"an independent online kurdish website

پێشکەش بە 25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانیmejid_heqi-01

 

قاسملوو لە ماوەی رێبەریەکەیدا هەوڵێکی زۆری دا کە ئەندامان و رێبەرایەتی حیزب فێری پێڤاژۆی نوێ بن لە ناو حیزبدا و فەرهەنگێکی نوێ کە بریتی بێت، لە فەرهەنگی ئاڵوگۆر لە ناو حیزبدا جێگیر بکات. فێربوون لە ئاستی سەرەتاییەوە بگرە تا کادری بەرز بنەماکانی رێبەریی حیزب بوو و کۆنگرەکانی حیزبی لە سەردەمی رێبەری قاسملوودا نموونەی فێربوونی کۆلێکتیڤ و بەکۆمەڵ بوون کە دوای تیرۆری ئەو لە هەموو کۆنگرەکانی حیزبیدا جێیان خاڵیە. چاوخشاندنێک بە راپۆرتەکانی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی چوارەم تا هەشتەمی حیزب، ئەو راستیە جوانتر روون دەکەنەوە، کە راپۆرتەکان جیا لە گوزارشتی سیاسی سیاسەتێکی پەروەردەیشی لە خۆیدا گونجاندووە. چونکە ئەو بەو بڕوایە بووە کە رێکخراو و کاری رێکخراوەیی وەک هونەری وەرزش وایە، وەرزشڤان ناتوانێت بە کاوەخۆ و بە بێ فێربوون و ڕاهێنانی بەردەوام و بێ راوەستان بگاتە لووتکەی سەرکەوتن و بڵێت من وەرزشڤانم.

پیتر سێنج (Peter Senge) لە کتێبی “ئەسڵی پێنجەم”ی خۆیدا نموونەیەک دێنێتەوە کە لە پێوەندی لە گەڵ پەروەردە و سیاسەتی رێکخراوی خۆفێرکاردا زۆر سەرنجراکێشە. ئەو دەڵێت گەر بۆقێک لە ئاوی کوڵیو دابندرێت بە خێرایی خۆی لێی فرێدەدات و دەردەکەوێت. بەڵام گەر بۆقەکە لە قاپێکی ئاو دابندرێت کە بەرەبەرە گەرمای زیاد بکرێت، بۆقەکە هەست بە بەرزبوونی پلەی گەرمای ئاوەکە ناکات و دژکردەوەیەکیش لەبەرامبەر بەرزی گەرمادا لە خۆی نیشان نادادت، تا ئەوکاتەی کە ئاوەکە دەکولیت بۆقەکە هەست بە گەرمی دەکات بەڵام ئیتر زۆر درەنگە، چونکە دەمارەکانی بۆقەکە ئەوەندە شل بوون کە نەتوانێت خۆی لە قاپەکە فرێبدات و لە ناو ئاودا دەکولێت. رێکخراوەکانیش گەر وریا نەبن، کێشەکان بەرەبەرە لە ناو جەستەی ئەواندا جێ دەگرن و کاتێک دەگات کە ئیتر توانای چارەسەری کێشە وەسەریەک کەوتوەکانیان نامێنێت و دەبێ لە مەدیانی چالاکی برۆنە دەر.

ئەندام گرینگترین سەرمایەی هەر رێکخراوەیەکی سیاسی، مەدەنی و تەنانەت بازرگانیە. رێکخراو لە رێگای ئەندامان و کادرەکانیەوە رەوتی فێربوون جێبەجێ دەکات. هەرچەند تەنیا فێربوونی کەسان بۆ فێربوونی ریکخراو بەس نیە، بەڵام مەرجی پێویستی رێکخراوی خۆفێرکار فێربوونی ئەندامان و کادرەکانیەتی. لە رێکخراوی خۆفێرکاردا دەشێ ئەندامان بتوانن تواناییەکانی خۆیان بدۆزنەوە و ئەوان گەشە پێبدەن و ژیانی خۆیان و رێکخراویان دەوڵەمەنتر بکەن. هەموو مرۆڤێک خاوەنی هێزێکی داهێنەرانەی شاراوەیە، کە گەر ئەو تواناییانە بناسرێن و گەشەیان پێبدرێت رێکخراو لەو هێزانە بەهرەیەکی زۆر دەبات. هەرکات مرۆڤێک تواناییەکانی خۆی ناسی و دەست بە گەشەکردنیان بدات، بەردەوام فێردەبێت و داهێنەر و نوێگەرا دەمێنێتەوە. رێکخراوی خۆفێرکار لەو جۆرە مرۆڤانە پێک دێت. مرۆڤی گەشەکردوو و داهێنەر بەرزتر لە مرۆڤێکە کە جارێک فێربووە و شارەزای هەتاهەتاییە. مرۆڤی وا بە شێوەی رێئاکتیڤ و دژکردەوە کارناکات بەڵکوو چالاک و خوڵقێنەرە. ئەو تەنیا لە بەرامبەر ژینگەدا دژکردەوە لەخۆی نیشان نادات بەڵکوو ژینگەیەک ساز دەکات کە لە پێناو ئامانجەکانی خۆیدا بگۆرێت. ئەو بەجیاتی خۆسازان لە گەڵ قەزاو و قەدەری ژینگەیی، ژینگە لە گەڵ خۆی دەگونجێنێت.

قاسملوو راست بەو شێوەیە هەڵسوکەوتی کرد. ئەو چاوەرێ نەبوو پێشتر ژینگە بە شێوەیەک بگۆردرێت کە بتوانێت رەخنە لە سۆسیالیزمی مەوجوود بگرێت، چاوەڕێی گۆرباچۆڤ نەبوو کە سۆسیالیزمی دێموکراتیک بکاتە ئامانجی دوارۆژی حیزبەکەی و چاوەرێ نەبوو کە دێموکراسی بێتە ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست و یا خود دوای نزیک بە چل ساڵ لە نووسینی تێزەکەی تازە باسی رۆژهەڵاتی ناوەراستی گەورە بکرێت. ئەو چاوەرێ نەبوو کە سۆسیالیست ئەنترناسیۆنال لە ساڵی 2000 ئامانجی سەدەی خۆی بە سۆسیالیزمی دێموکراتیک دیاری بکات تا حیزبەکەی بە پێرەوی ئەو رێکخراوە ئەوکارە بکات.  ئەو چەمکانەی کە بۆ گۆرانی کۆمەڵگا پێویستن ئەو کردە کلیلی رەمزی ئاواتەکانی حیزبەکەی و وێرای خەباتی رۆژان و رووتینی حیزبی لە پێناو فێربوون و بەرەوپێشچوونی حیزب و کۆمەڵگاکەی تێدەکۆشی. کاتێک رێکخراو بوو بە خاوەنی رێبەری وا، شكلی رێکخراویش وەک سروشتی مرۆڤە خۆفێرکارەکانی دەگۆردرێت. مرۆڤەکانی داهێنەر و خۆفێرکار رۆحی رێکخراوی خۆفێرکەرن. مرۆڤە داهێنەرەکان ژینگەی بگۆر دەناسن و گۆرانکاریەکانی بەردەوامی ژینگە لە پێناو ئامانجەکانی رێکخراویان بەکار دەبەن. فێربوون تەنیا گێرانەوەی زانیاریەکان و کۆکردنەوەی ئەوان نیە. بەڵکوو بریتەیە لە گەشەکردنی تواناییەکان و فێربوونی داهێنان و بنەماکانی ریکخراوێکی چالاک و بەبەرهەمە.

زانیاری بۆ رزگاری دروشمێک بوو کە لە سەردەمی رێبەری دکتۆر قاسملوودا لە سەر کتێبە پەروەردەییەکان دەبیندران و بەوپێیەش لەناو حیزبی دێموکرات دا سەرمایەگوزاریەکی زۆر دەکرا لە سەر فێربوون و خۆفێرکردنی ئەندامانی حیزب، فێربوونێک کە جیاوازیەکەی لە گەڵ حیزبەکانی دیکە لە چۆنیەتی فێربووندا بوو نەک چی فێربووندا. مرۆڤی داهێنەر و خۆفێرکار لە دیاردەیەکی بەردەوامی فێربوون ژیان دەکات. ئەو فێردەکات، تاقی دەکاتەوە و لە رێگای فێربوون و زانینەوە خۆی وەدی دێنێت. بۆ ئەوان فێربوون و داهێنان ئەرکێکی پیرۆزە و ئەمەش هاندەری ئەوانە لە کارو چالاکیەکانیاندا. مرۆڤە داهێنەرەکان فێردەبن چۆن ئاڵوگۆرەکان قبووڵ بکەن و بەهرەیان لێ وەرگرن. خۆراگری بەرامبەر بە گۆرانکاری لە مرۆڤەکانی خۆفێرکار و داهێنەر ناوەشێتەوە. هەر دیاردەیەکی نوێ مرۆڤی خولیای فێربوون ناچار بە بیرکردنەوە دەکات و لە هەر رووداوێک شتێکی تازە فێر دەبێت.

چالشێک کە ئەمرۆ لە بەرامبەر رێبەری حیزبی دێموکراتدا هەیە، ئەوەیە کە چۆن بتوانێت لە پێناو پەروەردە و گەشەسەندنی ئەندامانی چالاک و داهێنەردا هەنگاو بنێت و “جەززابیەتی” بیرورا و تواناییەکانی جیاوازی هەبێت؟ گەشەکردنی ئەندامانی رێکخراو و بەرزبوونەوەی ئاستی داهێنانی ئەندامانی رێکخراو، دەبێتە هۆی پێشکەوتن و گەشەکردنی حیزب. حیزبی دێموکرات لە حیزبێکی نەریتیەوە دووبارە دەکاتە حیزبێکی نوێخواز، داهێنەر و پێشڕەو کە لەودا شایستەسالاری کۆدی هاوبەشی بەرەوپێشبردنی رێکخراوەکانی حیزبیە. 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی