رۆژی (11/5/2024) له کتێبخانه کوردی له ستۆکهۆڵم کۆڕێ سه‌باره‌ت به کتێبی (مانای ژیانم؟ کوبرای عه‌زیمی – ئاماده‌کردنی سیمینی ئیفتخاری) به به‌شداری به‌ڕێز (سیمین ئیفتخاری) و به‌ڕێزان (دوکتور سوهه‌یلا قادری و دوکتور هاشم ئه‌حمه‌دزاده) به‌ڕێوه برا.
پاش باسه‌که‌ی ئه‌وان، کات بۆ گوێگرانی کۆڕه‌که دانرا، چه‌ن که‌س تێبینی و پرسیاری خۆیان به‌یان کرد و منیش ئاماژه‌م به‌و دوو باسه کرد.
1 – {به‌ڕێز هاشم ئه‌حمه‌دزاده له باسه‌که‌یاندا ئاماژه‌ی به (کۆماری مه‌هاباد) کرد، باشه ئه‌گه‌ر (کۆماری مه‌هاباد) بووه بۆ له سه‌قز (11) که‌س ئێعدام کراوه.
کاک هاشم ئه‌و باسه‌ی به دڵ نه‌بوو، کوتیان من ئه‌و گشته قسه‌م کرد، تۆ هه‌ر ئه‌وه‌ت بینیوه …
2 – له پشت به‌رگی کێتبی (مانای ژیانم)دا نووسراوه: یای کوبرای عه‌زیمی – چه‌ن دێڕ خوارتر نووسراوه:
له رێکخستنی رێکخراوه‌ی یه‌کێتی یایانیشدا رۆڵی به‌رچاوی هه‌بوه.
باشه بۆ یه‌کێتی(یایان) واته یه‌کێتی (خانمان) دروست کراوه و یه‌کێتی ژنان دروست نه‌کراوه؟
(خانم) و (ژن) دوو باسی جیاوازن … .
سه‌باره‌ت به‌و باسه‌یش کاک هاشم کوتیان:
(ئه‌ی بڵێن: (کوبرا ژن ؟!) یان (ژن کوبرا)}.
ئه‌وه‌ی راستی بێت نازانم ئه‌و دوو رسته‌ی
(کوبرا ژن ؟!) یان (ژن کوبرا) چییه و باسی چی ئه‌کات:
خۆشبه‌ختانه فیلمی کۆڕه‌که له فه‌یسبووکی (کتێبخانه‌ی کوردی) دانراوه.
**
له په‌راوێزی باسی (کۆماری مه‌هاباد) یان (کۆماری کوردستان) با له‌و چه‌ن دێڕه بڕوانین:
له لاپه‌ڕه (5)ی کتێبی (مانای ژیانم؟) که ناوه‌رۆکی کتێبه‌که‌یه، به‌و جۆره نووسراوه:
هه‌لومه‌رجی پێش کۆمار 90
دامه‌زراندن و راگه‌یاندنی کۆماری کوردستان 96
دامه‌زراندنی یه‌کێتی یایان 112
روخانی کۆماری کوردستان 123
جگه له لاپه‌ڕه پێنجی ئه‌و کتێبه واته به‌شی (ناوه‌رۆک) له لاپه‌ڕه تایبه‌تییه‌کانی (96 و 123) و (112) دا باسی (کۆماری کوردستان) کراوه نه‌ک (کۆماری مه‌هاباد)، جگه له‌و شوێنانه له چه‌ن لاپه‌ڕه‌ی دیکه‌یشدا نووسراوه (کۆماری کوردستان)! به‌داخه‌وه کاک هاشم بیری به‌و باسه نه‌داوه.
*
رێکخراوه‌ی (ژنان) یان رێکخراوه‌ی (یایان)؟
به‌ڕێز (سیمین ئیفتخاری) که کتێبی (مانای ژیانم؟) کتێبه‌که‌ی دایکی واته به‌رێز (کوبرا عه‌زیمی) نووسیوه‌ته‌وه و چاپیشی کرده، له لاپه‌ڕه (10 و 11) دا به‌و جۆره ئێژێت:
{به‌ڵام بۆ خۆی چونکه بڕوای به یه‌کسانی نێوان ژن و پیاو هه‌بوه هه‌میشه ویستویه‌تی وه‌ک ژنێک رێزی لێ بگیرێ نه‌ک وه‌ک کچ و ژنی فڵان که‌س. ئه‌وه‌یشی به کرده‌وه سه‌لماندوه. که باس له رێکخراوی ژنان ده‌کا هه‌ندێک جار به نێوی یه‌کێتی یایان و هه‌ندێک جاریش به حێزبی یایان یا خود حیزبی ژنان ناوی بردوه. بۆم روون نه‌بۆته‌وه که ئایا ناوی رێکخراوه‌که یه‌کێتی یایان، حیزبی یایان یان حیزبی ژنان بووه}.
**
لێره‌دا ئه‌ڕۆینه سه‌ر باسی سه‌ردێڕه‌که، واته:
رێکخراوه‌ی (ژنان) یان رێکخراوه‌ی (یایان)؟
(ژن) و (یا و خانم)
ژن
ئینسان وه‌ک بوونه‌وه‌ره گیاندا‌ره‌کانی دیکه‌ی زه‌وی له دوو ده‌سته‌ی (نێر) و (مێ) پێکهاته، ئه‌م دوو ده‌سته ئینسانه ناوێکی دیکه‌یان هه‌یه و پێیان ئێژن: (نێرینه) و (مێینه).
جگه له‌و ناوانه واته (نێرینه) و (مێینه) دوو ناوی تریشیان بۆ به‌کار ئه‌برێت که بریتین له: (پیاو) و (ژن).
جگه له‌و ناوه (گشتییانه) کۆمه‌ڵێ ناوی دیکه هه‌یه که بۆ ناساندنی تاکه‌کانی (ژن) و (پیاو) به‌کار ئه‌برێت
نموونه:
بۆ ژن: رووناک، سه‌رگوڵ، فاتم، کارین، کاتارینا …
بۆ پیاو: رێبوار، کاروان، نه‌عمه‌ت، ستێفان، پۆل …
**
ژن
ژن، پێناسه‌ی راسته‌قینه‌ی (نیوه‌ی په‌یکه‌ری مرۆڤه) جا ئه‌و که‌سه واته (ژن) له هه‌ر (ته‌مه‌نێکدا) بێت، له هه‌ر (شوێن) و (ره‌نگ و نما) و پله‌وپایه‌کی کۆمه‌ڵه‌ڵایه‌تی، ئه‌ده‌بی، سیاسی‌دا و…)دا بێت، (عه‌ره‌ب بێ، فارس بێ، کورد بێ، تورک بێ، ئه‌نگلۆساکسۆن و ئه‌فریقی و… بێت، ئه‌گرێته‌وه!
ژن وه‌ک مرۆڤێکی زیندوو خاوه‌نی (هه‌ست و هۆشه)، خاوه‌نی (خوێن و ده‌ماره) پێویستی به خۆاردنه تا بتوانێ کاره‌کانی ژیان راپه‌ڕێنت، پێویستی به جلوبه‌رگه تا له گه‌رما و سه‌رما خۆی بپارێزێ و بتوانێ درێژه به ژیانی (ژین) بدات.
ژن دایکه و دایک ژنه
نمای ژین و ژیان هه‌ر ژنه !
**
(یا) و (خانم)
وشه‌کانی (یا) و (خانم) وشه‌گه‌لێکن بۆ {رێزگرتن له (ده‌سته‌یه‌ک)} ژن که سه‌ر به خانه‌واده‌ی دارا و ده‌وڵه‌مه‌ندن، به‌کار ئه‌برێت.
(یا) و (خانم) وه‌ک ئینسانێکی زیندوو له ئارادا نه‌بووه و نییه! پێناسه‌ی راسته‌قینه‌ی مرۆڤ نییه! خاوه‌نی هه‌ست و هۆش نییه! پێویستی به خۆراک و پۆشاک …. نییه. (یا) = (خانم) پێناسه‌یه‌کی بریقه‌داره و به‌س!
سه‌باره‌ت به‌و باسه با له‌و نموونانه‌ی کتێبی (مانای ژیانم؟) بڕوانین:
1 – {هه‌موو رۆژێ پیش ئه‌وه‌ی خۆر ئاوا بێت، ژنێکی لاوازی ڕه‌شتاڵه هێندێکی وێنجه له سه‌ر شانی ده‌ده‌نا و ده‌هاته مه‌یدانی ئاردی و له شوێنێکی تایبه‌تی داده‌نیشت و وێنجه‌کانی ده‌فرۆشت. نازانم کێ و بۆچی ناوی شای ژنانیان لێنابوو. هه‌ر که له دووره چاویان به ژنه ده‌که‌وت، ته‌واوی مه‌یدانی ئاردی ده‌نگی ده‌داوه به گوتنی (شای ژنان). واوێده‌چوو که ئه‌و رووی خۆی نه‌دێنا و ده‌چووه شوێنه‌که‌ی خۆی. که وێنجه‌کانی ده‌فرۆشت به‌رو ماڵ وه‌ڕێده‌که‌وته‌وه. ل (50 و 51).
–
(نازانم کێ و بۆچی ناوی شای ژنانیان لێنابوو)}.
**
2 – {رۆژێک که قوتابی پۆلی چواره‌م بووم، کاتی وچان که ده‌مویست له پۆل بێمه ده‌رێ له ناکاو چاوم به مه‌لایه‌ک که‌وت که به‌ره‌و ژووری به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌که‌مان ده‌ڕؤیشت. چاوه‌ڕێم کرد تا جه‌نابی مه‌لا تێپه‌ڕێت جا بچمه ناو حه‌سار. که چاوی به من که‌وت هێندێکی تێی روانیم و پاشان چووه ژوویێ. که تووشی خات زله‌خای پێشخزمه‌تی قوتابخانه بووم، لێم پرسی ئه‌و مه‌لایه کێ بوو چوو بۆ ژووری به‌ڕێوه‌به‌ر؟ گوتی: ( ئه‌وه مه‌لا نیه، جه‌نابی قازی محه‌مه‌ده). ئه‌وه یه‌که‌م جار بوو که من چاوم به جه‌نابی قازی محه‌مه‌د بکه‌وێ. تا ئه‌و ده‌م نه دیبوم و نه ده‌مناسی.
لێره‌دا که له مه‌ڕ په‌روه‌رده ده‌دوێم، پێم خۆشه باسی عیسمه‌ت خانمی نایب سه‌مه‌د، پووری (خوشکی باوکی) کوبرا خانم و ئیقباڵ خانمی فه‌خری بکه‌م که خه‌ڵکی بیجار بوو. دواتر کوبرا خانم مێرد به ئاغای سیروسی حه‌بیبی ناسراو به (داڵی) و ئیقباڵ خانمیش مێرد به ئاغای ره‌زا شاتری ده‌که‌ن … ل(62 و 63).
(خات زڵه‌خای پێشخزمه‌تی قوتابخانه)؟
(عیسمه‌ت خانم) – (کوبرا خانم) – (ئیقباڵ خانم)}.
**
3 – {له ناکاو له ده‌رکه‌یاندا. زارای خۆشکم چوو ده‌رکه‌ی بکاته‌وه، خات زڵه‌خای فه‌ڕاشی قوتابخانه له پشت ده‌رکه‌ی بوو، لێی پرسیبوو: (دایکت له ماڵه؟)، زاراش گوتبووی: (به‌ڵێ، فه‌رمو وه‌ره ژووێ). خات زڵه‌خا هاته ژوورێ و سڵاوی کرد. دایکم چاک و خۆشی لێکرد و گوتی: (ده‌وه‌ره دانیشه). به‌ڵام خات زڵه‌خا گوتی: (مریمه خاتوون، جارێ وه‌ختی وه‌ی نیه، ئینشاڵا جارێکی دیکه). دایکم کوتی: (ده‌وه‌ره بڕێک ماندوویه‌تی رێگایه‌ت ده‌رکه. خێره خات زڵه‌خا، بۆ وا به تاڵۆکه‌ی؟) خات زڵه‌خا وه‌ڵامی داوه: (مریمه خاتوون هه‌ر هاتوم بڵێم که جه‌نابی قازی به دوای دا ناردوی، ئێستا له قوتابخانه چاوه‌ڕوانته). ل (81).
– –
(خات زڵه‌خا) و (مریمه خاتوون)؟}.
**
4 – {له نێوان قسه و باسه‌کاندا، حه‌مه حوسین خان رووی له من کرد و فه‌رمووی :
ئه‌رێ کوبرا خانم ئه‌تۆ ئه‌و چارشێوه بۆ فڕێ ناده‌ی، ئاخر ئه‌تۆ له کنه خۆی خوێنده‌وار و پێشکه‌وتووی؟
گوتم، ئه‌ی بۆ شازده خانم له مه‌جلیسی پیاوان چارشێوی به سه‌ره‌وه‌یه و …. ل (92).
(کوبرا خانم و شازده خانم)}
**
5 – {دامه‌زراندنی یه‌کێتی یایان
چه‌ند مانگ دوای راگه‌یاندنی کۆماری کوردستان، واته 13ی ئاپریلی 1946ی زایینی یه‌کێتی یایانی کوردستان به سه‌رۆکایه‌تی مینا خانمی ژنی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د دامه‌زرا. هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندیه‌وه وا بڕیار درابوو که هه‌ر گه‌ڕه‌که‌ی سه‌رۆکی خۆی هه‌بێت. له یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌دا پرسیاری (ئه‌رێ ژنه ده‌وڵه‌مه‌ندی فڵانه گه‌ڕه‌ک کێیه؟ هاته گۆڕێ. به‌شدار بووکانی ناو کۆبوونه‌وه‌که ناوی یایانی ده‌ستڕۆیشتووی گه‌ڕه‌که‌کانیان یه‌ک به دوای یه‌کدا هه‌ڵده‌دان. به‌م جۆره، ئه‌م خانمانه‌ی که له خواره‌وه ناویان دێنم، له لایه‌ن مینا خانمه‌وه وه‌ک سه‌رۆکی گه‌ڕه‌ک، داندران. زیبا خانم ژنی سه‌ید عه‌وڵڵای ته‌هازاده، سه‌رۆکی که‌ڕه‌کی قوڵه‌قه‌بران، ئامینه خانم، ژنی حاجی مسته‌فای داودی سه‌رۆکی گه‌ره‌کی قبله، کولسوم خانم ژنی میرزا مسته‌فای سوڵتانی سه‌رۆکی گه‌ره‌کی هه‌رمه‌نیان، خورشید خانم ژنی حاجی ساڵحی شاتری، سه‌رۆکی گه‌ره‌کی گه‌ڕه‌کی بازار، خه‌جیج خانمی قازی سه‌رۆکی گه‌ره‌کی چۆمی، سه‌ید ئایشه خانم ژنی حاجی مسته‌فای شاتری سه‌رۆکی گه‌ره‌کی حاجی حه‌سه‌نیان، سدیقه خانم، ژنی میرزا مه‌حمودی وه‌لی زاده، سه‌رۆکی گه‌ره‌کی خڕێ، زارا خانم ژنی ئاغای مه‌وله‌وی سه‌رۆکی گه‌ره‌کی رزگه‌یان، پیرۆز خانم ژنی میرزا عه‌زیزی مشیری سه‌رۆکی گه‌ره‌کی مزگه‌وتی جومعه، ماوزه‌ڕی بله‌زاده سه‌رۆکی گه‌ره‌کی جووله‌کان. ل (112).
–
له یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌دا پرسیاری (ئه‌رێ ژنه ده‌وڵه‌مه‌ندی فڵانه گه‌ڕه‌ک کێیه)؟ هاته گۆڕێ}.
**
6 – {که بووینه خاوه‌ن شوێنی خۆمان. خات ئایشێ ناسراوه به (ئاێشێ پاڵاغ)مان دامه‌زراند. ئه‌و هه‌م به پاک و خاوێنی بنکه‌که‌ی راده‌گه‌یشت و هه‌م ده‌چوه ماڵان و ژنه‌کانی له کۆبوونه‌وه‌کان ئاگادار ده‌کرد. ل (114).
*
خات ئایشێ ناسراوه به (ئاێشێ پاڵاغ)مان دامه‌زراند ؟!}.
**
7 – {ماوه‌یه‌کیش بوو نازانم بۆچی ئاوی خواردنه‌وه‌مان له قوتابخانه نه‌بوو، ئه‌منیش زۆرم تینوو بوو. داوام له کچی خات فاتمی فه‌ڕاش کرد تا بچێ ئاوی خواردنه‌وه‌مان له ماڵی نوسره‌ت خانمی ئامۆزام که ماڵی ڕێک به‌رانبه‌ری قوتابخانه بوو بۆ بێنێ. ل (139).
– –
کچی خات فاتمی فه‌ڕاش … له ماڵی نوسره‌ت خانمی ئامۆزام}.
**
8 – {ئه‌و کاته‌ی که کرێگرته‌ی میرزا حه‌مه‌دی سێ کووتکه‌ی بووین، ژنێکی خه‌ڵکی گوندیش به نێوی خات زبید به خۆی و چوار منداڵی، ژوورێکیان له وێ به کرێگرتبوو. ئه‌و ژنه زه‌حمه‌تکێشه ژیانێکی زۆر تاڵی هه‌بوو. ل (153).
ژنێکی خه‌ڵکی گوندیش به نێوی خات زبید؟}.
**
هه‌ر وه‌ک له نموونه (5)دا ئاماژه‌ی پێکراوه، چه‌ند مانگ دوای (راگه‌یاندنی کۆماری کوردستان)، له رۆژی13ی ئاپریلی 1946(یه‌کێتی یایانی کوردستان) دامه‌زراوه.
هه‌ر (یا و خانمێ) {ئه‌گه‌ر وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی زیندوو توانیبێتی شتێک ببینێ، ده‌نگێ ببیستێ، خواردن بخوات و جلوبه‌رگ له به‌ر بکات} ئه‌وه ئه‌توانێ ببێت به ئه‌ندامی ئه‌و یه‌کێتییه. هیوادارم نه‌چێته خانه‌ی بێئه‌ده‌بی و نیگه‌رانییه‌وه که ئێژم:
ئه‌وه رووی نه‌داوه له مێژووی مرۆڤدا.
به‌ڵام با وای دابنێن ئه‌و (یا) و (خانمانه) وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی زیندوو شتیان بینیوه، ده‌نگیان بیستوه، پێویستیان به خواردن و جلوبه‌رگ بووه، وه‌ک ئینسانێکی زیندوو ژیاون و له رۆژی13ی ئاپریلی 1946 دا بوون به ئه‌ندامی (یه‌کێتی یایانی کوردستان).
ئه‌ی؟؟؟
ئه‌ی ئه‌و که‌سانه، واته:
{ژنه ره‌شتاڵه وێنجه فرۆشه‌که، که به گاڵته‌وه پیئێژن (شای ژنان)
(خات زڵه‌خای پێشخزمه‌تی قوتابخانه)
خات ئایشێ ناسراوه به (ئاێشێ پاڵاغ).
خات فاتمی (فه‌ڕاش) و خات (زبید)ی (گوندی) و هه‌زاران و سه‌دان هه‌زار و… (خاتی) تری کوردستان که شایسته‌ی ئه‌وه نین پێیان بێژن {(یا) و (خانم)}
بچنه کام رێکخراوه و یه‌کێتی کوردستانه‌وه ؟!
ئه‌و ئایشێ پاڵاغه ئه‌گه‌ر سه‌ر به خانه‌واد‌ه‌یه‌کی دارا و ده‌وڵه‌مه‌ند ببواێت، ئه‌بوو به ئایشێ گوڵه‌باخ.
ئه‌گه‌ر له بری (یه‌کێتی یایان)، (یه‌کێتی ژنان) دابمه‌زراێت، تێکڕای ژنانی (دارا و ده‌وڵه‌ن) که وان له ژێر چه‌تری مه‌زنایه‌تیدا و خاوه‌ن پله و پا‌یه‌ی (یا و خانمن) له‌گه‌ڵ ژنانی هه‌ژاری کوردستان که فه‌ڕڕاش و خزمه‌تکار و کلفت و کاره‌که‌ره و گوندین و شایسته‌ی ئه‌وه نه‌بوون که پێیان بێژن (یا) و (خانم) له (یه‌کێتی ژنان)دا ده‌که‌وتنه چالاکی و ده‌بوون به ئه‌ندام و کۆمه‌ڵگای کوردیش ره‌وتی ئاسایی خۆی ئه‌بڕێ و گه‌شه‌ی ئه‌کرد و ده‌چووه کاروانی راسته‌قینه‌ی ژیانی ئینسانه‌وه!
له کۆتایی ئه‌م باسه‌دا نازانم ئه‌و دوو رسته،واته
(ئه‌ی بڵێن: (کوبرا ژن ؟!) یان (ژن کوبرا)
که دوکتور ئه‌حمه‌دزاده ئاماژه‌ی پێکرده، باسی چی ئه‌کات؟!
بۆ ئاگاداری: پێشتر چه‌ن نووسراوه‌م به‌ناوی:
{بۆچ وشه‌ی (خانم) له (ژن) شایسته‌تره)} له چه‌ن سایتی کوردی‌دا بڵاو کراوه‌تۆ.
**
په‌تای نگریسی قومار و دێوه‌زمه‌ی سانسۆر!
{نووسه‌ر کوبرا عه‌زیمی:
ئه‌و نووسینانه‌م جار و بار ده‌نارد بۆ رۆژنامه‌ی (کوردستان)، که ته‌نیا رۆژنامه‌ی ئه‌و کاته بوو. ده‌بێ ئاماژه به ئه‌وه بکه‌م که ئه‌و نووسینانه‌ی که بۆ رۆژنامه‌ی (کوردستان)م ده‌نارد هه‌موویان بڵاو نه‌ده‌کرانه‌وه. ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌که یان ناوه‌رۆکه‌که‌یان به دڵ نه بایه، چاپیان نه‌ده‌کرد. جاری واشده‌بوو، به‌شێک له نووسراوه‌که‌یان به دڵ نه‌ده‌بوو، جا سانسوریان ده‌کرد و سه‌ر و گوێلاکیان ده‌شکاند. ئه‌وه‌نده‌ی دێته‌وه بیرم، چه‌ن له نووسینه‌کانی منیان هه‌ر قه‌ت بڵاو نه‌کرده‌وه. بۆ نموونه وتارێکم سه‌باره‌ت به خه‌نه‌به‌ندان و قومار کردن نووسیبوو. له وێدا ئاماژه‌م به زه‌ر و زیانی قومار کردبوو. نووسیبووم که ئه‌و کاره بۆته هۆی به‌دبه‌ختی و چاره‌ڕه‌شی ئه‌و پیاوانه‌ی خه‌ریکی قومار کردنن. کاتێک که گۆڤاری (کوردستان) هاته ده‌رێ و وتاره‌که‌ی خۆم خوێنده‌وه دیتم که به‌شێکیان لێ په‌ڕاندوه. ل (120 و 121)}.
**
نووسه‌ر له‌و نووسراوه‌دا چووه‌ته سه‌ر باسێکی گرنگی کۆمه‌ڵگا به‌گشتی و کۆمه‌ڵگای کورده‌واری به‌تایبه‌تی، ئه‌و باسه‌یش (په‌تای چه‌په‌ڵی قوماره)، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌شێ له نووسراوه‌که سانسور ده‌کرێت!
بۆ ئه‌بێ ئه‌و نووسراوه (سانسور) بکرێت؟
له پرۆسه‌ی (سانسور)دا دوو رووداوی گرنگ دێته ئاراوه:
1 – ئه‌و باسه که نووسه‌ر ئاماده‌ی کرده زیان ئه‌بینێ، به‌هۆی ئه‌و کاره‌وه خوێنه‌ریش له ناوه‌رۆکی راسته‌قینه‌ی نووسراوه‌که بێبه‌ش ئه‌بێت!
2 – ئه‌و که‌سه که کاری سانسور ئه‌نجام ئه‌دات خۆی به‌خاوه‌نی نووسراوه‌که ئه‌زانێت و به ئاره‌زووی خۆی ده‌سکاری ئه‌کات.
بۆ ئه‌بێ به‌و جۆره بێت؟!
ئه‌گه‌ر نووسراوه‌که باسێکی نادروستی تێدا بووه یان که‌موکوڕی بووه با بیانخستایه‌ته به‌ر ده‌ست خوێنه‌ر.
هه‌موو ئه‌زانین که {به‌ڕێوه‌به‌رانی رۆژنامه و گۆڤاره‌کان به‌گشتی و (رۆژنامه‌ی کوردستان)یش به‌تایبه‌تی رۆژنامه‌که له به‌رده‌ست خۆیاندا بووه، ئه‌یانتوانی له نووسراوه‌یه‌کی (ره‌خنه‌ییدا) ئاماژه به باسه نادروسته‌که‌ی، به که‌موکوڕییه‌که‌ی بکه‌ن، له‌و پرۆسه‌دا هه‌م خوێنه‌ر له باسه‌که ئاگادار ئه‌بوو، هه‌م یارمه‌تی نووسه‌ریش ئه‌درا که له داهاتوودا ئه‌و که‌موکوڕییانه دووباره نه‌کاته‌وه.
به‌داخه‌وه ئێستایش له (کۆمه‌ڵگای کوردی ئاواره‌ی ئوروپا …) دێوه‌زمه‌ی سانسور له چاپه‌مه‌نی ئاسایی و له سایته ئه‌نترنێتییه‌کاندا فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌کات و ده‌سکاری نووسراو‌ه‌ی نووسه‌ره (بێده‌سه‌ڵاته‌کان) ئه‌کرێت!
به‌و هیوایه فه‌رهه‌نگی ئازادی ببێت به جنشینی دێوه‌زمه‌ی سانسۆر.
**
(ناو) و (ناو)
کتێبی (مانای ژیانم؟) به‌رهه‌می ژیانی نووسه‌ر (کوبرا عه‌زیمی) له لایه‌ن به‌ڕێز (سیمین ئیفتخاری) کچی خودی نووسه‌ر ئاماده و چاپکراوه. له پشت به‌رگی کتێبه‌که‌دا به‌و جۆره نووسراوه:
یای کوبرای عه‌زیمی (2020 – 1925 زایینی) له مه‌هاباد له دایک بوه.
من وه‌ک خوێنه‌رێ پێموایه جوانتر و دروستتر ئه‌وه بوو، بنووسراێت:
نووسه‌ر(کوبرا عه‌زیمی (2020 – 1925 زایینی) له مه‌هاباد له دایک بوه.
له‌و ئاڵوگۆڕه‌دا دوو باسی گرنگ دێنه ئاراوه:
1 – ئاماژه کردن به کار و خاوه‌ن کاره‌که واته (نووسراوه) و (نووسه‌ر).
2 – خوێنه‌ر له ناکاو له‌گه‌ڵ وشه‌ی (یا) و (خانم)دا رووبه‌روو نابێت.
ئه‌و جۆره پێناسانه‌ی وه‌ک (یا – خانم – ئاغا و …) که‌سه‌کان له یه‌ک دوور ئه‌خاتۆ، به‌تایبه‌ت له نێوان {(دایک و باوک و فرزه‌ند (مناڵ)دا}.
بۆ ئینسان، بۆ ئینسانی (باوک و دایک) مناڵ واته (کوڕ و کچه‌که‌ی) له هه‌ر ته‌مه‌نێکدا بن له هه‌موو شتێ خۆشه‌ویستتر و گرنگتره بۆیان !
هه‌روه‌ها بۆ فرزه‌ند (مناڵ) دایک و باوک له هه‌ر ته‌مه‌ن و پله‌وپایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییدا بن بۆ ئه‌وان خۆشه‌ویستتره و به (په‌ناگای ئارامی خۆیانی) ئه‌زانن!
**
بواری رێزمان له کتێبی (مانای ژیانم؟)
با له‌و رستانه‌ی خواره‌وه بڕوانین:
مانای ژیانم؟
نووسینی: یای کوبرای عه‌زیمی 2020 – 1925ی زایینی.
ئاماده کردنی سیمینی ئیفتخاری چاپی یه‌که‌م سوید.
–
The meaning of my life?
(the memories)
by
Kobra Azimi
Preparing by Simin Eftekhari
–
(یای) یان (یا) ؟
(کوبرای) یان (کوبرا) – (Kobra) ؟
(سیمینی) یان (سیمین) – (Simin) ؟
بۆ ناوه سویدی و کوردییه‌کان به‌و جۆره جیاوازن؟!
بۆ له پێناسه کوردییه‌که‌دا وشه‌ی (یای) به‌کار براوه ؟
به‌ڵام له ئینگلیسییه‌که‌دا ئه‌و (یا) نه‌کراوه به ئینگلیسی و نه‌نووسراوه. بۆچ ؟!
هیوادارم له چاپی دووهه‌مدا وردبینانه و جوانتر کتێبه‌که ئاماده بکرێت.
3/6/2024
سه‌عی سه‌قزی – قایشی