"an independent online kurdish website

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!

هاونیشتمانانی ئازادیخواز!

هۆگرانی هزر و  کەسایەتیی بەرزی د.قاسملووی ڕێبەر!

 ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ (١٣ی ژوئیەی ٢٠٢٤) ، ٣٥ ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا ڕادەبرێت کە نێردراوانی ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، د.عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبمان و د.فازڵ رەسووڵ، دۆستی حیزبی دێموکرات و شەهید د.قاسملوویان لە شاری ڤییەن لەسەر مێزی وتووێژ تێرۆر کرد.

تێرۆری دەوڵەتیی د.قاسملوو بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەو ڕووداوانەیە کە بە تێپەڕینی ساڵەکان لەبیر حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان ناچنەوە. لەم پێوەندییەدا دەتوانین ئاماژە بە کۆمەڵێک هۆکار بکەین کە وایان کردوە یادی ئەو ڕێبەرە مەزنە بە زیندوویی بمێنێتەوە و حیزبی ئێمە و خەڵکی کوردستان لە زۆر بۆنەدا و بە تایبەتی لە ٢٢ی پووشپەڕدا، یادی بکەنەوە. یەکەم هۆکار، بریتییە لە گرنگیی ڕۆڵی کاریگەریی د.قاسملوو لە ساخکردنەوە و زیندووکردنەوەی حیزبی دێموکراتدا. د.قاسملوو لە سەرەتای دەیەی حەفتای زایینیدا، بە هاوکاریی ژمارەیەک لە هاوڕێیانی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی نەک هەر لە پەڕش‌وبڵاوی دەرباز کرد، بەڵکوو لە ڕووی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەییەوە، کردی بە حیزبێکی سەربەخۆی خاوەن بەرنامە و پرستیژ و ڕێبازی تایبەت بەخۆی؛ حیزبێک کە لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی، ئەو ئێعتیبار و توانایییەی پەیدا کرد خاوەندارەتی لە میراتی کۆماری کوردستان، ڕاپەڕینی چەکدارانەی ١٣٤٦-١٣٤٧ و زیاتر لە سێ دەیە تێکۆشان و خەبات و قوربانیدانی کادرەکان و ئەندامانی لە سەردەمی دیکتاتۆریی ڕێژیمی شایەتیدا بکات.

دووهەم هۆکار بۆ مانەوەی یادی د. قاسملوو بەزیندوویی لەنێو نەتەوەکەی و ئازادیخوازانی ئێراندا، ئەو ڕۆڵە بوو کە ئەو کەسایەتییە لە ڕێبەریکردنی حیزبی دێموکرات بەدوای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەیبوو. ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاتنەسەرکاری ڕێژیمی تازە، نەک هەر تەسلیمی هەڕەشە و ڕیاکاریی تاقمی دەسەڵاتداری نوێ بە ڕێبەریی خومەینی نەبوو و فریوی دروشم و بەڵێنەکانی ئەوانی نەخوارد، بەڵکوو ویستە نەتەوەیی و دێموکراتییەکانی خۆی خستە بەردەم دەسەڵاتدارانی تاران و لەسەر داواکردنیان شێلگیر بوو. پێگەی بەرینی ئایینی و سیاسیی ئەوکاتی خومەینی، هەڵخەڵەتانی دەیان میلیۆنیی خەڵکی ئێران و زۆربەی ڕێکخراوە و کەسایەتییە سیاسییەکان بە دروشمەکانی ناوبراو دژی ئەمریکا، هەروەها هەڕەشە و هێرشی نیزامیی تاران بۆ سەر کوردستان، ئەمانە هیچیان خەڵکی کوردستانیان چاوترسێن نەکرد و دەستیان پێ لەداواکردنی مافەکانی هەڵنەگرت. د. قاسملوو و حیزبەکەی، وێڕای ئەوەی هەوڵێکی زۆریان دا بە ڕێگای ئاشتیخوازانەدا داواکانی کوردستان لەگەڵ ڕێژیمی تازە چارەسەر بکەن، بەڵام ئامادە نەبوون مل بۆ دیکتاتۆریی ڕێژیمی تازە ڕابکێشن و لەبەرامبەر سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد و خەڵکی بەشەکانی دیکەی ئێراندا، ڕێگای خۆڕاگری و خەباتیان گرتەبەر.

هەڵوێستی سەردانەنواندن بۆ دیکتاتۆریی نوێ لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە جگە لە نێوەرۆکی خەباتگێڕانە و دووربینیی سیاسیی ئەم حیزبە، ڕیشەی لە تێگەیشتن و ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا بەگشتی هەبوو. خەڵکی کوردستان لە خەبات بەدژی دیکتاتۆریی پەهلەوی و تێکۆشان بۆ مافە نەتەوەییەکانیاندا خاوەنی ڕابردوویەکی درێژ بوون؛ جگە لەمەش شێلگیرانە لە ڕاپەڕینەکانی سەرانسەریی ساڵی ١٣٥٧دا بەشدار بوون و قوربانییان دابوو. شانازییەک کە لەم نێوەدا بۆ د.قاسملوو و حیزبەکەی دەگەڕێتەوە، بەئەستۆگرتنی زۆرترین ڕۆڵ لە ڕێکخستنی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بەرانبەر لەشکرکێشیی ڕێژیمی تازە لەلایەک و بەرجەستەکردنەوەی نێوەرۆکی نەتەوەیی و دێموکراتیک لە خۆڕاگری و بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستاندا بوو. د. قاسملوو وێڕای پێداگری لەسەر مافە نەتەوەییەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، خوازیاری سیستەمێکی دێموکراتێک بۆ بەڕێوەبردنی ئێران و ئازادییە دێموکراتییەکان و، داواکاری ژیانی ئازادانە بۆ هاونیشتمانان بوو؛ بەڕاشکاوی هەر چەشنە دیکتاتۆرییەکی ڕەت دەکردەوە و بەرگریی لە پلۆرالیزمی سیاسی، فرەحیزبی و فرەدەنگی دەکرد.

سێهەم هۆکاری بەرزمانەوەی ناو و یادی دکتور قاسملوو لەنێو نەتەوەکەی و ئازادیخوازانی ئێراندا، پێوەندیی بە ڕوانگە و بۆچوونە واقیعبینانەکانی ئەو ڕێبەرە بۆ پێکەوەژیانی جۆراوجۆرییەکانی نێو ئێران و هاوپێوەندیی بزووتنەوەی کورد لە پارچەکانی کوردستانی دابەشکراو بوو. د. قاسملوو دژی هەر ئایدۆلۆژیا و بیر و باوەڕێک بوو کە ئێران تەنیا بە مڵکی یەک نەتەوە و یەک ئایین بزانێت و خەڵکی ئەو وڵاتە بە سەر هاونیشتمانیی پلە یەک و پلە دوو و پلە سێدا دابەش بکات. ئەو، بەپێچەوانەی کاربەدەستان و ئیدئۆلۆگ و بەناو ڕووناکبیرانی هەر دوو ڕێژیمی شایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران، داننانی دەسەڵات و یاسای وڵات بە جۆراوجۆریی خەڵکی ئەو وڵاتە و ڕێزلێگرتن و دابینکردنیانی، بە دەستەبەری یەکپارچەیی ئێران و بەردەوامیی هاوژیانی و پێکەوەمانەوەی دانیشتووانی دەزانی؛ لە بەرامبەریشدا دیکتاتۆری و سەپاندنی سیستەمێکی ناوەندگەرا، دابەشنەکردنی دەسەڵات و بەشدارنەکردنی نەتەوە نافارسەکانی ئێران لە بەڕێوەبەریی ئەو وڵاتەدا و هەڵاواردنی نەتەوەیی، زمانی، دینی و ڕەگەزیی وەک هۆکاری لاوازیی یەکپارچەیی ئێران و مەترسی بۆ سەر یەکیەتی و تەبایی دانیشتووانی چاو لێ‌دەکرد. خاڵی جێگەی تێڕامان و لێفێربوون لەبارەی واقیعی ئێرانیبوون و کوردستانیبوون لە ڕوانینی د. قاسملوودا، ئەوەیە کە هیچ‌کام لەم دوو ڕاستییە نەدەبوونە هۆی بایەخنەدان و لەبیربردنەوەی ئەوی دیکە. د.قاسملوو لە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و لە چاوپێکەوتنەکانی لە گەڵ نوێنەرانی دەوڵەتان، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕاگەیەنەکاندا، لەیەک کاتدا هەم بەرگریی لە پرسی ڕەوای نەتەوە دابەشکراوەکەی و پێویستیی پشتیوانیی جیهانییەکان لەم پرسە دەکرد، هەم دەبووە دەنگ و نوێنەر و داکۆکیکاری بزووتنەوە دێموکراتی و پێشکەوتنخوازەکان و خەباتی ڕەوای چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئێران.

 یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرزەکانی د. قاسملوو، بایەخدانی بە شێوە جۆراوجۆرەکانی خەبات بوو. ئەو لەگەڵ ئەوەی ئاشتیخواز بوو و لە هێچ هەوڵێک بۆ چارەسەری پرسی کوردستان بە ڕێگای هێمنانە خۆی نەبوارد، بەڵام بەرگریی چەکدارانە لە نەتەوەکەی لە بەرامبەر شەڕفرۆشی و هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ هێزی پێشمەرگەی بە ڕەوا دەزانی. لەکاتێکدا بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی خاوەن هەزاران پێشمەرگەی رێبەرایەتیی دەکرد، لە گرنگیی شێوەکانی دیکەی خەبات لەنێوخۆی ئێران غافڵ نەبوو. هەر بەو ڕادەیەی بایەخی بە خەباتی شێلگیرانەی دژ بە ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆی کوردستان دەدا، تێکۆشانی دیپڵۆماسی بە مەبەستی ڕاکێشانی پشتیوانی بۆ ئەو خەباتەی لە دەرەوەی وڵات بەرەوپێش دەبرد. قاسملوو خەباتی تەنیا لە پێشمەرگایەتی و چەکهەڵگرتن بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نەدەدیت. گرنگیی مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی کرێکاران لە ڕێوشوێنی چەوسێنەرانەی دامودەزگا حکوومەتییەکان و خاوەنکارەکان، دژایەتیی لاوان لەگەڵ ئەو فۆڕمە لە ژیان کە ڕێژیم دەیهەوێ بەسەریاندا بسەپێنێ؛ خۆڕاگریی هونەرمەندان و نووسەران لە بەرامبەر کولتووری کۆنەپەرستانە و ڕێوشوێنە داسەپاوەکانی حکوومەتی و هەوڵدانیان بۆ پەرەپێدانی هونەر و ئەدەبیاتی پێشکەوتنخوازانە، هیچیان لە بەرچاوی وردبینی ئەو ڕێبەرە ون نەبوون. یەک لە شێوەکانی خەبات و بەربەرەکانی کە د.قاسملوو کاتی خۆی بە دیاریکراوی ناوی هێناون و بە گرنگی زانیون، ملنەدانی ژنانی ئێران بۆ حیجابی زۆرەملی و ڕاوەستانیان بەرامبەر یاسا و گوشارەکانی ڕێژیم لەم پێوەندییەدایە. وەک دیتمان پرسی ژنان و بێزاریی ئەوان لە نێوەرۆکی دژەژن و دواکەوتووانەی کۆماری ئیسلامی، لە دەیەی پێنجەمی دەسەڵاتدارەتیی ئەو ڕێژیمەدا بە هەڵگرتنی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، گەورەترین ڕاپەڕینی جەماوەری لە کوردستان و هەموو ئێرانی لێ‌کەوتەوە. ئەوە کە زایەڵەی دروشمی “قاسملوو، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە”، لە کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپێشاندانەکانی ماوەی ئەو ڕاپەڕینەدا، لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەنگ دەداتەوە، زیندوویی و ئەمڕۆیی بوونی ئەندێشە و باوەڕەکانی ئەو ڕێبەرە و نزیکبوونی لە ڕۆحی سەردەم و نەوەکانی ئێستا دەگەیەنن.

لە ٣٥ ساڵەی تێرۆری دەوڵەتیی ڕێبەری شەهید د.قاسملوو و هاوڕێ عەبدوڵلا قادری ئازەر و د.فازڵ ڕەسووڵدا، بەجێیە ئاوڕێکیش لە ڕەفتار و بڕیاری دەوڵەتی ئوتریش لە پێوەندی لەگەڵ ئەم تێرۆرەدا بدەینەوە. دەوڵەتی ئەو وڵاتە، کاتێک تێرۆرەکە ڕووی دا، تێرۆریستەکانی- لەجیاتی لێکۆڵینەوە و سپاردنیان بە دادگا و سزادانیان- لە ساتوسەودایەکی نهێنی و شەرماویدا، ڕەوانەی تاران کردەوە. لەو کات بە دواوەش هەموو دەرگاکانی خۆی لەسەر کردنەوەی پەروەندەی تێرۆری د.قاسملوو داخستوە. بێگومان ئەگەر دەوڵەتی ئەو وڵاتە، تێرۆریستەکانی بۆ تاران نەناردباوە و ڕێگریی لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی سیستەمی قەزایی خۆی لەم تێرۆرە نەکردبا و، وەک وڵاتی ئەڵمان ڕێگای دابا تێرۆریستەکان دادگایی بکرێن، لانی کەمی دادپەروەردی لەبارەی بکوژان بەڕێوە دەچوو و بەڕێوەبەرانی ڕێژیمی تاران وەک سەرچاوەی سەرەکیی ئەم تاوانە زیاتر و ڕوونتر بە جیهانییەکان دەناسێندران. لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە تێرۆری مێکۆنووسدا دیتمان شێلگیربوون لەسەر لێکۆڵینەوە و دادگایی تێرۆریستەکان و ناوبردنی سەرانی پلە یەکی ڕێژیمی تاران وەک سەرچاوەی ئەم تێرۆرە، دواتریش بڕیاری یەکگرتووانەی ولاتانی یەکیەتیی ئورووپا لە بانگکردنەوەی سەفیرەکانی خۆیان لە تاران، ئەو ڕێژیمەی ناچار کرد بۆ ماوەی چەندین ساڵ، لە ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لە نێو وڵاتانی  ئەندامی ئەو یەکێتییە، خۆبپارێزێت. بەداخەوە لەم چەند سالەی دواییدا جارێکی دیکە شایەدی نەرمینواندنی وڵاتانی ڕۆژاوا و ساتوسەودای شەرماویی ئەوان لە گەڵ ڕێژیمی تێرۆریستی تارانین. ئەم سیاسەتەی ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژاوایی گرتوویانەتە بەر، هاندەری ئەو ڕێژیمە بووە کە زیاتر لە پێشوو ڕوو بکاتە بەبارمتەگرتنی ڕۆژاواییەکان بۆ ساتوسەودا و گۆڕینەوە لەگەڵ تێرۆریستە بەندکراوەکانی.

ئێمە لەم بۆنەیەدا وەبیر دەوڵەتانی ڕۆژاوایی دێنینەوە کە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، خوازیاری تەریک‌هێشتنەوەی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێرانن، داواکاری ئەوەن سوپای پاسداران لە لایەن ئەوانەوە بە تێرۆریست بناسرێت و ڕێوشوێنی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە و سزادانی تاوانە تێرۆریستی و کۆمەڵکوژییەکانی ڕێبەران و کاربەدەستە پایەبەرزەکانی ئەو ڕێژیمە دیاری بکرێت. خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بڕیاریان داوە بە دەستی بەتاڵ بەڵام بە فیداکردنی باشترین ڕۆڵەکانیان، کۆتایی بە تەمەنی ڕێژیمێک بێنن کە جگە لەوەی ئێرانی لەوان کردوە بە دۆزەخ، بووە بە هەڕەشەیەکی جیدیی بۆ سەر ئاشتی و هێمنیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی جیهانیش. لەم پێوەندییەشدا چاوەڕوانییان لە وڵاتانی ڕۆژاوایی ئەوەیە، سیاسەتێکی شێلگیرانەتر بەرامبەر ئەو ڕێژیمە  تێرۆریست و ئاژاوەگێڕە بگرنەبەر و پشتیوانی لە خەباتی ئەوان بۆ کۆتاییهێنان بە تەمەنی ئەو دیکتاتۆرییە بکەن.

لە سی و پێنجەمین ساڵەی تێرۆری ڕێبەری لێهاتوومان د.قاسملوودا، بە پێزانینەوە ئاوڕ لە خزمەتەکانی بە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی و دێموکراتیی کوردستان دەدەینەوە، شانازی بە ئەندێشە و باوەڕەکانی دەکەین و وەک چرای ڕێگەی تێکۆشانمان، ڕووناکییان لێ‌وەردەگرین. بەڵێنیش نوێ دەکەینەوە کە خەبات بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی ئەو، ژیان و گیانی خۆی لەپێناویاندا بەخت کرد، بە لێبڕاوییەوە درێژە پێ‌بدەین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣

٩ی ژوئیەی ٢٠٢٤

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی