"an independent online kurdish website

ڤییەن!

عەبدوڵا قادری ئازەر

بەفرێکی لووتکەی مانگ بەسەر

غوبارێ لە هەرەتی هاژە هاژا

سردووێکی سوور لە گڤە گڤەی دڵ و زەماناshehid_qadri_azer

عەبدوڵا قادری ئازەر

گەنجێک لە شێوەی گوڵە عەتری تێکەڵ بە مۆرگ و

 پاریسی بۆنخۆشتر کردبوو

یاقووتێ  بە گردنی شەوێکی سپییەوە

کەناری زیوی جریوەدار کردبوو

بەشێک لە هۆنراوەی ” قاسملوو تاڤگەیەک لە گوڵاڵە و دڵێ پەمۆ” لە نووسینی شاعیرەی ناوداری کورد  مامۆستا شێرکۆ بێکەس-ی نەمر  بۆ شەهیدانی ڤییەن

………..

پووشپەری زامی زەمەندەی پڕ لە گوڵ

چەندە بەو زامەت دڵم هاتۆتە کوڵ

جەرگی کورد سووتا بە گوللەی زوڵمەوە

هات و دەریای خەم رژایە دڵمەوە

ڕێبەرم، تاجی سەرەم ، ئوستوورەکەم

پەیکی ئازادی گەلم، دوکتورەکەم

ئێمە شانازی بە بیر و ڕات دەکەین

گیان فیدای رێبازی دێموکرات دەکەین

shehidani_vien

تیڕۆر لەسەر خوانی ئاشتی نەریتی بە میراتی دیکتاتۆڕە خۆ سەپێنەکانی زاڵ بەسەر خەڵکی کوردستان لە ئێرانی کاولگەی بن دەسەڵاتیانە. ئەو زاڵم و زۆردارانەی لە میژوودا قەت نەیان توانی بەسەر ئیرادەی و دڵ و هەستی خەڵکی کوردستان دا زاڵ بن ، بە خوێن رشتن و شیر کێشان ، چەک و تفەنگیان نیشتمانی کوردیان دەخستە بن چنگیان . زۆر بوون ئەوانەی بۆ تواندنەوەی ئەو گەلە سەری سەردارانیان بڕی و دڵی سەرکردەکانیان سمی ، نەمان و لە توولی مێژوودا ون بوون ، بەڵام ئەم سەردار و رێبەرانەی بە خوێنیان و بە خەباتیان گەلەکەیان پاراست ، نیشتمانەکەیان رەنگاند ، لە ڕووپەڕەکانی مێژوویی ئەم نەتەوەیەدا هەر مان و بوونە رەمزی خەبات بۆ هەڵدانی ئاڵای ئاواتمان و تێ هەڵکردنی سروودی سەربەستی لە هەموو خاکی نیشتمانەوە . ئەوا ئەمڕۆ ئێمە مورک و واژۆی گەلێک گەورە پیاوی رێبەر و پێشەوامان بە چاوان دەبینین کە بە تۆماری هەرمانی کوردستانەکەمانەوە دەدڕەوشێنەوە . زۆر جار دوژمنانمان قڕان و قەڵاچۆیان گرتە بەر ، خەڵکی ئەم خاک و ئاوەیان بە کۆمەڵ گرت و بە کۆمەڵ برد و بە کۆمەڵ کوشت ، بەڵام ڕۆڵەکانیان هەر لەسەر هەڵدان و سەربەرز کردنەوە نەوەستان و پاش چوونی هەموو زستانێ لە گەڵ بارانی هەموو بەهارێک دا دەڕوێنەوە .

لە مێژوویی نزیکماندا و لەسەر خوانی ئاشتی بۆ بە هێمنی ژیان و پێکەوە نانێکی ئاوەدان دوژمنان ڕۆڵە تێکۆشەرەکانیان دەکوشتین و سەری سەردارەکانیان دەبڕین . لە تایەفولحییەل و کەمەندی تەدبیر و سیاسەت کردن،  داو و تەڵەکەی دزێوی دوژمن بوون بۆ لە نێو بردنی ڕێبەرکانی بزووتنەوەی کوردستان و هەموو کات شانازییان پێوە کردوون .

تیڕۆڕی فیدراسیۆنی هۆزەکانی بڵباس “باپیر ئاغای گەورە ” لەسەر خوانی خانەخوێ ، وێرای کۆمەڵێک سەڕۆک و سەرکردە بە فێڵی پاشای ئێران لە خەوی ئاشتی دا کرا .

کەمەندی تەدبیر و لە تایەفولحییەل هەر لەسەر خواستی  دوژمنان بۆ ئاشت بوونەوە و سازان ، تیڕۆری سوپای شێخ عوبەیدوڵای نەهری ، هەمزاغای مەنگوڕی هەر لەسەر دەستی شای تاران کرایە پیلان .

شای خۆ بە بەهێزی سەفەوی کە هەمبەر هێزی موکریان کەوتە سەرچۆکان، کەوتە تەدبیری تیڕۆری سەرکردەکانیان . لە وتووێژدا ئەمیر خانی برادۆس و عەبداڵ خانی مامەشیان شەهید کرد و هەر لەسەر خوانی ئاشتی بوداغ خانی میری موکریان لە بارەگای شا تیرۆر کرد . دوای ئەوانەش تیڕۆر و تۆقاندن بوونە سیاسەتی رەسمی حکوومەتەکانی ئێران، رێبەران و مەزنە پیاوانی کوردیان بۆ چاو ترسێن کردنی گەل دەخستنە ناو سیاسەت و تەکبیریان ، شەهیدیان دەکردن .

shehidani_vien14

جەعفەر ئاغای شکاک لە کۆشکی شازادە، لە بانگهێشتی گفتی ئاشتی دا تیڕۆر کرا و سمکۆی گەورە بە پیلانی پەهلەوی یەکەم لەبەر سەکۆی دانوستاندا تیڕۆر و شەهیدیان کرد .

پێشەوا “سەڕۆک کۆماری کوردستان” بە بەڵێنی بە ئاشتی و بە ئازادی و پێکەوە ژیان ، بە فەرمانی شای دووهەمی پەهلەوی لە تاران لە هۆڵی وتووێژ و لێدوان ، بە مەبەستی تیڕۆر و تۆقاندنی گەلەکەمان شەهید کران .

تیڕۆری بێ پسانەوەی حکوومەتی لە ئێران قەت هەوداکانی بە دارزانی رێژیمەکانی نەپساند . ئەوە تەنیا میراتێکی لە مێژینە بوو کە پشتاوپشت بۆیان هەرمان کە رێژیمەکانی پاشایەتیش یەک لە دوای یەک رووخان ، کەمەندی تەدبیر و لە تایەفولحییەل هەر مان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردییە پیشەی دەوڵەتەکانی و لە گیانی خەڵکی کوردستان و ئازادی خوازانی ئێرانی بەردان . لە سیاسەتی تیڕۆر و تۆقاندن دا ئامانجیان  سەری سەرکردەکانی بزووتنەوە و گیانی ڕێبەرانمان بوو .

شەهیدی ڕێبەر، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بۆنەی شەهید کرانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو-ی مەزن دا فەرمووی:” بە درێیژایی مێژوو ، دوژمنانی گەلی کورد، دوژمنانی ئێمە ، تاکتیکیان ئەوە بووە ، نەقشەیان ئەوە بووە کە سەری ئێمە لێ بدەن ، و ئەو جارەش بەداخەوە ئەوەیان کرد . ئارەزوو و هیوای وان هەمیشە ئەوە بووە کە  سەرمان نەما ، بەدەن ئیدی حەرەکەتی نامێنێ . ئێستاش هەر ئەو ئومەدەیان هەیە ، بەڵام تەواوی رەنج و زەحمەت و تێکۆشانی دوکتور قاسملووی نەمر ئەوە بوو کە ئێمە وا بار بێنێ  لە پێشدا هاورێیانی حیزبی کە لەسەر پێی خۆمان بین ، موتتەکی بە نەفسی خۆمان بین ، موستەقیل بین، چاومان هەڵبرین و لە یەک نەفەر نەبێ ، تەواوی هیوا و هومێد و ئارەزووی ئەوە بوو کە ژیانیشی لەسەر ئەو رێگایە دانا ، کە میللەتی کورد بگاتە ئەو قۆناغەی کە کامڵ بێ ، چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆیەوە بگرێ”.

 shehidani_vien16

کادری ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاوڕێی شەهیدمان کاک عەبدوڵای قادری ئازەر کە لە پەنا و وێرایی ڕێبەری مەزنی حیزب و گەلەکەمان لە لایەن تیڕۆریستانی تیڕۆریسمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییەوە شەهید کرا ، لەسەر مێزی وتووێژ و لە پێناو ئاشتی و ئازادی دا گیانی بەخشی .

بەهاری ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی عەبدوڵا لە شاری نەغەدە و بۆ رووباری گادەری دەڕوانی. گادەر لەفکەی دەستماڵە زێوینەکەی کوێستانەکانی داڵانپەڕ و بۆزی سینا لە تەشک و داوێنی مەزرای  شنۆیە دەهاڵا و لوول دەبۆوە دەشتەکەی سندووس ، بە بەر ماڵی عەوڵادا خۆی با دەدا . دەیدیت کە سەرێکی لەبەر سینگەی حەسنلوو دەسوێ و شۆڕ دەبێتەوە دوورگە سەنگی و لە گردە قیت بووبەمیندەوە بەرەو داوێنی کێوی گەنمان دەخشێتە بن هێلانەی مەلە باڵ سوێرەکانی تاڵاو و عەبدوڵا خەیالی دەکردە بازێک و بەسەر پەلکەزێڕینەدا دەفڕییە دەشت و لێڵاوت و گرد و کۆی باوەشی و لە تەپکی قەڵات و سەرئاڵان و سوڵتان یاقووبی دەڕوانی .

shehidani_vien18

لە حەوت کانیانەوە پیر ناسر و باڵخچی ، داشان قەلا و مەهدی خان، مەخاکوو و فەرەنگی لە ئامێزی نیگای دەگرت . کە گەورە بوو گەلێک بە خۆی دەنازی کە چاوی بە چۆمی گادەر دەشوا و بە گەنمی سندووس و رێواسی سەر شاخان گەیوەتێ و سەری بە کۆچکەی ئاسمانەوە ناوە .

عەبدوڵا لە نەگەدە چووە مەدرەسە، پۆلە سەرەتاییەکانی هەر لەوێ خوێند و ناوەندیشی تێپەڕاند . ئەو زەحمەتی بنەماڵەکەی کردە ئەمەگی خۆ پێ گەیاندن. پاش  خوێندنی سێهەمی ناوەندی چووە دەبیرستانی سەنعەتی لە ورمێ و لە ماوەی سێ ساڵ دا دیپڵۆمی وەر گرت. لە باتی ئیجباری کرایە سوپای دانش و ئەرکی مامۆستایی کەوتە سەرشان لە ئەلەمووتی قەزوین ، پاش دوو ساڵان گەرایەوە نەغەدە . کاک عەبدوڵا دوو ساڵیش لە نەغەدە مامۆستا بوو . ئۆگرییەکی زۆری بە هونەر هەبوو ، هەر بۆیە بۆ خوێندن چووە دانیشسەرای هونەر لە تاران و فەوقە دیپڵۆمی هونەری لەوێ وەرگرت و بە سەرکەوتنەوە گەرایەوە نەغەدەی زێدی و لەوێ بوو بە مامۆستای دەبیسرتانەکانی شاری نەغەدە .

ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە هۆی ئاشنایی لەگەڵ تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، بەرنامە و پەیرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکاتە یاسایی خەباتی دواڕۆژی و دەبێتە ئەندامی حیزب و لە ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرا لە لایەن حیزبەوە کاک عەبدوڵا دەبێتە ئەندامی کومیتەی شارەستانی نەغەدە و هەموو توانا و کاتی بۆ بەرەو پێش بردنی ئامانجی حیزبەکەی تەرخان دەکا .

کاک عەبدوڵا کادرێکی رووناکبیر ، تێکۆشەر و ماندوو نەناسی حیزبەکەی بوو. لە ماوەی خەبات و تێکۆشانی دا زۆر ئەرکی گرینگی گرتە ئەستۆ  و بە لێوەشاویی بەرێوەی بردن . ئەخلاق و رەفتاری شۆڕشگێرانەی کاک عەبدوڵا سەر مەشقی هاورێکانی بوو. ئەندامی کومیتەی شارەستانی نەغەدە بوو ، پاشان لە بەشی تدارەکاتی هێزی پێشمەرگەدا تێکۆشا ، لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران ئەرکی گرتە ئەستۆ، لە کموسیۆنی ماڵی حیزب کاری کرد و کرایە بەرپرسی کومیتەی شارستانی نەغەدە. کاک عەبدوڵا کادرێکی خوێندەواری خاوەن هەڵوێست و لێکدانەوە بوو کە جێگەی هیوا و هومیدی حیزبەکەی بوو. لە کۆنگرەی حەوتەمی حیزب دا پاش ئەوەی متمانەی هاوڕێکانی بۆ نوێنەرایەتی کۆنگرە وەرگرتبوو ، بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا . لە دابەش کردن و ئەرک و پێ ئەسپێردراوەکانی حیزب دا کاک عەبدوڵا لە بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزب ئەرکی بۆ دیاری کرا و دواتر وەک نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات دیاری کرا و لە دەفتەری پاریسی حیزب دەستی بە تێکۆسان کرد . کاک عەبدوڵا لەو ماوەیەدا کە ئەرکی نوێنەرایەتی حیزبی لە پاریس بە ئەستۆوە بوو، لە ژێر ڕێنوێنی ڕێبەری شەهید دوکتور عەبدولڕحمان قاسملوو و هاوڕێکانی دیکەی دا توانی خزمەتی گەورە بە بەرەو پێش چوونی پیوەندییەکانی حیزبەکەی لەگەڵ حیزب و لایەن و کەسایەتی و نوێنەرانی وڵاتان و دەوڵەتەکاندا بکات . ئەو رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرەو پێش دەچوو ،ببوە روخساڕێکی ناسراوی حیزب و بزووتنەوەکەی لە کۆڕ و کۆمەڵە نیونەتەوەییەکاندا . مخابن تیڕۆریسمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە پیلانێکی دزێودا لە ژێر پەردەی وتووێژ بۆ ئاشتی و ئازادی دا دەستیان بە خوێنی ئەو و مامۆستاکەی کە لە کوردستانەوە بە هیوای وەدی هێنانی  ئامانجەکانی گەلەکەی کە جگە لە ئازادی ، لە ئاشتی ، لە ئاوەدانی و پێکەوە ژیانی هێمنانە نەبوو ، سوور کرد و ئاواتەکانیان ئاوێتەی خوێنی گەشیان بوون بەرەنگی سەرەوەی ئالای کوردستان و ساڵەهایە بە بەرچاومانەوە دەشەکێتەوە .

پووشپەری زامی زەمەندەی پڕ لە گوڵ

چەندە بەو زامەت دڵم هاتۆتە کوڵ

جەرگی کورد سووتا بە گوللەی زوڵمەوە

هات و دەریای خەم رژایە دڵمەوە

ڕێبەرم، تاجی سەرەم ، ئوستوورەکەم

پەیکی ئازادی گەلم، دوکتورەکەم

تاکوو خوێنی گەل لە سەنگەر هەڵ نەچێ

کەی خەبات و شۆڕشی بۆ پێش دەچێ

سەنگەرت تەنیا قەڵەم بوو بۆ دژان

هێڵی سوورت نایە بەر دەم خوێن مژان

کورد و جوغرافی و خەباتی هەر یەکە

چارەنووس و دەسەڵاتی هەر یەکە

ئێمە شانازی بە بیر و ڕات دەکەین

گیان فیدای ڕێبازی دێموکرات دەکەین

پێت دەبەخشین تامی دونیای پێکەنین

فێر دەبووین مانای ژیانی پڕ ئەوین

باوەڕ و ئیمان بە ڕێ و ڕێبازەکەت

هەر لە ڕێدایە گەلە بێ نازەکەت

تۆ لە لووتکەی گەورەیی دا بووی کە بوویی

وەک شەهیدێک گەورەتر ببووی کاتێک چوویی

خۆ فیدا کردن لە رێی گەل پێگەیین

گەورەییتە ، گەورەییتە باش تێگەیین

تۆ لە ئاشتی و خۆشەویستیدا تەژی

تۆ لە ناو ڕۆحی هەموو کوردێک دەژی

دوژمنان داویان لە ڕێت دانایەوە

کورسی ڕاوێژیان لەبەر پێت نایەوە

هەست بە گەل دۆستی وەهای ساد کردبوویی

زوو لە بیرمان چوو ، ئەوەی سا کردبوویی

ئەو خەبات و ڕێیە، ڕێگای قازییە

مردنی رێی ویستی گەل شانازییە

تۆش قوتابی ئەو کەسە مەزنانە بوویی

بۆیە بۆ ئازادی گەل مەستانە چوویی

پووشپەری مەینەت وەکوو تۆقی بەڵا

دایڕنی خونجە و چڕۆ و پەلک و گەڵا

پەیکەری پێغەمبەری ئاشتی وڵات

ناوی پیڕۆزی شەهید بوو خەلات

کۆتری ئاشتی بە چەک پەڕ پەڕ کرا

بەرگی کوردستان هەموو رەش هەڵگەرا

مەرگی قاسملوو ئەرووپای گرتەوە

ناوی کورد و ئاشتی واتای گرتەوە

ناوی پیڕۆزی لە دونیا دەر کەوت

بەم شەهید بوونە لە بەرزی سەرکەوت

دوژمنانی کورد بزانن ، رێبەرم

ئێسە ئالایەک براوە بۆ بەرم

بێت بە مزگێنی لە سایەی گۆرەکەت

تیشکە، ئەنگاوتوویەتی پاپۆڕەکەت

موژدە ئالامان لە دونیا هەڵکرا

دەنگی حیزبی تۆ لە دونیا بیسترا

 

فیلم

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی