ئەوەی، لە شەوی ٩/١٠/٦/٢٠١٤ بە گرتنی شاری موسڵ لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی ناسراو بە داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە وڵاتی عێراق و شام)،
لە دەوڵەتەکەی عێراقی مالکی روویدا، شانۆگەرییەکی یەکجار سەیر و سەمەرەیەی گاڵتەجاڕیئامێزە. خەرمانی پووش و پەڵاشیش وا خێرا گڕ ناگرێ. ئەم رووداو و کارەساتە، تا ئێستاش هەر جێی لێدوان و سەرنجڕاکێشانی چاودێرانی سیاسی و دەستگاکانی میدیای جیهانییە. هێزەکانی داعش، لە چاو ترووکانێکدا رووبەرێکی بەرفراوانیان لە دەڤەرستانی سوننەنشینی عێراق کۆنترۆل کردوو، هێزە سەربازییەکانی دەوڵەتی زۆڵەکی عێراقیان، کە زیاتر لە ٩٠٠،٠٠٠ هەزار دەبوون، تووشی شکستێکی بێوێنە هێنا. هەنووکە، داعش کۆمەڵێ شار و شارۆچکەی دیکەی گرنگی خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و هەڕەشە لە بەخدای پایتەختیش دەکات . پرسیش ترس و بەزین و کەینوبەینی ئێرەو ئەوێ نییە،هێندەی بارودۆخەکە پێوەستە بە باری سایکۆلۆژی تاکی عێراقییەوە.چونکە کەس ئەو حکوومەتە وەک پێویست، بە نوێنەری خواستەکانی خۆی دانانێت.
پێش ئەوەی خۆمان بەلایەنە نادیارەکانی ئەم پرس و هێز و رووداوانەوە سەرقاڵ بکەین، دەبێت چاو و زیهنمان لەسەر ئەو خاڵە گەوهەرییە گیر بکەین و بیکەینە بنەمایەکی سەرەکی روانگەی بیروباوەڕەکەمان. ئەویش ئەوەی هەنووکە لە عێراقدا روودەدات، پەردەیەکی دیکەی زیندوو و هەقیقەتی شانۆگەریی تراژیدیا و ململانێی خوێناویی شەڕی “سوننە و شیعەیە” کە رەگ و ریشەی بۆ ١٥٠٠ ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
ئینجا بێ ئەوەی خۆمان خەریکی، پرسیاری داعش چی دەوێ و چەند دەستکردی سوریا و ئێرانە؟ چۆن لە بازنە بەرژەوەندی ئەواندا جموجوڵ دەکات؟ چی بە جەبهەتولنەسرە و ئەلقاعیدەوەی دەبەستێ؟ ئەم رووداوانە چییان بۆ کورد لە هەگبەدایە؟؟؟ و زۆر پرسیاری دیکەش بکەین و وەرام بدەینەوە…دەمەوێ هەر لەسەرەتاوە، ئاماژە بەوە بدەم، بەرامبەر بەم پێشهاتانە بڕەک سڵ دەکەمەوە و وەک بڤە لێیدەڕوانم. دەترسم پاش نیشتنەوەی گێژاوەکە، وەک هەموو جارێک،سەرلەنوێ هێلکەکان لەسەری ئێمەدا بشکێتەوە. هەروەک دوای رووخانی سەددام، کورد لە زۆر بواردا تووشی پاشەکشە بوو. بە واتایەکی دیکە، لە دۆخی ئاوهادا، سەرەتا بە کەفوکوڵێکی زۆرەوە پەنجەرەی هیوا و چاوبڕینە ئاسۆ بەرووی کورد دا دەکرێتەوە، ـ بە تایبەت لە رووی سەربازییەوەـ کەچی زۆر نابات ئاڕاستەی رووداوەکان، دژ بە خۆشباوەڕی و بێ بەرنامەیی کورد وەردەچەرخێن دەروازەی جەهەنەم و تراژیدیای نوێی، بۆ دەخرێتە سەر پشت. چونکە لە رووی سیاسییەوە، هەمیشە دەستبەتاڵ و نائامادە و سافیلکە و نایەکگرتوو بووە.
سوپای عێراق لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی ئێراق لە ٢٠٠٣ وە لەسەر دەستی ئەمریکاییەکاندا بەتازەترین چەک و تەقەمەنی چەکدارکراون و مەشقیان پێ دەکرێ . لە بڕی ١٣٠ ملیارد بوودجەی ئێراق لە% ٣٠ بۆ ئەوان تەرخان کراوە. مالکی زۆربەی ئەفسەرانی بەعسی سوپای عێراق ـ کە پۆل بریمەر رەوانەی ماڵەوەی کردن ـ لە دژی کورد بۆ ناو سوپا گێڕایەوە. کەچی سوپای ناوبراو، بەرگەی یەک دەمژمێری شەڕێکی مەیدانییان نەگرت و هەڵهاتن. هەڵبەت بەرگەگرتن و نەگرتن هیچ لەو راستییانە کەمناکاتەوە،عێراق دەوڵەت نییە و، لەوەتەی دروستکراوە لە لایەن ئینگلیزەوە، تەقەلای زۆری بۆ دراوە ببێتە دەوڵەت و سیستەمێکی تێدا پێڕەو بکرێت، گەلی عێراق بخولقێنێ و چەمکی هاونیشتمانی و هاووڵاتی تێدا بەرجەستە بێت. تا ئێستا لەم پرۆسەیەدا، کەوا نێزێکی سەدەیەک دەبێت،دارێکی نەچۆتە سەر بەردێک، بە تایبەت بە رووی کورد دا. دوای شکستی سەرەکی ئینگلیزەکان لەم پرۆسەیەدا و پاش، هاتنی ئەمریکا لە ٢٠٠٣ وە، بە هەمان رێچکە و بە ووزە و توانایەکی مۆدیرینترەوە، درێژە بە خزمەتی عێراق دەکەن، دەیانەوێ بەهەموو شێوەیەک ئەو قەوارە زۆڵەکە بە یەکگرتوویی بهێڵنەوە. کەچی تازە بە تازە شیعە و سوننە بۆ بەرەی شەڕی دژ بە یەکتر بانگاشە بۆ لایەنگرانیان دەکەن. شیعە بە ئەقڵی تۆڵە رەفتار دەکات و سوننەی عێراق و هەموو وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت تورکیا و سعودییە تاوانبار دەکات. سوننەش شیعەی عێراق،بە درێژکراوەی ئێران دەبینێ. ئەم شەڕە تا بێت دووریی جۆراو جۆر لە خۆیەوە دەپێچێ و مەترسی گەورە ساز دەدات. لە ئێستادا کۆمەڵێ گۆڕانکاریی لە ناوچەکەدا هێناوەتە کایەوە و پێشبینی زۆری دیکەش دەکرێ. هەر وەک زانای گەورە بێشکچی دەڵێ: سیستەمی ناوچەکە لە بەرژەوەندی کورد نییە. بۆیە دەبێ کورد تەنیا خەبات بۆ سەربەخۆیی بکات.
کێشەکانی ئەم دەوڵەتە حەرامزادەیە، کە لە راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دا هاتووە، تەنها لە ساڵی ٢٠١٣ دا نێزیکی ٨٨٦٠ کەس لە دەرئەنجامی کاری تیرۆر لە عێراقدا کوژراون. رەنگە ژمارەی نەزانراو سێ هێندەش بێت!. جا بۆیە قەیرانی عێراق، هێندەی دووریی قوڵی لێکترازانی هەیە، بە هەموو واتایەک، هیچ هێز و ئیدیۆلۆژیا و مەزهەبێک نییە بتوانێ، ئەم کیانە دەستکردە، لەو دۆخەی هەیبووە و هەیەتی و دەیبێ بیپاریزێ و، بەرەو ئایندەیەکی باش و ئارامی بەڕێوەی بەڕێ. لەم ئەرک و کارەدا، نە هێزە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و نە زلهێزانی دنیا و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، هیچ کام لەمانە، ناتوانن، ببنە سوارچاک و فریادڕەسی ئەم دەوڵەتە شەقوشڕە،کە یەکبینە هانیهانی هەڵوەشانەوەی لەسەرە. ئاخر لە بنەوەڕا پێکهاتەکانی ناجۆرن و نا بە دڵ پێکەوە لکێندراون و یەکتر پەسەند ناکەن. خۆ ئەوەی مێژووش بۆمان دەگێڕێتەوە، دروستکردنی خودی دەوڵەتەکەش، لە بنچینەدا هیچ رەزامەندییەکی هاوکۆیی پێكهاتەکانی لەسەر نەبووە.
شیعە بەدوای کۆمارێکی هاوشێوەی ئێرانەوەیە و سوننەش بە هەموو باڵەکانیانەوە ئەنساروئیسلام، جەنهەتولنەسرە و قاعیدە و داعش)، وێڵی دەوڵەتێکی پۆلیسی و سەرکردە و خەلیفەیەکی تاقانەی، وەک سەددامە. ئەم ستراتیژ و شێوازە، لەسەر بنچینەی ئەو ئەقڵ و کولتوورە بنیاتنراوە و پێڕەو دەکرێ، کە بە پانتایی ساڵانی ساڵی مێژووەیەکە، بۆتە زەمینەی نەشونما و کارکردنی ئەم دوو لایەنە.
ئەمەش وێنەی روخسارە هەرە زەقەکەی، دەوڵەتە بێژووەکەی عێراقی ئیمپریالیزمی ئینگلیزییە و بۆ هەر کەسێ بیەوێ قسەیەکی لەسەری هەبێ، گرنگە رەچاوی ئەم راستییانە بکات.
شانۆگەریی گاڵتەجاڕیی رووداوەکانی نێو عێراق، بەدوای سەرکەوتنەکانی داعش، بۆ کورد سەنگ و بەهایەکی دیکە لە خۆی دەگرێت و ئەوەی جێی باسی ئێمەیە لەم دەڤەرەدا، دید و روانگەی میللەتێکی قوربانیدەرە، بە قوڵایی و گرانی مێژووە خوێناوییەوە.
میدیاکانی کوردستان و قسە و هەڵوێستی شەقامی کوردی، بە تێکڕایان بە دڵێکی پڕ لە ئومێد و چاوێکی گەشەوە، لە ئاسۆی روووداوەکان دەڕوانن. سەرباسی وەک : داعش ماددەی ١٤٠ ی جێبەجێ کرد،داعش بەرگەی پێشمەرگەی کورد ناگرێ، پێشمەرگە ناوچە دابڕاوەکانی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە،داعش هێلکەی زێڕ بۆ کورد دەکات و هتد….رۆژانە بەرچاومان دەکەون.
رەنگە بڵێم، لە ئالییەکەوە منیش بەم رووداو و پێشهاتانە خۆشحاڵم، شارێکی وەک کەرکووک، بێ ئەرک و زەحمەتێکی گەورە بکەوێتەوە دەست کورد. لێ پرسیار ئەوەیە کورد بە چ میکانیزمێ رووبەڕووی ئەم پێشهاتانە بۆتەوە و دەبێتەوە و بەرنامە نەتەوەییەکەی کامەیە؟!. ئەم ناوچانەی رزگار و ئازاد کردووە،یان وەک تەنێکی نامۆ،بە فرمانی بەخدا و بە کاتی، لە رووی ئەمنیەوە، وەک بۆشایی پڕکردۆتەوە؟!
ئێمە دەزانین،کورد هیچ کات و بە ئێستاشەوە، بەرامبەر بە کارەساتێکی لەم شێوەیە،خاوەنی بەرنامەی ئەگەرەکان نەبووە و نییە. هیچ پرۆژەیەکی نەتەوەیش لە هەگبەدا نەبووە و هەتا هەنووکەش لەسەر بەند و ماددە وشکەوەبووەکانی، دەستوورە نەزۆکەکەی عێراق کڕ کەوتوون و بە هیوان هێلکەی دوو زەردێنە هەڵبێنن. یان وەک رۆژنامەنووسی دیاری ئەمریکایی تۆماس فریدمان دەڵێ: سیاسەتی گشتگیری کورد،وەک ناوبژیوانێکی نێوان شیعە و سوننە و بەردەوام خوان رازاندنەوە بە کەباب و دۆڵمەوە،باشترین کاری سیاسی سەرانی کوردە. لە کاتێکدا رۆژگاریی ناوبژیوانی بەسەرچووە و خودی ئەمریکا ئامادە نییە، تاکە هەنگاوێ لەسەرەڕێی چارەسەری راستەقینەی سیاسیی کێشەکاندا بکات. ئەوەتا دەیەوێ ئێران بهێنێتە سەر خەت و رووبەرووی کێشەکانی عێراقی بکاتەوە. یان خۆی هەڵمەتی ئاسمانی بکاتە سەر بەناو تیرۆریستان!.
من دڵنیام ئێستا هەموو ئەجێندی سەرانی حیزبی کوردی بریتییە لە: مەراقی پۆستە نوێیەکانی بەخدا و دەستنیشانکردنی نەوشیروان مستەفا لە بری بەرهەم ساڵەح بۆ سەرەککۆماریی عێراق و پیاداهەڵنانی مەسعود بارزانی بە شایستەترین کەسایەتی عێراق بۆ سەرەککۆماری و گۆڕینی مالکی بە عادل عەبدولمەهدی، چەلەبی یان بەها الئەعرەجی و… ـ چونکە هێشتا پێیان وایە مەسەلەکە کەسی مالکی و سەرەک وەزیرانە، نەک ئەقڵێت و کولتوور و سیستەم ـ ، چ بەرنامە و پلانێکی دیکەیان نییە و نازانن دەبێ لە کامە یاریگا،یاری خۆیان ئەنجام بدەن؟.
شاراوە نییە، لە هیچ سەردەمێکدا ئەمریکا لەسەر هەردوو ئاستی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە، هێندەی ئەم ئیدارەیەی ئوباما، شکستخواردوو نەبووە. هەر لەم روانگە و هەقیقەتەوەیە، فریدمان بە کورد دەڵێ : ئەمریکا لە مێشکی خۆتان دەرکەن. ئەمەش لە کاتێکدا رادەگەیەنێ، هەر خودی فریدمان دەڵێ: لەم ناوچەیەدا، تەنیا کورد دۆستی ئەمریکایە . داخۆ سەرانی کورد چ خوێندنەوەیەک بۆ ئەم قسانە دەکەن؟ جارێ لێمان روون نییە.
ئەوەی نامەوێ لێرەدا بەسەر خوێنەر و جەماوەری هۆشیاری نەتەوەکەمدا هەروا بەسانایی تێپەڕێ، قسە و هەڵوێستیی بەرپرسانی کوردە، لەمەڕ ئەم بارودۆخە زێڕینەوە،کە هاتۆتە بەردەم چارەنووسمان.
یەکێ لەو سیناریۆ بەهێزانەی چاودێرانی سیاسی لەمەڕ ناوچەکەوە باسی لێوە دەکەن، بریتییە لە هەڵوەشانەوەی فۆرمی ئێستای عێراق و سووریاش. ئەگەرێکی بەهێزیش هەیە هەم رۆژاوا و باشووری کوردستان پێکەوە گرێ بدرێن ـ دیارە گەر ویستی کورد خۆی بخوازێ و ئامادە بێت و کاری بۆ بکات ـ و بەشی سوننەی سوریا و عێراقیش بخرێنە سەر یەک و بکرێتە دەوڵەتێک بۆ سوننەکان. هێندەی رووداوەکان پێمان دەڵێ و میدیاکان باسی لێوە دەکەن،هۆکاری سەرەکی بارودۆخی ئێراق بۆ سیاسەتی تاکڕەویی مالکی دەگێڕنەوە کە سوننەی فەرامۆش و پەراوێز خستووە. پێدەچێت پەرۆشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی نیشتمانێک بێت بۆ سوننە.
سەبارەت بەم پێشهاتە نوێیانە، بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی : ” ئەوان پێشوەخت ئەمەیان دەزانی و بەردەوامیش لەم رووەوە، لەگەڵ بەخدا لەسەر خەت بوون و ئامادەیی خۆیان، بۆ هەر هاوکارییەک نیشان داوە، لێ مالکی داواکانی داونەتە دواوە”.
بە دیدی من، گورزیی کوشندە،کاتێ بەر هیواکانی کورد کەوت، کە لە راگەیاندنی هاوبەشی سەرۆکی حکومەت و نوێنەری نەتەوە یەکنەگرتووەکان دا: رۆژی ١٣/٦/٢٠١٤ ، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ،نیکۆلای میلدۆفر ووتی: ” ئێمە خاکی کەسمان داگیرنەکردووە و بۆشاییەکی ئەمنیی لەو ناوچانە دروست بووە و ئێمە چووینەتە ئەو شوێنانە و ئێمە ناچاربووین ئەگینا نەدەکرا یان نەدەبووایە ئەو شتانە هەموو رادەستی داعش بکەین یان دەبووایە ئێمە بڕیارێکی وا بدەین هێزی پێشمەرگە بنێرین بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە”.
ئەم هەڵوێست و قسانە، دەمانگێڕێتەوە بۆ ئەو راستییەی، کە ئەو دەسەڵاتە کوردییە، لەمێژساڵە.گەمە و قومارەکەی دۆڕاندووە. چی دیکە بە ئومێدی ئەو چرکەساتە نیین، ئەو ناوچە داگیرکراوانە، ببنەوە بە بەشێکی دانەبڕاوی کوردستان.
ئەم زیگنالە مەترسیدارە، دیسان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم حیزب و سەرۆک و دەسەڵاتە، نە بە بەرنامە و نە بەکردەوە کاریان بۆ هیچ یەکێ لەو ئەگەرانە نەکردووە، کە دەرگای گەڕانەوەی ئەم ناوچانە بۆ سەر کوردستان فەراهەم بکات. ئەوە نییە تا ئێستاش بەدەوری کەرکووکی ـ دڵ و قودس ـ ەوە دوو ئاسایش و دوو ئیدارە و دوو ئاڕاستە و گووتار و دوو بەرژەوندیی لەگەڕدایە. ئیدی بە هەموو پێوەرەکان ئەم حاڵوبارەی دەیبینین، لەسەر زەمینەی واقیع، کەرکووک، نە دڵی جەستە و رووبەرێکی لە خۆی گەورەتر و نە قودسێکە لە تەرازوویی بەها و پیرۆزی دا. بە پێچەوانەوە بۆتە ماددەیەکی ناشیرینکراو و فرۆشراوی بنێشتەخۆشەی دەمی دەستگا و بالۆرە ژەنەکانی دەسەڵات و کراوەتە بووکی ناکامی کوردەواری..
نێچیرڤان بارزانی، دەزانێ چی دەڵێ و بۆ وا دەڵێ. چونکە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی، ئەوان لە گەڵ بەخدا لەسەر خەتبوون و شوێنەکان لە ترسی داعش پڕ دەکەنەوە، ئەو شەیپوورەیە دەنگ ناسازەیە، هەستی گومان و باوەڕی یەقین، بەرامبەر بە لەدەستدانی ئەو ناوچانە بەهێزتر دەکەن.لەم رووەوە زۆری نەبرد ، فالح فەیاز،راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق هاتە قسە و دەڵێ:
” حکومەتی بەخدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەشتوونەتە رێکەوتن لە بارەی مانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو پارێزگایانەی کە چوونەتە ناوی یان بونیان هەیە تێیدا دژی تیرۆریستەکان و چەکدارانی داعش”.
حکومەتەکەی مالکی، بۆیە ئەم هەڵوێستەی وەرگرتووە و رێگەی داوە بە سەرانی کورد، ئەو ناوچە گرنگانە بگرن و پڕ بکەنەوە!! ،هەر بۆ ئەوەی دەست داعش و سوننە نەکەون. گەوهەریی مەسەلەکەش لەوەدایە، مالکی، هەم هیچ لە سەرانی کورد ناترسێ و هەمیش پاشان بە ساکارترین شێوە، لێیان وەردەگرێتەوە. هاوکاتی ئەمانەش بوون و رۆڵی کورد ، لەم ناوچانەدا کاتییە و، مالکی پێویستی بەو سوپایە هەیە،بۆئەوەی بەرەو بەرەکانی شەڕیان بەرێ. کەواتە ئێمە بە کاتی و بە بریکاریی مالکی ئەو شوێنانەمان پڕ کردۆتەوە. ئینجا هەر سات و وەختێ، مەترسییەکان رەوینەوە و هەڕەشەکان بەسەر چوون، ئەوە هەر وەک خاکی باب و باپیری ئەوان دەمێنێتەوە. کورد بە کاتی پاسەوانی لێی دەکات و وەک کرێچییەک پاش ئەوەی خاوەنەکەی هاتەوە، دەبێ شوێنەکە چۆڵ بکات و دەردەکرێت…. دەنا گەر دەسەڵاتی کوردیی،باوەڕی بە کوردستانێتی ئەو ناوچانە و رزگارکردنی ئەو شارانە هەبووایە، بەرنامەی رادەگەیاند و هەر زوو سیفەت و کاراکتەریی یاسایی بۆ دەخستەنە کار و لۆژیکی هەڵمەتی ئازادکردنی پێدەبەخشین و قایمی دەکردن.
پرسیارێ، کە لێرەدا ژیربێژانە جێی خۆی دەکاتەوە، ئەوەیە” کاتێ سەرکردایەتی سیاسیی کوردـ مەبەست سەرکردایەتی حیزبەکانە ـ خەونی گەورە و بچووکی کورد، بە هەڵوێست و رێکەوتننامەیەک، دەپێچێتەوە و زیندە بەچاڵی دەکا، ئیدی دەبێت لە پێناوی چیدا؟، جەماوەری کورد، هەر وەدووی ئەمانە بکەوێ! ، تاکەی بێدەنگی هەڵدەبژێرێ و هەڵوێست وەرناگرێ و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناکات ” ؟. بەرامبەر بەم دۆخە، هەر دەستە و تاقمێ، بە تایبەت رۆشنبیران، پشکی گەورەی بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ.
میدیاکان ئەوەشیان ئاشکرا کرد، کە بڕیاریی سەرۆکی هەرێم بۆ جووڵە بە هێزی پێشمەرگە، لەسەر داوای مالکی بووە. بەم شێوەیە زۆری نەبرد، پەردە لەدوای پەردەی شانۆگەرییەی، دەسەڵاتی حیزبی کوردیش ئاشکرا بوو، کە لە بنچینەدا ئەمانە هیچ پێوەندییەکیان بە رزگارکردنی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمەوە ـ بە قەولی ناشیرینی ئەوان ـ نییە و بەڵکە بە ریمۆن کۆنتڕۆڵی مالکی کەوتوونەتە جووڵە.
من تارمایی پەردەیەکی چڵکن بەسەر ئاسۆی ئەم رووداوانە و هەڵوێستی ناکوردستانی دەسەڵاتی کوردیەوە دەبینم. پێشم سەیرە ئەم خاڵە گرنگە، تا ئێستا نەبۆتە جێی لێدوان و باری سەرنجی رۆشنبیرانی کورد. تۆ بڵێێ هەروا بە سانایی بە پێش پەردەی چاو و پەردەی هۆش و دیماخیاندا گوزەری کرد بێت؟!
پەردەیەکی دیکەی نهێنییەکان لە رێی د. رۆژ شاوەیسی سەرۆکی شاندی کوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ مالکی و هێزە عێراقییەکاندا،ئاشکرا بوو. لە چاوپێکەوتنی ئیمڕۆی رووداودا، ٢٠/٦/٢٠١٤ بۆ سوپای ئێراق دەکڕوزێتەوە و، دەڵێ: سوپای عێراق پێنج ساڵی دەوێت تا دێتەوە سەرخۆی . دواتریش دەڵێ : “ئەم دۆخە دەبێ هاندەربێ بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی چاک لە عێراقدا و دەبێ بە زووترین کات حکومەتێ دروست بێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، یەکێک لەو کێشانەی دەبێ چارەسەر بکرێ،مەسەلەی تیرۆرە”.
وەک دەبینن، ئەم نوێنەرەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی شاندی کوردیی، مەراقی لای حکومەتێکی بەهێزی ناوەندییە، کێشەی تیرۆر چارەسەر بکات، نەک کێشەی کورد یاخود دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی. لە پەرۆشی پتەوکردنی پایەکانی دەوڵەتی داڕووخاوی عێراقدایە. ئەمەش هێمای دیاری رێباز و ئامانچ و باوەڕە بەرزەکەیەتی. ئاخر ئەم هەڵوێست و دیدگا نارەسەنانە، بەڵگەی سەلمێنەری داگیرکەرچێتیی نەبێ،چی دیکە دەگەیەنێ؟؟. دوای رووخانی سەدام و هەڵوەشانەوی عێراق چییان کرد،ئیستا هەمان رێگا دەکووتنەوە و لەم رووەوە هەمیشە مەدالیای (انقاذ)وەک خەڵات پێ بڕاوە. دەرئەنجامی ئەم ئەقڵێت و داخوازییەشە،وای کردووە جەماوەری کورد، بەرامبەر بە بانگاشەکانی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردیی و ئایندەیەکی باشتر وای کردووە، تا بێت، باوەڕی بە دەسەڵات کزتر و لاوازتر دەبێ، کە ناوبەناو دەسەڵات، بە پێی بەرژەوەندیی خۆی بڵندیان دەکاتەوە.
میللەتێ لە ١٩٩٨ دا، زیاتر لە % ٩٠ دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدات و دەسەڵات،رێز لەم هەڵوێست و داوایەی نەگرێ، ئیدی بەتەمای چی بین و تا کەی بەدیار داری زڕی بێبەرەوە دانیشین و هەناسە ناکامی هەڵکێشین؟!.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرنج: بۆ ئەم وتارە سوودم لە چاوپێکەوتنی بێشکچی لە رۆژنامەی هەولێر و فریدمان لە رووداو وەرگرتووە.