ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 28-6-2014 شاندێکی کومیتەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، پێک هاتوو لە بەڕێزان ئەنوەر کاکایی بەرپرسی گشتی کومیتە
و محەممەد ئەحمەدی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە کورد و کوردستانییەکانی کومیتە بە هاوڕێیەتی بەڕێز ساڵح وەلیزادە، سەردانی کومیتەی یهكێتی نیشتیمانی کوردستانیان کرد و لە لایەن خانە خوێوە بە سەرپەرشتی بەڕێز ساڵح قەیتولی بەرپرسی کومیتەی سوئێدی یهكێتی نیشتمانییەوە پێشوازییان لێ کرا.
لەو چاوپێکەوتنەدا پاش گۆڕینەوەی بیرووڕا و باسێکی زۆر هەردوولا پێداگر بوون لە سەر پەیوەندی نێوانیان و پەرەپێدانی دیدار و چاوپێکەوتنەکان، هەروەها ئامادەیی خۆیان دەربڕی لەمەڕ پرسە هاوبەشەکان لەسەر ئاستی گشتی و ئەگەری هەر چەشنە ڕووداوێکی گرنگ لەسەر ئاستی کوردستاندا.
لە لایەکی دیکەوە باس لە هاوخەباتی نێوان حیزبی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە ڕابردوودا و لە سەردەمی زێڕینی شەهیدی نەمر “د. قاسملوو و هەڤاڵ مام جەلال” کرا، کە ئەو پێوەندییە گەرم و گوڕەی نێوان هەردوولا وەک ڕابردوو هەر بەردەوام بێ.
لەبەشێکی دیکەی دیدارەکە باسێك لە سەر ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی عێراق و بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و هاتنی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام ( داعش) و جێگیر بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ناوچانە دا. لەو پەیوەندییەدا هەر دوولا پێیان وابوو دەبێت سەرجەم هێزە کوردییەکان، بەتایبەت هێزەکانی باشوری کوردستان زیاتر یەکگرتوو بن هەوڵ بدەن یەک ڕیزی کورد بپارێزن.
شایانی باسە چاوپێکەوتنەکە پاش 2 کاژێر کۆتایی پێ هات
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ سوئێد
28- 6 -2014