بە پێێ بڕیاڕێکی وەزارەتی ناوخۆی ئێران ، وڵاتی ئێران دابەش دەکرێ بە سەر 5 هەرێمی بەڕێوەری لە باتی 31 پارێزگا کە هەبووە .
بە پێێ هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئارمان کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوبوەتەوە . لە سەر زاری جەواد ناسرییان هاوکاری کاروباری بەڕێوەبەرایەتی لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران. ڕایگەیاند کە ” دابەشکردنی پارێزگاکانی ئێران بە سەر 5 هەرێمدا کارێکی لێبڕاوە واتا بڕیاری کۆتایی لە سەر دراوە و خراوەتە بواری جێبەجێکردن . وە ئەو پارێزگانەی کە هاوسنوورن و لە زۆر بواردا لە یەکدی نزیکن دەخرێنە نێو یەك هەرێم بە مەبەستی بوژاندنەوە و هاوکاری و ئاڵگۆڕکردنی شارەزایی “
ناوبراو هەرەوها وتی ” گرنگترین خاڵی پێکهێنای هەرێمەکان هۆکاری بوژاندنەوەیە، ئەوکات سرنج و بایەخ دەەدەین بە هەرێمەکان لە باتی پارێزگاکان، بەوشێوەیە چارەسەری کێشەی پارێزگاکان دەکەین لە ناوەندی هەڕێمەکان بێئەوەی نیازێك هەبێ بێنە تاران بۆ پێڕاگەشتن بە کێشەکانیان“
وە بە پێی ئەو خشتەیەی کە ڕۆژنامەی ئارمان بڵاوی کردۆتەوە .
هەرێمی 1 پێکدێت لە پارێزگاکانی ( تاران، قەزوین، مازندەران،سمنان،گوڵستان،ئەلبورز، قوم) کە تاران دەبێتە ناوەندی ئەو هەرێمە
هەرێمی 2 ( ئیسفەهان، فارس، بوشەهر، چوارمحاڵ و بەختیاری، هورموزگان، کێوکویلیەو بوێرئەحمەد ) کە ئیسفەهان دەبێتە ناوەندی
هەرێمی 3 ( ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات( تەورێز)، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا(ورمێ)، ئەردەبیل، زەنجان، گەیلان، کوردستان(سنە)، ) کە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات (تەورێز) دەبێتە ناوەندی
هەرێمی 4 ( کرماشان، ئیلام، لوڕستان، هەمەدان.ئوستانی مەرکەزی، خوزستان(ئەحواز). )کە کرماشان دەبێتە ناوەندی
هەرێمی 5 ( خوراسانی ڕەزەوی، خوراسانی باشوور، خوراسانی باکوور، کرمان، یەزد، سیستان و بەلووچستان ) کە خوراسانی ڕەزەوی دەبێتە ناوەندی
ئەم دابەشکردنە بەڕێوبەرایەتیە نوێیە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 100 ساڵ پێش ئێستا ، واتا بۆ سەردەمی دەسەڵاتی قاجارەکان و سەردەمی شۆڕشی یاسای( مشروطە) ئەوکات وڵاتی ئێران دابەش کرابوو بە سەر چوار هەرێم کە بریتی بوون لە ( ئازەربایجان، فارس، خوراسان، کرمان) بەر لەوەی هەرێمی ئەحواز یان عەرەبستان بخرێتە سەر ئێران لە سەردەمی دسەڵاتی ڕەزا شای کازاك( پهلوی)
بە پێی بیرو بۆچوونی شارەزایانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەم دابەشکردنە نوێیە دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی لە لایان گەلانی ئێرانەوە، چونکە هیچ جۆرە جیاوازیەکی زمانی و نەتەوەیی و ئاینی و کلتوری و هاوسەنگی ئابووری و بەڕێوبەرایەتی لە بەرچاو نەگیراوە . وە ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ کێشمەکێش و ئاژاوە و ئاڵۆزی و ناڕەزایەتی لە نێوان پارێزگاکان و ناوەندی هەرێمەکان لە لایەك وە خودی هەرێمەکان و دەوڵەتی ناوەندی لە لایەك، کە هۆکاری سەرەکی ئاڵۆزیەکان ، شێوازەکانی بوژاندنەوە و دیاری کردنی پشکی دارایی و شێوازەکانی بەڕێوەبەرایەتی دەبێ .
وە هەندێك لە چاودێران پێیان وایە، هۆکاری سەرەکی ئەم دابەشکردنە لایەنی سیاسی و سەربازی و ئاسیشی ناوخۆی بە خۆیەوە دەگرێ، وە هیچ پەیوەندییەکی نیە بە بواری بوژاندنەوە.
چونکە سروشتی ئەم دابەشکردنە نوێیە یەك ناگرێتەوە لە گەڵ پرۆژەکانی بوژاندنەوە. واتا خاڵی گرنگی ئەم داهێنانە بۆ پێڕاگەشتن و دامرکاندنەوەی هەرجۆرە سەرهەڵدانێکی گرژی و ئاڵۆزیە ، کە ئەگەری سەرهەڵدانی هەیە لەو هەرێمانەی کە میللەتانی وەك ( کورد و عەرەب و بەلووچ و تورکەمەن و ئازەری ) تێدا دەژین .
فایەق ئەلیاسی – دانا