"an independent online kurdish website

دوو ڕۆژ پێش ئێستا هەواڵی داگیرکرانی کەمپی (الولید) و دەورووبەریم لەلایەن چەکدارە تێروریستەکانی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام،(داعش)penaber-alwelid

پێ گەشت کە دانیشتوانی ئەو کەمپە و بەتایبەت کوردەکان ڕووبەڕووی مەترسی و دڵەڕاوکێیەکی زۆر بوونەتەوە. هەر وەک چاوەڕوان دەکرا کاتژمێرێک پێش نووسینی ئەم دێڕانە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە ئاگادار کرامەوە کە لەلایە گروپی داعش و دار و دەستەی (بەشار ئەسەد)ەوە تۆپبارانی کەمپی ناوبراو و دەورووبەری کراوە و تەنانەت باس لەوەش دەکرێ کە کەسێکی عەرەب کوژراوە و کوردێکیش بریندارە و بشێوییەکی تەواو ڕووی تێکردوون. بەپێی ئەو زانیارییانە کە بە من دراون ئەوانەی دەرفەتیان بۆ ڕووخساوە هەڵهاتوون و ئەوانەش کە نەیانتوانیوە هەڵبێن هەر لەکەمپەکەدا ماونەتەوە و چارەنووسیان تا ئێستا نادیارە.

شایانی باسە یەکێک لەو خانەوادانەی کە هەڵهاتوون خانەوادەی براکەمە بە ناوی (ڕەزا عەزیزی) لەگەڵ ژنەکەیی و ٣ منداڵیدا، وێرای چەندین خانەوادەی دیکەی کورد، فلستینی و ئاهوازی (عەرەبی ئێران)ی لەترسی چەکدارە تێروریستەکانی داعش و تۆپبارانی دارو دەستەی بەشار ئەسەد و ئەو بشێویانەی کە لە عێراقدا ڕوویداوە بەرەو سنووری (ئەردەن) بە پیادە و بەبێ هیچ جۆرە پێداویستییەکی ژیان هەڵهاتوون. چەن خانەوادەیەکیان گەشتوونەتە سنووری ئەردەن و ڕێگایان پێ نادرێ بچنە ژوورەوە و کۆمەڵێکیش هەر بە ڕێوەیە و هێشتا نەگەشتوونەتە جێ. ئەوە لە حاڵەتێکدایە کە کوردەکانی دانیشتووی ئەو کەمپە پاش چەندین ساڵ چاوەڕوانی ڕزگار بوون و هاوکاری نەکردنیان لەلایەن کۆمیساریای باڵای پەنابەریەوە، گەشتبوون بەو قەناعەتەی کە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و چیتر بەدیار چارەنووسی ناڕوونەوە دانەنیشن و لەوە زیاتر دواڕۆژی منداڵەکانیان بەرەو هەدەر نەبەن. هەر بۆیە لەلایە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانەوە کە بەقرار چاوەدێرە بەسەر ئەو کەمپەدا، زیاتر لە ٧ مانگە ناونووسی کرابوون بۆ گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوون و نائارامیانەی کە لە (ڕۆمادی و فەلوجە) و هەروەها شار و شارۆچکە و گوندەکانی دەورووبوری ئەو کەمپە دەستی پێ کردبوو، دواخران.

کەمپی ( الولید ) خەیوەتگایەکە هەڵکەوتووە لە نێوان سنوورەکانی (عێراق ـ سوریە). سەرەتای دامەزرانی ئەو خەیوەتگایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی، کاتێک کە هێرشی نەتەوە یەکگرتووکانی بۆ سەر عێراق دەستی پێکرد و بە ڕووخانی ڕژیمی گۆڕ بە گۆڕکراوی ( بەعس ). کەمپی (الولید) هاوکات لەگەڵ کەمپەکانی ( الرویشد، الکرامە ) کە هەڵکەوتوون لە نێوان سنوورەکانی عێراق ـ ئەردەن و چەندین کەمپی دیکە لە سنوورەکانی ( عێراق ـ تورکیە و عێراق ـ ئێران)دا.

لە سەرەتای دروست بوونی کەمپی ئەلوەلیددا تەنیا عەرەبی عێراق و ئەو فلیسینییەیانەی کە پێشتر لە عێراقدا ژیانیان بەسەر دەبرد تیایدا جێگیر بوون و لە ژێر چاوەدێری چەتری un واتە کومیساریای باڵای پەنابەریدا قراریان گرتبوو. دواتر کۆمەڵێ پەنابەری کوردی ڕۆژهەڵات کە پێشتر لە کەمپی ئەلکەرامە لە نێوان عێراق ـ ئەردەن دەژیان بە قەوڵ و بەڵێنییە درۆکانی NU گوازرانەوە بۆ کەمپێ ئەلوەلید و تا کاتی گەشتنی ئەم هەواڵە و نووسینی ئەم چەن دێڕە هەر لەو کەمپەدا و لە ژێر مەترسییەکی گەورەدا دەژیان.

مێژووی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی هەشتاکان و سەرەتای هاتنە سەر کاری ئاخوندە بیر تەسکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستووری جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها شەڕی ماڵ وێرانکەری ٨ ساڵەی ئێران ـ عێراق و سیاسەتە هەڵەکانی هەردوو دەسڵاتە داگیرکەرەکەی ئاخوندی و بەعس.

وەک پێشتریش و لە چەندین نووسراوەی دیکەشدا ئاماژەی پێکراوە، پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ناسرابوون بە پەنابەرانی کەمپی (التاش) زیاتر لە ٤٥ هەزار کەس بوون و لەسەرەتای ئاوارە بوونیاندا بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە باشووری کوردستان کە بەشێک لە خاکەداگیرکراوەکەی خۆیانە نیشتەجێ بوون، دواتر لە پیلانێکی نووێدا ڕژیمی بەعس بەمەبەستی خەفەکردن و لەبەیندانیان بڕیاریدا کە هەر کەس نەبێ بە دار و دەستە و چەکداری بەعس دەگوازرێتەوە بۆ خۆرئاوای عێراق. هەر بۆیە زیاتر لە، ٩٥ % ئەو پەنابەرانە ڕازی نەبوون بەوەی کە چەک بۆ ڕژیمی بەعس هەڵبگرن و دوور لە خواستی خۆیان گوازرانەوە بۆ پارێزگای (الانبار) کە هەڵکەوتووە لە خۆرئاوای بەغدا، لە دەشتێکی وشک و ڕەق و کاکی بە کاکی و لەوێدا مۆڵگەیەک بە ناوی کەمپی (التاش) کە وەک بەندیخانەیەکی بە کۆمەڵ دروست کرابوو بۆیان.

شایانی باسە کەمپی ئەلتاش لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٢ی زایینییەوە تا ئاخری ٢٠٠٥ی زایینی هەر بەردەوام بووە. لەگەڵ ڕۆخانی عێراق و نەمانی ئەمنییەت و نەبوونی بەرگری لە سنوورەکان و دزەکردنی تێروریستان بۆ نێو عێراق کۆمەڵێ لەو پەنابەرانە ئاوارەی سنووری عێراق ـ ئەردەن بوون و بەشێک بەرەو هەرێمی کوردستان و بەشێکەیتریش هەر لە جیی خۆی مایەوە تا کۆتایی ٢٠٠٥ و دواتر بەهۆی بشێوی و نائارامی زیاتر و هەڕەشەی عەرەبە شۆفینیست و گروپەتێروریستەکانی دیکەوە پاش کوشتوبڕ و ڕفاندن و سەربڕین و چەنین کاری نامرۆڤانەی دیکە کەمپی ناوبراو بە تەواوی چۆڵکرا.

عارف عەزیزی

aref-azizi

ڕێکەوتی ٢٣ ـ ٦ ـ ٢٠١٤ سوید

بابەتی پەیوەندی دار


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی