من لە سەر کێوەکە وێستاوم
ئاوڕێگای کەنداو دەبینم
پاپۆڕەکان لە ئاستی هاویندا پشوو دەدەن
ئێمە بە دەم خەوەوە دەڕۆین،
لە خۆوە بە دەربەستین
ئەو پاپۆڕە سپیانە، وا، دەڵێن
ئێمە لە خانووی خەوتوو خۆ دەدزینەوە
درگاکان لە سەر خۆ پێوە دەدەین
ئێمە بۆ ئازادی دەچەمێنەوە
ئەو پاپۆڕە سپیانە، وا، دەڵێن
جارێکیان بینیم،
دنیا بەبێویست پاپۆر باژوی
ئەوان بەهەمان ڕێبازەئاودا،
تەنیا یەک تاکە گەلەگەمی
ئێمە ئێستا پڕش و بڵاوین
کەسمان هاودەم نییە
ئەو پاپۆڕە سپیانە، وا دەڵێن.
دوای هێرشی فێ
کوڕە نەخۆشەکە،
چاو بەمۆلەق وێستاوە،
زمانی وەکوو شاخ ڕەق بوو،
داماوی ڕوانینێکە
پشت لە تەختەنووسرای جاڕەگەنمێکدا دانیشتووە
برینپێچی دەوری شویلکەی،
دەێخاتە بیری مۆمیایی کردنەوە
چاویلکەکانی، ئەستوور وەکوو هی مەلەوانی بناو
هەموو شتێکیش بێ وەڵامە
ڕاچڵەکێنەر وەکوو زڕەی تەلەفۆن لە تاریکیدا
کەچی تەختەنووسراوەکەی پشتەوە
دیمەنێکی ئەهۆنی بەخشە،
لەگەڵ ئەوەشدا جاڕەکە دیمەنێکی نایابە
شینی ئاسمان وێنەی گوڵەلاژوەردە
هەورێکی ڕەوەکە وەکوو دووکەڵ
لە ژێر ئەویشدا گوژمی شەپۆلی زەردە
چەن کراسی سپی، چارۆکە پاپۆڕی دەم بان
دروێنەوانی بەروبووم سێبەرێکیان نییە
پیاوێک، لە دەشتاییکەدا دوور وێستاوە
کڵاوێکی پان سەروچاوی شاردووەتەوە
وا، خۆیایە بەرەو ئێرە بڕوانێ
وێدەچێ،
سەرنجی دابێتە ئەم کەسایەتییە ڕەشە، لەم وەتاقەدا،
ڕەنگە بۆ یارمەتی. . .
تێبینی نەکراو، تەختەنووسراوەکە
خەریکە هەراو دەبێتەوە
و لە پشت نەخۆشەکەوە دەکرێتەوە
دەدرەوشێتەوە و نووقم دەبێ
و لە سەری ئەو دەکوتێ
هەر گوڵەگەنمێک داگرساوە
کە ئەو وشیار کەنەوە
پیاوەکەی دیکەش لە جاڕەکەدا ئاماژە دەکا
کابرا نزیک دەبێتەوە، کەچی کەس نایبینێ.
دوو هۆنراوەی تۆماس تڕانستڕۆمر (Tomas Tranströmer)
وەرگێڕان لە سوێدییەوە:ڕەحمان سۆفی / سوێد