"an independent online kurdish website

لە سی‌وپێنجەمین ساڵی شەهیدبوونی د. عەبدولڕەحمان قاسملوودا:

چۆن میراتی سیاسی و خەباتگێڕانەی قاسملوو بەرینە پێش؟

پووشپەڕی ئەمساڵ، سی‌وپێنج ساڵ بەسەر تیڕۆرکرانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، تێکۆشەری ڕێگای دێموکراسی و ماف و ئازادیەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لەلایەن دیپلۆمات تیڕۆڕیستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێدەپەڕێ. بەوحاڵەش میراتی سیاسی و خەباتگێرانەی دوکتور قاسملوو، لە ئیلهامبەخشین بە تێکۆشەرانی کورد و داکۆکیکارانی دێموکراسی لە سەرانسەری ئێراندا، هەروا کاریگەر ماوەتەوە.

ڕۆڵی گرینگی دوکتور قاسملوو لە خەباتی گەلی کورددا، بەهیچ جۆر حاشای لێ‌ناکرێ. ناوبراو وەک ڕێبەری حیزبی دێموکرات نەخشێکی سەرەکیی لە داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا بینی. بەڵام تێکۆشانی ئەو تەنیا هەر لە پیناو ئۆتۆنۆمی بۆ خەڵکی کوردستاندا نەبوو؛ ئامانجی سەرەکیی ناوبراو بریتی بوو لە دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیک لە ئێراندا، سیستەمێک کە لەودا کورد و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی دیکە، مافەکانیان دەستەبەر کرابن و دەرفەتی ئەوەشیان هەبێت لە دامەزراوە دەوڵەتی و میللی و سەرانسەرییەکاندا نوێنەرایەتییەکی عادڵانەیان هەبێت.

لە فەلسەفەی سیاسیی دوکتور قاسملوودا، باوەڕبوون بە ئۆتۆنۆمی و دەستەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ئامرازێکە بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان و کەمایەتییە نەتەوەییەکان و دڵنیابوون لە دابینبوونی مافەکانیان. قاسملوو لەوە تێگەیشتبوو کە دێموکراسیی ڕاستەقینە تەنها کاتێک دەتوانێت گەشە بکات کە دەسەڵات بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا دابەش بکرێ و ڕێگە بە حوکمڕانیی نێوخۆیی بدرێت. بەجۆرێک کە پێداویستی و خواستەکانی دانیشتووانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵات وەبەرچاو بگیردرێن.

 دوکتور قاسملوو داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافی کەمایەتییەکان، نەک تەنیا هەر کوردەکان، بەڵکو هەموو گرووپە پەراوێزخراوەکانی نێو چوارچێوەی ئێران بوو. ئەو خەونی بە دامەزرانی کۆمەڵگەیەکەوە لە ئێراندا دەبینی، کە لەوێدا هەموو نەتەوە و ئایین و کولتوورە جیاوازەکان، بتوانن بە هاوئاهەنگی و دوور لە جیاکاری و هەڵاواردن، لە پێکەوەژیانێکی پڕ لە ئاشتی و تۆڵێرانسدا بەسەربەرن.

دوکتور قاسملوو جگە لە هەوڵەکانی لەپێناو مافەکانی گەلی کورد لە نێوخۆی ئێراندا، ڕۆڵێکی سەرەکیشی لە پێشخستنی دۆزی کورد لەسەر شانۆی نێودەوڵەتیدا هەبوو. ئەو بەردەوام  کاری بۆ وشیارکردنەوەی بیروڕای گشتی دونیا، سەبارەت بەدۆخی نالەباری کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکرد. لە هەموو دەرفەتێک بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیی سیاسیی بۆ خەباتی گەلی کورد و مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا کەڵکی وەردەگرت.

دووربینیی سیاسی و پێداگریی دوکتور قاسملوو لەسەر دیموکراسی، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سیاسەتی ئێرانیش هەبوو. وەک سیاسەتمەدارێکی سێکۆلار و دێموکرات بەتوندی دژایەتیی ڕێژێمی ئیسلامیی ئایەتوڵڵاکانی دەکرد. ئەو ڕێژیمی ئاخوندیی بە مەترسیی بۆ سەر ئازادی،  پلۆڕالیزمی سیاسی و فەرهەنگی و  مافەکانی مرۆڤ دادەنا. بۆیە بەردەوام بۆ یەکخستنی ئێرانییەکان بە هەموو پێشینە و ڕوانگە سیاسیە جیاوازەکانیانەوە بۆ ڕاوەستان  لەدژی نیزامی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی تێدەکۆشا و جەختی لەسەر ئامانجی هاوبەش، واتە دامەزراندنی حکومەتێکی دێموکراتیک و سێکۆلار دەکردەوە.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا یاد لە میراتی سیاسی و فکریی دوکتور قاسملوو دەکەینەوە، زۆر گرنگە لەسەر بەرەوپێشبردنی بیرۆکە و ئامانج و سوننەتی خەباتگێڕانەی ئەو پێ دابگرینەوە. ئاخر لە ئێراندا کە خەبات بۆ دێموکراسی هەروا بەردەوامە، پڕۆژەی سیاسیی قاسملوو بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی فرەکولتوور، لەسەر بنەمای دێموکراسی، سێکۆلاریزم، لێبوردەیی و مافی مرۆڤ، هەروەک جاران ئاکتوێلە. بۆیە ئەرکی سەرشانمانە، چ کوردەکان و چ  خەڵکانی دیکەی ئێران، وەک یەک چالاکانە بۆ بەرزڕاگرتنی ئایدیاڵ و ئارمانج و پڕەنسیپە سیاسییەکانی دوکتور قاسملوو کار بکەین. ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێگای بردنەپێشی خەبات، پەروەردە و بەشداریکردنی چالاکانە لە تێکۆشانی سیاسیدا جێبەجێ بکرێ. پێویستە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیی لەگەڵ کەسایەتی و ڕێکخراوە میللی و دێموکراتەکان، لەپێناو پێشخستنی دۆزی دێموکراسی و مافی کەمایەتییەکان لە ئێراندا تێبکۆشین.

جگە لەوەش دەبێت بەردەوام بین لەسەر بردنەپێشی ڕوانگە و بۆچوونەکانی دکتۆر قاسملوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا. بە وشیارکردنەوەی بیروڕای گشتیی دونیا سەبارەت بە  بەرحەق‌بوونی خەباتی گەلی کورد، سەبارەت بە پێویستی دامەزراندنی سیستەمێکی دێموكراتیک لە ئێراندا، دەتوانین ئەمڕۆش پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەو پڕۆژەیە ڕاکێشین کە د. قاسملوو کاری لەسەر دەکرد. پڕۆژەیەک کە ڕێگا چارەی هەموو ئەو گیروگرفتانەیە ئەمڕۆ وڵاتەکەمان بەدەستیانەوە گیرۆدەیە.

لە کوردستان پێویستە میراتی سیاسیی دوکتۆر قاسملوو بپارێزین، دەوڵەمەندتری بکەین و تێ‌بکۆشین لەگەڵ فاکتەر و ئاڵوگۆڕە تازەکان هاوئاهەنگی بکەین. ڕۆڵێ قاسملوو وەک سەرکردەیەکی خەباتگێر و شێلگێربوونی ناوبراو لەسەر بردنەپیشی  دۆزی کورد، وەک سەرچاوەی ئیلهام بۆ نەوەکانی داهاتوو چاوی لێ دەکرێت. لە ڕێگەی یادکردنەوەی بەردەوامی، لەڕێگەی دەستپێشخەریی پەروەردەیی و بڵاوکردنەوەی کولتوور و فەرهەنگی سیاسی قاسملوو، دەتوانین دڵنیا بین لەوەی کە یادی ناوبراو هەمیشە لە دڵماندا زیندووە و  ئایدیاڵەکانی لە ڕێنماییکردنی خەباتی ئێمە بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی عادڵانەتر،  ڕێنیشاندەرمانن.

لە  ٣٥مین ساڵی شەهید بوونی دوکتۆر قاسملوو دا، جارێکی دیکەش جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە تەنیا بە درێژەدان بە خەبات بۆ ئەو پڕەنسیپانەی کە ئەو ژیان و گیانی خۆی بۆ بردنەپێشیان تەرخان کرد -دێموکراسی، سێکۆلاریزم، لێبوردەیی و مافی کەمینەکان- دەتوانین وەفاداری و ئەمەگناسی خۆمان بەرانبەر خەبات و تێکۆشانی ئەو و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و دێموکراسی نیشان بدەین. تەنیا ئەوکاتە دەتوانین بەڕاستی  ئاوات و ئارەزووەکانی قاسملووی نەمر بەدی بهێنین کە سیستەمێکی دێموکڕاتیک لە ئیراندا  دامەزرابێ، بەجۆرێک کە هەموو هاووڵاتییان بە کەرامەت و ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و گەلانی ژێر ستەمی ئێران بە مافە ڕەواکانی خۆیان گەیشتبن.

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی