"an independent online kurdish website

پێشتر لە خوێندنەوەی روانگە و بابەتەکانی هەندێک لە رۆشنبیرانی کۆمونیست دەرکەوتووە کە دیاردەی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کورد، دیاردەیەکی دواکەوتووانەیە و سەردەم هی ئەو باسە نییە و بەجیهانیبوون و پێشکەوتنی تیکنۆلۆژی و …هتد ئەو بوارەیان کەمڕەنگ کردووە و ناپێویست.mensur_ezizi

 بە پێچەوانەی ئەو بیرە و پاش ئەو داڕشتنانەش زۆر دەوڵەتی سەربەخۆی دیکە پێکهاتن و نەک نەبوونە هۆی پاشکەوتوویی، بگرە ئاسوودەیی و ئارامی و باشبوونی شێوەی ژیانیان بەدوادا هاتووە. ئەوەی کە ئێستا بۆ من جێی سەرنجە روانگەی هەندێک کەس و لایەنە لە پێوەندی لەگەڵ هەڵمەتی راپرسی لە باشووری کوردستان لەسەر هەڵوێستی خەڵکی کوردستان لەو بەشە بۆ سەربەخۆیی.

ئەبینی لە نێو یەکێک لە دیارترین لایەنەکانی باشووری کوردستان، کەس یان کەسانێک دەردەکەون کە دامەرزانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بە مەترسی دەزانن بۆ سەر ئێران یان تورکیە، بە مەترسی دەزانن بۆ سەر یەکپارچەیی وڵاتێک بە ناوی عێراق کە قەت لە ژیانیدا ئارامی و ئۆقرەیی بە خۆیەوە نەدیتووە بە دەست جەنگی نێوان مەزهەبی شێعە و سوننەوە.

هیندێک جار بیر لەوە دەکەمەوە کە ئایا بۆ لەم هەڵوێستانەیاندا ئەو کەسانە تەنیا بیر لەوە دەکەنەوە خەڵکانی وڵاتانی دراوسێیان چێ دەڵێن و چییان دەوێ؟ ئایا بۆ بیر لەوە ناکانەوە کە خەڵکی کوردستان چی دەوێ؟ ئایا بۆ زیاتر بیر لەوە دەکەنەوە کە چی ئەبێ لە بەرژەوەندیی ئێران بێ؟ ئەی بۆ بیر لەوە ناکەنەوە کە چی ئەبێ لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێ؟ ئایا ئەو خەڵکانە چاو لەو فیلمانە دەکەن کە لە راگەیەنەرە گشتییەکان و لاپەڕەکانی فەیس بوک و یۆتۆب و ..هتد بڵاو دەبنەوە.

ئێمە رۆژانە ئەو فیلمانە ئەبینین کە خەڵکانی لایەنگری سوننەی توندڕەوی عەرەب سەری لایەنگرانی شێعە لێدەکەنەوە و لایەنگرانی شێعەش هەمان کار لەگەڵ ئەوانی دژ بە خۆیان دەکەن. ئەبینین کە بە چەقۆ برین ئەخەنە جەستەی یەکدییەوە و خوێی لەسەر دەکەن و هەرچی وشەی پیسە بە یەکدێ ئەڵێن. ئەبینین لە هۆلاکۆ خوێنخۆرتر و نموونەی هەرە باشیان سەدام و ئەوانەی پێش خۆیانن.

بیر لەوە دەکەمەوە کە ئایا بۆ ئەبێ بە زۆر کورد ببێتە پەرژینی پاراستنی ئەو فەرهەنگە بۆگەن بە خوێنەی ئەوان؟ ئەوانەی دژی سەربەخۆیی کوردستانن پێیانوایە کەی کاتی سەربەخۆیی باشوور دێ؟ پێیانوایە کە ئەو خەڵکە خوێنخۆرە سووپای خوێنخۆری خۆیان پێکهێنایەوە و کورد بووە نەردەی چوونە سەری ئەوان، سەربەخۆیی ئازاد ئەدرێ و کورد ئازاد ئەژی؟ گاڵتەم دێ بە بیری هەندێک کەس کە پێیانوایە کەرکووک ئەبێ بەشێوەی یاسایی وەرگیرێتەوە و مادەی ١٤٠ ماوە و نەمردووە.

باشە هەر مالکی و دارودەستەکەی نەبوون کە دەیانگووت مادەی ١٤٠ مرد؟ پاشان مەگەر شۆڕشی باشووری کوردستان و ئازادکردنی باشوور لەسەردەمی سەدام حوسێندا ئەویش ئەبوو بە یاسایی وەرگیرێتەوە؟ باشە داعش کە خەلافەتی راگەیاندووە ئەبێ ئێستا بچێتە پارلەمانی عێراق و لەو پارلەمانە مردووەدا ئیزنی پێکهێنانی خەلافەت وەرگرێ؟ هەندێک کەس ئەڵێن دامەزرانی دەوڵەتی کوردییان فڕێداوەتە سەتڵی زبڵەوە! ئایا ئەوان لەوە ناترسن کە خەڵکی کوردستان ئەوان فڕێداتە سەتڵی زبڵەوە؟ مەگەر باس لە ریفراندۆم ناکرێ؟ من پێموایە ئەو خەڵکە ئەبێ ئەوەندە ئیزنیان هەبێ ریفراندۆم بکەن.

ئەگەر لەوە دەترسن خەڵک دەنگ بە سەربەخۆیی بدات، ئیدی ئەو هاتوهوریایەی بۆ چییە؟ ئەوە خەڵکە و دەنگی خۆی ئەدا! جا ئەگەر رەدیان کردەوە ئەوە رەدە و قەبووڵیشیان کرد، باجیشی بۆ ئەدەن . من ئارەزوو دەکەم هیچ لایەنێک لەم هەلومەرجەدا بە پێچەوانەی ویستی نەتەوەیی کورد نەدوێ و هەنگاو هەڵنەهێنێ. هیوادارم نەسڵی دواتر وەک ئێمە نەچنەوە بە مێژوودا و دیسان هەڵەیەکی مێژوویی رێبەرانی کورد ببیننەوە کە دەرفەتیان لەدەست داوە بۆ سەربەستبوونی کورد.

ئێمە نابێ نموونەی پەیمانەکانی لۆزان بۆ نەوەی داهاتوو بەجێبهێڵین، نابێ هەروەک چۆن تورکیەمان ساغکردەوە بۆ تورکە لاوەکان و گەلەکەمان لەو پارچەیە تووشی نەهامەتی گەورە بوون، بۆ چەندەمین جار عێراق زیندوو بکەینەوە و هەڵەکان دیسان چەند پات بکەینەوە. رای گشتیی کوردی لەهیچکەس و لایەنێکی کوردی قەبووڵ ناکات بەپێچەوانەی رەوتی رووباری ویست و داواکانی ئەوان بجوڵێن!


ئەم وتارە لە دیواری فەیسبۆکی نووسەری وەرگیراوەتەوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی