاروبارە سەرم ئەماسێ”. منیش لەم بەزمەی داعشدا، تووشی هەمان حاڵی ئەو خەسووە بووم، سەرم لەم شتانەی خوارەوە ئاوساوە:
یەکەم: بە درێژایی 30 ساڵ حزبەکانی کوردستان بە شاخەوە بوون شۆڕشیان دەکرد، بە ساڵەکانی موفاوەزات و رێککەوتنامەی 11 ئاداریشەوە کە بۆ ماوەیەک لەناو شاردا بوون، (دوور لە ئێستا) بە هەرموویان شەش حەوت جێبی لاندرۆڤەر و دوو میک زەمینیی بێ سەر و سێ چوار تراکتۆر و کۆمەڵێ هێستریان هەبوو، نازانم ئەم داعشە کە بە حساب و لیستی هەموو لایەک، رێکخراوێکی تیرۆریستیی قاچاخە، لە ماوەی سێ چوار مانگدا، ئەم هەموو میک زمینی و تۆیۆتا دەبڵ کابینە کیلۆمەتر سفر و ئاخر مۆدێلەی لە کوێ بوو! ئەوە سووریا و رژێمی ئەسەدە، دەڵێ داعش دوژمنی باوک کوشتەمە، لە رۆژئاوای کوردستانەوە، پەیەدە هاواریەتی لەدەست داعش، لەنێوان رژێمی ئەسەد و داعشدا، ئۆپئزسیۆنی سووریا و جەبهەی نوسڕە هەیە، ئەوانیش دوژمنی داعشن، لەملاوە هەرێمی کوردستان خەندەقی لێداوە و پێشمەرگە رێگە نادا داعش یەک بستی کوردستانی بەدەستەوە بێ، لەولاترەوە ئیسرائیلە، سنوورێکی لوبنان و حزبوڵای شیعەیە، لەلا سەرووی تریەوە تورکیایە، کە کۆمەڵی دیپلۆماتکاری بە بارمتە کەوتوونەتە دەست داعش و داوا دەکات کۆڕی نێودەڵەتی هەڵوێستی هەبێ لە ئاست جموجۆڵەکانی داعشدا، لای عێراقیشەوە، مالیکی دەڵێ گوایە داعش دوژمنی شیعەیە، داعش سوپاکەی ریسوا کرد، ئێرانیش بە حسابی خۆی دەستی کردووە بە دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش لە وڵاتەکەی خۆیدا، ئیتر نازانم شەحنی ئەم ئۆتۆمبێلە ئاخر مۆدێلانەی دەست هێزەکانی داعش، لە کوێوە گەیشتن!
دووەم: هەندێ لە بەرپرسانی سوننەی عێراق، داعش بە هێزێکی بەکرێگیراو دەزانن و دەڵێن هێزەکانی داعش سەر بە ئێرانن و تا ئێستە ئازاری شیعەیان نەداوە لە عێراقدا، تەنیا دژی سوننەکان ئۆپەراسیۆن دەکەن و لە دواجاردا لە بەرژەوەندیی ئێران کار دەکەن، کەچی بەرپرسێکی ئێرانی رای دەگەیەنێ کە داعش بۆ بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل کەوتوونەتە گیانی هەووڵاتیانی بێ گوناهی عێراق، حەسەن رۆحانیی سەرکۆکاری ئێرانیش جیاواز لەو بەرپرسە، دەڵێ ئەگەر ئەمریکا نیەتی هەبێ لە داعش بدات، ئێمە ئامادەی هاوکارین، مەرجەعە باڵاکانی شیعەی عێراقیش داوا دەکەن، هیزگەلی شیعەی عێراق، لەم کاتەدا ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان وەلا بنێن و هەموو پشتیوانی لە سوپاکەی مالیکی بکەن، کە پێموابێ ئێستا تەنیا شیعەی تێدا ماوە. هەندێک دەڵێن داعش پاشماوەکانی بەعسن، رەغەدی کچی سەدام خۆشحاڵیی خۆی بە سەرکەوتنەکانی داعش رادەگەیەنێ، کەچی لەملاوە وتەبێژی حزبی بەعس، دەڵێ داعش گرووپێکی توندڕەون و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئاراستەکانی حزبی بەعسدا یەک ناگرنەوە، ئەسیل نوجێفی لە ترسی داعش هەڵاتووە و تاریق هاشمی پیرۆزبایی لە داعش و سەرکەوتنەکانی دەکات، هەندێک دەڵێن داعش سەر بە قاعیدەیە، کەچی کەسانێکی تر دەڵێن حاڵی حازر داعش لەگەڵ قاعیدەشدا لە شەڕدایە، پیاوم ئەوێ لەم مەتەڵە تێبگات.
سێیەم: پەیەدە کە ئێستا بەشێکی زۆر رۆژئاوای کوردستانی کەوتووەتە بن دەست، لای خۆیەوە لە شەڕدایە لەگەڵ داعش و ماوەیەک بەر لە ئێستا بە ڕەسمی داوای لە هەرێمی کوردستان کرد، هاوکاریی سەربازیی پەیەدە بکەن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەم داوایە ئەوە دەگەیەنێ کە هێزەکانی پەیەدە دەرەقەتی داعش نادەن، کەچی لەوەتەی داعش موسڵی گرتووە و بەهێزتر بووە، دەڵێن ئێمە دەتوانین هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەین، لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا!
چوارەم: نازانم ئەمریکا بۆ ئەوەندە خەمی بوو کە کورد چوار تەنکەر نەوتی خۆی بێ رەزامەندیی عێراق بفرۆشێ، کەچی وا داعش خەریکە چوار پارێزگای عێراق دەگرێ و هیچ هەڵوێستێکی ئەوتۆی نییە!
پێنجەم: مالیکی لەوەتەی هاتووەتە سەر حوکم خەریکی پڕچەککردنی سوپاکەیەتی، ئەمریکا و رووسیای خەنی کرد، هێندەی دەبابە و مووشەک و مودەڕەعە و هامەریان لێ بکڕێت، بەناخێری تازە فڕۆکەی F16ی بۆ کڕیوین، ئەم هەموو چەک و ئەسڵەحەیە، چۆن لە شەو و رۆژێکدا، کەوتنە دەست داعش، کوان ئەو هەموو سەرکردە و لیوا و جەنەراڵەی لەبەرەوە وەکو مجێوری مزگەوت، بە فەرمانی خۆی بە ئاسانی تەعینی دەکردن؟!
شەشەم: ئەرێ دوای ئەم بەزمەی داعش، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق چییان لێ بەسەر دێ، کێ لەگەڵ کێ رێک دەکەوێ و چ جۆرە حکوومەتێک پێکدێ؟ ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی ئەمجارە دەرچوون، چی دەکەن؟ دەچنە بەغدا، یان نا، بەغدایەک کە وەک دەڵێن، بەرپرسانی باڵای لە ترسی داعش، تێکڕای کەسوکار و ماڵ و منداڵیان ناردووەتە دەرەوەی وڵات و ئارامیی لەبەر بڕاوە، جێی ئەوانی تێدا دەبێتەوە؟
حەوتەم: واز لەو شەش خاڵەی سەرەوە بێنن، بەڵام پێم بڵێن، فەزڵ شاکر، ئەو هونەرمەندە لوبنانیە دەنگخۆش و رۆمانسی و قۆز و تولازەی کە هەمیشە لە کلیپەکانیدا، جوانترین کچی شۆخ و شەنگی شامی، لەگەڵیدا سەمایان دەکرد، چۆن وازی لەو هەموو کچە جوانە و ئەو ناز و نیعەمەتە هێنا و بوو بە چەکداری داعش؟!
باس نیوز